رۆژانی 8و 9ی مانگی مەی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە تاوانی خۆكوژیی فەریناز خوسرەوانیو خرۆشانی خەڵكی شاری مەهاباد، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە شاری سلێمانیو هەولێر سازدراو ژمارەیەك لە لایەنگرانو پێشمەرگەكانی كۆمەڵە بەشدارییان تێدا كرد.
رۆژی 8ی مانگی مەی رێكەوت لەگەڵ 18ی گوڵان كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە پاركی نالی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو كە ژمارەیەك لە لایەنگرانو پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان تێیدا بەشدارییان كرد.
هەروەها لە رۆژی 9ی مانگی مەی رێكەوت لەگەڵ 19ی گوڵان كاتژمێر 4ی ئێوارە لە بەردەم پاركی شانەدەر لە شاری هەولێر گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی سازدراو ژمارەیەك لە پێشمەرگەو لایەنگرانی كۆمەڵە بەشدارییان تێدا كرد.
لە گردبوونەوەكەی هەولێر پەیامی كۆمەڵە لەلایەن هاورێ محەمەد فەرهاد زادە، جێگری پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لەهەولێر خوێندرایەوەو بە هەڵدانی چەندین دروشمو ژێرپێ خستنی ئاڵای كۆماری ئیسلامی، بەشداربووانی گردبونەوەكە ناڕەزایی خۆیان دژی كۆماری ئیسلامی راگەیاند.
لەهەردوو گردبوونەوەكەدا بەشداربووان پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵكی شاری مەهاباد راگەیاندو خوازیاریی بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانی رووداوی خۆكوژیی فەریناز خوسرەوانی بوون.