ڕاگەیاندنی کەمپەینی “بێدهنگی بشکێنین” لەلایەن ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات
لە کۆمەڵگای ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و بە لەبەرچاوگرتنی یاسا دژەژنەکانی ئەو چوارچێوە سیاسیە، بارودۆخی ژنان لە ئاستی تاک و کۆمەڵگادا نەتەنیا بەرەو باشتر بوون ناچێت، بەڵکوو هەتا دێت پەت پساوانەتر رووی لە وێرانی و خراپی دەبێت و بە بێ ئەوەی خۆمان لێی وشیاربین بەرەو بە کولتورکردنی ئەو جۆرە لە روانین بە ژنانمان دەبات.
ئێمە چالاکانی مافی ژنان لە کوردستانی رۆژهەڵات، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بۆ پێشگرتن بە پەرەسەندنی هەرچی زیاتری توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و بەتایبەت کوردستان بێدەنگ نەبین و بەرانبەر ئەم شێوە سیستماتیکە لە ئاپارتاید هەڵوێست بنوێنین. بە بڕوای ئێمە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین رێگەکانی نەهێشتنی توندوتیژی شکانی بێدەنگییە و دەنگ هەڵبڕین باشترین چارەسەرە؛ بە واتایەکی دیکە بە هەمان رادەی کە دەبێ هەوڵمان بۆ شکانی بێدەنگی چڕتر بکەین، دەتوانین بە هەمان رێژەش توندوتیژی کەمرەنگ بکەین.
هەر بۆیە بە راگەیاندنی کەمپەینی “بێدەنگی بشکێنین” هەڵمەتێک دەخەینە گەڕ بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو زوڵم و زۆر و ئەشکەنجە و ئازارێک و دەنگی کپ کراوی ژنان دەبین.
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات
۱۳۹۸/۸/۲۳هەتاوی
۲۰۱۹/۱۱/۱٤ زایینی
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات لە لایەن پێنج رێکخراوی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات پێک هاتووە کە بریتین لە:
رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران