ئەمساڵیش لەسەراسەری جیهان میتنگو رێوڕەسمەكانی رۆژی جیهانیی ژن بەڕێوەدەچێت. هەڵسوڕاوانو رێكخراوەكانی ژنان، خەڵكی ئازادیخوازو هەموو حیزب لایەنە پێشكەوتنخوازەكان بۆ رێزگرتن لەم رۆژەو جێگیركردنی یەكسانیی ژنو پیاو لەهەموو بوارە كۆمەڵایەتی، سیاسیو خێزانییەكان بەشداری دەكەن. لەلایەكی ترەوە رەوتە كۆنەپارێزەكانو حكومەتە دیكتاتۆرو دژە ژنەكانیش درێژە بە نابەرابەریو چەوساندنەوەی ژنان دەدەن.
خەباتی ژنان بۆ ئازادی لەمرۆدا بە تەنها بابەتی ژنان نیە، بەڵكو بووەتە خواستو بابەتی هەموو ئازادیخوازان، یەكسانیخوازانو بووەتە خەباتێك بۆ رزگاریی مرۆڤ لەكۆتوبەندی بیری زاڵمانەو پیاوسالارانە. خەبات بۆ ئازادیی ژنان لە راستیدا راوەستانە لەبەرامبەر دنیای كۆنو حكومەتە دیكتاتۆرەكانو پاشماوەكانی بیری سەدەكەكانی ناوەڕاست لە جیهانی ئەمرۆدا.
لەئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەناوی دەوڵەتی مەزهەبیو بەیاساكانی ئاپارتایدی رەگەزیی، هەروەها لەچەندین بەشی دیكەی جیهان كە رەوتی دژە ژن هێشتا بەدوای دەسەڵاتی یاسای هەڵاواردنەوەن، ئەم خەباتە هەم بۆ بزوتنەوەی ژنانو هەم بۆ مرۆڤەكان چەندین رەهەندی بەرینتر بەخۆیەوە دەگرێت. رژیمی ئیسلامی ئێران زیاتر لە سێ دەیەیە بۆ سەركوتی بزوتنەوەی ژنان لەپێشێلكردنی مافەكانیان لەكۆمەڵگا، شوێنی كار، فەرمانگەكان، شوێنی پەروەردەو لەناوخێزانیش درێغی نەكردوە. لەبەرامبەردا بزوتنەوەی ژنان لەئێرانو ناوچەكەش لەبەرامبەر ئەم بێعەداڵەتییانەو رزگاربوون لەستەم، خوازیاری ئازادیی ژنان بوونو چەندین دەسكەوتی گەورەشیان بەدەست هێناوە.
هەنوكە ژنانی كۆبانیو خەباتكارانی ژنی كورد لە سەراسەری كوردستانو لەوانە لەرۆژهەڵاتی كوردستانیش، تواناو ئیرادەی ژنانیان بۆ رزگاریی نمایش كردوەو، پشتیوانی بزوتنەوەی جیهانیی بۆ رزگاریی ژنو یەكسانی تەواو لەگەڵ پیاو بۆ لای خۆیان راكێشاوە. سەرهەڵدانو جموجوڵی رەوتی تیرۆریستی داعش دژی مرۆڤایەتیو ژن، ئەگەر یەكسانو هاوتەرایە لەگەڵ یاسا ئیسلامییەكان لەئێراندا، لەهەمانكاتدا نیشاندەری ترسی كۆنەپەرەستییە لە بزوتنەوەی ژنانو كاردانەوەی كۆنەپەرستانە لەبەرامبەر یەكسانیخوازی ژناندا.
ئێمە رۆژی جیهانی ژن لەهەموو ژنانو بزوتنەوەكەیان بۆ رزگاربوون پیرۆزبایی دەكەینو داوا لەهەموو مرۆڤ ئازادو پێشكەوتنخوازو خەباتكار بە ژنو پیاوەوە دەكەین تا بەشداری ئەم بزوتنەویە بنو بەرەنگاری یاساكانی دژە ژن ببنەوەو دەستی دەسەڵاتدارانی ئیسلامیو ئاپارتایدی رەگەزیی لەسەر ژنان كورت بكەنەوە.
سەركەوێ بزوتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان
مەرگو نەمان بۆ یاساو حكومەتەكانی دژە ژن
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
6ی مارسی 2015- 15ی رەشەمەی 1393