لەسەر کارەساتی لافاوی بەلووچستان
هاونیشتمانانی خۆشەویست!
کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!
خەڵکی مرۆڤدۆستی کوردستان!
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلی باران بارین لە ئێران و بە تایبەتی لە پارێزگای بەلووچستان کە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٠ی بەفرانبارەوە دەستی پێ کردبوو، بوو بە هۆی لافاوێکی کاولکەر کە لە ماوەیەکی کورتدا چەندین شار و شارۆچکەی ئەو پارێزگایەی گرتەوە و وێرانییەکی یەکجار بەربڵاوی بە دوای خۆیدا هێنا.
بەهۆی ئەو لافاوە بەشێکی زۆر لە خەڵک کە لە نێو خانووە قوڕی و خشتییەکان و لە ژێر گوشاری هەژاری و ستەمی چەندقات و چەوسانەوەی سیستماتیک و ئامانجداردا دەژیان، بە تەواوی ماڵ و حاڵیان خاپوور و شپرزە بووە، چەندین کەس گیانیان لە دەست داوە و بەهۆی سەرڕێژبوونی ئاوی بەنداوەکان، سەدان گوند کەوتوونەتە ژێر ئاو و چۆڵ کراون. ئەوە چەند ڕۆژە کە لافاولێدراوان لە گەمارۆی لافاو و سەرما و برسێتیدا چاوەڕێی گەیشتنی خێرا و بەپەلەی یارمەتیی مرۆیین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە نێو کاربەدەستانی ڕێژیمدا هیچ جۆرە هەستکردن بە بەرپرسێارێتییەک نابینرێت و تەنانەت لە ڕووی ڕووماڵکردنی هەواڵ و بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی ئەو کارەساتە مرۆیی و ژینگەییەشەوە سیاسەتی بایکۆتی خەبەری و پەراوێزخستن و حاشالێکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان لەو هەرێمە بەڵالێدراوەدا هەروا درێژەی هەیە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە، داوا لە خەڵکی ئێران و کوردستان دەکات بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ، یارمەتییە مرۆییەکانی خۆیان بگەیەننە خەڵکی بەشمەینەتی ناوچە لافاولێدراوەکان و ڕێگە نەدەن خەڵکی بێدەرەتانی ئەو دەڤەرە پەراوێزخراوە لەوە زیاتر ببنە قوربانی کەمتەرخەمیی کاربەدەستان و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕێژیم.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە خێرخوازی و مرۆڤدۆستەکان دەکەین فریای خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکانی بەلوچستان بکەون و بە گەیاندنی یارمەتیی خێرا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بەو خەڵکە بەشمەینەتە، ڕێگا لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر بگرن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٤/١٠/١٣٩٨ی هەتاوی
١٤/١/٢٠٢٠ی زایینی