پاش نیوەرۆی رۆژی شەممە 2ی سێپتامبر، ژمارەیەك لە هاوڕێیانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لەكۆمیتەی ئاڵمان، بەشدارییان لە ئاكسیۆنێك كرد كە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتووی زیندانی رەجایی شار ساز كرابوو.
لە ئاكسیۆنەكەدا كە لەشاری كۆڵن بەڕێوەچوو و ژمارەیەك حیزبو لایەنی كوردستانیو ئێرانی تێیدا بەشداربوون، بەشداربووان پشتیوانی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی زیندانی رەجایی شاری كەرەج دەربڕی كە نزیكەی مانگێكە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بە بارودۆخی زیندانو هەڵسوكەوتی بەرپرسانی زیندان مانیان لەخواردن گرتووە.
بەشداربووانی ئاكسیۆنەكە هەروەها ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە نادیاریوونی رامین حسەین پەناهی كە نزیكەی دوو مانگە بە برینداری دەستگیركراوە راگەیاند.
ئاكسیۆنەكە پشتیوانی خۆی لە چەندین بەندكراوی سیاسی دەربڕی كە لەمەترسی لەسێدارەداندان یان چارەنوسیان نادیارە، لەوانە: محەمەد عەلی تاهیری، د. چەنگیز قەدەم خێر، زەینەب جەلالیان، كەمال شەریفی، ئەرژەنگ داودیو… سەرجەم زیندانیانی سیاسی ناو گرتووخانەكانی رژیم.