پلینۆمی شەشەمی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بەبەشداریی زۆرینەی ئەندامانی كومیتەی ناوەندییو راوێژكاران، لە رێكەوتی 28ی ئەپریلی 2016 (9ی گوڵانی 1395) بە سرودی بانگەواز، سرودی فەرمی كۆمەڵەو چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی هەموو گیانبەختكردوانی رێگەی ئازادیو سوسیالیزم كاری خۆی دەست پێكردو بۆ ماوەی سێ رۆژو نیو، واتە تا رۆژی یەكی مانگی مەی (12ی گوڵان) بەرەوام بوو.
ئەجێنداو باسەكانی پلینۆم بریتی بوون لە:
راپۆرتی سیاسیو تەشكیلاتی، مشتومڕ لەسەر كاری ئۆرگانەكانی ناوەندیی، تاوتوێكردنی قەیرانی داراییو پرۆژەیەك بۆ تێپەڕ بوون لەم قەیرانە، كاراتر كردنەوەی تەشكیلاتو كومیتەی ناوەندییو، دوایین ئاجێندای پلینۆمیش بریتی بوو لەرێكخستنەوەو دابەشكردنی كارەكان لەنێوان ئەندامانی (ك.م).
راپۆرتی سیاسی كە لەلایەن هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە پێشكەش كرا، قسەوباسێك بوو لەسەر بارودۆخی گشتییو بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ركابەریی زلهێزەكانی سەرمایەداریی، سیاسەتو دەورونەقشی كۆماری ئیسلامی، بارودۆخی سیاسی ئێران لەپاش (برجام)و ململانێی ناوخۆیی رژیم، گرنگترین ململانێكانی نێوان خەڵكو رژیمو، پێگەی بزوتنەوەی كوردستان لەهەموو بەشەكانو، ئەركەكانی ئێمە لەم دەورەیەدا لێكدانەوەی بۆ كرا.
لەم بەشەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ئاژاوەو شەڕو ناسەقامگیری لەناوچەكە زیاتر پەرەدەستێنێت، ململانێی هێزەكانی ناوچەكەو زلهێزەكانی جیهانی سەرمایەداری، كۆتایی نەهاتووەو شەڕی بەوەكالەت بەردەوام دەبێت. كۆچی بەكۆمەڵ لە وڵاتان، ئاواربوونی ملیۆنیی مرۆڤەكان لەنیشتمانی خۆیان، پەڕەسەندنی توڕەییو بێڕەحمیی، دەركەوتنی رەوتە بیرتاریكو كۆنەپەرەستو دژە ئازادییەكان بە بیری سەدەكانی ناوەڕاست، بوونەتە دیاردەكانی ئاشنای ئێمە لەناوچەكەدا.
رژیمی ئێران هەموو هەوڵێك دەدات تا پێگەو دەستوەردانی سەربازیی خۆ لە عێراق، سوریە، یەمەنو لوبنان بپارێزت. ئەم سیاسەتە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا بووەتە هۆی بەهەدەردانی سەرمایەیەكی زەبەلاحی ئابوریی، ئێرانیشی لە سەرەڕۆیی سەریازیی زیاتر نزیك كردوەتەوە. بەرەیەكی بەهێز لەلایەن وڵاتانی عەرەبیو هێزەكانی ناوچەكە دژی ئێران پێكهاتووە كە هەوڵدەدات بە ئیئتیلافێكی بەهێز لەبەرامبەر ملهۆڕییەكانی كۆماری ئیسلامی بوەستێتەوەو دەستی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكەی كورت بكاتەوە.
ئەم بەرەوڕوبوونەوە دەڕوات تا رەهەندێكی بەرینتر بەخۆیەوە بگرێتو ژیانو ئاسایشی خەڵكی ئێرانیش توشی مەترسی جیدی بكات. بەرەوڕوبوونەوەیەك كە لە بنەڕەتدا دژی ئیرادەی خەڵكی ئێرانەو، وێرانیو ناڕەزاییەكی زیاتر دروست دەكات. لەلایەكی دیكە راپۆرتەكە باسی لەوە كردبوو كە ململانێكان لە نێوخۆی رژیم زیاتر پەرەدەستێنێت، سیاسەتی دەستوەردانی سەربازیی لەدەرەوەی سنوركان بەردەوام دەبێت، چونكە بەشێكی بەرینی ئەم سیاسەتە بۆ پێشگرتنە لە سەرهەڵدانەوەی بزوتنەوە جەماوەرییەكانو گوشارو سەركوتی زیاتر، هەروەها بۆ حوزوری زیاتری هێزی ئەمنیو پاسداران لە گۆڕەپانی سیاسی ئێرانو بەڕێوەبردنی كۆمەڵگایە.
قەیرانی ئابورییو هەڵاوسان لەپێوەرەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامین. بەردەوامییو پەرەسەندنی بێكاریی، سەختی بژیوی ژیانی خەڵكو نائەمنی كارو پیشە، پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەكانو دیاردە دزێوەكانی دیكە لە ژیانی كۆمەڵایەتیو لەناو خێزانەكان، هەموو گوشارێكی گەورەی بەسەر ژیانی رۆژانەو ویژدانو دەرونی گشتیی خەڵكی ئێران كە بێگومان رێگاخۆشكەر دەبێت بۆ ناڕەزاییە كۆمەڵایەتیەكان. لەلایەكی دیكە گەشەكردنی دامەزراوە مەدەنیو جەماوەرییەكان، خەباتی ناڕەزاییو پەسەرەندنی ناڕەزایی كرێكاران، لاوان، ژنانو باقی چینو توێژەكانی خەڵك، سیماو ئاسۆی داهاتووی ئێران وێنا دەكەن.
بزوتنەوەی كوردستان لەهەموو بەشەكان، پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوەو لە دوو بەشی عێراقو سوریە، كورد دەسەڵاتی خۆجێی خۆی بەرپاكردوە. پێشمەرگەو خەباتكارانی كورد نیشانیاندا كە هێزێكی كاراو خۆڕاگرن لەبەرامبەر داعشدا. ئیئتلافی نێودەوڵەتی دژی داعش بە بێ هاوكاری كورد نەیدەتوانی ناوچە داگیركراوەكان لەژێر دەستی داعش رزگار بكات. كورستان چ لە عێراقو چ لە سوریە بوونەتە شوێنێكی ئەمن بۆ باقی كەمایەتییە ئاینیو نەتەوەییەكانی دیكە. بێگومان لەم بارودۆخەدا بە بێ دەستبەركردنی مافەكانی كورد باس لە سەقامگیرییو ئاسایش لەناوچە ناكرێت، هەربۆیە بزوتنەوەی كورد لەئێستادا شانسو فاكتۆرێكی گرنگی بۆ دەستبەركردنی ئازادی هەیەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتوو، ناكرێت نەقشەكەی لەبەرچاو نەگیرێت یان بە بێ رەزامەندی بزوتنەوە رزگاریبەخشەكانی كوردستان هەنگاوێكی جیدی بەرەو پێش ببرێت.
لەكوردستانی ئێرانیش ناوچەی جوگرافی بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان زیاتر پەرەی سەندوە، ستەمو هەڵاواردن لە هەموو بوارەكان لە پارێزگا كوردنشینەكانی ئێران بەجۆرێكە كە رۆژ لەگەڵ رۆژ كەلێنی نێوان خەڵكی كوردو دەسەڵات ئاشكرا دەكات. هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پرسی كوردو دوژمنایەتی ئەو رژیم لەگەڵ بزوتنەوەی حەقخوازانە لەهەموو بەشەكانی دیكەی كوردستانیش، نەفرەت لەم رژیمەی لە نێو هەموو كوردان دوو ئەوەندە زیاد كردوە. خەڵكی كوردستان كە هەر لەسەرەتاوە لەبەرامبەر كۆماری ئیسلامیدا راوەستا، ئێستا لە رای گشتی هەموو خەڵكی ئێران خۆی بە سەربەرز دەزانێتو بە چاوی رێزەوە لێیدەڕوانرێتو لەم رووەوە هەست بە سەربەرزی دەكات.
بەڵام حیزبە سیاسییەكان لەكوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، لە پەرشوبڵاویو ناهاوئاهەنگییەكی ئازاربەخشدا بەسەر دەبەین كە كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەكەس شاراوە نیە، بوونی چەترێكی هاوكاری لەم بەشەی كوردستان هەم هاوسەنگی هێز لە بزوتنەوەی كورد دەگۆڕێتو هەم لەمپەرێكە لەبەرامبەر دەستوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی لە باقی بەشەكانی كوردستان، هەر بۆیە كۆمەڵە كار بۆ ئەم بابەتە بە یەكێك لەئەركەكانی خۆی دەزانێتو لەم پێناوەدا ئامادەی هەرجۆرە هاوكارییەكە.
پاش پشتڕاستكردنەوەو جەختكردنەوەی هەموو ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی لەسەر بەشەجیاجیاكانی راپۆرتی سیاسی، لەبەشێكی دیكەی پلینۆمدا قەیرانو گرفتی داراییو رێكارەكانی دەرچوون لەم قەیرانە، قسەو باسی لەسەركرا. سەرەتا پلینۆم سپاسی هاوڕێیانی پێشمەرگەو ئەندامانی كۆمەڵەی لەكوردستان كرد كە بەشێكی گەورەی ئەم بارودۆخە سەختەیان لەسەر شان بووە. هەروەها رێز لە كارو ماندوبوونی بەرپرسانی كارگێڕیو كادرەكانی كوردستانو، یارمەتی دارایی هاوڕێیانی تەشكیلات لە دەرەوەی وڵات گیرا. پاش ئەوە پرۆژەیەكی دارایی پەسەندكرا كە بە پێی ئەوە بەشداریی ئەندامانی كومیتەی ناوەندیی، كادرەكانو ئەندامانی تەشكیلات لە وەگەڕخستنی ئەم پرۆژەیە زەروریو پێویستە. هەروەها لە دۆستانو كەسانی نزیكی كۆمەڵە لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆژەی دارایی یارمەتیو رێنوێنی وەردەگیرێت. هاوكات هەوڵدەدرێت رێكخستنەوەیەكی دووبارە بۆ كۆكردنەوەی یارمەتییەكانی خەڵكو سەرچاوە داراییەكانی دیكە بكرێتەوە.
لەباسی كاراتر كردنەوەی كومیتەی ناوەندییو ئۆرگانەكانی تەشكیلات، پلینۆم جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لەم دەورەی قەیرانەدا، دەركەوت كە بە رێكخستنەوەی موناسەباتی سیاسیو حیزبیی باشترو، بە لەبەرچاوگرتنی زەرفیەتو پوتانسیەلی هاوڕیانی (ك. ن) و باقی ئۆرگانەكان، دەمانتوانی باشتر لەوەی كراوە چالاكیمان هەبێتو توانای زیاتر بەكاربێنینو، بە رێكخستنەوەی ك.نو تەشكیلات، قەیرانی ئێستا تێپەڕبكەین. هەر بۆیە بە رێكخستنەوەی حیزبییو ئەولەویەتو پلەبەندیو كارو ئەركەكان، باسو مشتومڕی سیاسی زیاتر، پەیوەندیی چڕوپڕی (ك. ن) لەگەڵ كادرەكانو بەدەنەی تەشكیلاتو بەندو بڕیاری روونتر لەناوخۆی (ك. ن) ، ئەم ئەركە گرنكە مومكینو جێبەجێ دەبێت.
هەربۆیە پلینۆم ئەولەویەت دانی زیاتر بە چالاكی لە شارەكانی كوردستان، رێكخستنەوەی كاراتری تەشكیلاتی دەرەوەو گرنگیدان بە رێگەجیاجیاكانی پەیوەندی لەگەڵ ناوخۆی كوردستان، بەشداری هەموو هاوڕێیان لە ئۆرگانەكانی ناوەندیی لەوانە راگەیاندن، كار لە شارەكانی كوردستانو بەكارهێنانی بەربڵاوی سوسیال میدیاو كاراتركردنی ناوەندەكانی راگەیاندنی خستە ئەجێندای كاری خۆیەوە. هەروەها پلینۆم جەختی لەسەر بەهێزكردنی، راهێنانو ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە كردەوەو بۆ چالاكی باشتری ئەم هێزە لە داهاتوودا، راسپاردەی پێویست ئاراستەی دەستی كارگێڕیی كۆمەڵە كرا.
دوایین بەشی كاری پلینۆم، رێكخستنەوەو دابەشكردنی كاری ناوخۆیی بوو. جارێكی دیكە هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە بە كۆی دەنگی بەشداربووانی پلینۆم بە سكرتێری كۆمەڵە هەڵبژێردرایەوەو حەوت كەس وەك ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی هەڵبژێردران كە بریتین لە هاوڕێیان: رەزا كەعبی، عوسمان خەلیلی، فەریبا محەمەدی، خەلیل دەشتی، كەریم كەریمی، سادق زەندیو عومەر ئێلخانیزادە.
پاش سێ رۆژو نیو كاری چڕو پڕ، پلینۆم بە سرودی ئەنترناسیوناڵ كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا.
دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
5ی ئەپریلی 2016ی زایینی – 16ی گوڵانی 1395ی هەتاویی