وەزیری ئێرشادی حکومەتی ئێبراهیم ڕەیسی، لە پەرەسەندنی سینەمای ژێرزەمینی و فیلمە بێ مۆڵەتەکان لە ناوخۆی ئێران، گلەیی کردبوو، هەروەکوو هەمیشە، زمانی هەرەشەی بەکار هێناوە.هەر لە دوای ئەم هەڕەشانە، محمەد ڕەسووڵۆف فیلمسازی دیاری سینەمای سەربەخۆ و «بێ مۆڵەت»ی ئێران لە فێستیڤاڵی فیلمی «کان» توانی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران بەدەست بهێنێت.ئەم ڕووداوانە هاوکات، لەگەڵ دەرکەوتنی فیلمگەلێک وەکوو «کیک محبوب من» یا «منطقه بحرانی»و «من ومریم،بچه ها و 26 نفر دیگر» و…
لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان کە هەموویان بێ مۆڵەت و بە بێ ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملی لە ناوخۆی ئێران بەرهەم هاتبوون،یارمەتی ئەم جۆرە لە سینەمایەی دا، کە دووبارە دەربکەوێتەوە.سینەمایەک کە لە دوای شۆڕشی ژینا، دووبارە هێزی پەیدا کرد و لەدوای چەندین ساڵ جارێکی دیکە چەمکی «سینەمای ژێرزەمینی » زیندوو کردەوە.
لە سینەمای بێ مۆڵەت تا سینەمای ژێرزەمینی
لەم یادداشتە کورتەدا هەوڵ ئەدەم پێناسە،بەربەستەکان و ڕێگاکانی بەردەمی سینەمای ژێرزەمینی ئێران نیشان بدەم تاکوو بۆ ناوڵێنانی ئەم سینەما تووشی هەڵە نەبین. بۆ نموونە بەهەر فیلمێکی بێ مۆڵەت نەڵێین ژێرزەمینی و لەوانەیە لە داهاتوویشدا بتوانین بە حەقیقەت سینەمای سەربەخۆ و پێشڕەو بخوڵقێنین.
کاتێک ئەروانینە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی سینەمای بێ مۆڵەتی ناوخۆی ئێران، زۆرتر لەهەر بابەتێک، دوو بابەت بەرجەستەن، یەکەم ڕەوتی دوورگەیی و تاکەکەسی بەرهەمهێنانی فیلمەکانن،بە جۆرێک تەنها ئەو کەسانەی لە بەدەستهێنانی سەرمایەگەلی ناحکومی یان بڵاوکارە نێونەتەوەیەکان سەرکەوتو ئەبن، دەست بە بەرهەمهێنانی فیلم ئەکەن. بابەتی دووهەم سیاسەتی بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمانەن.هەموو ئەم فیلمە بێ مۆڵەتانە گوایە،هەموو هەوڵیان ئەوەیە لە فێستیڤاڵە باش و بەناوبانگەکانی جیهان نەمایش بکرێن.
وەکوو بڵێی ڕەسووڵۆفەکان و پەناهییەکان بوون بە نموونە و نوێنەر و شێوەیەک لە سینەمای سەربەخۆی ئێران، پێگەیەک کە لە دەیەی ڕابردوودا، لە ئەستۆی ئەسغەر فەرهادی بووە.فیلمسازێکی ڕێفۆرمخواز و دووی جۆزەردانی کە هاوکات لایەنگری سیاسەتی ڕۆژئاوایە، وچینی مام ناوەندی کۆمەڵگای شارنشین و ڕێفۆرمخوازی ئێرانی ناساند و بەم شێوەیە ئەم سینەما سەریهەڵدا. پێش ئەسغەر فەرهادی ، سینەمای گوندی و لۆکاڵی لە فۆرمی سینەمای مینیماڵی عەباس کیارۆستەمی دەرکەوت و سەریهەڵدا.
ئەم ڕەوتانە، پەیوەندی بە ڕەوتە گشتییە،پێشرەو و نەبینراوەکانی سینەمای ژێرزەمینی ئێران نییە. ئەم سینەما بە هاتنی کامێرای سوپر٨ ولە کۆتاییەکانی دەیەی چلی هەتاویی ڕێگای خۆی بۆ نێو بیرگەی بینراوی ئێرانی سەردەم کردەوە و دواتر وەکوو بزووتنەوەیەک بە ناوی « سینەمای ئازاد» تا شۆرشی ساڵی ١٣٥٧ هەتاویی درێژەی پەیدا کرد و لانیکەم لە قۆناخی سەرەتایی توانی ئاماژە بە پێویستی « ئاماتۆر» بوون بۆ بەرهەمهێنانی فیلم بدات، ئەم سینەما لە درێژەدا، سەرکوت کرا بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بوو. ئەم رەوتە بە هاتنی کامێراگەلی ویدیۆیی و دواتر دیجیتاڵ بووژایەوە.ئەم مێژووە نادیارە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆرترە، ئەوەندە سینەماکاری تاک و لەبیرکراو هەن کە ساڵانێکە بە گۆشەگیری فیلمیان دروست کردووە، چونکە هیچ پەیوەندییەکیان بە بازاڕ و دابەشکردنی فیلم بە شێوەی باو، نەبووە.
گرووپگەلی بچووک هەبوون کە لەگەڵ دیجیتاڵکردنی سینەما لە ڕەهەندە بچووکەکاندا، لە فۆرم و دەربڕین و تەنانەت شێوازی پەخشکردندا ئەزموون و تاقیکردنەوەیان دەکرد و فیلمەکانیان لە ماڵان و کڵابەکان پیشان دەدا. ئەم گرووپ گەلە، بەبێ ئەوەی خۆیان هەستی پێ بکەن، لە بووژاندنەوەی دووبارەی بیرۆکەی سینەمای ئازاددا بەشدار بوون.
سینەمای حکومەتی، سینەمای مولێف، سینەمای بێ شەپۆل
کاتێک ئەم چەمکانە لەتەنیشتی یەک دائەنێن، لەگەڵ سێ سینەما کە هەر کامیان مێژووی تایبەت بە خۆیان هەیە، ڕووبەڕوو ئەبینەوە.بۆ باشتر تێگەیشتنی ئەم سێ جۆرە لە سینەما بە شێوازی دڵخواز و بەناوبانگی ئۆکتاویو گتینۆ و فێرناندۆ سۆلاناس ناویان لێ ئەبەین.
[١]
سەرەتا سینەمای حکومەتی یان سینەمای چینی دەسەڵات، فیلمە فارسیەکانی دەورانی پەهلەوی، فیلمە فارسیەکانی سینەمای ئیسلامی لە دوای شۆڕش تا ئێستا بە هەموو ژانرەکانیەوە
( سینەمای شەر تا کۆمێدی و درامگەلی ئەویندارانە و ترەیلرگەلی سیاسیی سەرەتاکانی شۆڕش و …) سینەمایەکی تەواو ئایدیۆلۆژیک بە مەبستی جۆرا
وجۆر، هەندێکجار بۆ هاندان، هەندێکجار بۆ تەنها کات بەسەربردن و هەندێکجاریش بۆ وروژاندنە.
سینەمای موەلێف لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم سەریهەڵدا و بە زمانی ئەم سەردەمە سینەمای فێستیڤاڵیە. فیلمگەلێک کە زۆربەیان پێوەندیان بە سەرمایە و سیستەمی بڵاوکردنەوەی سەربەخۆ لە حکومەتە و ملکەچی لۆژیکی سەرمایەدارە سەربەخۆکان و فێستیڤاڵە ڕۆژئاوایی و هونەرییەکانن. ئەو فیلمانەی لەم چوارچێوەدان، نیگەرانییە فیکری و ڕۆشنبیریەکانی کەمینەیەکی چینی مامناوەندی شاری، نەمایش ئەکەن. ئەم فیلمانە زیهنییەتی پارچەپارچەکراوی کارەکتەرێک نیشان ئەدەن کە چیتر پاڵەوانی تۆکمە و لەڕوانگەی ئەخلاقی متمانەپێکراوی، سینەمای کلاسیکی نییە و ئەم زیهنییەتە پارچەپارچەیە بە فۆرم و جەستەی فیلمەکەوە دەبەستنەوە. ئەم سینەما نموونەی، درەوشاوەی بە تایبەتی لە سەردەمی شەپۆلی نوێی سینەمای ئێران لە ساڵانی پەنجاکان و تەنانەت دوای شۆڕشیش خوڵقاند، لەگەڵ لاوازبوونی سەردەمی موەلیفەکان و شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و سەرهەڵدانی نیولیبراڵیزمی ڕیگان-تاچەری لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، تووشی کێشە و گرفتی سەرنج ڕاکێش بوو، بەجۆرێک کە لە مۆدێرنیزمی نیگەران بەرەو فۆرمێک لە گۆشەگیری و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ مۆدە کولتوورییەکانی دامەزراوە هونەرییەکانی ڕۆژئاوادا ڕۆیشت، کە لە سەرەتای ئەم وتارەدا نموونەمان باسمان کرد.
و لە کۆتاییدا شێوەی سێیەم، ئەو فیلمانە لەخۆدەگرێت کە هەرگیز پەیوەست نەبوون بە سەرمایە و بازاڕی بڵاوکاری سەرەکی و باو و لە بنەڕەتدا نەیانویستووە ئەم پەیوەندی درووست بکەن. ئەم «سینەمای سێیەم»، یان بەپێی پێناسەیەکی دیکە «سینەمای بێ شەپۆل»، وەکوو ئەوەیە لە سەردەم و شوێنێکی دیکەدا بژی: لە کات و شوێنی جەستە تەریک وپەرواێز کەوتووەکان.
[٢]
فیلمسازانی گەنجی ئێرانی لە چوارچێوەی ئەم جۆرە لە سینەما لە دەیەی شەستی هەتاویی بە نۆستالێژی « سینەمای هەشت» بە کامێرا بچووکەکانیان لە ڕووداوەکانی شۆڕش و سەرکوتەکانی دوای شۆڕش فیلمیان بەرهەمهێناو( بە هەموو ئەو مەترسیانەی لەسەر گیانیان بوو) و ئەم فیلمانەیان لە ژێرزەمینی ماڵەکانیان نەمایش ئەکرد. فیلمە لەبیرکراوەکانیان لە گاراجەکان و ژێرزەمینیەکان لە تەنیشت تراکتەکانی ڕێکخراوە پارتیزانیەکان و تەنانەت دەمانچەکان نەمایش ئەکرد.
زۆرێک لە شریتی فیلمەکان و نامیلکەکان، لە سەردەمی سەرکوتەکانی دوای شۆڕش بۆ هەمیشە لەناو باخی ماڵەکاندا نێژران. بە هاتنی ئینتەرنێت و بە دیجیتاڵکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن، ئەم سینەمایە جارێکی دیکە بووژایەوە، هەرچەند لەگەڵ مەترسیی نوێی ڕووبەڕویە . لەم فۆرمە دوایەدا، لە سەردەمی پەرەسەندنی مۆبایلی زیرەک و زاڵبوونی وێنە بەسەر دەروون و زیهن و جەستەماندا، ئەم فیلمانە مانای نوێیان پەیداکرد. لە سەردەمی بەرهەمهێنانی زۆر و لەڕادەبەدەری، وێنەکاندا کە هەموو ژیانی ئێمەی وەک زبڵ و خاشاکی گەردوونی گرتووەتەوە، جۆری سێیەمی فیلمسازی پێگەی خۆی لەسەر وێنەی زۆر و بۆری جەماوەر، یان وەک هیتۆ شتایر دەڵێت، لەسەر «وێنەی هەژار» پتەو کردووە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە دیسانەوە سینەمای ئەرشیفی لەم فۆرمەی فیلمسازیدا گرنگی و بایەخی پەیداکردوەتەوە،پێدەچێت سینەماکار لە پێگەیەکی هاوشێوەی ژیگاڤۆرتۆڤ لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بێت؛ کاتێک خۆی و هاوسەرەکەی لە ژووری مۆنتاژەکەیان دانیشتبوون بۆ دووبارە خستنەڕوو و کۆکردنەوەی ئەو وێنە و شریتانەی لە هەموو خاکی سۆڤیەتەوە بە پێی بیرۆکەیەکی کۆمۆنیستی نێردرابوون دووبارە مونتاژ ئەکردەوە. ڕەنگە ئەمە ئەو کردارە بێت کە سینەماکارە پێشکەوتنخوازەکانی ئەمڕۆ بە وێنە موبایلەکانی خەڵک ئەنجامی ئەدەن.
جۆری سینەمای سێهەم لە ئێرانی پەسا ژینا نەیتوانی ببووژێتەوە و لەژێر گوشاری فیلمگەلی سینەمای دووهەم کە وەکوو سینەمای ژێرزەمینی خۆیان پێناسە ئەکەن، لەبیر کرا.لەبەر ئەوە « ڕێکخستن» سەرەکیترین کارە بۆ مانەوەی سینەمای سێهەم:بە واتایەکی دیکە ڕێکخستنی فیلمسازان لە چوارچێوەی گرووپگەلی فیلمسازی.
ئەڵقەی ونبوو لە خەباتی سیاسیی بەکۆمەڵ لە ئێرانی هاوچەرخدا، ڕێکخستنە، کە جێگەی خۆی بە تەقینەوەی سوژە تاکەکەسییەکانی نارازی لەگەڵ شوێنکەوتووانی خۆیان لە شێوەی یشەسازی خەباتگێڕانە یان فۆرمێکی هونەری سەربەخۆ یان ژێرزەمینیی داوە و ناوی نوێ بۆ ئەو کاڵانەی کە پێشتر ناسیاسی بوون و هەوڵی داماڵینی کۆمەڵگایان لە سیاسەت داوە،دێنێتە ئاراوە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چ فیلمسازانی بێ مۆڵەتی سینەمای دووەم و کۆمەڵ و فیلمسازانی سینەمای سێیەم تەنها بە دۆزینەوەی یەکتر و پەیوەندییەکی بەرابەر و چڕوپڕ، ئەتوانن شانسی مانەوەیان هەبێت. ڕەنگە ناوەندەکانی فیلمسازی و سینەکڵابەکان و ئەنجومەنە سینەمایەکان دووبارە بەشێوەیەکی نهێنی و بە پرەنسیپەکانی ڕێکخستنی نهێنی (وەک کاری سیاسی لە هەلومەرجێکی پۆلیسیدا) دامەزرێنەوە بۆ ئەوەی دەنگێک بەرهەم بێت، دەنگێک کە بتوانرێت وەک ئامرازێک بۆ نواندنەوەی ئەوەی پێی ئەڵێن « گەل» سەرکەوتو بیت.
تێبینی:
[١] سۆلاناس و گاتینۆ لە کۆتایی شەستەکاندا لە «مانیفێست بۆ سینەمای سێیەم»دا سینەمای هاوچەرخیان بەسەر سێ جۆردا دابەشکرد: یەکەم، سینەمای کۆلۆنیالی و ئیمپریالی هۆلیوود؛ دووەم: سینەمای موەلیفی ئەوروپی ئاڕاستەکراو و ڕۆشنبیر؛ و لە کۆتاییدا سینەمای بەکۆمەڵ وپارتیزانی، کە ناویان لێنا «سینەمای سێیەم».
[٢]سینەمای بێ شەپۆل: بزووتنەوەیەکی فیلمسازی ژێرزەمینیی نیویۆرکە کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە تا هەشتاکان سەریهەڵدا و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سینەمای ژێرزەمینیی هاوچەرخی ئەمریکا هەبوو . بە هۆی شێواز و فۆرمی سادەی ئەم سینەمایە، کەمی بوودجە و گرووپی بچووک و بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە لە دەرەوەی ڕەوتی باوی بە لقێکی فیلمسازیی پارتیزانی دانراوە .سینەماکارانی ئەم سینەمایە لە ژێر کاریگەری بەرهەمەکانی ئەندی وارهۆڵ، جۆن کاساڤێتس، جۆرج کوچەر، ڕۆن ڕایس، جۆن واتەرز و جاک سمیس بوون. سینەمای بێ شەپۆل نەوەی نوێی سینەماکاری سەربەخۆی لێکەوتەوە کە بریتین لە جیم جارموش، تۆم دیسیرۆ، ستیڤ بوسکێمی و ڤینسێنت گالۆ.