کۆماری ئیسلامی لەو دەگمەن حکومەتانەیە کە سنووری ئیدئۆلۆژیکی نێوان ژیان و مردنی بە ئاشکرا دیاری کردووە. لەم ڕوانگەوە تۆ مافی ژیانت نییە بەڵکوو تەنیا زیندووی تا کاتێک بمری. یا بە دڵی حکومەت دەژیت یان دەمریت، یان بەدەم بانگەوازی وادەی ژیان لە دونیایەکی نەبینراودا دەبێ بمری یان بە تاوانی خواست بۆ ژیان لەم دونیایەدا. کەوابوو مافی مردنت هەیە بەڵام مافی ژیان نا. مردن ئامانجە، مردنە مانا بە ژیان دەبەخشێت نەک پێچەوانەکەی. کەوابوو نە هۆکار، نە ناوەڕۆک و نە مەودای ژیان، هیچیان گرنگ نییە، مردنە کە ئەرزشە.
خومەینی بە دوای ماوەیەکی کورت لەدوای سەرکارهاتنی، لە جیاتی پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە سەر ڕابردووی حوکمرانییەکەی، ناڕازی بوو لەوەی زیاد لە ئەندازە بەرانبەر بە نەیارانیان نەرم و نیان بوون و کەمیان کوشتووە. دواتر لە شەڕی عەراق زۆر بە ڕاشکاو وتی شەڕ نێعمەتە. جیا لە کوشتنی ڕۆژانەی خەڵکیی لە ماوەی حوکمرانییەکەیدا ئێران بەردەوام پلەی یەکەم یان دووهەمی لە لەسێدارەدانی بەندکراوان تۆمار کردووە. لە بیرمانە چەندەها بنەماڵەی ئێرانی تەنانەت مناڵەکانیشیان بۆ تەماشای شانۆی لە سێدارەدان دەبرد. نزیکەی نیو سەدەیە، کۆماری ئیسلامی نە تەنیا بە کردەوە هیچ بەهایەکی بۆ ژیان دانەناوە بەڵکوو بەردەوام کاری کردووە بۆ سازکردنی کولتوری مەرگ، سێدارە و نەمان. تەنانەت بۆنە پیرۆزەکانیشیان لە پەیوەند لەگەڵ مردنە و ئەوەی باسی نەکرێت ژیانە.
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە دەستی بە تێرۆر و کوشتن کرد و بنەماکەی لەسەر مەرگ داڕشت، یان مەرگی موقەدەس یان مەرگی زۆرەملێ. ئەوەی لای گرنگ نەبوو چۆنییەتی و چەندایەتی ژیان بوو. لە پرۆسەی ڕاپەڕینی ١٣٥٧ و دواتریش پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاکتاو و قەڵاچۆی بیرجیاوازان و نەتەوەکانی دیکەوە بگرە هەتا کوشتن و بە کوشت دانی سەدان هەزار کەس لە شەڕی ئێران و عێراق و ناردنی هەزاران مناڵ و مێرمنداڵ بۆ بەرەکانی شەڕ و مەیدانەکانی مین. پاشان لەسێدارەدانی دەیان هەزار دژبەر و دواتریش کوشتنی ڕۆژانەی ئەو خەڵکەی کە وادەی دابوو ژیانی شیاوی مرۆڤانەیان بۆ دابین بکات. هەمان خەڵک کە خۆی تووشی هەژاری و چەرمەسەری کردبوون، بە تاوانی خواست بۆ دابینکردنی سەرەتایەک بۆ ژیان، حوکمی مەرگیان بەرسەردا سەپا.
کۆماری ئیسلامی بەمانەشەوە نەوەستاوە، لە هەر کوێ شەڕ بێت جێگە پێی دیارە و چووبێتە هەر کوێ بەرهەمەکەی شەڕ بووە. جیاواز لە شەری ئۆکراین و سەدان تەقینەوە و کردەوەی تێرۆریستی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، پشتیوانی لە هەر لایەن و گرووپێ کردبێت، ئاکامەکەی ماڵوێرانی و شەڕ و مەرگ و نەمان بووە. نموونەکەی پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد لە شەڕی ناوخۆیی سووریە کە هەتا ئێستا بووەتە هۆی وێرانی ئەم وڵاتە، کوژرانی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی ٧ میلیۆن مرۆڤ، واتە یەک لە سێی دانیشتوانی ئەو وڵاتە.
نموونەی دیکە وڵاتانی عەراق و یەمەنە. دەستێوەردانەکانی ئێران و پاڵپشتی لە شێعەکانی عەراق، مەیدانی بۆ ڕمبازێنی داعش کردەوە و لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٧ ئەم وڵاتەی تووشی شەڕ و ئاڵۆزی کرد. بە هەزاران کوژراو و سەدان هەزار ئاوارە بەرهەمی سیاسەتە ماڵوێرانکەرەکانی ئێران بوو. ئێستاشی لەگەڵ بێت حەشدی شەعبی و گروپە شێعەکانی دیکە هەمان سیاسەتی شەڕانگێزی پەیڕەو دەکەن و سەقامگیری ئەم وڵاتەیان خستووتە مەترسییەوە. یان لە یەمەن، شەڕی ئۆپڕاسیۆنی زەوی سووتاو لە ساڵی ٢٠٠٩ و دواتر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا زیاتر لە سەد و سی هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە و بە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون. بە پێی خەمڵاندنی چاودێرە سەربەخۆکان، زیاتر لە هەشتا و پەنج هەزار منداڵی ژێر پەنج ساڵ، لە برسان قڕیان هاتووە.
یەکێک تر لەم وڵاتانە لوبنانە. کۆماری ئیسلامی لەدوای بە دەسەڵات گەیشتن هەستا بە پشتیوانی لە شێعەکانی ئەم وڵاتە و «حزب اللە»ی دامەزراند. لەو کاتەوە تا ئێستا وڵاتی لوبنان ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەدیوە. شەڕی ساڵی ١٩٨٢، شەڕی ١٥ ساڵەی باکووری لوبنان، شەڕی ٣٣ ڕۆژەی ٢٠٠٦، شەڕی ناوخۆیی ٢٠١١-٢٠١٧ و، شەڕی حزب اللە و ئیسرائیل کە لە ئۆکتۆبری پارەکەوە دەستی پێکرد و هەتا ئێستاش بەردەوامە. کۆی ئەم شەڕ و توندوتیژییانە، جیا لە کاولکاری هەتا ئێستا بە هەزاران کەسی کردووتە قوربانی و سەدان هەزار ئاوارەی لێکەتووەتەوە.
حماس وەک یەکێکی دیکە لە پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی شێعە نین بەڵام لە هەمان ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامی پەیڕەوی دەکەن. «خەلیل الحیە» یەکێک لە کاربەدەستانی سەرەوەی حەماس لە وتووێژێک لەگەڵ بی. بی. سی. لە وڵامی پرسیار سەبارەت بە کارەساتە ئینسانییەکەی دوای هێڕشی تێرۆریستی ٧ی ئۆکتۆبر و دەستکەوتەکانی ئەم کردەوە، بارتەقایی دەستکەوتەکانی حەماس دەدا و دەڵێت دونیا خەریک بوو فەلەستین فەرامۆش بکا و ئێمە بەو شێوەیە فەلەستینمان دووبارە هێناوە سەر شاشەی مێدیاکان. بە پێی ئامارەکان هەتا ئێستا پەنجا هەزار کەس کوژراون، دوو میلیۆن نەفەر ئاوارە و شارەکانی غەزە وێران بوون. لە پێناو چیدا؟ بۆ خۆیان دەڵێن لە پێناو زیندوو ڕاگرتنی ئارمانی فەلەستین. بۆ حەماس فەلسەفەی خەبات و ئامانجەکە پیرۆزکردنی مەرگ و نەمانە. گیان و ژیانی ئەو پەنجا هەزار کەسە بچووکترین بەهایەکی نیە. ئارمانی فەلەستین گرنگە بەڵام ژیانی فەلەستینی نا.
حەماس بە باشی لێی ڕوون بوو کە کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بە ڕەشەکوژی ٧ی ئۆکتۆبر سەخت و ماڵوێرانکەر دەبێت بەڵام ڕوانینی ئیدئۆلۆژیک و فەلسەفی دەتوانێ تاکتیک و ستراتێژییەکانیش بخاتە ژێر کاریگەری خۆییەوە. ئەگەر ئینسافمان بێت، حەماس هەر چەند لە شەڕەکەدا سەرکەوتوو نەبوو بەڵام لە هێنانەوەی فەلەستین بۆ سەر شاشەی تلەویزیۆنەکان، هەڵبەت بە قیمەتی نیزیک بە پەنجا هەزار کوشتە سەرکەوتوو بووە.
لە هەموو ئەم ساڵانەدا کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژییەکەی بە ناڕاستەوخۆ و زۆرجار ڕاستەوخۆ کولتوری مردنیان هەناردە کردووە. ئەم حکومەتە لەمێژە بە بەرنامەی مووشەکی و ناوەکی و دەستێوەردانەکانی، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی کردووتە دوژمن. ئێستاش، دوای بەشەردانی نیابەتیەکان لە ناوچەکە و لە درێژەی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی کە بووەتە هۆی دەیان گرفت و قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی و، خەسارەکانی ڕاستەوخۆ داوێنی خەڵکی گرتووە، ئەگەری شەڕێکی قورس و خوێناوی کە خۆێشی ڕاستەوخۆ تێڕوەردرێ لە ئارادایە.
هاوردنی پزشکیان وەک سەرۆک کۆمار و زەردە خەنەکانی جەوادی زەریف وای دەگەیاند کۆماری ئیسلامی لەڕووی ناچارییەوە بەدوای ئاشتی و سازانەوە بێت بەڵام ئەم گریمانە زۆری نەخایاند و لە کەمتر لە چەند مانگدا چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل هاتە ئاراوە. ئێستا وەکوو سەردەمی خومەینی، خامنەیی دەڵێ کۆمەڵگا ئامادەی شەڕ بکەن و بە چەک و چەفییەوە لە وتارەکانیدا دەردەکەوێت. نیگەرانی لەوەدایە بەرهەمی نزیکەی ٥ دەیە ئیدئۆلۆژی دژە ژیان، مەرگ-تەوەر و شەڕخواز جارێکی دیکە بۆ حکومەت وەک نێعمەت چاو لێ بکرێت و، مەرگ و نەمان و ماڵوێرانی بۆ خەڵک بمێنێتەوە.
لە دەزگای فیکری کۆماری ئیسلامی و باسکەکانی، مرۆڤ دەژی بۆ مردن بەڵام لە کولتوری خەبات لە کوردستان هەر وەک شاعیر کوتوویەتی ئەگەریش کەسێک خۆی بۆ مردن ئامادە دەکا ئەوە لە پێناو خۆشەویستییە بۆ ژیان. ئاشکرایە کە خەبات لە پێناوی هەر ئارمان و ئامانجێکی ئینسانی بەهایەکی هەیە و زۆر کەس ئامادەن لەو ڕێگایە تەنانەت گیانی خۆشیان بەخت بکەن. خەڵکی کورد لە پێناو ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەی کەمی قوربانی نەداوە بەڵام فەلسەفەی خەباتی کورد پێڕۆزکردنی مەرگ و نەمان نەبووە، بۆ ئێمە بەرزترین بەها خودی ژیان بووە. خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات هیچکات خوازیاری شەڕ و مردن نەبوون و بە کردەوە سەلماندوویانە کە خوازیاری ژیانن و تەنیا لەم ڕێگایەدایە کە دەمرن. ئەمەش ڕێک بەپێچەوانەی فەلسەفە و جیهانبینی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە تەنیا رێگای پێشگرتن لە خەسارە قورسەکانی داهاتوو هەروەها گەیشتن بە ژیان و ئاسایش و ئاسوودەیی، تێکهەڵپێچان و ڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە دژە ژیانەیە.