كرێكارانو زەحمەتكێشان
خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
هاوڕێیانو خەباتكارانی كۆمەڵە
بەرزو بەڕێز بێت چلو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنو سیو پێنجەمین ساڵی خەباتی ئاشكرای كۆمەڵە. سەرهەڵدان و دەستپێكی ژیانی سیاسی كۆمەڵە، هاوكات بوو لەگەڵ هەرەسهێنانی حیزبە چەپەكانی سەر بە شورەوی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرهەڵدانی نوێخوازییو نوێبوونەوە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستانو، رێكەوت بوو لەگەڵ گۆڕانكاری قووڵی كۆمەڵایەتیو هاتنەمەیدانی بەرینی كریكاران لەریزبەندی كۆمەڵایەتیدا.
كۆمەڵە توانی كاریگەریی كۆمەڵایەتی لە رووبەرە گرنەگەكانی بزوتنەوەی كوردستاندا دانێو دژ بە نەریتە كۆنەكانی پەیوەندی نیوان ژن وپیاوو پارێزگاری لە یەكسانی ژنانو پیاوان خەبات بكات. كۆمەڵە بۆ یەكەمجار لەمیژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورددا توانی بەشیوەیەكی فراوان ژنان بێنیتە ریزی خەبات و پێشمەرگایەتی. لەخەباتی مەدەنیو جەماوەریدا چەندین نەریتی نوێی رێبەری كرد.
كۆچی مەریوان، رێپیوانی بەرینی خەڵكی سنە بۆ مەریوان، مانگرتنی بەربڵاوی جوتیارانی ورمێ، پێكهێنانی بنكەو شوراكانی گەرەك بۆ بەڕێوەبەردنی شاری سنە، مانگرتنی خەڵكی سنەو رێپێوانە هێمنانەو سیاسیەكان لە شارەكانی كوردستان، نمونەی ئەو كارانەن كە كۆمەڵە تێیدا دەوری سەرەكی هەبوو. ئەو كارانە توانیان تا رادەیەكی زۆر هێرشی رژیمی ئیسلامی بۆ كوردستان دوابخاتو، هاوكاتیش ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریو رێكخستنی جەماوەر.
كۆمەڵە لەكۆی ئەم ساڵانەدا سەنگەری پارێزگاری لە مافی كریكارانو زەحمەتكێشانو دابینكردنی دادوەریی كۆمەڵایەتی بوو لە بزوتنەوە دیموكراسیخوازی كوردستاندا. سەرەڕای شكستی نیزامی حیزبە سیاسییەكانو كۆمەڵە لە كوردستان، بەڵام هێشتا ناو و ناوبانگی پێشمەرگەی كۆمەڵە وێردی سەرزمانی جەماوەری خەڵكە. ئێستا بە كۆڵێك ئەزموونەوە لە چركەساتێكدا وەستاوین كە خەڵك دژوارترین دەورانی دەسەڵاتداریەتی رژیم لە ئێران ئەزمون دەكەن. گرانی، بێكاریی بەربڵاو، دابەزینی بەرهەمهێنان، سەركوتكردنی سیاسی، بەفیڕۆچوونی وزەو توانی لاوان، داڕمانی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی تەندروستو پەرەپێدانی كلتوری كۆنەپەرستی لە قوتابخانەو زانكۆكاندا، هەڵاواردنی فەرمیو یاسایی دژ بە ژنان، هێرشكردنەسەر رێكخراوە پیشەییو مەدەنیەكانی كریكاران و كۆی كۆمەڵگا.
تەشەنەسەندنی ستەمو نابەرابەری لەسەر نەتەوەكانی ئێران. كوشتن، زیندانو دورخستنەوەو راوەدوونانی چالاكانی مەدەنیو سیاسی، كاری هەر رۆژەی رژیم ئیسلامی ئێرانە. ئەم رژیمە رۆژ لەگەڵ رۆژ لەهەناوی خۆشیدا دووچاری تەنگەژەو قەیرانی نوێ دەبێتەوە. گەندەڵی ماڵیو ئیداری سەرتاپای ئەم رژیمەی داگرتوەو ئابووری ئێرانی بەرەو ویرانیو داڕمان بردوە. خەڵك لە سەختترین بارودۆخی ژیاندا بەسەر دەبەن، لەحاڵێكدا ئورگانە ئەمنیو سەربازییەكانی رژیم گەورەترین بەشی بودجەیان بۆ تەرخان كراوە.
خەڵكی كوردستان سەرەرای هەموو زوڵم و چەوسانەوەكان، سەرەڕای داگیركردنی شار و گوندو سەپاندنی حكومەتی ئەمنیەتیو سەربازیی، تەسلیم نەبوونو لە خەبات بەردەوامن. تەنانەت ریفۆرمخوازانی ئیسلامیش نەیانتوانی روناكبیرانی كورد بۆلای خۆیان راكێشن و پێگەیەكی جەماوەری بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن.
هیشتا بزوتنەوەی كوردستانو هێزە سیاسیەكانی لە لای خەڵكو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێگەو قورسایی شیاوی خۆیان هەیە. نەك تەنیا لە ئێراندا، بەڵكو لەو وڵاتانەشدا كە بەشێك لە كوردستانیان لەژێر دەستدایە، بزوتنەوەی كورد بۆ رزگاریی نەتەوەییو دامەزراندنی دیموكراسی لە لوتكەدایە. هەنووكە هەمووان ئەم راستییە دەزانن كە گەلی كورد لەناوچەكە خوازیاریی دیموكراسیە.
لەم هەلومەرجەدا كۆمەڵەی زەحمەتكێشان كوردستان بە دانوستانو گفتوگۆ لەگەڵ كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بۆ یەكگرتنەوەیەكی بەهێز هەنگاوی ناوەو دەینێت، ئەو هاوكاریو دیالۆگانەی كە تا ئێستا بەدەست هاتوە، دەكاتە سەكۆیەك بۆ تێپەڕاندنی قۆناخەكانی دیكەو بە دەستهینانی یەكگرتنەوەی یەكجاری. ئێمە باوەڕمان بە یەكگرتنەوەی كۆمەڵەیەكی بەهێزەو خوازیاری دەسپێكردنی قۆناغێكی تازەین لە ژیانی كۆمەڵەدا تا بتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەركە سەرەكییەكانی ئێستامان بێت. ئەمەش تەنیا بە یەكخستنو كۆكردنەوەی هەموو توانای ئەندامانو كادرەكانی كۆمەڵەوە دەكرێت. ئێمە دەبێت جارێكی تر پەیوەندی دانەبڕاوی خۆمان لەگەڵ بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكان بكەینە چەقی روانین و سەردێری كارەكانمان بۆ دەست پێكردنەوەیەكی نوێ، دەبێت هەوڵ بۆ بوژاندنەوەی هاوكاریی یەكگرتوانە و ئازادی و دیالۆگی سیاسی لە هەناوی كۆمەڵەدا بەباشترین شێوە بدەین، پێویستە كە پرۆسەی یەكگرتنەوەی كۆمەڵە، بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەهێز بكات.
پێویستە كە هەموو دۆستانو یارانی كۆمەڵەو رەوتی كۆمەڵایەتییەكەی، هەولبدەن كە لەم پرۆسەیەدا گوتارێكی نوێ دروست بكەن كە لێوانلێو بێت لەسەربەستیو ورەی بەرزی خەباتو رۆچوون بۆ ناو قوڵترین لایەكانی ژیانی كۆمەڵایەتیو ریزەكانی خەباتی مەدەنیو سیاسی، بەهێز بكاتو بڵندگۆی ئازادیو دیموكراسیو دادپەروەری كۆمەڵایەتی بیت .
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هاوكات لەگەڵ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی كۆمەڵە، جەخت لەسەر پێویستی پێكهێنانی چەتر یان بەرەو ئیئتیلافێك لەنێوان هەموو حیزبەكانی كوردستان دەكاتەوەو هەوڵەكانی خۆی بۆ دەستبەركردنی ئەم ئەركە چەند بەرابەر دەكاتەوە.
بەرپرسایەتی ئەمڕۆ ئەم ئەركە دەخاتە ئەستۆی هەموومان كە بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم بابەتە گرنگە پڕاوپر تیكۆشین. هەروەها ئێمە لە ئاستی سەراسەری ئێراندا هەوڵی جدی دەدەین بۆ هاوكاری و یەكێتی لەگەڵ هێزەكانی دیموكرات و خوازیاری نەمانی كۆماری ئیسلامی.
هەرگۆڕانێكی دێمۆكراتیك لە ئیراندا تەنیا بە تێپەڕبوون لە كۆماری ئیسلامی و دامەزراوە و یاساكانیەوە گونجاوە. ئێمە خوازیاری گفتوگۆی كراوە وهاوكاری بەربڵاوین لە نیوان بزوتنەوەی كوردستانو خەباتی دیموكراسیخوازانەو دادپەروەرانە وپێشكەوتوخوازانەی سەراسەری ئیران.
ئێمە خوازیاری هاوكارین لە گەڵ هەمووهێزە سیاسیەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان، خۆمان بە پشتیوانو پارێزەری خەباتی خەڵكی كورد دەزانین لە عێراق، سوریە، توركیەو، لە هاوكاریو یەكێتی نێوان ئەم بزوتنەویە پشتیوانی دەكەین. داواكاری چارەسەركردنی تەنگەژەو گرفتی نێوان هێزەكانی كوردستانی سوریەینو پشتیوانی خۆبەریوەبەری خۆجێیەكی دیموكراتین لە كانتۆنەكانی كوردستانی رۆژئاوا دەکەین و لامانوایە پێویستە هەموو هێزە کوردیەکان تێیدا بەشدار بن.
پێویستە بڵێین كە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان هەوڵو خەباتی نەپساوەی خۆیو هەموو ئەركو بەرپرسایەتیەكانی لەبەرامبەر بزوتنەوەی چەپ لەكوردستانو بزوتنەوەی ئازادیخوازیو دیموكراتیكی خەڵكدا دریژەدەدات وبەوپەڕی تواناو بەرپرسایەتیەوە لە بەرژەوەندی كرێكارانو زەحمەتكێشانو هەموو چینەكانی كۆمەڵگاو ستەملێكراوان پاریزگاری دەكات .
ئیمە بە بەڵێنو بەرپرسایەتی خۆمان لەئاست بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە وەفادارینو ئاواتەخوازین لە داهاتویەكی نزیكدا بە یەكگرتنەوەی كۆمەڵە بتوانین ئارەزووی چەند ساڵەیان بێنینەدیو سەربەرزییو شانازیەكی دیكە بخولقێنین بۆیان .
پێویستە لە رۆژی كۆمەڵەدا یاد لە هەموو هاوڕێیانو لایەنگرانو كادرو ئەندامانو خۆشەویستانی كۆمەڵە بكەینەوەو لە هەركوێیەك كە هەن رێز لە خەباتو هەوڵو فیداكاریەكانیان بگرین. ئەوانەش كە رەنگە ئەمرۆ لە ریزەكانی ئیمەدا نەبن بەڵام هاوخەباتو هاوڕێی ئەم كاروانە دەبن، داواكارین كە لە پرۆسەی یەكگرتنەوەی كۆمەڵەدا گرنگی بەم پرۆسە بدەنو پشتیوانو هاوكارمان بن. پێشمەرگەكانی ئێستا خەباتو تێكۆشانی دێرینی ئەوان دەكەنە رێنوێنی رێگایان.
سڵاو رێزو خۆشەویستی خۆمان پێشكەشی هەموو زیندانیانی سیاسیو چالاكانی كۆمەڵە دەكەین لەهەركوێ كە هەن. خەباتو تێكۆشانی بێ درێغیان هیوابەخشی ریزەكانی كۆمەڵە بووەو هەیە.
بژی ئازادی
بژی سۆسیالیزم و دیموكراسی
سەرکەوێ بزوتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان
نەمان بۆ دیكتاتۆری و سەرەڕۆیی
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
٢٢ رێبەندانی ١٣٩٢ – ١١ فیوریەی ٢٠١٤