لە کۆمەڵگای کوردی تەنانەت لە ناو چالاکانی سیاسی و توێژی خوێندەواریشدا زۆر بە دەگمەن چەمکی ڕکابەریی حیزبی دەخرێتە بەر باس و شرۆڤە. بە گشتی ئەم پرسە وەک دیاردەیەکی نەرێنی و زۆر جاران تەنانەت دیاردەیەکی ناحەز دەخرێتە بەر باس و وەک سەرچاوە و هۆکاری ڕووداوی ناخۆش و نەخوازراو لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وێنا دەکرێ. بە کورتی ئەم پرسە بە جۆرێک ناوزڕاو بووە کە هەموو لایەنێک خۆی لێ بە دوور دەزانن و پاکانە بۆ خۆیان دەکەن و کاتێکیش لێکەوتەکانی ئەم ململانییە حیزبییە بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر دەردەکەوێ هەوڵ دەدەن لایەنی بەرامبەریان بە خەتاکار بناسێنن. لەبەرئەوە هەرچەند لەوانەیە لە هیچ جێگایەک بە ئاشکرا ئەوە نەوێژرابێ بەڵام بەرامبەر بە حیزبەکان بانگەوازی دەستبەرداربوون لە رکابەری دەدرێ. هەر بەو پێیەش هاوپەیمانی و یەکگرتوویی نێوان حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکان بە ئاڵترناتیوێک بەرامبەر بە ڕکابەری لە نیوانیان دەزاندرێ. بە واتایەکی دیکە هاوکاری و هاوپەیمانی لە لایەک و ڕکابەریی حیزبی لە لایەکی دیکە وەک دوو حاڵەتی دژبەیەک و دژبەر کە ناتوانن وێکهەڵکردنێکی ئاشتەوایانەیان بەیەکەوە هەبێ چاو لێدەکرێ و خوێندنەوەی بۆ دەکرێ.
لە هەمانکاتدا ئەم بابەتە کە گۆیا ڕکابەری و کێشە و ململانێی حیزبی تایبەتە بە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان زۆر بە گوێ دەکەوێ. واتە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان بێبەرین لە وەها دیاردەیەک. وێناکردنی ڕکابەری بە دیاردەیەکی نێگاتیڤ و نەرێنی و تایبەت کردنی بە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو، بەتەواوی هەڵەیە و ئاماژەیە بۆ بۆچوونێکی ڕووکەشی، نازانستی و لە زۆر جێگاش هەڵوێستێکی پۆپۆلیستی بۆ ڕاکێشانی جەماوەر ئەگەر نەڵێین تەقالایەکە بۆ جۆرێک دوو ڕوویی و خۆ دەرباز کردن لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە لەحاند دەرکەوتە نەرێنی و نێگاتیڤەکانی ڕکابەرییەکی ناتەندروست.
لە ڕاستیدا رکابەریی لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان نە دیاردەیەکی یەکسەر نێگاتیڤە و نە تایبەتە بە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان. وەک زۆر دیاردەی دیکەی کۆمەڵایەتی دەتوانێ هەم لایەنی خەراپ و رووخێنەری هەبێ و هەم لایەنی ئەرێنی و پێشکەوتووانە.
خۆرێکخستن لە ناو ڕیزی حیزب و بەگشتی حیزبایەتی دیاردەیەکی تەواو مۆدێرنە. پێشتر جەماوەر لە دەوری سەرۆک عەشیرەتەکان و پیاوانی ئایینی و تایفە و هۆزەکان کۆ دەبوونەوە و لە گەڵ لایەنە بەرامبەرەکانیان دەکەوتنە ململانێ و ڕکابەری کە هەڵبەتە لە زۆر حالەتیشدا ئاوێتەی خوێن و تووندوتیژی لە ڕادەبەدەر دەبوو. حیزبایەتی بە پێچەوانە لە راستیدا لە سەر بنچینەی هاوبەشی و هاوبیری لە بەرژەوەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی ساغ دەبێتەوە و هیچ پێوەندییەکی بەو نەریتانەوە نییە کە لە کۆمەڵگایەکدا لە پێش مۆدێرن بوونی هەیە کە لە سەرەوە بە کورتی ئاماژەی پێکرا. کەواتە مادام حیزب بوونی هەیە هەر بەو پێیە ئاساییە ڕکابەرییش بوونی هەبێ کە هۆکارەکەشی زۆر ڕوونە،کۆمەڵگای فرەچەشن کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکە و بەرژەوەندیی جیاواز ددانی پێدادەندرێ و بەمجۆرەش بەستێنی ململانێ دەرەخسێ. زۆر جاریش ئەو ململانێیە کە لەم وتارەدا بە ڕکابەریی حیزبی پێناسە کراوە، شێوازێکی تووندئاژۆیانە دەگرێتەخۆ. هەموومان جاروبار تێکهەڵچوونی نوێنەرانی پارلمانەکانمان لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا دیوە کە نوێنەران تەنانەت دەکەونە تووند و تیژی جەستەیی و پۆلیس ناچار دەبێ بێتە ناو قەزییەکە و لایەنەکان لێک جیا کاتەوە. کەوابوو دەبینین لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک لانکەی مۆدێرنیتە و
حیزبایەتی، لە بری ئەوەی ڕکابەری و لەو چوارچێوەدا ڕەخنە و سەرجەم ململانێی سیاسی قەدەغە کەن، هەوڵ دەدەن یاسامەندی بکەن و تا ئەو جێگایەی دەکرێ بەو شێوەیە لایەنە نێگاتیڤەکانی کەم کەنەوە و بەرگری بکەن لە لێکەوتە نەخوازراوەکانی. لە هەمانکاتدا لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا ڕکابەریی حیزبی لە بنەڕەتدا لە گۆڕەپانی پارڵمانەکاندا خۆی دەنوێنێ و ناچێتە ناو کۆڵانەکان. تەنانەت بە دەگمەن خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش دەردەخا مەگەر لە چەند بۆنە لە ساڵدا کە شەقامەکان دەبنە شوێنی خۆنیشاندان و پێشاندانی هێز. هەڵبەت لە وڵاتانی ڕۆژئاواش لە سەر ئەو پرسانەی لە ئاستی پەرلەمان نەگەنە ڕێکەوتن و یان بە هەر هۆکارێکی دیکە کێشەکان دەخزێتە دەرەوە و ململانێیەکە دەچێتە رووی شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و هتد.
بانگەوازی نەمانی ڕکابەری نە مومکینە و نە واقعبینانەیە، ڕکابەریی حیزبی هەم دەتوانێ ببێتە هەوێنی پێشچوون و وێکهەڵکردن و تۆلێرانسی زۆرتر لە ناو کۆمەڵگا و هەڵبەت دەشتوانێ لێکەوتەی خەراپ و نەخوازراویشی هەبێ. بەڵام وەک زۆر دیاردەی دیکە دەبێ یاسامەند بکرێ و هەوڵبدرێ کە ئەخلاق، پرەنسیپ و نۆرمەکانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بە سەریدا زاڵ بێت.
کۆمەڵگای کوردی زۆر دیاردەی باش و پێشکەوتووانەی تێدایە. نەورۆزی ئەمساڵ شانۆیەکی شکۆدار و نمونەیی بوو لەو بارەوە بە جۆرێک کە لە دەرەوەی کوردستانیش دانیانپێدانا و هەموومان شانازیمان پێوە کرد. لەم بوارەدا هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و پێشکەوتوو پێویستێکی حاشاهەڵنەگرە و بە بێگومان خزمەتێکی گەورە دەکا بە پرسی نەتەوەیی و سەرکەوتنی خەباتی خەڵکەکەمان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی. بۆ وێنە خەڵکانێک لە ورمێ لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا دروشمی “ورمێ کوردستانە“ یان وتەوە. بەشێکی زۆرتریش هەر لەو ئاهەنگەدا لە گەڵی نەهاتوون و ئەو دروشمەیان پێ دروست نەبووە و یان لانیکەم لەم هەلومەرجەدا پێیان گونجاو نەبووە. لە ژینگەیەکی تەندروستدا ئەوە دەتوانێ ببێتە بابەتی دیالۆگ و مشتومڕێکی زۆر بەکەڵک بە مەبەستی سیاسەتێکی دروست بەرامبەر بە پرسی پێکهاتەکانی ئێران کە زۆر هەستیارە و لە هەمان کاتدا مەترسیدار. تەنانەت لە ئاستێکی جەماوەریدا بخرێتە بەر باس و بۆ کارتێکەری بچێتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بە داخەوە ئێستا ئەوە پۆپۆلیسمی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە کارتێکەری هەیە بۆ سەر هێندێک لە حیزبەکان.
باسی ئەوەمان کرد پێویستە ڕکابەری و ململانێی نێوان گرووپ و لایەنە سیاسییەکان یاسامەند بکرێ، دیارە لەو کۆمەڵگایانە کە کەوشەنی سیاسی خۆیان هەیە و دەسەڵاتدارییەکی نەتەوەیی- دێموکراتیک نوێنەرایەتی کۆمەڵگا بە گشتی دەکات ئەوە کارێکی مومکین و جێکەوتوویە؛ تا ئەو جێگایەی دەگەرێتەوە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات کێشەکە لەوە دایە نە کورد بۆ خۆی کیانێکی سیاسی هەیە کە بتوانێ بۆ ڕکابەریی حیزبیش یاسا دانێت و ئەو پرسە وەک هەموو لایەنەکانی چالاکی و جموجوڵەکانی کۆمەڵگا یاسامەند بکات و نە لە وڵاتێکی دێموکراتیک دەژی کە بتوانێ لە یاسا سەرانسەرییەکانی ئەو وڵاتە کەڵک وەربگرێ. لە ئێران تاقمێکی کۆنەپەرستی دیکتاتۆر حوکمڕانە و کۆمەڵگایەکی داخراوە و نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەت حیزبەکانیان گووشاری زۆریان لە سەرە و مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکرێ. کورد بۆ مانەوەی خۆی چەکی هەڵگرتووە و هەر بەو بۆنەشەوە پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی بە گشت شکۆ و حەماسەتەکانی بووەتە هێما وبەشێک لە شانازیی نەتەوەیی. لەو کەش و هەوایەدا و زۆر جار بۆ مانەوەی خۆت و خۆراگری بەرامبەر ئاسیمیلاسیۆن و سەرکوتی بێبەزییانە دۆخی تایبەت و کلتووری تایبەتیش دەخوڵقێنێ کە نەخوازراوە. جێگای سەرنجە کە ئەوە تەنیا کوردی ڕۆژهەڵات لەخۆ ناگرێ بەڵکوو دەتوانین بڵێین بەجۆرێک لە جۆرەکان هەموو کورد لە هەر چوارپارچەکە دەگرێتەوە.
زۆر پێویستە ئەو هەل و مەرجە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا بە شێوەیەکی بێلایەنانە(بە واتایەکی دیکە زانستیەیانە) بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکاری کە ئەم سەروتارە کورتە هەڵبەت ئەو ڕۆڵە بۆ خۆی نابینێ.
هەرچەند کە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کێبەرکێ و حیزبایەتی دووانەیەکی لێک جیانەکراوەن و یەکڕیزیی حیزبی و هاوکاری لە دامودەزگا نیشتیمانییەکان بەتەواوی کێبڕکێی حیزبی لەناو نابات، بەڵام دەتوانێ ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی لە بەڕێوەبردن و تەندروستکردنیدا بگێڕێت.دروستکردنی ئەو دامودەزگایانە دەتوانێ نەک دیاردە ناحەزەکانی کێبڕکێی حیزبی کەم کاتەوە (گارانتییەک نییە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ناویان بەرێت) بەڵکو دەورێکی ئەرێنی دەبێ لە ووشیاری سیاسی جەماوەری کوردستان. بۆیەش ئەم دامەزراوە نەتەوەییانە دەتوانێ لە بزووتنەوەی کوردی دا بە کردەوە ڕۆڵی پەرلەمان بگێڕێت. هەروەها هەتا دیالۆگ و گفتوگۆی ڕەسمی و دۆستانە لە نێوان لایەنەکاندا هەبێت، ڕۆڵی سۆسیالمیدیا کەمتر وێرانکەر و نەرێنی دەبێت (باس لە ڕۆڵی نەرێنی ئەو دەکەم نەک ڕۆڵی ئەرێنی) و ئەو کەشوهەوا ناتەندروستەی کە دروستی دەکات لاوازتر دەبێت. ئاشکرایە کە هاوکاری، هاوپەیمانی و یەکگرتوویی حیزبەکان و بەڵێنی دەست بۆ چەک نەبردن لە یەکلاکردنەوەی پرسەکاندا دەوری زۆر گەورەی هەیە بۆ دووپاتنەبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی بەڵام گارەنتی سەتاسەتی دووپات نەبوونەوەی ئەم ڕووداوە کە هیچ کاممان شانازی پێوە ناکەین تەنیا زەمانێک دێتەدی کە چەک و پێشمەرگایەتی لە ژێر دەسەڵاتی حیزبییەوە بگوازڕێتەوە بۆ دامودەزگایەکی نەتەوەیی و مانای ڕاستەقینەی پێشمەرگەی کوردستان وەدی بێت.
لەوانەیە بۆ بە کردەوە دەرهێنانی ئەم ئەرکە نیشتمانییە هێشتا ڕێگایەکی درێژمان لەبەر بێ، بەڵام تا ئەو کاتە ئەرکی گرینگ و نەپساوەی هێزی پێشکەوتنخوازی کوردی و لێرەدا کۆمەڵە ئەوە دەبێت کە کولتوری لێبوردەیی و دڵفراوانی بەرامبەر ڕەخنە و ڕکابەرە حیزبییەکان پەرە پێبدرێ. بە بێ گەشە و پەرەسەندنی ئەم کولتور و پەروەردەیە و بەبێ ڕاهێنانی نەوەی نوی هیچ کام لەو هیوا و ئارەزوانە نایەنەدی.
ئەم جەنگ و لەشکرکێشییە خاچپەرستانەیە کە لە دژی لێدوانی یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵە لە لایەن بەشێک لە کادر و ئەندامانی حیزبی ڕکابەرەوە دەستی پێکرد، بانگەوازێکە بۆ هەموومان کە مەترسییەکانی بەردەم بزووتنەوەی دادپەروەرانەی گەلی کورد لە کوێ دایە.
هەرچەند من لە سەر ئەو باوەرە نیم کە ئەوەی ئەم ڕۆژانە بە دژی کۆمەڵە دەیبینین بچێتە خانەی دیالۆگ و ڕکابەریی حیزبی، بەڵام بە بێگومان ئەوە ئەو ڕواڵەتە ناحەزەیە کە وەک شەمشیری داموکلێس بە سەر سەری بزووتنەوەی کورد دەسوورێتەوە. ئەوە خۆی لەخۆیدا دەوری گەورە و مێژوویی کۆمەڵە لە بواری پەرەپێدان بە کولتوری پێشکەوتنخوازانە وپشوودرێژی و قبووڵی جیاوازی و رۆحی وێکهەڵکردن و سازان نیشان دەدا. ڕاسپاردە مێژووییەکە هەر دەبێ بەردەوام و درێژەی هەبێ.