کارەساتی جەرگبڕی گیانبەختکردنی گوردانێک لە تێکۆشەرانی خۆنەویستی کۆمەڵەو ئاڵاهەڵگرانی شۆڕشی چەوساوەکان خەسارێکی گەورەو قەربوو نەکراوەیە، نەک تەنیا بۆ کۆمەڵەو بۆ هێزی پێشمەرگە، بەڵکوو بۆ گووتاری یەکسانیخوازی و هاوسان ژیان.
گوردانی شوان بەشێک لە هێزی ئازاو جوامێری کۆمەڵە و پەروەردەی ئامێزی دایکانی هەمیشە سەربەرزی سنەیی، ئەو دایکە قارەمان و کۆڵنەدەرانەی کە زۆربەی گوند و شاخ و پێدەشتی کوردستان دەیانناسێتەوە. ئەوان تەنیا مناڵەکانیان گەورە نەکرد، بەڵکوو لە پێشمەرگایەتیشدا هاوڕێ و هاوبەشی خەباتیان بوون، بەجێگەیە کە ئێمە لە یادی سەوڵە سەربەرزەکانی گوردانی شوانی قارەماندا دایکانی هەمیشە خۆڕاگر و قارەمان لە یاد نەکەین و سڵاو بنێرین بۆ خۆڕاگرییان، سڵاو لە ئامێزی پڕلە شانازییان کە کوڕان و کچانیان بوون بە هێمای قارەمانی و خۆڕاگری. سڵاو لە دڵی گەورەیان کە ئەو کۆستە گرانەیان تەحەمول کەرد و دیسانەوە هەر لە سەر رێبازی کچ و کوڕەکانیان مانەوەو هەردەم ورەو گوڕوتێنیان بە شۆڕش و خەباتی چەوساوەکان دایەوە.
گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوان تا ئێستاکەش زامێکی ساڕێژ نەکراوەو هەموو چەوساوەکان و یەکسانیخوازان ئازار ئەدات.
بەداخەوە رۆژێك پێش لە کارەساتی گیانبەختکردنی گوردانی شوان شاری هەڵەبجەی دڵی هەورامان لە لایەن رژیمی رووخاوی بەعسەوە کیمیاباران کراو پێنچ هەزار خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی شەڕی ماڵوێرانکەر و جێنایەتکارانەی ئێران و ئێراق.
هاوڕێیانی ئێمە ئەودەم میوانی هەورامان بوون کە بەداخەوە میوان و خانەخوێ خوێنیان تێکەڵ بوو و بەم شێوەیە نەک تەنیا کوردستانی باشوور و هەڵەبجە بەڵکوو کوردستانی رۆژهەڵات و سنەی خۆێناویش دیسانەوە تازیەبار کرا.
لەم ساڵیادەی زامدار بوونی کوردستاندا و لە یادی گیانبەختکردنی هاوڕێیانی گوردانی شوان ئەو ئەرکە وەبیر خۆمان دێنینەوە کە بە شانازیەوە لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستاندا سەرسەخت و کۆڵنەدر و لە بەر هیچ ئیمتیاز و دەسکەوتێکی بچووک و بەرتەسکی حیزبی لە گەڵ نەیاران و ئەوانەی چاویان بە بزووتنەوەی رزگاریخۆازی خەڵکی کوردستان هەڵنایا و حاشا لە مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان ئەکەن، سازش نەکەین و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و یەکسانی راستەقینەی رەگەزی و کۆمەڵایەتی و … لە نێو بزووتنەوەی رزگاریخۆازی خەڵکی کوردستاندا ئەولەویەتی کارمان ئەبێت.
لێرەوە داواکارین لە هاوڕێیان و ئەندامانی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات کە لە هەڵسووکەوت و کرداری سیاسیاندا پرەنسیب و بەهاکانی کۆمەڵە و پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بەر چاو بگرن تا ئەو شانازیە هەمیشە گوڵی گەشاوەی بەرۆکیان بێت.
یادی هاوڕێیانی گوردانی شوان و هەموو گیانبەختکردوانی کۆمەڵە بەڕێز بێت.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان –رێکخراوی دەرەوەی وڵات