رۆژی 10ی جۆزەردان عەزیز محەمەد تێكۆشەری دێرین و سەركردەی بە ناوبانگی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیستی لە كوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد و بە مجۆرە كارنامەی تێكۆشانی زیاتر لە ٧٠ ساڵ خەباتی بۆ هەمیشە داخرا و چووە مێژوی گەلی كوردستان و مێژوی خەباتی چەوساوكان و خەڵكی بەشمەینەت بۆ گەیشتن بە دادپەروەری كۆمەڵایەتی و گەیشتن بە سوسیالیسم كە مامۆستا عەزیز محەمەد یەكێك لە شێلگیرترین رابەرانی ئەو خەباتە بوو.
مامۆستا عەزیز محەمەد لە زۆر قۆناخی گرنگ كە ناچار بوو لە نێوان هەڵوێستی حزبەكەی كە خۆی رابەری دەكرد و پشتگیری و دیفاع لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان هەڵبژاردن بكات، بە بێ هیچ گومانێك دووهەمی هەڵبژارد، هەر ئەم هەڵوێستە بوێرانەش بوو كە ئەوەی لە زۆرێك لە ئەندامانی رابەریی حزبە “پرۆسۆڤیەتەكان” جیا دەكردەوە.
مامۆستا عەزیز محەمەد وەك سیاسەتمەدارێكی جەماوەریی و پاك و جێی متمانە، ناو و ناوبانگی پەیدا كردو لە لاپەڕەی مێژوی گەلی كوردستان بۆ هەمیشە بە ئێحترام و رێزی تایبەتەوە دەمێنێتەوە.
ناو و یادی بەرز و بەرێز بێت
هەیئەتی ئیجرایی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ – ١ی ژوئەنی ٢٠١٧