لەگەڵ دامەزراندنی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا و بە تایبەتی زانکۆی تاران لە ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی وردە وردە بزووتنەوەی خوێندکاری لە گۆڕەپانی سیاسی و کولتووری ئێراندا سەریهەڵدا. بزووتنەوەی خوێندکاری، هاوشانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، هەر لە ساتەوەختی لەدایکبوونیەوە ڕۆڵێکی کاریگەر و بەردەوامی لە گۆڕەپانی سیاسی و کولتووریدا هەبووە. دوای کودەتاکەی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی و پێشهاتەکانی هەمان ساڵ و ڕووخانی حکوومەتی دوکتور موسەدق و ناڕەزایەتی خوێندکاران بەرامبەر بە سەردانی فەرمیی ڕیچارد نیکسۆن (جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو کاتەدا)، کە لە بنەڕەتدا پاڵپشتیەک بوو بۆ دەوڵەتی موسەدق، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خوێندکاران و لانیکەم ٨٧ کەس لە خوێندکاران بریندار بوون و سێ کەسیان گیانیان لەدەستدا. ڕووداوی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٣٢ی هەتاوی، لە مێژووی پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا بە ڕەمزی خەباتی خوێندکاری ناسراوە. مێژووی ئەم ڕووداوە کە دواتر بە ڕۆژی خوێندکار ناوزەد دەکرێت، ئاماژەیە بۆ چالاکی پڕشەنگداری بزووتنەوەی خوێندکاری لە سەرەتای لە دایکبوونیەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەوراز و نشێوی چالاکییەکانی بزووتنەوەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەویدا، بووژانەوە و بانگهێشتکردنی بیر و باوەڕە جیاوازەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژی زوڵم و بەکۆیلەکردن لە ژیانی سیاسی وڵاتدا، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی بزووتنەوەی خوێندکارییە. لوتکەی خەباتەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری لە سەردەمی پەهلەویدا لە قۆناغی دووهەمی دیکتاتۆری پەهلەویدا و هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە ساڵانی ١٣٤٠ و ١٣٥٠ی هەتاویدا دەردەکەوێت. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی زانکۆکان، بزووتنەوەی خوێندکارانیش ڕۆڵێکی کاریگەرتر دەبینێت. بوونی ڕۆحی ڕەخنەگرانەی ئەم بزووتنەوەیە بووە هۆی ئەوەی کە دەسهەڵاتی سیاسی بەردەوام هەستیارییەکی ئەوتۆی بەرامبەر بە چالاکی ئەم بزووتنەوەیە نیشان بدات و خۆنەپارێزێت لە هەر هەوڵێک بۆ سەرکوتکردنی چالاکییەکانیان.
لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی مەودای بزووتنەوەی خوێندکاری، شێوازی سەرکوتکردنی خوێندکاریش شکڵ و شێوازی نوێی وەرگرتووە. دەتوانین بڵێین دوای نەهێشتنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان لە لایەن ڕژیمەوە، زانکۆکان ببوونە گۆڕەپانی چالاکی سیاسی و مەدەنی کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕوانگەیەکی سکۆلاریان سەبارەت بە حکومەت هەبوو، کە ئەوەش بۆ دەستهەڵاتدارانی پەیڕەوی ئیدیۆلۆژی ئیسلامی زۆر باش دەرنەدەکەوت، حیزبە نەتەوەیی و چەپەکان، وردە وردە لە پڕۆسەی سالانی ١٣٣٢ تا ١٣٥٧ی هەتاوی لاواز ببوون، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئایینیەکان لەم ماوەیەدا سەرقاڵی دروستکردنی قوتابخانە و ڕاهێنانی کادر و دروستکردنی تۆڕی تایبەت بە خۆیان بوون و ڕژیمی پەهلەوی بە سەرکوتکردنی هێزە نەتەوەیی و ڕزگاریخواز و چەپەکان زۆرترین خزمەتی بە ئایینیەکان کردبوو. دروستبوونی گرژی و ململانێی فیزیکی و چەکداری لە زانکۆکان و گۆڕینی زانکۆکان بۆ پلاتفۆرم و بنکەی سیاسی حیزبەکان گرنگترین سیمای چالاکی بزووتنەوەی خوێندکاری لەم قۆناغەدا بوو. شۆڕشی ڕۆشنبیری و کولتووری لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٩ی هەوتاوی لەسەر بڕیاری ڕوحوڵڵا خومەینی، بە ئامانجی بە ئیسلامیکردنی زانکۆ و لێک نزیک کردنەوەی دوو سیستمی خوێندنی باڵا و حەوزەی علمیەی قۆم، ڕاگەیەندرا. بەڵام لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکی نەهێشتنی ڕەخنەگران و ڕۆشنبیران و لایەنگرانی ڕەوتە سیاسییەکان بوو کە دژی دەسهەڵاتی ئایینی خەریکی چالاکی بوون و ڕوانگەیەکەی تا ڕادەیەک چەپ و لیبراڵیان هەبوو. لەم ڕووداوانەدا بۆ ماوەی نزیک بە دوو ساڵ و نیو زانکۆکان دادەخرێن و سەدان مامۆستا، کارناس و خوێندکار لە شوێن کارەکانیان دوور دەخرێنەوە و زۆریشیان دەستبەسەر کران.
پاش کردنەوەی زانکۆکان، ڕابردووی سیاسی و ئیدیۆلۆژی خوێندکاران و مامۆستایان دەبوایە لە فیلتەری «گوزینش» تێپەڕ بووبایە، هەر بۆیە زۆرێک لە خوێندکارانی خاوەن بۆچوون سیاسی جیاواز و دژی دەسهەڵاتی ئایینی، لە زانستگا و خوێندنگەکان دوور خرانەوە.
لە ساڵانی (١٣٦٠ بۆ ١٣٦٨)ی هەتاوی، کەشوهەوای شەڕی ئێران و عێراق ڕەواییدا بە سەرکوتکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی خوێندکاری و سیاسی. دەستپێکردنی شەڕ و ڕوودانی شۆڕشی ڕۆشنبیری بووە بنەمایەک بۆ ئەوەی خوێندکارانی لایەنگری حکومەت هەوڵی خۆ نزیککردنەوە و گونجاندن لەگەڵ دروشمەکانی دەسهەڵات بدات. لە ڕاستیدا لە ساڵانی ١٣٥٩ تا ١٣٦٨ی هەتاوی بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ و مەترسییە ئەمنییە گەورەکانەوە، بزووتنەوەکە بە کەمکردنەوەی چالاکییە سیاسییەکان، پێداگری لەسەر سەربەخۆیی وڵات دەکرد. بۆیە لەم ماوەیەدا چالاکیەکی ئەوتۆ لەم بزووتنەوەیە بەدی ناکرێت و وردە وردە ڕەوتی سەر بە حکومەت کە بە «ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەی ئیسلامی» دەناسران، چالاکیەکان دەگرنە دەست، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی چالاکییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاران. ئەم بابەتە تا ئەم ڕادەیە پەرەدەستێنێت کە بەشێک لە چالاکانی بزووتنەوەی خوێندکاری بچوکترین ڕەخنە لە حکومەت بە بەرپەرچدانەوەی شۆڕش لێکدەدەنەوە. بۆ نموونە ڕەخنەی بزووتنەوەی ئازادی لە بنەمای «ولایت فقە» و دەنگی نەرێنی ئەندامانی ئەم حیزبە بۆ ئەم پرسە لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە ڕوانگەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی خوێندکارییەوە، بە واتای «بەزاندنی هێڵە سوورەکان» پێناسەدەکرێت.
لە ساڵەکانی (١٣٦٨ بۆ ١٣٧٦)ی هەتاویدا چالاکیی بزووتنەوەکە هاوتەریبە لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی فەرمی گەشەپێدانی ئابووری و کەشوهەوای سیاسی داخراوی حکومەتی هاشمی ڕەفسەنجانی. ئەگەر تا ساڵی ١٣٦٨ هەڵوێست و چالاکییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ حکومەت و پەرلەماندا لە یەک ئاڕاستەدا بوو، کۆتایی هاتنی شەڕ دەرفەتێکی بۆ بزووتنەوەی خوێندکاری ڕەخساند کە هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر گوتاری حوکمڕانی و بەرامبەر بە کەشوهەوای سەرکوتکردن بگرێتەبەر. هه ڕوەها لەو قۆناغەدایه که بزووتنەوەی خوێندکاران له لوتکەی ململانێی سیاسی نێوان گرووپه ئایینی و سکۆلارەکان دەردەکەوێت. لەم ڕووەوە چالاکیی بزووتنەوەی خوێندکاری ئەوەندە بەهێز و ڕەخنەگرانە بوو کە سەرهەڵدانی چاکسازی لە جەستەی کۆمەڵایەتی لەم دەیەیەدا دەتوانرێت بە بەشێک لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری هەژمار بکرێت.
پێشهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆتایی دەیەی حەفتا و هەشتای هەتاوی، دەرخەری ئەو بابەتەن کە لەم خاڵەدا بزووتنەوەی خوێندکاری بە ئەکتەرێکی بەهێز دادەنرا و لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا گرنگی ئەوتۆی پێدەدرا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بزووتنەوەی خوێندکاری لە کاتی دەوڵەتی چاکسازیی ( محەممەد خاتمی، ١٣٧٦ بۆ ١٣٨٤ی هەتاویدا) بە هێزێکی پێشەنگ دادەنرا. چالاکییەکانی بزووتنەوەکە لەسەر بنەمای گوتاری پەرەپێدانی چاکسازی سیاسی و پێشنیارکردنی داواکارییە مەدەنییەکان، لە ڕاستیدا بزووتنەوەی خوێندکاری وەک ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی حیزب و گروپە سیاسییەکان دەناساند. ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی بەندکراوانی سیاسی و ئازادی ڕۆژنامەوانی، دروشم و داواکارییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاریی بوو لەم قۆناغەدا. هەرچەند هێرشی هێزە چەکداراکان بۆ سەر خوێندکاران دوای داخستنی ڕۆژنامەی سەلام لە ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی بووە هۆی گرتن و کوشتنی سەدان خوێندکاری زانکۆی تاران، بەڵام بەشداری کارا و ڕەخنەگرانەی بزووتنەوەی خوێندکاری لەم قۆناغەدا دەستکەوتی ئەوتۆی بۆ ئەم بزووتنەوەیە تۆمار کرد.
بە هاتنەسەرکاری حکومەتی (مەحموود ئەحمەدینژاد ١٣٨٤ بۆ ١٣٩٢ی هەتاوی)، بزووتنەوەی خوێندکاری بەشیوازێکی بەرنامە بۆدارێژراو توشی سەرکووت و گوشاری حکومەت دەبێتەوە. لەم قۆناگەدا نوێنەری حکومەت لە دامەزراوە خوێندکاریەکان بە دەرکردنی مۆڵەتی چالاکی بۆ ڕێکخراوە نوێیەکانی خوێندکاری، هەوڵی دامەزراندنی گروپی هاوتەریبی بزووتنەوەی خوێندکاری دەدات کە سەر بە حکومەتن. ئامانجی سەرەکی ئەم جۆرە سیاسەتە لابردنی سروشتی بزووتنەوەی خوێندکاری و پێناسەی شوناسێکی نوێی بوو بۆ ئەو بزووتنەوەیە. هەرچەند پەلامار و گوشارەکانی دەوڵەتی چاکسازی (محەممەدی خاتمی) تا ڕادەیەک بۆشایی فکری لە ئاستی سەرکردایەتی ئەو بزووتنەوەیەدا ساز کردبوو بەڵام لەم سەردەمەشدا لە بەرامبەر ئەم گوشارانەدا خۆڕاگرێکی بەرچاو دەبیندرێت. پێکهێنانی «ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی پەروەردە» بەمەبەستی لابردنی بێبەشکردنی پەروەردەیی قوتابیانی ئەستێرەدار و ئازادکردنی خوێندکارە زیندانیکراوەکان، دەکرێت وەک یەکێک لە چالاکی و داواکارییەکانی بزووتنەوەی خوێندکار لەم قۆناغەدا هەژمار بکرێت. خاڵێکی گرنگی دیکە لەم قۆناغەدا گرنگیدان بە زیادبوونی ڕێژەی خوێندکاری کچە لە زانکۆکاندا. لەم قۆناغەدا زیادبوونی ژمارەی قوتابیانی کچ لە خوێندنی باڵادا وایکرد ژنان زیاتر و زیاتر ئاشنا بن بە چالاکییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری؛ بابەتێک کە بووە هۆی گەشەکردن و بەهێزبوونی داواکارییەکانی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی و مەدەنی و قەڵایەکی نوێی خۆڕاگری و بەربەرەکانی لە دژی هێزەکانی ڕژیم پێکهێنا. هاتنە ناوەوەی ژنان و کچان بۆ ناو جەستەی بزووتنەوەی خوێندکاری دەرخەری ئەوەیە کە چالاکییەکانی کچان و بەشداریکردنیان لەم ساڵانەدا بزووتنەوەکەیان بەهێزتر کردووە. ئەم بابەتە لە لایەک بووە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی خوێندکاران بچێتە ناو بوارێکی نوێی چالاکی، واتە چالاکی بە ئاراستەی بایەخدان بە مافەکانی هاووڵاتیان و لە لایەکی دیکەشەوە بنەمای هاوکاریی بزووتنەوە خوێندکاری لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان دابمەزرێنێت. سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی وەک (هەڵمەتی یەک ملیۆن واژۆ و دایکانی پارکی لالە) نموونەیەکی ڕوونی ئەم هاوکارییە. لە دوای ڕووداوەکانی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویەوە، چالاکی بزووتنەوەکە کەمی کرد و تا هاتنەسەر کاری حکومەتی یازدەهەم ئەم گوشارانە بەردەوام بوون.
دوای هەڵبژاردنەکانی ١٣٩٢ و ١٣٩٦ی هەتاوی و هاتنەسەرکاری حەسەن ڕەوحانی، کە تا ڕادەیەک نەرمی دەنواند و میانەڕەو بوو، بزووتنەوە خوێندکاری کە لە ساڵانێک لە ژێر گوشار دابوون، دیسان دەرفەتی چالاکییان بۆ ڕەخسا و تا ڕادەیەک بۆ چالاکیەکانیان ڕێگایان بۆ ئازاد کرا. لەم ماوەیەدا چالاکیی گرووپ و ڕێکخراوە خوێندکارییەکان زۆر بەرفراوان بوو و هەڵوێستی ڕێکخراوە خوێندکارییەکان پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ دروشمەکانی حکوومەتی حەسەن ڕەوحانی. دەربڕینی داواکارییەکانی وەک هەڵگرتنی سنووردارکردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی سەوز و چاکسازی لە چۆنێتی وەرگرتنی خوێندکارانی زانکۆ، بەشێکە لەو داواکاریانە. بەڵام دوای خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەر و بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی سەرەڕای ئەوەی کە سیاسەتی حکومەت (و نەک ڕێبەری) لەم قۆناغەدا لێبوردەیی و هاوکارییە لەگەڵ داواکارییەکانی خوێندکاران بوو، بەڵام نەبوونی پشتیوانییەکی تەواو و نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی متمانەپێکراو لەم قۆناغەدا، بووە هۆی ئەوەی دەسەڵات لە هەوڵی خۆی بۆ سەرکوتکردنی چالاکیی و داواکارییەکانی خوێندکاران بەردەوام بێت.
دوای هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی (١٤٠٠ی هەتاوی) و یەکدەست بوونی دەسهەڵات لە ئێران، زیاتر لە جاران خوێندکاران دەکەونە بەر گوشار و هەڕەشەی ڕژیمەوە، بەڵام خوپیشاندانی جەماوەری و هەڵگیرسانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، بۆ جارێکی دیکە بە گڕ و تینێکی زیاتر ئەو بزووتنەوەیە دێنێتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی و مەدەنی ئیران و ئەمجارە جیاوازتر لە پێشوو جگە لە زانکۆ کان قوتابخانەکانیش دەگرێتەوە و دەریدەخات کە ئەگەرچی لە قۆناغە جیاجیاکانی چالاکی ئەو بزووتنەوەیە هەوراز و نشێوی زۆر هەبووە بەڵام هیچکات نەوەستاوە و نەکەوتووە و هەموو جارێک بە هێزێکی تازەتر و تاکتیکێکی نوێ هەوڵی گەیشتن بە ئامنجەکانیان دەدەن کە هەمان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دەستەبەر کردنی ئازادی و یەکسانیە بۆ سەرجەم کۆمەڵگای ئێران بێ هیچ جیاوازێکی ڕەگەزی، ئایینی و نەتەوەیی.
ئەگەرچی ماوەیەکی کەم لە سەرۆککۆماری مەسعوود پزشکیان تێدەپەڕیت، بەڵام ئەوەڕوونە کە بە پێچەوانەی درووشمەکانی، سیاستی ڕژیم سەبارەت بە خوێندکاران هیچ گۆڕانکاریەکی ئەرێنی تێدا بەدی ناکرێت و گوشارەکان ڕۆژبەدوای ڕۆژدا زیاتر دەبێت، بەڵام سەرەڕای سیاسەتی سەرکوتکردنی بەردەوامی داواکارییەکانی خوێندکاران لە لایەن دەسهەڵاتی سیاسییەوە، بزووتنەوەی خوێندکاری پێداگری دەکات و خۆڕاگری لە گەیشتن بە داواکارییەکانی لە خۆیدا نیشان دەدات. بە دڵنیاییەوە چارەسەرکردنی سەختییەکانی ئێستای بزووتنەوەی خوێندکاری لە درێژخایەندا پێویستی بە پێکهێنانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵاتدا هەیە و پەیوەستە بە نەرمی دەسهەڵاتی سیاسییەوە. لە لایەکی دیکەوە لە کورتخایەندا بۆ زامنکردنی سەرکەوتن لە داهاتوودا بزووتنەوەی خوێندکاری پێویستی بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی بەردەوام و نزیک لەگەڵ جەستەی چینە هەژار و بێبەشەکانی شارەکان و هەبوونی پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە، لەوانەش بزووتنەوەی ژنان و کرێکاران.