فیلم بەڵگەنامەیی، بەستێنێکە بۆ ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە پێکهاتەیەکی بینراوەییدا.لەم سەردەمدا، کە خودی چەمکی واقیعییەت، تووشی گرفت بووە و ئەتوانین بڵێن شەڕ، شەڕی گێڕانەوەی واقیعییەتە،سینەمای بەڵگەیی ئەتوانێت بە تەرکیزکردن لەسەر قەیرانەکان و هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانانە، واقیعەتەکان، وەسف بکات و ڕۆشنگەری بکات. لەم سەردەم هەر لایەنێک بە پێی بەرژەوەندایەکانی خۆی، چەمکی واقیعییەت بە سوودی خۆیان دەستکاری ئەکەن و گێرانەوەی دڵخوازی خۆیان لە ڕووداوەکان و واقیعیەتەکان بڵاو ئەکەنەوە. کە واتە سینەمای بەڵگەیی، بوونی خۆی نەک لەگەڵ کات بەسەر بردن بەڵکوو لەگەڵ ڕۆشنگەری گرێ داوە.بە مەرجێک فیلمسازی فیلمی بەڵگەیی، لەناو ئەم دۆخە قەیراناوەیە، دەستەمۆ نەبووبێت. سینەمای بەڵگەیی ئەتوانێت لەگەڵ چەمکی واقیعییەت، هەڵسووکەتێکی ئەخلاقیانە بکات. لە سینەمای فیکشن چوون هەموو کەس پێیان وایە، زادە و دەرئەنجامی خەیاڵی، فیلمسازە و نواندەوە بۆ واقیعییەت ئەکات،بۆ بەردەنگ جێگای باوەری زۆر نییە و لە ڕاستیدا ئەتوانێت واقیعییەتێکی دیکە بە پێی ژانر و سەبکی فیلم بەرهەم بهێنێتەوە.بەڵام لە سینەمای بەڵگەیی واقیعییەت وباس کردن لەم چەمکە، بەپێی ئەوەی بەڵگەمەندە زۆرتر جێگای باوەرە. بۆیە سینەمای بەڵگەیی ئەتوانێت کاریگەری زۆرتری لەسەر گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتییەکان ببێت. هەر چەند چەمکی واقیعییەت لە سینەمای بەڵگەیی بە پێی ئەوەی فیلمسازی ئیختیاری ئەوەی هەیە بۆ نیشاندان بەشەکانی چیرۆک هەڵبژاردن بکات، لەوانەیە پرسیار و گومان درووس بکات بەڵام لە کۆتاییدا، فیلمسازی بەڵگەیی پابەندترە بە بنەما واقیعییەکان و تەنها لە فۆرمی فیلمەکەدا، دەستێوەردان ئەکات.
جان گریرسۆن، لەژێر کاریگەری ئەندێشەی والتێر لیپمەن، کاتێک بە دوای کەرەستەیەک بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی گشتی کولتوور و ڕۆشنگەری ئەگەرا، تا کوو بتوانێت کاریگەری لەسەر بارودۆخی نەشیاو و خراوی کۆمەڵگای خۆی دابنێت بەو دەرئەنجامە گەیشت کە باشترین کەرەستە، فیلمی بەڵگەنامەییە. گریرسۆن لایەنگر و خۆازیاری هەڵسووکەتی داهێنەرانە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژانە بوو.بۆ ئەم مەبەستەیش جەختی لە سەر ڕەهەندی جوانیناسانە و کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەکردەوە. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم کاریگەریە لە ڕەوتێکی درێژخایەن ئەتوانیت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.فیلمی بەڵگەنامەی ئەتوانێت باوەڕ و ڕوانگە و خوێندنەوەی نوێ لە ناو کۆمەڵگا بخوڵقێنێت و ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی باوەڕ و ئەو کولتوورانەی هۆکارێکن بۆ دواکەوتووی کۆمەڵگا،ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت.
سینەمای بەڵگەیی بە شیکردنەوە، نواندنەوە و خوڵقاندنی دووبارە، ئەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دابنیت. ئەم سێ خاڵە هەڵئەگەرێتەوە بۆ ئەوەی واقیعییەت بەچ فۆرمێک نەمایش ئەکرێت.ئایا بە شێوەی چاودێریکردن Observational لەگەڵ واقیعییەت ڕووبەڕوو ئەبێتەوە یان بە شێوەیەکی ئینتزاعی و شاعیرانە، یان بە شێوەی ماکیۆمێنتاری؟ ئەم شێوازانە هەر کامەیان لەسەر ڕوانگە و تێروانینی خەڵکی ئاسایی ئەتوانێت بە جۆرێک کاریگەری دابنێت. لەشێوەی چاودێریکردن، چوون نواندنەوەی واقیعییەت ڕوون و ئاشکرایە، بۆ بەردەنگی ئاسایی تێگەیشتن ئاسانە و لە شێوەی ئینتزاعی و شاعیرانە بە هۆی بە کارهێنانی نیشانەکان و مێتافۆرەکان لەوانەیە تێگەیشتن بۆ بەردەنگی ئاسایی ئەستەم تر بێت.چوون لەم فیلمانەدا لە ڕەسانەیەتی واقیعییەت کەم ئەکرێتەوە و زۆرتر گرینگی بە جوانیناسی و هەست ئەدرێت. بەڵام لە شێوازی چاودێریکردن، واقیعییەت، ڕاستەوخۆ ئەگوازرێتەوە.
لە ساڵی ١٩٥٩ شێوازێک لە سینەمای بەڵگەیی بە ناوی سینەمای ڕاستەوخۆ، باو بوو. لەم سینەمافیلمساز هەوڵی ئەوەی ئەدا بە بێ ئەوە کەش درووست بکات، بە بێ ئەوەی نرەیشن بەکار بهێنێت، بە بێ ئەوە دیالۆگ بۆ کاراکتەرەکان دابنێت بە بێ ئەوەی سناریۆ و مۆنتاژ بەکار بهێنێت، کامێراکەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ واقیعییەت و هەست و سۆزی کاراکتەران نەمایش بکات.هەر بۆیە واقیعییەت، بە ڕەسانەیەتێکی زۆرتر نەمایش ئەکرا.هەر بەم پێیە ئەم فیلمسزانە باوەریان وایە پێیان نەڵێن دەرهێنەری فیلمی بەڵگەیی بەڵکوو پێیان بڵێن بەڵگەساز. ئەم فیلمسازانە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەنگیان ڕابگرن، لەسەر ئەو کاراکتەرانە کاریان ئەکرد و کار ئەکەن کە لەگەڵ قەیرانێکی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕووبەڕوون. بۆ نموونە فیلمی بەڵگەنامەیی ” کورسی ئیعدام ” ساڵی ١٩٦٢ بەرهەما هاتووە. ئەم فیلمە دۆخی هەستیاری بکوژێک بە ناوی پۆڵ کرامپ نیشان ئەدات کە ئەیانەوێت بە کورسی کارەبایی لە سێدارەی بدەن. فیلمەکە هەوڵی پارێزەرەکانی نیشان دەدات بۆ ئەوەی سزای دادگا بگۆڕن بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
لەچەند ساڵی ڕابردوودا زۆر کەس پێیان وایە سنووری نێوان فیلمی بەڵگەنامەیی و چیرۆکی کەم ڕەنگتر بۆەتەوە. لەحاڵێکدا لە مێژووی سینەما ئەم بابەت هەڵئەگەرێتەوە بۆ زۆر دواتر. ئەم بابەتە بۆ یەکەم جار لەلایەن ئایزنێشتاین باسی لێکراوە و دەستەواژەی فیلمی فیکشنی بۆ بەکارهێناوە. ئایزنشتاین هەوڵیدا لە فیلمی ” بژی مەکزیک ” ئەم ڕوانگەی خۆی بە کردەوە دەربهێنێت. هەرچەند پێشووتر لەفیلمیگەلی ” ئۆکتۆبر ” ١٩٢٧ و ” کەشتی جەنگی پۆتێمکین” ١٩٢٥ هەوڵیدابوو ئەم تیوریە، تا ڕادەیەک بەکار بهێنێت. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٤ بیل نیکۆڵز لە کتێبی ” سنوورە کاڵ بووەکان ” ڕایدەگەیەنێت کە سنوورەکانی نێوان سینەمای بەڵگەنامەیی و چیرۆکی کەم ڕەنگ بۆەتەوە.پێشووتر و لە درێژەی هەوڵەکانی ئایزنشتاین لە سینەمای فیکشن و بە پێی پێدوایستییەکانی سینەما بۆ دەربرین، شێوازەکانی فیلمگەلی بەڵگەنامیی چیرۆکی، چیرۆکی بەڵگەنامەیی و داکیۆدراما تاقی کرابوونەوە.بەڵام بیل نیکۆڵز لەم کتێبەدا، بە چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی سینەمای بەڵگەیی، بە ڕوانگەیەکی فەلسەفی لەڕەهەندەکانی زاڵ بوونی رئاڵیزمی دوور ئەکەوێتەوە و زاڵ نەبوونی رئالیزم، باڵادەست ئەکات.یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی نیکۆڵز لەسەر ئەو فیلمە پێشووانە دەستنیشانی ئەکات بوونی هەستی و عاتیفی خودی فیلمسازە لە نێو فیلمەکاندا.ئەمە واقیعیەتی لەم فیلمانە خەوشدار ئەکرد.لە فیلمە نوێیەکاندا، ناسینی تەواوی واقیعیەت بە دوو شێوە مسۆگەرئەبێت. یەکەم ئێدارکی و دووهەم هەستی و لە ڕێگای بەکارهێنانی هاوکاتی ئەم دوو شێوە بەردەنگ توانایی ئەوەی هەیە دیارەدکان بە تەواوەتی بناسێت .لەم ڕوانگە، خوێندنەوەی فیلمساز لەگەڵ هەست و خوێندنەوەی بەردەنگ پێکەوە هاوکات، هۆکارێکن بۆ ناسینی تەواوی واقیعییەت.لەم بەستێنەدا سەرەرای ئەو چوار شێوە لەفیلمی بەڵگەیی کە نیکۆڵز تیوریزەی کردبوو لەسەر ئەم بەستێنە، شێوەیەکی نوێ بە ناوی پێرفۆرماتیو یان نەمایشکاری گەڵاڵە کرد.ئەم شێوازە، تێکەڵێک لە خەیاڵ و واقیعیەتە. ناسینی تەواوی واقیعییەت لە دەرئەنجامی ئیدراک و هەستی نێو ڕووداو و شێوەی وەرگرتن و بەکگراوندی زیهنیی بەردەنگ مسۆگەر ئەبێت. هەر بۆیە لەوانەیە لە ئێستادا، واقیعییەت لە فیلمی بەڵگەنامەیی، گومانی لەسەر بیت.
فیلمساز فیلمی بەڵگەنامەیی ئەتوانێت لەهەموو قەیرانەکان و ڕووداوەکانی ناوکۆمەڵگا، هەم وەکوو شایەتێکی بێ لایەن ڕووداوەکان تۆمار بکات، وهەمیش ڕووداوەکان شی بکاتەوە.لە هەمان کاتدا ئەتوانێت بە شێوەی سێهەم واتە، ڕۆڵی بەشداریکردن کار بکات. بە واتایەکی دیکە فیلمساز ئەتوانێت لەهەمانکتدا کە ڕووداوەکان تۆمار ئەکات و شی ئەکاتەوە لەگەڵ کاراکتەرەکان بۆ گۆڕینی بارودۆخی کۆمەڵگا تێبکۆشێت و هەوڵ بدات ڕەوتی گۆڕانکاریەکان بە ئاراستەی خوازیاری خۆی ببات.
وەک نموونە دەتوانین باسی قەیرانێک لە فیلمی “گفتوگۆ لە تەمدا” (2001)ی محەمەد ڕەزا موغەدیسیان بکەین. لەم فیلمەدا دەرهێنەر هەوڵدەدات بەشێوەیەکی هاوکارانە ڕووداوەکە لەبەردەم کامێرادا بە ئاراستەیەکی دروست و عەقڵانی ڕێنمایی بکات لە بەرگریکردن لە یەکێک لە کارەکتەرەکان کە ئەندامی ئەنجومەنی گوندە. چیرۆکەکە باس لەوە دەکات کەماڵ ، ئەندامێکی تری ئەنجومەنەکە، بوونی ژنێک لە ئەنجومەنەکەدا پەسەند ناکات و بەو پێیەی سەرۆکی ئەنجومەنە، ڕێگری دەکات لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گوندەکە. خەڵکی گوندەکە، ناوێرن ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە ئاشکرا لە بەرانبەر کەماڵ بوەستنەوە و لە بن دیوار زۆرتر ڕای خۆیان دەرئەبڕن. لە دۆخێکی وادا کە کارێزی ئاوی گوندەکە پێویستی بە خاوێنکردنەوە هەیە، کشت و کاڵی گوندەکە لە مەترسیدایە و خەڵکی گوندەکە لەگەڵ چەند کێشەی دیگە ڕووبەڕووە. دەرهێنەر لەم فیلمە پشتیوانی ژنەکە ئەکات کە ئەندامێکی چالاکی ئەنجومەنەکەیشە. فیلمساز هەوڵ ئەدات هەموو ڕووداوەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە ببات کە ژنەکە لەبەرانبەر کەماڵ سەرکەوێت.
هەرچەند زۆر کەس پێیان وایە مێژووی سینەما بە فیلمی بەڵگەیی دەستی پێکردووە. بۆ نموونە فیلمەکانی برایانی لومیەر، بەڵام بە پێی پێناسەگەلی ئەم سەردەمە، فیلمەکانی برایان لومیەر ناتوانین وەکوو فیلمی بەڵگەنامەیی پێناسە بکەین و تەنها ئەتوانین وەکوو پارچە فیلمگەلی واقیعی پێناسەیان بکەین لەبەر ئەوەی ئەم فیلمانە، هیچ درامێکی تێدایە نییە. بەڵام هەتا ڕەوتی پێشکەوتنی سینەما تا ئێستا درێژەی پەیدا کردووە، چەمکی ڕۆشنەگەری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە سینەمای بەڵگەنامەیی و هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی واقیعیەت و گێڕانەوە و شیکردنەوە لە سینەمادا، لەگەڵ ڕۆشنەگەری گرێ بدات. لەم ڕوانگەوە گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتییەکان هەم لەسەر سینەما و هەمیش لە نێو خودی سینەما کاریگەریان داناوە. گۆڕانکاریەکان هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی سینەما وەکوو پیشە_ هونەر بناسێندرێت و هەمیش سینەما وەکوو مدیۆمێک بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعیەتە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گرینگ و کارئامەی بێت. هەرچەندە ئەم واقیعەتانە لە ڕێگەی دەرهێنەرەوە نەمایش ئەکرێن، بەڵام زۆرجار ڕوانگەیەکیان بۆ کۆمەڵگا هەیە کە لە ڕوانگەی گشتی خەڵک پێشكەوتوخوازنەترە . ڕوانگەی فیلمسازی بەڵگەنامەیی بە نیسبەت کۆمەڵگا ئەتوانێت ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بێت و کامێرا بە مەبەستی ڕاستکردنەوە و نیشاندانی کەموکوڕی و کێشەکانی کۆمەڵگا بەکاربهێنێت. فیلمساز بە کامیراکەی سەرنج ئەخاتە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کەلەبەر چاو هەمووان بە شاراوەیی ماوەتەوە.