رۆژی 13ی خەرمانانی ساڵی 1368، ئوردوگای ناوەندی كۆمەڵە لەدۆڵی بۆتێ بەرگی ماتەمی پۆشی، كاتژمێری 2ی سەرلەبەیانی ئەو رۆژە هاوڕێ سدیقی كەمانگەر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەو ئەندامی حیزبی كۆمۆنیستی ئەوكات، لەكاتێكدا تازە لەكاری ئامادەكردنی بەرنامەی رادیۆ تەواوی ببوو، لەلایەن خائینو خۆفرۆشێكی كۆماری ئیسلامی شەهید كرا.
هاوڕێ سدیقی كەمانگەر خۆشەویستو دڵسۆزی كرێكارانو زەحمەتكێشانی كوردستان، ساڵی 1325 لەئاوایی “ئافڕیان” سەر بەشاری كامیاران چاوی بەژین پشكوت. دەورەی سەرەتایی خوێندنی لەشارەكانی قوروەو سونقوڕی كولیایی تەواوكرد، پاشان لەگەڵ بنەماڵەكەی روویان لەشاری كرماشان كردو لەو شارەدا نیشتەجێ بوون. هەر لەو شارەدا خوێندنی ناوەندی تەواو كرد. ساڵی 1344 لەزانكۆی تاران، لەڕشتەی ئەدەبیات وەرگیرا، پاش ساڵێك بەهۆی حەزی كاك سدیق بۆ خوێندنی یاسا، لەكۆلێژی یاسای زانكۆی تاران وەرگیرا. ساڵی 1350 خوێندنی زانكۆی بەسەركەوتوویی كۆتایی پێهێنا. هاوڕێ سدیقی كەمانگەر هەر لەدەورانی خوێندكاریدا بەڕیزەكانی كۆمەڵە پەیوەست بوو. لەساڵەكانی دەیەی 50، لەناكۆكی نێوان جوتیارانی زەحمەتكێشی ئاوایی دارسێرانی مەریوان، لەگەڵ خاوەن زەویو فیودالەكانی ناوچەكە، كە خەریك بوو شكڵی خەباتێكی جەماوەری بەخۆیەوە بگرێت، هاوڕێ سدیق وەك پارێزەرێكی نەترسو خەباتكار، لایەنی جوتیارانی گرتو بەرگری لەمافەكانیان كرد. ئەمەش سەرەتایەك بوو بەلەشكڵگرتنی سیمایەكی جەماوەرییو شۆڕشگێڕ لەنوێ زەحمەتكێشانی ناوچەكەدا.
ساڵانی دواترو بەتایبەت لەسەرەتای راپەڕینیو خۆپیشاندانەكانی جەماوەری خەڵك دژی رژیمی پاشایەتی، هاوڕێ سدیقی كەمانگەر بوو بە سیمایەكی ناسراوو رابەرێكی شۆڕشگێڕو كۆڵنەدەر لەبەرامبەر دواكەوتوییو كۆنەپارێزییەك كە دەیویست كوردستانیش وەك باقی ناوچەكانی تری ئێران بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە.
هاوڕێ سدیق لەپوشپەڕی ساڵی 1357 بۆ پشتگیری لەمانگرتنی زیندانیانی سیاسی لەزیندانی شاری سنە، یەكەمین مانگرتنی لەبەردەم بینای دادگای ئەو شارە رێكخست. هاوڕێ سدیق ساڵی 1357 بوو بە ئەندامی وەفدی ناوەندی “ناوەندی پارێزەران” (كانون وكلا)و “جەمعیەتی مافپەروەرانی ئێران”، ئەو لەپێكهێنانی كانونی موعەلیمانی شاری سنە دەورو نەقشێكی چالاكی گێڕاو یەكێك لە دامەزرێنەرانی “جەمعیەتی بەرگری لەئازادیو شۆڕش” لەشاری سنەبوو كە هەر بۆخۆیشی وتەبێژو بەرپرسی ئەو جەمعیەتە بوو.
22ی رێبەندانی ساڵی 1357 هاوڕێ سدیقی لە تەلەفیزیۆنی شاری سنەوە، روو لە خەڵكی خەباتكاری ناوچەكە پەیامێكی بڵاوكردەوەو سەركەوتنی راپەڕینی لە خەڵك پیرۆزبایی كرد. 28ی رەشەمەی هەمان ساڵ لە داهێنانی كۆمەڵەدا، :شورای كاتیی شۆڕش: لە شاری سنە پێكهاتو كاك سدیق وەك وتەبێژو بەرپرسی ئەو شورایە، هەڵبژێردرا. هاوڕێ سدیق زیاتر لە دوو دەیە، خەبات لە رێگەی رزگاری چینی كرێكارو زەحمەتكێشی وەك ئامانجی سەرەكی ژیانی خۆی دانا، دەسپێكردنی خەبات لە رێكخراوی نهێنی كۆمەڵە هەر لە یەكەم رۆژەكانی دامەزراندنی، دەركەوتن وەك رابەرێكی جەماوەری لە ماوەی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە رژیمی پاشایەتی، دەركەوتنی وەك رابەرو وتەبێژی بەرەی رادیكاڵو شۆڕشگێڕی بزوتنەوەی كوردستان دژ بە رژیمی ئیسلامی، پاشان درەوشانەوەی وەك زمانی ئاگرینی خەڵكی راپەڕیوی كوردستان لە جەریانی نەورۆزی خوێناوی شاری سنەو خۆڕاگری خەڵكی كوردستان، بەشێك لە كارنامەی سیاسی پڕبەرهەمی هاوڕێ سدیقی كەمانگەر پێكدەهێنن.