بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی 27ی رەشەمە، بۆ رێزگرتن لە یادی گیانبەختكردوانی گوردانی شوانو بۆ رێزگرتن لە رۆژی 27ی رەشەمە، رۆژی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە، رێوڕەسمێك لەناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەكە بە بەشداری ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی كادرو ئەندامانو هاوڕێیانی پێشمەرگە سەرەتا بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمی كۆمەڵە دەستی پێكرد. پاشان بۆ رێزگرتن لە یادی هاوڕێیانی گیانبەختكردوی گوردانی شوانو سەرجەم گیانبەختكردوانی كۆمەڵە چەند ساتێك بێدەنگی راگیرا.
لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا هاوڕێ رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەم بۆنەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.
هاوڕێ رەزا لە وتەكانیدا بە تیشكخستنەسەر گیانبازیو قارەمانییو فیداكاری هاوڕێیانی پێشمەرگەی گوردانی شوان كە لەو رۆژەداو لەساڵی 1366 لە میانەی شەڕی كۆنەپەرستانەی دوو رژیمی بەعسو كۆماری ئیسلامی، لەشەڕێكی نابەرابەر گیانیانی ئازیزیان بەختكرد، ئاماژەی بە رۆڵو كاریگەرییەكانی كۆمەڵەو خۆشەویستی كادرو رابەرانی كۆمەڵە لەناو كرێكارو زەحمەتكێشو بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان كرد.
رێوڕەسمی 27ی رەشەمە، رۆژی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە پاش بڵاوكردنەوەی چەند پارچە شیعرو سرود كۆتایی پێهات.