بە یەکگرتووییتان شکۆی مانگرتنە پڕ شانازییەکەی بانە بپارێزن
کاسبکاران و بازاڕیانی بانە ماوەی زیاترلە سێ حەوتوویە لە مانگرتنی گشتی دان. ئەوان وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر گوشار و بەربەستەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لە گەڵ کار و کاسپیی سەرسنووردا مانیان گرتوە و دوکان و بازاریان داخستوە. کاربەدەستان و دەزگا حکوومەتی و دەوڵەتییەکان جگە لەوەی ئەو پەڕی بێمەسئولییەتییان بەرامبەر داوا رەواکانی خەڵکی ئەو شارە نیشان داوە، لە هیچ هەوڵ و تاکتیکێک بۆ کەلێن و تەفرەقە دروستکردن لە ڕیزی یەکگرتوانەی خەڵکی بانەی خۆراگر درێغیان نەکردوە. بەڵام خەڵکی مافویست و کۆڵنەدەری بانە، یەکگرتوویی خۆیان پاراستوە و بە بەردەوامبوون لە سەر مانگرتن و پێداگری لە سەرداواکانیان لاپەرەیەکی پڕشنگدار و کەم وێنەیان لە خەباتی مەدەنی و جەماوەری خستووەتە سەر مێژووی خەباتی حەقخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
مانگرتنەکە لە حاڵێکدا پێی ناوەتە چوارەمین حەوتوو، کە دەسەڵاتدارانی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی هەروا لە سەر گوێنەگرتن لە داخوازەکانی خەڵک سوورن. لە لایەکی دیکە شار و ناوچەکە بە بۆنەی بەردەوامیی مانگرتنەکە لە دۆخیکی نائاسایی دان و ئەم دۆخە لە سەر ژیان و بەڕێچوونی بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵک، کاریگەری بەرچاوی داناوە. بڕیار لە بارەی چارەنووس و داهاتووی ئەو مانگرتنە، لە دەست ڕێکخەران و بەڕیوەبەرانی ئەو حەرەکەتە دایە کە نوێنەر وهەڵقوڵاوی جەماوەری ناڕازیی بانەن. ئێمە هەر وەک لە سەرەتاوە رامانگەیاندوە، داواکانی کاسبکاران و بازاڕیانی بانە و شارە سنوورییەکانی دیکە بە ڕەوا دەزانین و، پشتیوانیمان لە مانگرتن و حەرەکەتی ناڕەزاییدەربڕینی ئەوان کردوە و دەیکەین. لەمەودواش پشتیوانی لە هەر حەرەکەتێک دەکەین کە پاریزەریی یەکگرتوویی خەڵک و هەر لەو کاتەدا زامن و هەڵگری بەردەوامیی ناڕەزایی و پێداگری لە سەر داواکان بێ. گرنگ ئەوەیە ئەم مانگرتنە شکۆمەندانەیە لە ئیستا دا، پێویستی بە نمایشێکی بە هێزی یەکگرتوویی خەڵکی بانە و هەر وەها هاوپێوەندیی خەڵکی کوردستان لە گەڵ دانیشتوانی ئەو شارە هەیە. هەر بۆیە لە خەڵکی بانە داواکارین یەکگرتوویی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو بپارێزن، و بە راگرتن ونیشاندانی ئەو یەکگرتووییە درێژماوەترین مانگرتن وحەرەکەتی ئیعترازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەننە چڵەپۆپە. لە خەڵکی شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش داواکارین لە سەر هاودەنگی و پشتگیریی خەڵکی خۆراگری بانە وشارە سنوورییەکان بەردەوام بن.
دڵنیاین خەڵکی بانە و شارە سنوورییەکانی دیکە(مەریوان، پاوە، جوانرۆ، سەردەشت، پیرانشار، شنۆو … )ئەزموون و دەسکەوتەکانی ناڕەزایتیدەربڕینەکانی ئەم جەند حەوتووەی دوایی خۆیان دەپارێزن و دەیانکەن بە هەوێنی بەردەوامبوون لە سەر داخوازە رەواکانیان لە داهاتوودا.
سلاو لە یەکگرتوویی و خۆراگریی خەڵکی بانە،
سەرکەوتن بۆ داواکانی جەماوەری ناڕازیی شارەسنوورییەکان،
بۆ پێشەوە بۆ دووبارە کردنەوەی حەماسەی یەکگرتوویی و هاوپێوەندیی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
شەوی ١٧ لە سەر ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧
٧لە سەر ٨ی مانگی مای ٢٠١٨
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
حیزبی دیموکراتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران