خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!
١٠ی خاکەلێوە، رۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی موحەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان وسەدری قازی و حەمە حوسێـن خانی سەیفی قازی یە. ٧١ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، پێشەوا قازی موحەممەد، یەکەم سەرکۆماری دەوڵەتی جمهوری کوردستان، لە چوارچرای شاری مەهاباد، ڕاست لەو جیگایەی پێشەوا قازی، جمهوری کوردستانی لێ راگەیاندبوو، بە فەرمانی موحەممەد رەزاشای پەهلەوی، لەسێدارە دران و گیانی پاكیان بەختی ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتیمانەکەیان کرد. چەند ڕۆژ دواتریش ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی سوپای میللی کوردستان و کاربەدەستانی دیکەی حکومەتی کۆماری کوردستان لە ناوچەکانی سەقز و بۆکان لەداردران.
بەوجۆرە رێژیمی حەمەرەزاشا، دوای ئەوەی کە لەئاکامی گەلەکۆمەکیەکی نێونەتەوەیی دا، توانیبووی کۆماری کوردستان لەنێوببا، بەمەبەستی سەرکوتکردنی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، شەپۆلێکی بەرینی ئیعدام و کوشتن و گرتن و ڕاونان و زەبروزەنگی لە کوردستاندا دەست پێکرد. کاربەدەستانی دەوڵەتی تاران پێیان وابوو بەو کارە دەتوانن بیری ئازدیخوازی لەنێو خەڵکی کوردستاندا بۆ هەمیشە لە نێوبەرن. بەڵام هەروەک پێشەوا لەکاتی لە سێدارەدانیدا ڕوو بە داگیرکەران ڕایگەیاند:”بەکوشتنی من بیری کوردایەتی و ئازادیخوازی لە کوردستاندا نەک هەر لە بەین ناچێ، بەڵکو لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبێ “ ڕووداوەکانی دواتر ڕەوایی ئەو ووتە حەکیمانەی پێشەوایان سەلماند کە گەلی کورد نەک هەر دەستی لە خەبات و بەرخۆدان و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەڵنەگرت، بەڵکو ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بوون بە ئیلهام بەخشی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری نەتەوەی کورد لە سەرتاسەی ناوچەکەدا. تەنانەت ئەو هەموو سەرکوت و زەبروزەنگەش کە کۆماری ئیسلامی وەک میراتگری بە حەقی ڕێژیمی شا، لەماوەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیدا بە دژی گەلی کورد بەکاری هێناوە، بە خەباتی یەکگرتوانەی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان وڵامی تووندی پی دراوەتەوە. ئەوەتا ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەبات بۆ ڕزگاریی بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.
هەر بۆیە ڕۆژی ١٠ی خاکە لێوە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، ئەگەر لەلایەک وەک رۆژێکی تاڵ و ناخۆش دەناسرێ، لە لایەکی دیکەشەوە بە ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوەو نیشاندانی یەکگرتوویی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان دادەنرێ.
ئێستا پاش تێپەرینی حەوت دەیە بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا و هەڤاڵەکانیدا، دەبینین بزووتنەوەی کورد بۆتە فاکتەرێکی بە هێزی خەبات و تێكۆشان بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێران و ناوچەکەدا. بیری نەتەوایەتی و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری کوردستاندا بە باشترین و بەرزترین شێوە خۆی نیشاندەدا. ئەوڕۆ کۆمەڵگای کوردستان گۆڕاوە و بۆتە کۆمەلگایەکی فرە چەشن و پێشکەوتوو و پلۆڕاڵ و فرەحیزب. بەڵام هەموو حیزب و رێکخراوە نیشتیمانی و دێموکراتیک و ئازادیخوازەکانی کوردستان سەرەڕای جیاوازی سیاسیی نێوانیان ڕێز لە کۆماری کوردستان و ئامانجەکانی دەگرن. ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە پێشەوا و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، نەک هەر موڵکی حیزبێکی دیاری کروانین، بەڵکوو هێمای هاوبەشی کولتوری سیاسیی و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و حیزبە خەباتگێرەکانی سەرگۆڕەپانی خەباتن لە کوردستان .
پێشەوا قازی چ لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا و چ لەوەسیەتنامەکەیدا وەک ڕێبەرێکی میللی و دڵسۆزو شارەزا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە خەباتکارانی گەلی کورد پێویستە لە بەرامبەر دوژمنانی کوردستاندا پتە و یەکگرتوو و هاودەنگ بن و لە نێوخۆشیاندا و لە بەرامبەر یەکتردا لەسەریانە نەرم و دووربین وسینگ فراوان و بە تەحەممول بن.
هەر بۆیە ئێمە ئەو حیزب و رێکخراوانەی لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئیراندا لە دەوری یەک کۆبوینەتەوە، ئەمساڵ لە ساڵڕۆژی ١٠ی خاکە لێوەدا، سەرەرای هەموو جیاوازیە حیزبی و سیاسیەکانمان،بۆ جارێکی دیکەش، لە پێناو بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی خەلکی کوردستاندا، پێکەوە پێ لەسەر هاوکاری و هاودەنگی و هاوخەباتی لە گەڵ یەکتر دادەگرینەوە. پەیمان لەگەڵ گیانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و ڕزگاری خەڵکی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە ئاڵای خەباتی ئەوان تا سەرکەوتن بەرز و شەکاوە ڕادەگرین.
لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرین و داوا لە خەلكی کوردستان دەکەین هەرچی زیاتر لەدەوری ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردستان کۆببنەوەو خۆیان رێکبخەن و ریزەکانی تێکۆشان و سەنگەرەکانی بەربەرەکانی بەهیزتر بکەن. ئەو ڕووحیە خەباتگێرانەیەی ئێوە لە بۆنە جۆراوجۆرەکانی ئەو سالدا، وەک ڕوداوی بوومەلەرزەکەی کرماشان وپشتیوانی لە کۆڵبەران و یادکردنەوەی نەورۆز دا لەخۆتان نیشاندا، بۆ ئێمەش لە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی خۆتاندا بۆتە هەوێنی یەکگرتوویی و هاوخەباتی زیاتر و مایەی دەرس لێوەرگرتن. ئێمە بە هیواو ئومێدێکی زۆرو ورەیەکی بەرزی خەباتگێرانەوە بەرەو ساڵێکی دیکە لە خەبات و بەربەرەکانی دەرۆین . لێرەشەوە بەو پەری بەرپرسایەتیەوە ڕادەگەیەنین کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و حیزب و رێکخراوە خەباتگێرەکانی ئامادەیی و توانا و زەرفیەتی ئەوە لە خۆیاندا دەبینن کە لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ناوچەدا، وەک پارامیترێکی گەورەو کاریگەر و دێموکرات دەوری خۆیان بگێرن و ئەزموونی سیاسی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی نوێی ئەو چوار دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێشەوە بەرن.
سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوا قازی و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و ڕزگاریی!
سلاو لە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان !
سڵاو لە خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان !
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی