ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی٨.١٠.٢٠١٧ وەفدێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەسەرپەستی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵە بەشداری مەراسیمێک بوون کە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیان کردنی مام جەلال پێشمەرگەی دێرین و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ھەروەھا سەرۆک کۆماری پێشووی عێڕاق لەشاری ستۆکھۆڵم بەڕێوە چوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا سەرەتا بە سێ زمانی کوردی و سویدی و عەرەبی وتارێک پێشکەش کرا کە باس لە ژیانی مام جەلال و ھەروەھا خەباتی سیاسی ناوبراو کرا.
دواتر کاک عومەر شێخ مووس وەک ھاوڕێی دێرینی مام جەلال ھاتە باس کردن لە ناو و ڕەنگ و دەنگی مام جەلال لە ڕۆژنامە جیاھنیەکان و لەو نێوەشدا ئاماژەی بە چەندین پەیامی سەرەخۆشی کەسایەتیە سیاسیە بە ناوبانگەکان کرد وەک جۆرج بووش و تۆنی بلێر.
شایەنی باسە ڕێوڕەسمەکە کە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی مەدەنی پێک ھاتبوو، بە وتارەکانی مام جەلال و قسەباسەکانی لە کۆبوونەوە جیھانی و ناوخۆییەکاندا درێژەی کێشا.