نووسینی: محەمەد محەمەدی
له ڕۆژانی ١٤ هەتا ١٨ مانگی دیسامبری ساڵی ٢٠٠٢ بە ئامادە بوونی زیاتر لە ٣٠٠ نوێنەری شەش گروپی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و هەروەها بەشداری زاڵمای خەلیلزاد نوێنەری جۆرج بوش، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئامریکا، کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناوی«کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی» لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو. بەشداربووانی ئەو کۆنگریە دوای چوار رۆژ دانووستان و گفتووگۆ، دواجار بە نێوانجیگەری ئەمریکا ڕێککەوتن و لە ئەنجامدا لیژنەیەکیان بۆ نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنی عێراق دەستنیشان کرد.
دەتوانین بڵێین ئەو لێژنەیە بە جۆرێک «دەوڵەتی کاتی عێراق» لە دەرەوەی وڵات بوو. ئەگەرچی ئەوکات لە بەغدا میدیای دەوڵەتی بە بێ ئاماژەدان به ناو و ناوەرۆکی کۆنگرەکه، گاڵتەیان به بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە ئەهات و بە خائین ناویان لێبردن، بەڵام ئامادەبووانی ئەو کۆنگرەیە دوای چوار مانگ، واتا لە دوای ڕووخانی رژیمی سەدام لە رۆژی ١٤ی ئاپریلی ساڵی ٢٠٠٣ پێکهاتەی عێراقی نوێیان دارێشت.
هەرچەند تا ئەمڕۆ کێشە و ناکۆکی نێوان گرووپە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەت نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە، بەڵام ئەو کۆنگرەیە بوو بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی رژیمی بەعسی عێراق بە هەموو جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە، پێکەوە هاوکاری بکەن و کوردیش توانی تا ڕادەیەکی زۆر بە مافەکانی خۆی بگات.
وەبیرهێنانەوەی «کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی» لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ئەوەیە کە بڵێم، باروودۆخی ئێستای ئێران، زۆر لە دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتداریەتی رژیمی بەعس لە عێراق دەچێ. ئەمە بەو مانا نیە کە ترامپ وەک جۆرج بۆش، بەم زووانە فەرمانی هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران دەردەکات، یان لە ئەگەری گرژ بوونەوەی شەڕێکی چەکداری نێوان ئێران و ئیسرائیل، رژیمی تاران بەم زووانە دەڕووخێ، بەڵکوو دەمەوێ باس لە پێویستی یەکدەنگی و هاوکاری زیاتری نێوان ئۆپۆزسێونی دێموکراسی خوازی ئێرانی بە گشتی و بە تایبەت لایەنە کوردییەکان بکەم، چونکە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە بە گشتی و ئێران بە تایبەتی، لە گۆڕان دایە و ئیتلاف یان پێکهێنانی بەرەیەک لەم ساتە وەختە بۆ کورد زۆر پێویستە.
ئەگەر حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ئێستاوەو و پێش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی یەک دەنگ و هاوئاهەنگ نەبن و نەتوانن لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنی دێموکراسی خوازی ئێران رێککەون و سنوور و چوارچێوەی خواست و مافەکانی کوردیان بۆ دیاری نەکەن و دەنگی ئەرێنی و پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی ناوەند وەدەست نەهێنن، لە ئەگەری هەر ئاڵ وگۆڕێکدا، بەم دۆخەی ئێستای حیزبەکانی رۆژهەڵات، کوردستان یەکەمین دۆڕاوی ئێرانی دوای رژیمی ئاخوندی دەبێ و بەرهەمی ٤٦ ساڵ خەبات و قوربانی کورد لە یەک ئاندا دەبێ بە هیچ و پێدەچێ وەک دوای شۆرش ساڵی ٥٧ کوردستان دیسان توشی شەڕ و کۆمەڵکوژی ببێت.
پرسێکی تر کە زۆر جێی سەرنج دانە و پێویستی بە هاوئاهەنگی زیاتری نێوان لایەنەکانی رۆژهەڵاتە، ئەوەیە کە بە پێچەوانەی ڕۆژەکانی دوای شۆرشی ٥٧ هەبوونی ئەو لایەنانەی کە بە جۆرێک لە ژێر کاریگەری و هێژمۆنی لایەنێکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن و دەتوانن لە کاتی گۆڕان ببنە کۆسپی نوێ و بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵۆزتر بکەن.
ڕەوتی گۆڕان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئێران و کوردستان:
رۆژی ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣، ڕۆژێکە کە دەکرێ وەکوو وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی لێ ببردرێت. لەو ڕۆژەدا سێ هەزار چەکداری حەماس چوونە ناو خاکی ئیسرائیل و ١١٣٩ کەسیان کۆمەڵکوژ کرد، هاوکات ٦٩٥ کەسیشیان بە دیل گرت. لە وەڵام دا ئیسرائیل بە خێرایی فەرمانی شەڕی دژ بە حەماس ڕاگەیاند و لە ڕێگاکانی وشکایی، ئاسمان و دەریاوە هێرشی بەربڵاوی کردە سەر غەزە. ئێستا دوای ١٥ مانگ دەتوانین باسی کۆمەڵێک دەرئەنجامی ئەو شەڕە بکەین. ئاکام و دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە تا ئێستا ئەوەیە کە ئیسرائیل توانیویەتی غەزە بە تەواوی وێران کات، هەزارن چەکداری حەماس بکوژێت، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی حەماس لە تاران تیرۆر کات، یەحیا سێنوار جێگرەوەی هەنیە لە غەزە بکوژێت، باشوری لوبنان لە چەکداری حیزبوڵا پاک بکاتەوە و نەسروڵا و سەفیەدینی جێنشینیشی بکوژێت، هەموو فەرماندە مەیدانییەکانی حیزبوڵا لەناوبەرێ و کۆتایی بە بوونی هێزی سپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنان لە سوریا بهێنێ.
دەرئەنجامی هێرشی تێرۆریستی ٧ی ئۆکتۆبری٢٠٢٣ بووە هۆی ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەم دوو وڵاتە بۆ یەکەم جار بە مووشەک، فڕۆکە و پەهباد هێرشیان کردە سەر خاکی یەکتر. ئیسرائیل بە بوردمانی چڕو پڕی بنەکانی سپای پاسداران و هێزە نیابەتیەکانی لە سوریە، بووە هۆی لاواز بوونی رژیمی ئەسەد و ئەمە ڕێگای بۆ سەرکەوتنی تەحریر شام خۆش کرد و دەرئەنجام تەحریر شام کۆتاییان بە دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد هێنا و ئێستا دەرئەنجامی شەڕەکە گەیشتوتە کەنارەکانی دەریای سوور و ئیسرائیل بەردەوام حوسیەکانی یەمەن، یەکێکی تر لە هێزە نیابەتیەکانی ئێران بوردمان دەکات.
هاوکات رووخانی رژیم ئەسەد کۆتایی بە ڕۆڵ و کاریگەری دەیان ساڵەی روسیە، هاوپەیمانی دێرینی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هێنا. دیارە هەڵەی ستراتژی روسیە ئەوکات دەستی پێ کرد کە پێ وا بوو هێرشی رۆژی ٢٤ی مانگی فیبرواری ساڵی ٢٠٢٢ بۆ سەر ئوکراین، شەڕەکە دوای چەند هەفتەیەک و دوای داگیرکردنی هەموو خاکی ئوکراین کۆتایی دێت، بەڵام دەرئەنجامی ئەو هەڵە ستراتیژییەی هێرشی روسیە بۆ سەر ئۆکراین، تا ئێستاش روسیەی گرتوەتەوە و هێشتا ئاکامەکانی بەردەوامن.
هاوکات ٧ی ئۆکتۆبر کۆتایی بە کاریگەری ئێران لە سووریا هێنا، هێزە پرۆگسییەکانی ئێرانی بە تەواوی لاواز کرد و بە جۆرێک دەتوانین بڵێن کە هیلالی شیعەی تێکشکاند. تا ئێستا دەرئەنجامەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبر ڕوخساری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەتەواوی گۆڕیوە و دەبێ چاوەڕوانی گۆڕانکاری تریش بین.
لە پاڵ رووداوی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ بە تەواوی کاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە و وادیارە ئێران زیاتر رووبەڕووی دەرئەنجامەکانی هەڵبژرادنەوەی ترامپ دەبێت. لە لایەکی دیکەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بەربڵاو بووەتەوە و هەر ئێستاش ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن. شۆرشی ژن ژیان ئازادی کە نوێترین شۆڕشی کۆمەڵایەتی خەڵکانی ئێرانە، مەشروعیەتی لە کۆماری ئیسلامی سڕیوەتەوە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی لاوازتر کردووە.
کۆماری ئیسلامی هەرچەندە تا ئێستا توانیویەتی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە هەموو ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان سەرکوت کات و بتوانێ لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام باروودۆخی ئێستای ناوچەکە و ناوخۆی ئێران نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە چیدی کۆماری ئیسلامی نە دەتوانێ وەک جاران لە ناوچەکە ڕۆڵی کارا بگێرێ و نە لە ناوخۆش بە زەبری هێز و چەک دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر کات.
خاڵێکی تر کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ، لەبار بوونی بارودۆخی ئێستای کوردستانە کە تاکید لە پێویستی دۆزینەوەی رێگە چارەیەک بۆ هاوکاری زیاتری نێوان حیزبەکان دەکات. ئەزمونی ٤٦ی ساڵەی خەباتی رزگاری خوازی گەلی کورد، بە تایبەت لە دە ساڵی رابردوو، سەلمێنەری ئەو راستیەن کە خەڵکی کوردستان بە هەموو جیاوازی فیکری و سیاسیەوە، هەموو کات هاودەنگ و هاوخەباتی یەکتر بوون و شۆرشی ژین ژیان ئازادی باشترین نموونەی ئەم هاوکاریی و تەباییەی نێوان هەموو چین و توێژەکانی کوردستانە.
لەم باروودۆخە هەستیارە پرسیاری هەرە گرنگی هەر تاک و هێزێکی ئازادی خوازی ئێران دەبێ ئەوە بێ کە خەڵکی ئازادی خواز و هێزە سیاسیەکان، لە ئەگەری هەر ئاڵۆگۆرێک، چە رۆڵ و نەقشێکیان دەبێت؟ گەلی کورد وەک یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکانی گۆڕان لە داهاتووی ئێران لە چە وەزعێک دایە و ئایا کورد دەتوانيت رۆڵێکی کارامە لە گۆڕانی دەسەڵات لە ئێراندا بگێڕێت و بتوانێت مافی بەشخوراوی سەدان ساڵەی خۆی مسۆگەر بکات؟
حیزبەکان دەبێ چی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە ئەگەری هەر ئاڵۆگۆرێک دابینکەری مافی ڕەوای کورد بن؟
دوای رێککەوتنی بەرجام تا هاتنە سەر کاری ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦ لە ماوەیەکی کورت، ئابوری ئێران گەشەی کرد، بەشێکی زۆر پارەی بلۆک کراوی ئێران ئازاد کرا، فرۆشتنی نەوت زیادی کرد و کۆمەڵێک شیرکەتی بیانی ڕوویان لە ئێران کرد و سەرمایەیان بۆ ئێران برد، هاوکات ئێران بە خەرج کردنی بەشی هەرە زۆری ئەو داهاتە ئابووریە، هێزە پرۆگسیەکانی خۆی لە ناوچەکە بەهێزتر کرد و دەیان گروپی نیابەتی نوێ پێکهێنا. هاتنە سەرکاری ترامپ و دەرچوونی لە بەرجام، کۆتایی بە ئەو پێشکەوتنە کورت خایەنە ئابووریە هێنا و دۆخی رژیمی ئێرانی لاوازتر کرد. هەرچەند بایدن لە ٤ ساڵی ڕابردوو، بە جۆرێک ئابڵۆقەی نەوتی ئێرانی کەم کردووە و ئیجازەی دا ئێران تا ڕادەیەک نەوت بفرۆشێت، بەڵام هاتنەوەی ترامپ ئەو دەلاقە ئابووریەی لێ کپ دەکاتەوە و ئاقارەکە بەرەو ڕووخان یان داڕمانی ئابووری ئێران دەبات. واتا ئێران لە چەند مانگی رابردوو؛ هێزە نیابەتییەکانی یان زۆر لاوازبوون و یان بەتەواوی لە ناو چوون، لە گەڵ ئیسرائیل توشی ململانی نیزامی هاتووە، ناڕەزایەتی لە ناوخۆ تا دێیت زۆرتر و بەربڵاوتر دەبێت. بۆیە کۆی ئەم ڕووداوانە خەبەر لە ئاڵۆگۆڕ لە قەبارەیەکی گەورەتر دەدەن و پێویستیەکی مێژوویە کە لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵات پێکەوە رێک بکەون و “بەرە “ یان ئیتلافێک پێک بهێنن.
بۆ پێکهێنانی بەرە یان ئیتلافێک، سەرەتا پێویستە حیزبەکان لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەش کە پارێزەری بەرژەوەندی گەلی کورد بێت، رێککەون. بۆ ئەو پرۆژەیە پێویستە لایەنەکان لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش کە لە سیاسەتی گشتی و دروشمی زۆربەی هەرە زۆری لایەنەکان باس کراون، بە تەوافق بگەن. لەم پرۆژەیە پێویست ناکات هەر لایەنەو مانیفیستی حیزبەکەی خۆی وەک بنەمایەک بۆ ڕێکەوتن و سازش بەردەست بخەن، چونکە هەر لایەنێک سیاسەتی گشتی حیزبەکەی خۆی بە ڕاست دەزانێ و لەو سیاسەتەی کە ساڵانێکی زۆر خەباتی بۆ دەکات لێی پاشگەز نابێتەوە، کەواتە هەوڵێکی لەم چەشنە هەر لەسەرەتاوە تووشی شکست دەبێت.
وەک دەزانین حیزبەکانی رۆژهەڵات ئامانج و ستراتژی جیاوازیان هەیە، سەربەخۆیی خواز، فیدرال و هتد، کەوایە لە نێو ئەم ئایدۆلۆژیا جیاوازانەدا گوتاری هاوبەش پێک نایەت، بەڵکوو پێویستە لایەنەکان هەوڵ بۆ دروست کردنی پلانێکی هاوبەش بدەن، پلانێک کە خاڵە هاوبەشەکانی هەموو لایەنەکانی تێدا بێت. کەوایە لایەنە سیاسیەکان لەسەر کام خاڵ دەتوانن رێککەون و بەرە پێک بهێنن کە هاوکات کە بەرژەوەندی گەلی کورد دەپارێزێت، پارێزەری سەربەخۆیی سیاسی لایەنەکانیش دەبێت؟
ئەو خاڵانە بریتین لە:
مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلی کورد:
پرسی کورد لە ئێران پرسێکی سەرکوتکراوی نەتەوەییە و بزووتنەوەکەشی بزووتنەوەیەکی ڕەوای ئازادیخوازانەیە و داکۆکی لە مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد دەکات، بۆیە دەبێ ئەندامانی ئەو بەرەیە باوەڕی تەواویان بە مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلی کورد هەبێ.
ڕووخانی کۆماری ئیسلامی:
ئەزموونی ٤٦ ساڵ تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامی ئەو راستیەی بۆ هەمووان دەرخست کە مافی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەدی نایەت، بۆیە لایەنە بەشداربووەکان لەو بەرەیە، دەبێ باوەڕی تەواویان بە ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەبێ.
سێکولاریزم:
جیاکردنەوەی حکوومەت و دەزگاکانی حکوومەتی لە دامەزراوە ئایینیەکان و دەرباز بوونی مرۆڤ و بڕیارەکانی لە ژێر کاریگەری دامەزراوە ئایینییەکان لە کوردستان بە مافێکی ڕەوا و حاشا هەڵنەگر بناسرێت، بۆیە ئەندامانی ئەو بەرەیە دەبێ باوەڕی تەواویان بە دابڕانی ئایین لە دەوڵەت هەبێ و سەروەری ئایندەی کوردستان لەسەر بنەمای بنەماکانی دێموکراسی، جاڕنامەی مافی مرۆڤ، مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان دابڕێژین.
باوەربوون بە بنەماکانی دێموکراسی:
هەموو لایەنێک دەبێ باوەڕی تەواویان بە هەڵبژاردنی ئازاد لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە هەبێ و سندوقی دەنگدان بە تاکە سەرچاوەی شەرعیەت بۆ هەموو بزووتنەوە سیاسی و بنەما بنەڕەتییەکانی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد لە کوردستان بزانن. لایەنەکان دەبێ قبووڵ بکەن کە پارێزەری ئازادی ڕا دەربرینن، ئازادی قەڵەم، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی دامەزراندنی ڕێکخراوەی سیاسی و مەدەنی، سەندیکای کرێکاران، ژنان، خوێندکار، لاوان، مامۆستا و هتد دەبن و لە کۆمەڵگەدا پشتگیری یاسایییان بۆ دابین دەکەن.
مافی ژنان:
ژنان پێشەنگی شۆرشی ژن ژیان ئازادی بوون کە گەورەترین شۆرشی کۆمەڵایەتی ٤٦ ساڵەی رابردووی ئێران بوو. ژنان دەیان ساڵە بۆ مافی ڕەوای یەکسانی لە کۆمەڵگا و ژیانی کۆمەڵایەتی تێدەکۆشن، لەو ڕێگا هەزاران قوربانیان داوە. بۆیە لایەنەکانی بەشدار بوو لەو بەرەیە دەبێ جەخت لەسەر یەکسانی مافی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و خێزانی بکەن.
زمانی دایکی:
فێربوون بە زمانی زگماکی بە یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی مۆدێرن دادەنرێت، ئەم مافە لە ئێران بە هۆکاری سیاسی و ئەمنیەتی لە گەلانی ئێران زەوتکراوە، لایەنەکانی بەشدار بوو لەم بەرەیە پایبەند دەبن بە ئەوەی کە پارێزەری خۆیندن بە زمانی کوردی دەبن.
پاراستنی ژینگە:
لایەنەکان دەبێ پشتیوانی و پابەندبوونی خۆیان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە لە کوردستان قەبوڵ کەن و هەوڵ بدەن بە پشتیوانی زیاتر لە ڕێکخراوەکانی ژینگە پارێزی کوردستان، پارێزەری ژینگەی کوردستان بن.
فرە حیزبی لە کوردستان:
لایەنەکان دەبێ پابەندبوونی خۆیان بە فرە حیزبی لە کوردستان ڕابگەیەنن و نەبنە لەمپەر بۆ حیزب و ئەو لایەنانەی وا لە کوردستان دادەمەزرێن. هەروەها دیالۆگ بە تەنها رێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانیان بەکار دێنن و بەشێوەیەکی سیاسی و ئاشتیانە، دوور لە هەر جۆرە توندوتیژییەک، کێشەکانی نێوان خۆیان چارەسەر دەکەن.
سەربەخۆیی سیاسی:
لایەنەکان پایبەند دەبن بە ئەوەی کە بنەمای سەربەخۆیی سیاسی، ڕێکخراوەیی، دیپلۆماسی و میدیایی هیچ لایەنێک تێک نادەن، بەڵکو هەوڵ دەدن بۆ گەیشتن بە هەماهەنگی و یەکڕێزی بیروڕا لە نێوانیاندا.
دیارە کۆمەڵێک خاڵی تر وەک « هێزی پێشمەرگەی کوردستان» هەن کە دەکرێ حیزبەکان لەسەر ئەو خاڵانەش رێککەون.
مکانیزمی رێککەوتن و چۆنیەتی کارەکانی ئەو بەرەیە دەکرێ پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش، هەئیەتێکی نۆینەرایەتی هاوبەش، میدیای هاوبەش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هتد بێت.
کۆمیتەی هاوبەش:
– دەبێ پێش هەموو شتێک کۆمیتەیەکی هاوبەش پێک بێت کە لە هەر لایەنەو کەسێک یان کەسانێک ئەندامی بێت، هاوکات دەکرێ لە کەسایەتیە سەربەخۆکان بەتایبەت ئەوانەی وا پسپۆری بوارە جیاوەزاکان، وەک پسپۆری بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، حقوقی، ئابوری و هتد وەک راوێژکار کەڵکیان وەرگرن، گرنگتر لە هەمووی، لە ئیدە و ڕاوێژی کۆمەڵگای مەدەنی لە ناوخۆی کوردستان بە بێ جیاوازی بیر و ڕا کەڵک وەگرن.
– ئەم کۆمیتەی بەرێوەبەرییە دەبێ هەڵگری ناوێک بێت بۆ ئەوەی وەک ئورگان یا رێکخراوێک بتوانێک کارەکانی سازمان بدات، سایت و پەیجی تایبەت بە خۆی هەبێ و خەڵکی کوردستان بتوانن راستەوخۆ پەیوەندیان پێوە بگرن و ئیدەو نەزەراتی خۆیان رابگەینێن. دەکرێ لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەک بنەمایەک بۆ ئەو بەرەیە کەڵک وەربگیرن. چونکە ناوەندی هاوکاری بە ئەزموونی چەن ساڵەی خۆی، بە تایبەت لە کاتی شۆرشی ژن ژیان ئازادی بووە جێگەی متمانە خەڵکی کوردستان وئومید و هیوایەکی نوێی بە بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد دا. بوژانەوەی ناوەندی هاوکاری و بەشداریکردنی لایەنەکانی دیکە لە ناوەند، دەتوانێ خێراترین بژاردە بێت بۆ کارامە کردنی ئەو بەرەیە بێت.
– دەبێ هەیئەتێکی نوێنەرایەتی دەستنیشان بکرێ، ئەم هەیئتە وەک مەرجەعێکی سیاسی کە نۆینەرایەتی دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات، دەتوانێ لەگەڵ ئۆپۆزسێونی دێموکرسی خوازی ئێرانی دانووستان بکات.
چوارچێوەی ئەو خاڵانەی کە دەبێ لە گەڵ ئۆپۆزسێونی ئێران وتوێژ و تەوافقی لە سەر بکرێ، دەبێ پێشووتر بە رێکەوتنی هەموو لایەنەکانی بەشداربوو لەو بەرەیە ئامادە کرابێت.
– دانووستان لە گەڵ ئۆپۆزسێونی ئێرانی کە لێرە نەتەوەکانیش دەگرێتەوە، دەبێ هەوڵ بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوان بێت، بەرەیەک کە ئامانجەکانی:
یەکەم- هەوڵ بۆ رووخانی رژیم بێت، دووهەم- جۆری حکومەتی داهاتووی ئێران دەبێ لامەرکەزی (فیدراڵ) بێت. سێهەم- ئەو لایەنە ئێرانیانە بە قەناعەت بگەینێ و ئیمزایان لێ وەرگرێ کە دان بە مافی رەوای کورد بنێن و لە داهاتووی ئێران سەندوقی دەنگدان تاکە بڕیاردەری چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە تایبەت و ئێران بە گشتی بێت، چوارەم- داننان بە مافی خوێندن بە زمانی دایکی بێت، پێنجەم- لە سەر سێکولاریسم و یەکسانی کۆمەڵایەتی و هەروەها بڕوا بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ بێت، شەشەم- لە سەر پاراستنی ژینگە و هتد.
هەیئەتێکی نۆێنەرایەتی هاوبەش بۆ دیپلۆماسی لە گەڵ وڵاتان و رێکخراوە جیهانیەکان پێک بهێنن:
هەیئەتێکی نوێنەرایەتی کە کەسانی پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تێدا بەشدار بن، دیدار و دانووستان لە گەڵ کۆمەڵگای جیهانی بکەن. ئەم هەیئەتە دەبێ نۆینەری کورد بێت وهەوڵ بدات دۆستی جیهانی بۆ کورد پەیدا کات. هەوڵی ناساندنی کێشه و داخوازییەکانی گەلی کورد له کوردستانی ئێران به کۆمەڵگه ی نێودەوڵەتی بدات. ئەزموونی باشور و رۆژئاوا سەلمێنەری ئەو راستیەن کە کوردی رۆژهەڵات بۆ ئەوەی بتوانێ مافەکانی خۆی لە داهاتووی ئێران مسۆگەر کات، پێویستی بە دۆستی جیهانی هەیە ودەبێ بتوانێت لە گەڵ وڵاتانی دێموکراسی خواز و خاوەن دەنگ هاوکاری و دۆستایەتی بکات.