سەرەتای ئەم هەفتەیە بەهۆی هەرەسی بەفر لەناوچەی سەردەشت 4 كۆڵبەری كورد گیانیان لەدەستدا، كە ئەمەش دڵی هەر مرۆڤێكی ئازادیخوازی هەژاندو كوردستانی خەمبار كرد.
ساڵانێكی زۆرە كە كۆڵبەرانی كورد بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانیان، گیانی خۆیان دەخاتە مەترسییەوەو بۆ پەیداكردنی پاروە نانێك، زۆرجار بەهۆی دەستڕێژی گوللەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی یان رووداوە سروشتییەكانی وەك رووداوی ئەم دواییەی هەرەسی بەفر لەناوچەی سەردەشت گیانیان لەدەستداوە.
دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی لەكوردستان سەرەڕای سەركوتو كوشتاری خەڵكی كوردو خنكاندنی هەر دەنگێكی ئازاد، بە پەراوێزخستنی ناوچەكانی كوردستان لەبواری پیشەسازیو بەردەوام بوون لەسەر هەڵاواردنی ئابوریی، هۆكاری سەرەكی هەژاریی خەڵكو بێكاری لاوانی كوردستانە، دروستبوونی دیاردەی كۆڵبەریی یەكێكە دیكەیە لەئاكامەكانی سیاسەتە دژە ئینسانییەكانی كۆماری ئیسلامی لەكوردستان.
ئێمە داوا لە هەموو ناوەندەكانی مافی مرۆڤو سەرجەم حیزبە ئێرانیو كوردستانییەكان دەكەین بەرامبەر بە سیاسەتە دژە مرۆییەكانی رژیمی ئێران بێدەنگ نەبنو دەنگی كۆڵبەرانو هەموو زەحمەتكێشانی كوردستان بە گوێ جیهانیان بگەیەنن. كۆماری ئیسلامی دەبێت بە بێ هیچ مەرجێك قەرەبووی بنەماڵەی ئەو كۆڵبەرانە بكاتەوەو بە كۆتایی هێنان بە سیاسەتی هەڵاواردنی ئابوریی لەكوردستان هەلی كاری گونجاو بۆ لاوانی كوردستان دابین بكات.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە بۆنەی ئەم رووداوە دڵتەزێنەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەو كەسوكاری قوربانیانی رووداوەكە دەكاتو هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت.
سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
31/1/2017 – 12/11/1395