(سکاڵایەکی نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی لە سێدارەدراوان)
رۆژی ١٩ی رەزبەری ئەمساڵ کە دەکاتە رێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبر بە نێوی رۆژی جیهانی ‘دژی ئێعدام ” ناوزەد کرواە.هەر بە بۆنەی ئەو رۆژە جیهانییەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە گەلێک لە وڵاتانی جیهان لە یاسای قەزایی خۆیاندا سزای لە سێدارەدانیان هەڵوەشاندوەتەوە و ئەم سزایە بەسەر دەستبەسەرکراوان و “تاوانباران”دا ناسەپێنن. هاوکات لەگەڵ ئەوە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و هەڵسووراوانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەم رۆژەیان وەک دەرفەت وبۆنەیەک قواستوەتەوە بۆ وەستانەوە و خستنەرێی جووڵانەوەیەک دژی سزای لەسێدارەدان و دەربڕینی دەنگی نارەزایەتی بەرامبەر بەو حکوومەت و دەسەڵاتانەی کە سەرەرای گوشارە نێودەوڵەتییەکان و بە پێچەوانەی رێکەوتن و کۆنوانسێۆن و پێواژۆە جیهانییەکانی هەڵوەشاندنەوە و راگرتنی سزای لە سێدارەدان هەتا ئێستاش بۆ سەرکوت و پەرەپێدانی سیاسەتی ترس و تۆقاندن و کپکردنی دەنگ و سرێنەوەی جەستەیی نەیارانی سیاسی خۆیان بە پێی یاسایی قەزایی وڵاتەکانیان ئەو سزایە کە لە راستیدا کوشتنی بە ئەنقەست و”قەتڵی حکوومەتییە” بەرێوە دەبەن.
لە نێو هەموو وڵاتانی جیهاندا ئێران لە دیارترینی ئەو وڵاتانەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی حەشیمەت بەرزترین ئاستی لە بەرێوەبردنی سزای لەسێدارەداندا تۆمار کردووە.دوای ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و هەرەس و رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە “ئێعدام” لە هەرە چەکە بەهێزەکانی دەستی ئەو رژیمە بووە و وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پاراستن و راگرتنی ئەو دەسەڵاتە تۆتالیترە لە یاسای قەزایی وڵاتدا کەڵکی لێوەرگیراوە.
خاڵی گرینگ و بەرچاوی سزای ئێعدام لە ئێران ئەوەیە کە بەرێوە بردنی ئەو خاڵە لە یاسای قەزای حکوومەتی ئیسلامی بە پێی یاسایی خودی رژیمی ئیسلامی وەک کردارێکی قەزایی تەنیا بەرامبەر بە کردەوەیەکی وەک کوشتنی بە ئەنقەست بەرێوە ناچێ(کە خودی ئەو سزایە بە پێی پێواژۆی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کردەوەیەکی دژە ئینسانییە)،بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ سڕینەوە وکاردانەوەی دەسەڵات بەرامبەر بە نەیاران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەکار دەبرێ. نموونەی بەرچاوی ئەو جینایەتەی رژیمی ئیسلامی لە ئێران کوشتاری بێ بەزییانەی دەیەی شەستی هەتاوییە. لەو ساڵانەدا رژیمی کۆماری ئیسلامی کوشتارێکی بە کۆمەڵی زیندانییانی سیاسی بەرێوە برد و تەنیا لە ماوەی چەند مانگێکدا بە هەزاران چالاکی سیاسی تیرەباران کران و تەرمەکانیان لە گۆرە بە کۆمەڵەکاندا خرانە ژێرخاک.هەرچەند ئەم رژیمە هەر لە سەرەتاوە بە کوشت وبڕ و ئێعدام و سێدارە سێبەری رەشی خۆی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا سەپاندوە، بەڵام کوشتاری دڕندانەی زیندانییانی سیاسی لە دەیەی شەستی هەتاویدا بوو بە هەوێنی رسکانی چەمکی” بنەماڵەی داوخواز”.(خانوادهای دادخواە). کۆماری ئیسلامی وێڕای ملهووڕی و گوێنەدان بە داخوازیی بنەماڵە وکەسوکاری قوربانییانی جینایەتی بەرێوەبردنی سزای”ئێعدام” تا هەنووکەش لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی بەرێوەبەری سزای دژی ئینسانی ئێعدام دایە. ئەو رژیمە سزای ئێعدام نەک وەک چەکێک لە دژی نەیارانی سیاسی و
بیرجیاوازان،بەڵکوو تەنانەت دژ بە هونەرمەندان و شاعیران،ژەنیار و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەسایەتییە دیارە کۆمەڵاتیەکانیش بەکار دێنێ و بە تایبەت لە شۆرشی ژن ژیان ئازادیدا کۆماری ئیسلامی پێی نایە قۆناغی رەشەکووژییەکی بێ بەزییانە و بۆ ئەو مەبەستەش دەزگای قەزایی خۆی وەک چەکێکی کوشندە و ئامرازێکی یاسایی کوشتار دژی کچان و کورانی یاخی لە ستەم و بێدادی بەکار هێنا. بە ئاشکرا کۆماری ئیسلامی لە ریزی یەکەمین وڵاتانی بەرپاکردنی سێدارە و کوشتنی بە ئەنقەست(ئێعدام)ی نەیاری سیاسی دایە.
بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنیا لە ساڵی رابردوودا بە دیاریکراوی ٨٣٤ کەس لە سێدارە دراون.ئەو لە سێدارەدانانە لە کاتێکدا بە ریوە دەچن کە زۆربەی ولاتانی دونیا لە سێدارەدانیان لە یاسای قەزایی خۆیاندا وەلاناوە یان بەرێوەی نابەن.
لە رەوتی شۆرشی ژن ژیان ئازادی دا کۆمەڵێک بەرچاو و زۆر لە هەڵسووران و چالاکانی ئەو بزووتنەوە کۆمەلایەتیە لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران و هەر بە پێی یاسای قەزایی نامرۆڤانەی ئەو رژیمە لە ژێر ناوی “موحاربە” و کۆمەڵێک تاوانی هەڵبەستراوی دیکە سزای لە سیدارەدانیان بەسەردا سەپا و بەرێوە چوو.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی لە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر ساڵرۆژی بە گژداچوونەوەی سزای لە سیدارەداندا وێڕای مەحکوومکردنی ئەو نەریتە قیزەونەی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران کەمپەینێکی جیهانییان لە دژی بێ سەروشوێنکردنی تەرەمی چالاکانی لە سێدارەدراو خستووەتە رێ. کەمپەینی “پشتیوانی لە چوار زیندانی سیاسی کورد” بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێک و وەرێخستنی کۆمەڵێک چالاکی وێرای مەحکوومکردنی سزای لە سێدارەدان خوازیاری ئەوەیە کە تەرمی لە سێدارەدراوان رادەستی بنەماڵەکانیان بکرێتەوە و ئەوە جۆرەی شایستەی خۆیانە وێرای ئەسپەردەکردن رێز لە چالاکی و مێژووی خەباتیان بگیرێ.
لەگەڵ ئەوەیکە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر رۆژی کاردانەوە و وەستانەوەیە دژی بەرێوەبردنی سزای ئێعدام و لە سێدارەدان، لە هەمانکاتدا رۆژی ئاواتخواستنە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دوور لە تووند وتیژی و کوشت و بڕ.
هەر وەک هەمووان دەزانن ماوەیەک پیش شۆرشی ژن ژیان ئازادی و سەرهەڵدانی بزووتنەوە نارەزایەتییەکان چوار ئەندامی حیزبی کۆمەڵە لە ناوچەی ورمێی کوردستانی رۆژهەڵات لە لایەن دامودەزگای ئەمنییەتی و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران. ئەم بەندکراوانە خرانە ژێر ئەشکەنجە و بە زۆرەملێ سناریۆی داسەپاو و پرۆژەی دەزگای ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامییان لە ژێر ناوی” سیخوری بۆ دەوڵەتی ئیسراییل” دژی کۆماری ئیسلامی خرایە پاڵ. ئەو چوار کەسە رۆژی ٩ی رێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی لە سێدارە دران.
موحسین موزلووم،محەممەد فەرامەرزی،وەفا ئازەربار و پێژمان فاتحی ئەو چوار ئەندامەی حیزبی کۆمەڵە بوون کە پاش لە سێدارەدران تەرمەکاینان نەدرایەوە دەست بنەماڵەکانیان و بێ سەروشوێن کراون. هەر لە سەرەتای دەستبەسەرکران و بێ سەروشوێنکردنیان و پاشان هەڵبەستنی تۆمەتی ناڕەوا و لە سێدارەدانیان، چالاکان و هەڵسووراوانی سەربەخۆی سیاسی و مەدەنی لە رێگای دامەزراندنی کەمپەین و دامەزراوەی مەدەنی سەرەتا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارە دان و رەدکردنەوەی ئەو تاوان و بۆختانە هەڵبەستراوە بۆیان و پاشان بۆ وەرگرتنەوە و رادەستکردنەوەی تەرمەکانیان بە بنەماڵە وکەسوکاریان چەندین کەمپەین و چالاکییەیان خستەرێ.
کەمپەینەکە بێ سەروشوێنکردن و رفاندن و شاردنەوەی تەرمی ئەو چوار زیندانییە ئێعدامکراوە بە ناڕەوا و کردەوەیەکی نامرۆڤانە دەزانێ و لە رێگای پارێزەری زیندانییە لەداردراوەکان سکاڵایەک لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان تۆمار دەکات. ئەمە دەقی راگەیاندنی کەمپەینەکەیە:
ڕاگەیاندنی کەمپەینی پشتیوانی لە چوار بەندکراوی سیاسی کورد:
تۆمار کردنی سکاڵایەکی فەرمی لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای بێسەروشوێن کردنی چوار زیندانی سیاسی کورد
وەک دەزانن چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی “پژمان فاتحی، محەممەد(هەژیر) فەرامەرزی، موحسین مەزڵووم و وەفا ئازەربار” لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دران. ئەم بەندکراوانە بە تۆمەتی پوچ و هەڵبەستراو و لە پڕۆسەیەکی نادادپەروەرانە و نایاسایی و لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی و جەستەیی تونددا ڕاگیران؛ ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کران و دواتر سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و سەرئەنجام لەسێدارە دران.
لە کاتێکدا بنەماڵەی ئەو زیندانیانە چاوەڕێی ڕادەستکردنی تەرمی ئازیزانیان بوون، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نەبوو تەرمەکانیان ڕادەست بکاتەوە و بەم کارە نایاساییە، ئازار و مەینەتی ئەو بنەماڵانەی دوو هێندە کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا، دوکتور فەراز فیروزی، پارێزەری دیار و نوێنەری بنەماڵەی ئەو چوار زیندانییە ئیعدام کراوە، سکاڵایەکی فەرمی لە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمیتەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کردووە. ئەم سکاڵایە بە ئاماژەدان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکان، لەوانەش مافی وەرگرتنی تەرمی ئەو ئازیزانە و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ناشتن و ماتەمینی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە تاوانێکی ناڕەوا و کردەوەیەکی نایاسایی دەناسێنێت.
ڕادەست نەکردنی تەرمەکان بە بنەماڵەکان نەک هەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤە بەڵکوو جۆرێکە لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە توندی شەرمەزار دەکرێت.
ئەم چوار زیندانییە هاوشێوەی دەیان زیندانی سیاسی کوردن کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی چالاکی سیاسی و داکۆکی لە مافی خەڵکی کورد لە ئێران دەستبەسەر کراون، ئەشکەنجە دراون و دواجار حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام تێکۆشاون بە سەرکوتکردنی توند و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن، هەموو ناڕازییان و دژبەرانی خۆیان بێدەنگ بکەن.
لێرەوە داوا لە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، چالاکانی مافی مرۆڤ و گەلانی ئازادیخواز دەکەین کە بە هەموو توانایانەوە پشتیوانی بنەماڵەی ئەو زیندانیانە بن و، خوازیاری ئەوەین کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەجێ تەرمی ئەم چوار بەندکراوە ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکاتەوە. هەروەها داوا له هەموولایەک دەکەین گوشارەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی کۆتاییهێنان به ڕەوتی سیستماتیکی لەسێدارەدان چڕ بکەنەوە.
ئێمە پێمان وایە هاوپشتی جەماوەری و نێودەوڵەتی و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەم پرسە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە وەستاندنی سەرکوتی نامرۆڤانە لە ئێران و پشتیوانی لە مافە بنەڕەتییەکانی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان.
ئەم کەمپەینە بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی مافی ژیان، ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتی، داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان، ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی زیندانیانی سیاسی و بەرگری لە مافەکانیان بکەن لە بەرامبەر سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی لە ئێران. پێکەوە دەتوانین ڕێگری بکەین لە ڕوودان و دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتە مرۆییانە لە داهاتوودا.
کەمپەینی پشتیوانی لە چوار بەندکراوی سیاسی کورد
٢٩ی سپتامبەری ٢٠٢٤
ئاسۆی رۆژهەڵات بە مەبەستی زیاتر روونکردنەوەی لایەنی حقووقی و یاسایی ئەم سکاڵایە وتوێژێکی لە گەڵ بەرێز دکتور فەراز فیرووزی پارێزەری یاسایی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە لە سێدارەدراوە پێکهێناوە کە لێرەدا دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی رۆژنامەی ئاسۆی رۆژهەڵات.
دکتور فەرازی فیرووزی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و وەک پارێزەر لە بواری مافەکانی مرۆڤ و وەک کەسایەتییەکی یاسایی لە ئاستی نێۆدەوڵەتیدا سەرەتا لە ئێران و دواتر لە وڵاتی ئاڵمان پلەی دکتورای بەدەست هێناوە.
ئاسۆی رۆژهەڵات:
لە روانگەی بەرێزتانەوە وەک پارێزەرێک و شارەزا لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا رەوتی پێراگەیشتن و لێکۆڵینەوەی قەزایی لە دۆسییەی وەفا ئازەربار،موحسین مەزلووم،محەممەد فەرامەرزی و پێژمان فاتحی سەرەرای لەبەرچاوگرتنی یاسای قەزایی سەقەت و دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی ئایا لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە بوو؟
د.فیرووزی: پێویستە زۆر راشکاوانە بڵێم کە بە هیچ شێوەیەک دادگاییکردنی ئەو چوار کەسە دادپەروەرانە نەبووە.لەو بابەتەوە ئەوەی روون و ئاشکرایە سەرەرای هەموو ئاستەنگەکانی دەستراگەیشتن بە زانیاری و ناوەرۆکی پەروەندەی ئەو کەسانە، بە هیچ شێوەیەک لانیکەمی لەبەرچاوگرتنی بنەما ناسراو و جێکەوتووەکان(ستاندارد)ی لێکۆڵینەوە تەنانەت بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاونەگیراون. وەفا ئازەربار،موحسین مەزلووم،محەممەد فەرامەرزی و پێژمان فاتحی هەر لە سەرەتای دەستبەسەرکرانیانەوە یان باشترە بە مانا حقووقی و یاساییەکەی بڵێم رفاندن و بێسەروشوێنکردنی بە ئەنقەست و دووژمنکارانەیان لە لایەن دامودەزگای ئەمنییەتی کۆمارئیسلامییەوە لە گرتووخانە نهێنی و داخراوەکانی دەزگا ئەمنییەتیەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیدا راگیرابوون و وەک تاوان لێدراوێک لە لانیکەمی دەستراگەیشتنی سەرەتایی و یاسایی وەک پارێزەر و مافە یاساییەکان بێبەری کرابوون. رەوتی لێکۆڵینەوە و دواتریش دادگایکردنیان لە دادگای ئینقلابی تاران و بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەیان و بە شێوەیەکی تەواو نهێنی و تەنیا بە ئامادەبوونی لێکۆڵەر و بەرپرسە ئەمنییەتییەکان بەرێوە چوو.سزای لە سێدارەدانی ئەو چوار کەسە تەنیا بە ویست ولەسەر داوای دەزگا ئەمنییەتیەکان دەرکرا و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی کە لە راستیدا هیچ سەربەخۆییەکی یاسایی و قەزایی نییە تەنیا رۆڵی بکەر و جێبەجێکاری ئەو سزایەی بینیوە.
ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ بێ سەروشوێنکردن و نەدانەوەی تەرمی کەسی لە سێدارەدراو بە بنەماڵەکەی واتای چییە و بە دیاریکراوی لە ئێستادا کۆسپەکانی بەردەم بنەماڵەی ئەو چوار زیندانییە لە سێدارەدراوە بۆ رادەستکردنەوە و وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵەکانیان چییە؟
د.فیرووزی: بە پێی یاسا نێودەڵەتییەکان بزرکردن و دەستبەسەرداگرتنی دوژمنکارانە ونەفرەت پژێنی تەرمی لە سێدارەدراو تاوانێکی نێودەوڵەتییە.ئاستی هەستیاری و گرینگی ئەو بابەتە بە رادەیەک بووە و هەیە کە لە ساڵی ٢٠١٠ ی زایینی پێواژۆ و رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی دەربارەی ئەو تاوانە بەرێوە براوە و بە ئەنجام گەیشتووە.هەروەها خاڵی ٧ی پێرەوی ناوخۆی دامەزراوەی قەزایی نێودەڵەتی لە هێندێک بارودۆخدا ئەو کردەوەیەی وەک جینایەت دژی مرۆڤایەتی ناوزەد کردووە.تایبەتمەندی ئەو یاسایە بەرامبەر بەو کردەوەیە و لەبەرچاونەگرتنی لە رووی یاساییەوە بە جۆرێکە کە هەتا ئاگادار بوون و وەرگرتنی دوایین زانیارییەکان لە دۆخی کەسەکە وەک تاوانێکی بەردەوام و بەکردەیی دێتەئەژمار.بە مانایەکیتر تەنانەت لە ئەگەری مردنی کەسێکدا هەتا رادەستکردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵە و کەسوکاری و خستنەرووی بەڵگەی یاسایی باوەرپێکراو بۆ سەلماندنی کەسایەتی ورد وراستەقینەی ناوبراو ئەوە وەک تاوان سەیر دەکرێ. لە پێوەند بە دۆسییەی ئەو چوار کەسە ئێمە تەنیا راگەیاندن و ئیدیعای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیمان سەبارەت بە لە سێدارەدرانیان لەبەر دەستە وهیچ زانیارییەکمان دەربارەی تەرمەکانیان و شوێنی ئەسپەردەکردنیان لەبەردەست نییە.تەنانەت لەو پێوەندییەدا کۆماری ئیسلامی پێشێلی خاڵەکانی ٢٢ و ٢٣ی یاسای ناوەندی ئامار وباری کەسێتی ئێرانیشی کردووە کە باس لە پێبەندبوون و ملکەچ بوونی دەوڵەت بۆ دەرکردن و تۆمارکردنی بەڵگەی مردنی هەر هاوڵاتییەک دەکات.
ئاسۆی رۆژهەڵات: سکاڵاکەی ئێوە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەو پرسە چ داخوازییگەلێک لەخۆ دەگرێ؟ ئایا لەو بارەوە هیچ بەرەوپێشچوونێکتان بووە و بە بروای ئێوە ئەو گوشارە نێودەوڵەتییانە هیچ کاریگەری دەبێت بۆسەر بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی؟
د.فیرووزی: لەو بارەیەوە ئێمە بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ئەو قوربانییانە سکاڵایەکمان لە لای “گرووپی چالاکی پێوەندیدار بە پرسی بێسەروشوێنکردنی دوژمنکارانە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” تۆمار کردووە و خوازیاری ئەوە بووین کە ئەو گرووپە یان دامەزراوەیە سەبارەت بە رۆشنکردنەوەی دۆخی ئەم چوار کەسە لێکۆڵینەوە بکات و چارەنووسیان و شوێنپێیان روون بکاتەوە.دیارە ئەو پرۆسەیە قورس و کاتبەرە وکۆمەڵێک گرفت و ململانییەی یاسایی تایبەت بە خۆی هەیە کە ئێمە خەریکین کاری لەسەر دەکەین. هەر وەک هەمووان دەزانین حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وەک پیشە وپێناسەی دیار و هەمیشەیی خۆی نەبووەتە ئەندامی کۆنوانسیۆن و پێواژۆی بنەرەتی و جێگیری مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە رفاندن و بزرکردنی تەرمی لە سێدارەدراوانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی پەسند کراوە و هەر ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئاستەنگی و گرفت لەبەردەم دەستەبەرکردنی مافی رەوای قوربانییەکانی کارەساتێکی لەم چەشنە.هەر لەو بارەوە پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکەم کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سكاڵای تاکەکەس لە دەوڵەتەکان زۆر بە هەند وەرناگیرێ و وەک لانیکەمی سکاڵا و داواکارییەک لەبەرچاو دەگیرێ، لە راستیدا ورووژاندنی بابەتێکی یاسایی لەو جۆرە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر جیاوازە لە جووڵاندنی ئەو پرسە لە نێوخۆی ولاتێکدا.
ئێمە وێرای مکووربوون و سووربوونمان لەسەر سکاڵاکەمان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندن و رەخساندنی هەموو دەرفەت و توانا یاساییە بەردەستەکانین بۆ کردنە بەردەنگ و وەڵامدەر بوونی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. دەبێ بە راشکاوی و رۆشن بڵێم کە کەمپەینی مافخوازی ئەو چوار بەندکراوە لە سێدارەدراوەی کورد لە پێناو وەدیهێنانی دادپەروەریدا لە سەرەتای رێگایەکی دژوار و پڕ تەنگ و چەڵەمە دایە.لە لایەکیترەوە پێویستە ئاگادار بین کە ئەو سکاڵایە یەکەمین سکاڵای یاسایی کوردان لە نێوخۆی ئێرانە کە دژی کۆماری ئیسلامی کراوەتە سكاڵایەکی نێودەوڵەتی و بۆیە پێویستە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان خاوەندارێتی بکەن وپشتی بگرن.لە بیرمان نەچێت کە جینایەت و کردەوەی نامرۆڤانەی بێ سەروشوێنکردن و شاردنەوەی تەرمی لە سێدارەدراوی تێکۆشەرانی کورد لە کوردستانی ئێران دەگەرێتەوە بۆ مێژووی هاتنەسەرکاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و تەنیا تایبەت بەو چوار تێکۆشەرەی کۆمەڵە نییە. هەروەها لە بیرمان بێت کە سەرکەوتنێکی هەرچەند بچووکیش لەو دۆسییەدا لە ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەری گەورە و گرینگی دەبێ بۆ پێناسەکردنی ناوەرۆکی یاسایی و شەرعی خەباتی رەوای گەلی کورد لە پێناو مافە سەرەکییەکانی خۆیاندا لە ئێران.