هاونیشتمانە بەڕێزەكان، خەڵكی خەباتگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان…
لە لایەن ناوەندی هاوكاری حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێرانەوە، بە دڵ سپاسی هەموو لایەك دەكەین كە لە ئاستێكی بەرزی نەتەوایەتیدا بە دەم بانگەوازی ئێمەوە هاتن و ئەمساڵیش بەشکۆوە، مەراسیمی چوارشەممەسووری و جەژنی پیرۆزی نەورۆزتان، بەڕێوە برد. سەرەرای ئەوەی ڕێژیم هەوڵی دا ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە دەوڵەتی بکرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
ئێمە وەكوو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، وێڕای جەژنە پیرۆزە بە بۆنەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی كوردی، ئەوە وەبیر دێنینەوە كە یەكدەنگی و یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان و پاڵپشتی كردنی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە گشتی دەتوانێت وەك باسكێكی بەهێزی نەتەوەیی بە گژ رژێمی داگیركەری ماف و ئازادییەكانماندا بچێتەوە و هاوكات لە هەموو ئەگەرێكی سەخت و دژواردا وەكوو ئیرادەی تاك و كۆمەڵگای كوردی، هەموو كات بۆ پرسی نەتەوە و پاراستنی بەرگری لە چارەنووسی نەتەوەی كورد، لە مەیدان ئامادە بێت.
هەر وەك دەزانین سەرەڕای نەهامەتییەكانی نەتەوەكەمان لە باشوور و ڕۆژئاوای نیشتمانمان و كارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی كرماشان و كوشتار و ئێعدامی رۆژانەی لاوان و كاسبكارانی كورد، لە لایەن رژێمی دژە مرۆڤایەتی كۆماری ئیسلامی، بەرەو پیری نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی چووین و جەژنی نەوڕۆزیش لە ئاستێكی سەراسەری و نەتەوەیی لە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە جل و بەرگی کوردی و جامانەو هەوری و گوڵی سوور، کە داوای ئێمە بوو بەڕێوە چوو. نەورۆز ویرای رەهەندی كلتووری و بۆنەییكی شادی، هێما و سیمبولی خۆراگری و رۆژی بەگژداچوونەوەی زاڵم و ستەمكارە و خەڵكی وشیاری كوردستانی ئێران زۆر بە جوانی ئەو پەیامەیان بە گویی دەسەڵاتی ملهوری ئێران دا هەلێنایەوە.
حكوومەتی ئێران وەك سیاسەتی هەمیشەیی ویستی بە ئامرازی سەركووت و ترساندن و تۆقاندن، بەرەوڕووی خەڵك ببێتەوە، بەڵام خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە چەندین شوێن، بۆ نموونە شارەدێی نێ لە مەریوان بەرەوڕوویان بوونەوە و بە هەستێكی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی جەژنی نەورۆزیان كردەوە.
ئێمە، جارێكی پیرۆزبایی لە هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین و پەیمان لە گەڵ یەك دەبەستین كە لە هەموو دەرفەتێك بۆ یەكدەنگی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بۆ خاك و خەڵكی كوردستان كەڵك وەرگرین.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
۳/۱/۱۳۹۷