چەند ڕۆژ لەوەپێش عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، باسی پێویستیی بەشداریی هەموانی لە هەڵبژاردنی دوو مەجلیسی خیبرەگان و شوڕای میللی کرد. تەنانەت داوای کرد وگوتی با ئەوانەش کە موخالیفی نیزام و سیستەمی کۆماری ئیسلامین لەو هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن. هەروەها گوتی مەجلیسی دەیەم دەبێ حاڵ و هەوای مەجلیسی ئێستای هەبێ.
بۆ خامنەیی گرینگە کە خەڵکانی زۆر لە هەڵبژاردندا بەشدار ببن تا شەرعیەت بدرێ بە شانۆگەری هەڵبژاردن. ئەو زۆر روون و ئاشکرا رایگەیاند کە “مەجلیسی داهاتوو دەبێ پێکهاتەکەی هەر وەک مەجلیسی ئێستا بێ”، واتە بڕیاری رەهبەر و ڕینوێنی ئەو بۆ ئەوانەی خۆپاڵێوراوان پێش دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن دەپاڵێون ئەوەیە کە: کارێک بکەن هاوسەنگی ئێستا تێکنەچێ. بەو حاڵەشەوە داوا دەکات با موخالیفەکانیش دەنگ بدەن. یان لە کەسانێک رادەبینێ کە ئاوا بە بێ حورمەتی و بێ منەتی داوای دەنگیان لێبکات. بەڵام بۆ بەشێک لە ئۆپۆزیسیون بۆتە مشتومڕ کە با بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن، تەنانەت لە وەڵامی خامنەییدا ناڵێن دەی با موخالیفینی نیزامیش و هەموو ئەوانە کە نیزامیان قبوڵ نییە، بتوانن خۆ کاندید بکەن و نەزارەتی استصوابی هەڵگیرێ، جا بەشدار دەبین، بەڵکوو بەوپەڕی وەهم و چکۆلەیەوە مەیلی خۆیان بۆ بەشداری باسدەکەن و حەولدەدەن خەڵکی لە دەور کۆ بکەنەوەو، “لەبەیک” بۆ پەیامەکەی خامنەیی دەنێرن. پڕ روویی خامنەیی بۆیە وا زەقە، چونکە بەشێک لە ناو ئۆپۆزیسیۆنەکەی بڕاون و بەوەندەش وەسەما دەکەون. با ئەوەش بزانین کە لەو ڕۆژەوە خامنەیی ئەو قسانەی کردوە، بە لێشاو لە ناو ئەوانەش کە خوێنیان بۆ کۆماری ئیسلامی داوە و نیزامیان قبوڵە، لە پاڵاوگەی کۆماری ئیسلامی تۆڕ هەڵدەدرێنە دەرێ و سەڵاحیەتیان رەد دەکرێتەوە، کەچی دەبینین تەنانەت لە ناو کوردستانی بە خوێن شەڵاڵ کراویشدا هەن کەسانێک کە بە هەزاران هاوڕێ و هاونیشتمانییان بە دەستی ئەم نیزامە تێدابراون، کەڵکەڵەی هەڵبژاردن لە مێشکیاندا ئۆقرەی لێ هەڵگرتوون، هەندێکیان بە ڕوونی و کەسانێکیشیان بنلێوە دەیڵێنەوە، با بەشدار بین. راستە خەڵکانێک لە شانۆگەریی هەڵبژاردن چ لە رووی ناچاری و چ بە خۆشی خۆیان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داتاکانی حکومەتیش ناتوانن بڵێن لە نیوە زیاتر بەشدار دەبن. خامنەیی دەڵێ مافتان نییە خۆ کاندید بکەن و پاڵاگەکانیان لێ توندوتۆڵتر بکەن و رێگایان لێ دەتەنین، بەڵام مافتان هەیە دەنگ بەو کەسانە بدەن کە ئێمە دایاندەنێێن، کەچی بەشێک لەم ئۆپۆزیسیۆنە قبوڵی ئەوە دەکات و تەنانەت زمانی گۆ ناکا بڵێ کاتێك بەشداری دروستە کە پاڵاوگەکانی کۆماری ئیسلامی دابخرێن. هەموو، بە موخالیف و موافیق و بێ جیاوازی، با مافی خۆپالاوتن بێ رەدی سەڵاحیەت و بەشدارییان هەبێ تا دەنگیش بدەن. بە داخەوە تا بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن ئاوا خەریکی کیسە هەڵدرون بێ، تەنیا یەکریزی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و نا کورد تێکدەدا و بەس و بۆخۆشی ڕەنج بە خەسار دەمێنێ. ئەوەش دەردی ئەم دەورانی دووری و تاراوگەیی.