رۆژهەڵات به مارشی جەماوەری و سروود و شەکانەوەی ئاڵا، پاڵپشتی رێفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان دەکات
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،
سبەی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر ڕێکەوتی ٢٥ی سێپتامبر، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی له باشوری کوردستان بەڕێوەدەچێ. زۆر به خۆشیەوە هەتا لە کات و ساتی گشتپرسی نزیک دەبینەوە، یەکگرتویی کۆمەڵانی خەڵک و حزبە سیاسیەکان زۆر و زۆرتر دەبێ.
لەم ماوەشدا هەڕەشە و توڕەیی داگیرکەرانی سەد ساڵەی کوردستان نەیتوانیوە ئیرادەی خەڵک و حزبەکان و رابەران و ئاڵاهەڵگرانی رێفراندۆم لاواز بکات. تەوژمی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی تا ئیستا زۆر سەرکەوتووانه هەم بزووتنەوەی کوردستانی له هەموو بەشەکان زۆرتر پێکەوە گرێداوەو، هەم مەسەلەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی له ئاستی جیهانیی چەندین هەنگاوی مەزن بەرەوپێش بردووە. متمانەبەخۆبوون، ئیرادەی هاوبەش، زاڵبونی بەرژەوەندی نەتەوەیی به سەر بیر و بەرژەوەندی حیزبیی، هەڵویستی ژیرانە، له بەرامبەر نەیارانی گشتپرسی و نیشاندانی یەکریزی و ئامادەبوون بۆ بەرپەچدانەوەی پیلانی دوژمنان، زۆرترین دەسکەوت و بایەخەکانی ئەم ماوە بوو. لە رۆژانی رابردوودا، جۆش و خرۆشی بەرچاو له رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاڵپشتی گشتپرسی هاتووەتە ئاراوە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ هەر هەوڵێک رادەگەیەنێت که کۆمەڵانی خەڵکی له رۆژهەڵات له رۆژی گشتپرسی به شێۆازی جۆراجۆر حوزووری خۆیان نیشان دەدەن.
کۆمەڵەی زەحمتکێشان هەروەها بانگەوازی خەڵکی رۆژهەڵات دەکات که به مارشی جەماوەری و سروود و شەکانەوەی ئاڵا پاڵپشتی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی له باشور بکەن. با ئەم رۆژە بکەینە رۆژی هاوخەباتی هەموو بەشەکانی کوردستان لە بەرامبەر جموجۆڵ و هەڕەشەی دەوڵەتانی داگیرکەر و لە هەمانکاتیش هاوپشتی و هاوخەباتی هەموو کورد به جیهان نیشان بدەین.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢ی رەزبەری ١٣٩٦ – ٢٤ سپتامبری ٢٠١٧