بەبۆنەی یادی 40 ساڵەی راگەیاندنی خەباتی ئاشكرای كۆمەڵە، بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزبو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانو ئەندامانی رێبەریو كادرو پێشمەرگەكانی كۆمەڵە، رێوڕەسمێكی شكۆدار لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
پاشنیوەرۆی رۆژی شەممە 27ی رێبەندانی 1397، بۆ رێزگرتن لە 40 ساڵ خەباتی ئاشكرای كۆمەڵەو رێزگرتن لە گیانی ئازیزی هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمی كە لە رۆژی 26ی رێبەندانی 1357ی هەتاوی گیانی ئازیزی بەخت كرد، رێوڕەسمێك لەناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمیی كۆمەڵەو چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دەستی پێكرد.
پاشان هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە بەم بۆنەوە قسەوباسێكی پێشكەش بە بەشداربووان كرد.
هاوڕێ عومەر لە وتەكانیدا بە ئاماژە بە یادی 40 ساڵەی راگەیاندنی خەباتی ئاشكرای كۆمەڵە هاوكات باسی لە 40 ساڵ دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئێسلامی لە ئێران كرد كە لەماوەی ئەم چوار دەیەدا ماڵوێرانیو رۆژ رەشیو توشی خەڵكانی ئێران كردوە. باسی لەوەش كرد كە كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆو لەناوچەكەش توشی قەیرانی جیدی بووەو بزوتنەوەی گەلانی ئێران بەتایبەتی بزوتنەوەی خەڵكی كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ پەرەدەستێنێتو خوزیاری روخانی ئەم رژیمەیە.
هاوڕێ عومەر لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئەركو سیاسەتەكانی كۆمەڵە لەم دەورەی بۆ تەوەر گەڕاندەوە، كە پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەییو رزگاری خوازانەی گەلی كوردو پشتیوانی لە مافی رەوای خەڵكی كرێكارو زەحمەتكێشی كوردستانە.
سكرتێری گشتیی كۆمەڵە لەقسەكانیدا هەروەها داوای لە سەرجەم حیزبو لایەنە سیاسییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان كرد پشتیوانی جیدی بزوتنەوەی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بن.
لە رێوڕەسمەکەدا وتاری رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد بە بۆنەی یادی ٤٠ ساڵەی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە لەلایەن هاوڕێ ئارێز محەمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوەکە خوێندرایەوە. هەروەها دوو پارچە هۆنراوە لەلایەن ژنە شاعیری کورد خاتوو لەیلا سۆفی سوڵتانی و خاتوو بەیان سوهرابی پێشکەش کرا.
لەدرێژەی رێوڕەسمەكەدا چەندین سرود لەلایەن هاوڕێیانی بەشی هونەری كۆمەڵە و هەروەها منداڵە چاوگەشەکان “سادۆنیا” و “هاوژین” پێشكەش كرا.
لەمیانەی مەراسیمەكەدا پەیامو بروسكەی پیرۆزبایی حیزبو لایەنە سیاسییەكانی بەشدار خوێندرایەوە كە بریتی بون لە پەیامی:
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان – پەیوەندییەكانی كوردستانی
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان سلێمانی – هەڵەبجە
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
سەرکردایەتی کۆما جڤاکین کوردستان – کەجەکە
پارتی ئازادی کوردستانی سوریا
حیزبی شیوعی كوردستان – كومیتەی پارێزگای سلێمانی
حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران – پەیوەندییەكانی سلێمانی
یەكێتی دیموكراتی كوردستان – ئێران
حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان – كومیتەی 2ی خەبات
لێپرسراوی بازگەی ئاسایشی دارەرەش، بەڕێز دڵشاد ساڵح عەبدوڵا
…