ئەردەڵان فەرەجی
پێشکەشە بە یادی “وەفا، پێژمان، هەژیر و موحسین”
خوێندنەوەیەک بۆ چەمکی شەهید لە ڕەهەندی ئێگزیستانسیالیزمەوە[1]
لە فەرهەنگی کۆنی یۆنان و ڕۆمدا، ئەو پاڵەوانە جەنگاوەرانەی کە لە شەڕەکاندا گیانیان لە دەست دەدا وەک (مارتیس[2]) واتە “شەهید” دەناسران و هەندێک جار بۆ ڕێز، ڕێیان دەبردە چیرۆک و ئۆستوورەکانەوە. ئەم شەهیدانە وەک هێمای بوێری و خۆنەویستی لە مێژوودا تۆمار کراون. هێرکوول[3]، ئاشیل[4]، پاترۆکلۆس[5]، مارکوس ئانتونیوس[6] و جولیوس سزار[7] (ئەگەرچی لە شەڕیشدا نەکوژرا) لە نموونەی ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییانەن. لە شارستانییەت و فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی (بوودیزم، هیندویزم) دا چەمکی “شەهید” لە توێی وشەی “دارما[8]” بەو کەسە دەوترا و دەوترێ کە ئەرکی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و دینی و تەنانەت ئەرکی بەرامبەر بە سروشتیش بە باشی ئەنجام دەدا. لە مێژووی نزیکتر و لە ئایین و ئایین زاکان بۆ وێنە لە مەسیحییەت دا بەو کەسە دەوترێت کە گیانی خۆی لە پێناو باوەڕی بە مەسیح و بنەماکانی مەسیحییەت بەخت دەکات و لە ئایینی ئیسلامدا بەو کەسە دەوترێت کە لە شەڕ (جیهاد) بۆ خودا دەکوژرێت، لە بەرامبەردا لە یەهودییەت کە تا ڕادەیەک سەرچاوەی هەر دوو ئایینەکەی دیکەیە (مەسیحییەت و ئیسلام) جگە لەو کەسانەی کە لە مەیدانی شەڕ لە سەر باوەڕ و ئیمانیان بە یەهودا، بەڵکوو تەنانەت ئەو کەسانەی کە لە سەر بیروباوەڕەکانیشیان ئەشکەنجە و جەزرەبە دەدەرێن و گیانیان لە دەست دەدەن، دەوترێت کەدوش[9] واتە شەهید.
بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆ و کۆمەڵگا مۆدێرنەکان و مێژووی هاوچەرخ چەمکی شەهید بە تایبەتی لە شەڕ و خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گۆڕانی بەخۆیەوە بینیوە یان لانی کەم دووبارە پێناسەکراوەتەوە. لە شەڕە ڕزگاریبەخشەکان و خەباتی نەتەوەیی زۆرێک لەو تێکۆشەرانەی کە گیانیان لە پێناو مافی مرۆڤ، دادپەروەری و سەربەخۆیی فیدا دەکەن، دەوترێت شەهید.
بە بە گشتی لە مێژوو و لە ئێستادا گشتگیرترین پێناسە بریتییە لەوەی کە “کەسێک کە لە ڕێگەی ئارمان و بیروباوەڕ و بە تایبەتی تر لە خەبات دژی زوڵم و چەوسانەوە و نابەرابەری و سەرکوت گیانی خۆی فیدا دەکات!”. لە زۆربەری کولتوور و شارستانییەتییەکان شەهید بوون وەک کردەیەکی مرۆیی، سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆنەویستانە و خۆبەخشانە ڕێزی لێ دەگیرێت کە بە رۆح و لاشە بۆ ئامانجێکی گەورە فیدا دەکرێت و لە هەمان کاتدا سیمبولی بوێری و بەرخۆدان و وەستانەوەیە.
چەمکی شەهید (کە لە ژێرکاریگەری چەپەکان بۆ جیاوازی کردن لەگەڵ چەمکە ئایینییەکەی شەهید پێی دەوترێت “گیانبەختکردوو”) لە مێژووی خەباتی گەلی کورد ڕۆڵ و پێگەیەکی بەرز و بەڕێزی هەبووە و هەیە. کوردەکان کە لە ماوەی نزیک بە سەد ساڵی ڕابردوو لە پێناو مافە ڕەوا و سەرەتاییەکانی خۆیان بۆ پاراستنی شوناس و بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆیان دژی دوژمنان و داگیرکەر و چەوسێنەرانیان خەباتیان کردووە، شەهید بوون و گیان بەختکردن تەنیا بە مانای قوربانی دان لە پێناو و لە ڕێگەی ئازادیدا نەبووە و نییە بەڵکوو، بەهایەکی بەرزی نەتەوەیی بووە و هەیە. سەدان هەزار شەهیدی ڕێگەی ئازادی و پاراستنی کوردستان گیانی خۆیان لە دەست داوە، لە بیرەوەری گشتی گەلی کورد وەک پاڵەوانانی هەمیشەیی چەسپاون، ئەمە لە لایەکەوە ڕەگئاژۆی کولتووری عیرفانی و دینی کوردی هەیە کە شەهید بوون وەک ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە خۆنەویسیتی ڕەها دەزانێت و لە لایەکی دیکەوە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات بۆ مانەوە و پاراستنی خۆی لە بەرامبەر دوژمن و داگیرە و دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکانە دایە.
شەهید بوون لە کولتووری خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد دا نەک تەنیا پاڵنەرێکی وزەبەخش بۆ جیلی نوێ، بەڵکوو وەک ئامرازێکی بەهێزی یەکێتی و یەکگرتووی لە بەرامبەر دوژمندا ڕەچا و ڕەواج دراوە. ڕێ و ڕەسمی ڕۆژیاد و ساڵیادەکان، سروود و هۆنراوە، بەیت و بالوورە و حەیرانیان لە مەدح و پێاهەڵوتنیان دەوترێتەوە، شوێن و شەقام و نەوەی نوێی و کۆرپەیان بەناو دەکرێت، لە ئەدەبیات و مۆسیقای کوردیدا شەهید دەبێت بە ئاو و تینوێتی زەوێ دەشکێنێ، دەبێت بە لانکەیەکی ئازارشکێن و ئازاری خاک ڕادەژەنێ و لە سنەوبەر و شاخەکان زۆرتر باڵا دەکات و باڵای دەبێت بە قەد باڵای کوردستان”[10]، بەڵام بەهەموو ئەمانەشەوە چەمکی “شەهید” لای کورد لەگەڵ پێناسە باوەکانی جیهانی ئەمڕۆ و دوێنێ مرۆڤ بۆ مەرگێک لە پێناو ئامانجدا لە ڕەهەندی ناوەرۆک و ماناوە جیاوازە. شەهید لای کورد نەک تەنیا مەرگێکی ئاسایی و پەیامێک ڕوو لە داگیرکەر، بەڵکوو هاوارێکی بەرزە بۆ ئازادی و توێشووی وزەی ڕێی خەباتیشە!
سەرچاوە مێژووییەکان[11] دەریدەخەن کوردستان مەڵبەندی یەکەمی گیرسانەوە “مرۆڤ وەشانەکان” (بوونەوەرە هاوشێوەکانی مرۆڤ_نیاندرتال[12]) و ماڵی کردنەوەی ئاژەڵە کێوییەکان و چاندنی یەکەم دانەوێڵەکان بووە، بە درێژایی مێژوو، نەوە لە دوای نەوە لە سەر ئەو خاکە ژیاوە و هەمووکات خاوەنی سەرزەمین و خاك و مەوتەن و وڵاتی خۆی بووە، گەلێک شارستانییەتی مێژووی مەزن لە هەناوی جوگرافیایی شاخ و دەشتی کوردستان خەمڵیون و پێگەیشتوون و تیاچوون، دەیان سیلسیلە و دەسەڵات و حوکمڕانی جیاجیا و جۆراوجۆریان بووە، ئەمانە گەورەترین کاریگەری لە سەر مرۆڤی کورد بووە چاوچنۆک نەبێت کە چاوی تەماح ببڕێتە خاک و ئەرز و وڵاتی خەڵکی تر. ئەم تایبەتمەندییە لە بەرامبەر هەندێك لە میلەتان و گەلانی دیکەی جیهان کاتێک بەرجەستە دەبێتەوە کە دەبینین و تێدەگەین فەلسەفەی بوونی ئێستایان لە داگیرکاری و دزی و تاڵان و ڕاو و ڕووت و کوشتار و بە کۆیلەکردنی گەلانی دیکە بووە. بەڵام ئایا شەهیدی کوردیش لە چەمکە گشتییە ڕۆژهەڵاتییەکەی دەشێت تەنیا لە ڕەهەندی ئایینییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت!؟ ئەی ئەو شەهیدە کوردانەی کە ئایین و بیروباوەڕی جۆراوجۆریان هەیە چی؟! ئەو شەهیدانەی کوردستان کە تەنانەت باوەڕێکی ئایینیشیان نەبووە چی!؟
ئەم وتارە تێدەکۆشێت لە ڕەهەندێکی نوێوە خوێندنەوە بۆ چەمکی شەهید و شەهیدی کورد بکات و ئەویش ئێگزیستانسیالیزمە. فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیزم لە دەوری سێ وشەی “مەرگ، مانا و ئازادی” دەخولێتەوە کە ڕێک ئەو چەمکانەن کە لای تێکۆشەر و خەباتکاری کورد کە بە هەڵبژاردنی ڕێی خەبات و وەستانەوە بە شێوازی خۆی پێناسە و مانا دەبەخشێتە ئەم سێ وشە و چەمکە.
ئێگزیستانسیالیزم وشەیەکی فەڕەنسییە کە بە واتای “هەبوونناسی” یان “هەبوونگەرایی” دێت کە ئاماژە بە ڕەوتێکی فەلسەفی گرینگی سەدەی بیستەم کە لە پرسە بنچینەییەکانی وەک بوون، مانا، ئازادی و مەرگ دەکۆڵێتەوە. ئەم قوتابخانەیە فکرییە لە ژێر کاریگەری ئەندێشەی بیرمەندانی وەک ژان پۆل سارتر[13]، مارتین هایدگر[14]، سیمون دووبووار[15] و ئالبێرت کامۆ[16] سەری هەڵدا کە بڕوای وایە “مرۆڤ سەرەتا هەیە و دواتر لە ڕێگەی هەڵبژاردە و کردەکانییەتی مانا پەیدا دەکات”. بە پێچەوانەی فەلسەفە کلاسیکییەکان کە باوەڕیان بە زات و چارەنووسی پێشوەختەی دیاریکراوی مرۆڤ هەیە، ئێگزیستانسیالیزم لە سەر ئەم خاڵە پێداگری دەکات کە “مانای ژیان شتێکی تاکەکەسییە و بە ئیرادە و بڕیاری خودی تاکەوە گرێ دراوە!”
ڕەهەندێکی گرینگی ئەم فەلسەفەیە “دڵەڕاوکێی بوون”ە کە مرۆڤ لە کاتی بەرەڕوو بوونەوەی لەگەڵ “ئازادی” و “بەرپرسایەتی سەرچاوەگرتوو لەو ئازادییەوە” تووشی دەبێت، واتە ئەم ڕوانگەیە پێی وایە چونکا مانا و بەهایەکی پێشوەختەی دیاریکراو لە جیهاندا بوونی نییە، ئەمە تاک خۆیەتی کە لە ڕێگەی هەڵبژاردەکانییەوە مانا بە ژیانی دەبەخشێت.
لە قوتابخانەی ئێگزیستانسیالیزم، “مەرگ” وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لەوسەری کۆڵان چاوەڕێیە و مرۆڤ ناچار دەکات لووتی بە لووتی پووچی و فەنایی بوونی ژیان دا بتەقێتەوە! هایدگر لە کتێبی “بوون و کات[17]” مەرگ بە بابەتێکی تاکەکەسی دەزانێت کە دەرفەتی گواستنەوەی بۆ ئەوی دی نییە و تێگەیشتن لەم ڕاستییە یارمەتی مرۆڤ دەدات تا ژیانێکی ڕەستەن تر[18] ئەزموون بکات. لە ئێگزیستانسیالیزم دا مرۆڤ (تاک) لە بەرامبەر هەڵبژاردەکانیدا بەرپرسیارییەتی تەواوی هەیە وچونکا ناتوانێ بیخاتە ئەستۆی کەس و هێزێکی دەرەوە، ئازادی گەورەترین و قورس ترین بەرپرسایەتی سەر شانی مرۆڤە! سارتر ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت: “مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی!” واتە مرۆڤ هیچ دەربیجەیەکی بۆ دەربازبوون لە ژێرباری ئەم بەرپرسایەتییەوەی نییە! ئێگزیستانسیالیستەکان ژیان لە ناوەرۆک دا بێ مانایە و پووچ (ئەبسۆرد) دەزانن، بەڵام بڕوایان وایە ئەم تێگەیشتنە بۆ ژیان نابێت “بێ هیوا”ت بکات، بەڵکوو دەبێت ببێت بە هێزی “شۆڕشێکی دەروونی بۆ خولقاندنی مانا” بۆ ژیان.
ئالبێرت کامۆ، فەیلسووف و نووسەری فەڕەنسی و یەکێک لە بەناوبانگترین فەیلسووفانی ئێگزیستانسیالیزم و قوتابخانەی ئەبسۆرد[19] (پووچی) لە “ئەفسانەی سیسفوس[20]” و “نامۆ[21]” تیشک دەخاتە سەر چەمەکانی بێ مانایی ژیان، مەرگ و ئازادی و لەبەرامبەر ڕاستی حاشاهەڵنەگری مەرگ و پووچی “مرۆڤی یاخی[22]” دەخولقێنێت. مرۆڤی یاخی مرۆڤێکە سەرەڕای زانین و بە ئاگابوون لە بێ مانای و پووچی ژیان و مەرگ وەک خاڵی کۆتایی ژیان، نەک لە بەرامبەر ئەم ڕاستییە تاڵ و ڕەشە تەسلیم نابێت، بەڵکوو دەوەستێتەوە و شۆڕش دەکات. مرۆڤە یاخییەکەی کامۆ ئەم چوار تایبەتمەندییەی هەیە؛ ١. قبووڵی پووچی و فەنایی ژیان، بەڵام نەک تەسلیم بوونی؛ ئەو دەزانێت کە جیهان هیچ مانایەکی لە ناوی خۆیدا هەڵنەگرتووە، بەڵام بڕیار دەدات بەها ببەخشێتە ژیان و مانای پێ بدا. بە پێچەوانەی نیهیلیستەکان کە هەرچەشنە مانایەک ڕەت دەکەنەوە، مرۆڤە یاغییەکەی کامۆ مانا دەخولقێنێت. ٢. بەرپرسایەتی قبووڵ دەکات؛ شۆڕش و ڕاسانەکەی ئەو بۆ نەفی و فەنابوون نییە، بەڵکوو بۆ ئافراندن و خولقاندنە. ئەو بۆ دادپەروەری و ئازادی و مرۆڤایەتی خەبات دەکات. ٣. توتالیتاریزم (پاوانخوازی) و توندئاژۆیی ئیدئۆلۆژی ڕەت دەکاتەوە؛ کامۆ لە کتێبەکەیدا ئیدئۆلۆژییەکانی فاشیزم و ستالینیزم دەداتە بە ڕەخنە و پێی وایە ئەو شۆڕش و یاخی بوونە بۆ پاساوهێنانەوەی ڕەشەکوژی و کوشت و بڕە.. ٤. شۆڕش بۆ ژیان، نەک بۆ مەرگ؛ بە پێچەوانەی “ڕاسکۆلنیکۆف”ی “جینایەت و مفاکافات”ی داستایوفسکی کە لە ئەنجامی نهیلیزم و پووچیگەرایی دەست دەداتە کوشت و بڕ، مرۆڤە یاخییەکی کامۆ و وەک شەهید کورد، نەک هەر زوڵم ناکات بەڵکوو دژی زوڵم و زاڵم دەوەستێتەوە.
کامۆ لە مرۆڤی یاخی دا بە ئاشکرا دەریدەخات کە “شەهید بوون” و گیانبەخت کردن بۆ ئەو نەتەنیا وەک کردەیەکی فیزیکی خۆنەویست و خۆبەخشانە، بەڵکوو جۆرێک بەرەنگاری دژی بێ مانایی جیهانە!. مرۆڤی یاخی لە بەرامبەر مەرگ و پووچی دا چۆک دانادا، بەڵکوو لەبری ئەوە لە چارەنووسی کۆتایی خۆی بترسێت، ئاڵەنگاری دەبێتەوە و بە هەڵبژاردنی ئازادانە و وشیارانە، مانایەکی نوێ بۆ ژیان دەخولقێنێت.
لە لایەکی دیکەوە مارتین هایدگر، فەیلسووفی ئاڵمانی و یەکێک کە سیما کاریگەر و ناسراوەکانی فەلسەفەی سەدەی بیستەم و لە ئێگزیستانسیالیستە بەناوبانگەکان، بە تایبەتی لە کتێبی “بوون و کات”، چەمکی “بوون-بۆ-مەرگ” وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەندێشەی فەلسەفی خۆی ئەژمار دەکات. هایدگریش تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە مرۆڤ سەرەڕای وشیار و بەئاگابوونی لە مەرگی خۆی، هەوڵ دەدات بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ڕەسەنی مانادار.
لای هایدگر شەهید بوون و خۆبەخت کردن لە پێناو ئامانجێک بۆ بەخشینی مانا بە ژیان هەلبژاردنێکی وشیارانە لە بەرامبەر مەرگ و گوشارەکانی ژیانە، واتە بەرەوڕووبوونەوەی وشیارانە لەگەڵ مەرگ، ئازادی ڕاستەقینەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە بەردەوام لە بەردەم بڕیار و هەڵبژاردن دایە، دەستەبەر دەکات کە تێگەیشتن لە مەرگ و کاتی بوونی “بوون” ئاشکرا دەکات.
شەڕ، ئیگزیستانسیالیزم و شەهید کورد
ئاژەڵەکان (مرۆڤیش وەک جۆرە ئاژەڵێک) جۆری بەرەوڕوو بوونەوەکانیان غەریزی و لەناکاو و بێ بەرنامەیە!، بەڵام لە مێژووی مرۆڤایەتی شەڕی مرۆڤی ژیر بەریەکەوتنێکی پلان بۆ دارێژراوە کە بە مەبەستی بەرژەوەندی سیاسی، ئابووری، ئیدئۆلۆژی یان ئایینی ئەنجام دەدرێت. لە دێر زەمانەوە شەڕ پێ فرۆشتنەکانی بێگانان و هێرشە سەربازییەکان بۆ خاکی کوردستان وایکردووە کە خەڵک و بە تایبەتی لاوانی کوردستان دژی ئەو هێرش و داگیرکارییە بوەستنەوە و بەرگری لە خاک و خەڵکی خۆیان بکەن. بە چاوپۆشی لە مێژووی هەزاران ساڵەی کۆن، لانی کەم دەزانین کە خاکی کوردستان لە پێنج سەد ساڵ لەمەوبەرەوە لە سەر دەستی دوو ئیمپراتۆری ئایینی شیعە و سونەی سەفەوی و عوسمانی کرا بە دوو بەشەوە. واتە کوردەکان دەسەڵاتی تەواو و ڕەهایان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتی خۆیان لێ زەوت کرا، دواترەکان لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی ئەو بەشە بە سەر دوو بەش (وڵاتی تازە دامەزراوی دیکە_عێراق و سوریە) دابەش بوو. بە واتایەکی تر لە پاش ساڵی ١٩١٩ زانیینی و هاتنەئارای چەمکی دەوڵەت نەتەوە، خاکی کوردستان بە ڕەسمی بە سەر چوار وڵات دا دابەش کراوە و بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە مافی خەڵکی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتی ئابا و ئەژدادیان لێ زەوت کراوە و لەپاڵ ئەوە لە باقی مافە دانپێندراوە جیهانییەکانی مرۆڤ بێ بەش کراون و هەر لەو ساڵانەوە گەلی کورد بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی خەبات و بەرەنگاری و شۆڕشی دەستی پێکردووە و یەکەم نیشانەکانی “پێشمەرگە” لە دایک بوو. دیارە ئەو دابەشکارییانە (سنوورە جوگرافیاییەکان) لە دێر زەمانەوە نە بەخواست و نەک بە ئیرادەی گەلی کورد نەبووە، بەڵکوو داگیرکەران و براوەی شەڕە جیهانی و ناوچەییەکان ئەم بی مافییەیان دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام داوە. سەرهەڵدانی بزووتنەوە کوردستانییەکان لە ناوچە و پارچە جیاجیاکان بەرهەمی بێ ماف کردن و زوڵم و چەوسانەوەی گەلێکی چەند میلیۆن کەسی بوو. دیارە بزووتنەوەی هەر کام لەم پارچانەش بەرەبەرە ڕەنگ و بۆن و خواست و تایبەتمەندی تایبەتی بەخۆیەوە گرت، بەڵام لە هەموویاندا خەبات و بەرەنگاری چەکدارانە (پێشمەرگانە) دژی هێرشی چەکدارانەی سپا و ئەرتەشی داگیرکەردا ئەنجام دراوە.
وەستانەوە و بەرەنگاری پێشمەرگانە دژی ئەو هێرشە چەکداری و داپڵۆسێنەرانە قوربانی و بەرکەوتە زۆری هەبووە کە پێیان وتراوە “شەهید”، ئەوانە شەهیدی ڕێی ئازادی خاکی کوردستان سەربەستی گەلەکەی بوون. جا چ لە مەیدانەکانی شەڕ، لە دەشت و دەر و کوێ و شاخ و لە گەڕەک و کۆڵان و شەقام دژی داگیرکەر یان خود سیاچاڵەکان بە ئەشکەنجە و جەزرەبە یان بە پەتی سێدارە و یانیش بە تیرەباران، ئەوانە شەهیدی کوردستان بوون.
شەهیدانی کوردستان گیانی خۆیان وەک پڕبەهاترین بوونی خۆیان بۆ ئازادی و ئایندەیەکی گەش و دادپەروەرانە بۆ گەلی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو پێشکەش کردووە. واتە چەمکی شەهید لای کوردەکان هەموو کات وەک سیمبولی خۆبەخشی و فیداکاری وەستانەوە بەرامبەر بە زوڵم و چەوسانەوە بووە کە نەک تەنیا وەک قوربانی و گیانبازی بۆ ئارمانێکی تایبەت، بەڵکوو وەک زایەڵەی هاوارێک دژی نادادپەروەری و سەرکوتی نەتەوەیی گوێی هەموو شاخ و دەشت و چیا و شار و خەڵک و مێژووی پڕ کردووە. بەڵام ئایا دەکرێت چەمکی “شەهیدی کورد” بە فەلسەفەی ئیگزیستانسیالیزم لێک بدرێتەوە!؟ خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پێناسەیەکی بۆ هەبێت!؟
وڵامەکە “بەڵێ” یە! و ئەوەی خاڵی بەریەک گەیشتنی چەمکی شەهید لەگەڵ فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیزم بێت “بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ پووچی و مەرگ”ە! کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە “ئازادی”یەوە هەیە. زانیمان ئێگزیستانسیالیزم ژیان بە بێ مانا و پووچ لێک دەداتەوە و مرۆڤ دەبێت بۆ خولقاندنی مانا، خەبات بکات و تێبکۆشێت. واتە مەرگ وەک کۆتاییەکی مسۆگەر و نەگۆڕ، ژیانی مرۆڤ بێ مانا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا {ژیان} دەرفەتێکە بۆ خولقاندنی مانا و ئەزموونکردنی ژیانی ڕەسەنانەتر بۆ مرۆڤ.
لە ڕوانگەی ئیگزیستانسیالیزمەوە، چەمکی شەهید وەک هەڵبژاردەیەکی ئازادانە و وشیارانە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ و بێ مانایی جیهان دەبینرێت.
پێشمەرگە و تاکی بەهەڵوێستی کورد مرۆڤە یاخییەکەی کامۆیە؛ واتە پێشمەرگەی کورد لە پووچی و فەنابوونی ژیان تێدەگات، بەڵام تەسلیمی نابێت و چۆکی بۆ دانادا، بەڵکوو تێکۆشێت بە بڕیارە مێژووییەکەی بەها و مانا ببەخشێتە ژیانی. پێشمەرگەی کورد بەرپرسایەتی تێگەیشتنی لە ئازادی قبووڵ دەکات و شۆڕش و ڕاسانەکەی نەک بۆ فەنابوون و لەناوچوون، بەڵکوو بۆ ئافراندن و خولقاندنی داهاتوویەکی پڕ دادوەری و ئازادی و مرۆڤایەتییە. پێشمەرگەکانی کوردستان دژی تۆتالیتاریزم، پاوانخوازی و توندئاژۆیی ئیدئۆلۆژییە و بەرامبەر بە دەسەڵات دیکتاتۆر و سەرکوتگەرەکان یاخی دەبن و دەوەستنەوە و بە کورد و بە کورتی شۆڕشی ئەو بۆ ژیان و ئازادییە نەک بۆ مەرگ.
کامۆ پێی وایە شەهید بوون و گیانبازی چەشنێک لە بەرەنگاری لە بەرامبەر پووچی و چەوسانەوەیە کە کەسەکە (پێشمەرگە) بە وشیاری لە بێ مانایی جیهان و هەڕەشە گیانییەکان، هەر وا بەردەوام دەبێت لە خەبات و فیداکاری. هاوشێوەی کامۆ، هایدگریش لەگەڵ چەمکی “بوون- بۆ- مەرگ[23]” دەریدەخات کە مرۆڤ دەبێت لە مەرگ بەئاگا بێت تا ژیانێکی ڕەسەنانەتر و بەرپرسانەتری هەبێت. ئەم چەمکانە موتربەی خەباتی کوردان و بە تایبەتی کوردی ڕۆژهەڵاتن، چونکە بە وشیار و بەئاگابوون لە مەترسییەکانی مەرگ لە مەیدانی خەبات (ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پێشـمەرگە و چالاکی سیاسی کورد بە تاوانی شەڕ دژی خودا، تێکدان و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەغی و … دەکوژێت، ئیعدامی دەکات و یان بە جەزرەبە و دەرمان گیانی دەستێنێت!) ئەم هەڵبژاردە ئازادانە و بەرپرسیارانە ئەنجام دەدات. شەهید بوون و گیان بەخت کردن لێرەدا نەک تەنیا وەک فیداکارییەکی جەستەیی، بەڵکوو وەک هەڵبژاردنێکی ئازادانە و بەرپرسانە لە بەرامبەر نادادپەروەری و سەرکوتە نەتەوەیی، کلتووری، ئابووری و سیاسییانە خۆدەنوێنیت. بۆیە شەهیدانی کوردستان سیمبولی ئازادی تاک و هەڵبژاردنی وشیارانەن دژ بە زوڵم و چەوسانەوە و مەرگن.
پێشمەرگە نموونەی “مرۆڤە یاخییەکەی” کامۆن کە سەرەڕای قبووڵی بێ گۆڕانی مەرگ لە ئاڵەنگاری ژیاندا دەچنە شەڕی پووچی و بێ مانایی جیهان و داگیرکەری و بێ مافی و نادادپەروەری. مرۆڤی یاخی بە وەستانەوە دژی بێ مانانی و نابەرابەری دەگاتە ئاستێک لە ئازادی تاکەکەسی خۆی لەهەمبەر گوشارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. ئەمە ڕێک هاوتای ئەو پێناسەیەی کوردی هاوچەرخە کە دژی سەرکوتگەرییە خوێناوییە بێ بەزییانەکان و دژی نابەرابەرییە یاسایی و سیستماتیکییەکان، بەئاگابوون لە مەترسییە گیانییەکان و هەڕەشە سیاسییەکان، دەست دەداتە شۆڕش و دەوەستێتەوە.
هاوتای پێناسەکەی هایدگر شەهیدی کوردستان بە وشیارییەوە و بە ئاگابوون لە بێ مانا بوونی جیهان بە خەباتی خۆی هەوڵی خولقاندی مانابەخشییەتی بە ژیانی، لە هەوڵی ئەزموون کردنی “ژیانێکی ڕەسەنترە” کە ئازادانە هەڵبژاردەی وشیارانە و بەرپرسانەی خۆی هەڵدەبژێرێت، نەک توانەوە لە باوە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژ و ڕۆژگار. بە پێوەرەکەی هایدگر “شەهیدی کورد” بە قبووڵی بەرپرسایەتی ژیان و مەرگ، وشیارانە باوەکانی ڕۆژ وەلا دەنێت و بڕیار دەدات چۆن بژیت.
پێشمەرگە بە هەڵبژاردنێکی وشیارانە و بە ئاگا لە مەترسییەکانی مەرگ، ڕێڕەوی ئازادانە هەڵدەبژێرێت و لە پێناو مانابەخشی بە ژیان فیداکاری و خۆبەخشی دەکات و دواجار بە هەڵبژاردنی مەرگێکی وشیارانە شوناس و هۆویەیتی خۆی بەرهەم دێنێت، هەروا کە سارتر دەڵێت “مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی”! پێشمەرگە باجی هەڵبژرادنەکەی دەدات کە خەباتە دژی نادادپەروەری و بۆ ئازادی و ئارمانە مرۆییە نەتەوەییەکان و سەرەنجام دەبێتە پەیکەرەی ئازادی و ئەمە تەواو هاوئاراستەی چەمک و تێگەیشتن و فەلسەفەی ئیگزیستانسیالیزمە.
واتە پێشمەرگە لە ڕوانگەی ئیگزیستانسیالیزمەوە، نموونەی مرۆڤێکی ڕەسەنە کە بە قبووڵی ئازادی، بەرپرسایەتە و مەرگ خۆی فیدای ئافراندنی ئایەندەیەکی ئازاد و ئاوەدان دەکات.
خاڵی جیاکەرەوەی شەهیدی کوردستان
ڕاستە لە کۆنەوە و تا ئەمڕۆکەش خەڵکانێک هەن کە ڕۆژانە لە ڕیزی ئەرتەش و یان لە گۆشە و قوژبنی ئەم جیهانە لە سەر بیروباوەڕی تاکەکەسیان گیانیان لە دەست دەدەن، بەڵام دەبێ بە ڕاشکاوی جەخت لە سەر ئەو خاڵە بکەینەوە کە هەرگیز شەهید بوون و گیانبازی لای کورد بە مانای مەرگدۆستی و مەیل بۆ مردن ئارەزووی مەرگ کردن نەبووە و نییە!
شەهیدانی ڕێی ئازادی کوردستان و مافەکانی گەلی کورد بەقووڵی عاشق و لێوان لێو بوون لە وزە بۆ ژیان. ئەوان ژیانیان وەک پڕبەهاترین دیاری جیهان کردووەتە بەردی بناغەی بنیاتنانی ژیان و جیهانێکی باشتر. ئەو مرۆڤانە بە تێگەیشتن لە بەهای مرۆیی و ئەرکە ئەخلاقییەکانیان لە بەرامبەر کۆمەڵگادا و سەرەڕای وشیاری و بە ئاگابوونیان لە مەترسییەکانی سەر ڕێی خەبات دژی داگیرانی نادادپەروەر، گیانی خۆیان فیدای ئارمانە بەرزە مرۆیی و ژیاندۆستییەکانی کردووە. شەهیدبوونیان سیمبولی پابەند بوون بە ئازادی و وشیاری و مافی مرۆڤ بۆ ژیانی شایستەیە، ئەوان خۆری ئاسمانی بوێری و ئەستێرەی گەشی شەوە زەنگی بێ هیوایین.
بە پێچەوانەی هەندێک ئایین و کلتوور کە بانگەشە و بانگەوازی مەرگدۆستی دەکات کە بۆ دەربازبوون لەم ژیانە و لەم جیهانە، وەرە گیانی خۆت ببخشە! تێگەیشتنی شەهید کورد لە گیانبازی، کردەیەکی ئازادانە و وشیارانە و نەک لە ڕووی ئارەزووی مەرگ کردن و وەک کردەیەکی بەرپرسانەیە بۆ هاوکاری بەرەنگاری دژی نادادپەروەری و سەرکوت و داپڵۆسین. ئەوان عاشقترینن بە ژیان، بەڵام بۆ بنیاتی ئایندەیەکی گەش بۆ خاک و خەڵکی خۆیان، گیانیان دەکەن بە بەردی بناغەی ئەو داهاتووە.
*وەفا ئازەربار، پێژمان فاتحی، محەمەد فەرامەرزی (هەژیر) و موحسین مەزڵووم چوار پێشمەرگەی لاوی کورد کە پاش ١٩ مانگ جەزەرەبە و ئەشکەنجە و بێ سەروشوێنی لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣ لە تاران لە سێدارە دران.
[1] Existentialism
[2] Μάρτυς
[3] Heracles
[4] Achilles
[5] Patroclus
[6] Mark Antony
[7] Julius Caesar
[8] Dharma وشەیەکی سانسکریتییە بە مانای ئەرک
[9] Kadosh
[10] بەشێک لە شیعری “شەهید”ی مامۆستا شێرکۆ بێکەس
[11] کتێبی “کورد کێیە؟” ۆرانی حەمە ڕەش
[12] Neanderthal
[13] Jean-Paul Sartre
[14] Martin Heidegger
[15] Simone de Beauvoir
[16] Albert Camus
[17] Being and Time
[18] Authentic Life
واتە ژیانێک کە تاک وشیارانە و وریا لە مەرگ و بوونی، هەڵبژاردەکانی خۆی هەڵبژێرێت، نەک تەنیا لە باوە کۆمەڵایەتییە ڕۆژەڤەکان بتوێتەوە!
[19] Absurd
[20] The Myth of Sisyphus
[21] The Stranger (لە هەندێک وەرگێڕاندا کراوە بە:The Outsider)
[22] L’Homme Révolté/ The Rebel
[23] Being-toward-death