بەداخو پەژارەیەكی زۆرەوە ئاگادار كراینەوە كە دوێنی شەممە رێكەوتی 10ی رێبەندان واتە 30/1/2016 هەڵسوڕاوی تەشكیلاتی نهێنی كۆمەڵە، هاوڕێ “سلێمان هونەرمەند” بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لەرێگای سەرەكی بۆكان – سەقز گیانی بەختكرد.
هاوڕێ سلێمان كە لەنێوان هاوڕێیانیدا بە (مەش كازم) ناسرابوو، لە پێش روخانی رژیمی پاشایەتییەوە پەیوەندی بەكۆمەڵەوە هەبووەو، لە دوای رووخانی رژیمی شاو لەكاتی گرتی شارەوانی بۆكان، یەكێك لەو كەسانە بوو كە رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
هاوڕێ سلێمان سەرەڕای ئەوەی كە ماوەیەك كەوتە زیندانو دواتریش لە ژێر چاودێریی مۆرەكانی رژیمی كۆماری ئیسلامیدا بوو، بەڵام قەت كۆڵی نەداو ورەی هەر وەك پێشوو بەرزبوو، بەجۆرێك كە لە دەیەی 60ی هەتاویی كە كۆمەڵە شارەكانی كوردستانی بەرەوە دێهاتەكان بەجێهێشت، ناوبراو سەرەڕای مەترسیییەكان بە كامیۆنەكەی كەلوپەلی بۆ پێشمەرگە دەگواستەوەو هەواڵی ناوشاری پێدەگەیاندن.
هاوڕێ سلێمانی دۆستی كرێكارانو زحمەتكێشان بوو و بەهۆی ئەوەی كە خۆی لە بنەماڵەیەكی هەژاربوو لە ئێش و ئازاری هەژاران تێدەگەیشت. ناوبراو تا دواساتەكانی ژیانی پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵە نەپچڕاندو وەك هەڵسوڕاوێكی نهێنی چالاكی هەبوو.
ئێمە لەلایەن سەركردایەتیو هەموو كادرو ئەندامانو پێشمەرگەكانی كۆمەڵەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی “هونەرمەند”و مونیر خانمی هاوسەریو منداڵەكانی دەكەن. هەروەها سەرەخۆشی لەهەموو دۆستو هاوڕێیانیو خەڵكی قارەمانی شاری بۆكان دەكەینو خۆمان بە شەریكی خەمو پەژارەیان دەزانین.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
11ی رێبەندانی 1394 – 31/1/2016
وێنە: لە راستەوە: گیانبەختكردوو هاوڕێ خالید فەرهادزادە ناسراو بە وستا عەبدوڵا – هاوڕێ سلێمان هونەرمەند _ هاوڕێ هاشم رەزایی