نەورۆز و مانای نوێی ئەم سەردەمە
لە سەدەی بیستەم و پاش هاتنە ئارای چەمکی نوێی دەوڵەت نەتەوە، سەری کورد بە هەزار و یەک هۆکار بێ کڵاو مایەوە و کوردان لە پێکهێنانی دەوڵەت و وڵاتی تایبەت بەخۆیان بێ بەشکران. وڵاتانی داگیرکەر و باقی خەڵکانی دیکە کەوتە گیانی پاشخان و هەمبانەی پڕبەهای مێژووی کلتووری ئەو گەلە. ئەم بەتاڵان و تاراج بردنە یان هەوڵ بۆ تاراج و تاڵان کردنە بە هیچ کام لە بوارەکانی موسیقا و هونەر و زمان و ئەدەب و کەسایەتی و شوێنەوار و عەرز و ئاسمانەوە نەوەستاوە. دەوڵەتی نوێی تورکی هەر نکۆڵی لە کورد بوون کردووە، عرووبە و ئیسلامی و بە تایبەتی شیعەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە کورد مرۆڤ نییە و جن و جڕوجانەوەرە، سوریا مافی ناسنامەی هاوڵاتی بوونی لە زیاتر لە نیومیلۆن کەس زەوت دەکرد و کردووە ئیسلامی سیاسی شیعەی ئێرانی بەناوی ئەوەی ئێمە هەر یەکین و براین هەموو شتێکی بەناوی خۆیەوە کردووە و نەورۆز یەکێک لەو هێما و جەژنە نەتەوەییانەیە.
ئەوەی لەم وتارە تیشکی دەخرێتە سەر هەڵسووکەوتی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانییە (لە سەر بنەمای فارساندن و بە شیعە کردن) و مەبەستی کوردانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. ڕژیمی پێشووی (پاشایەتی) ئێران کە خۆی بوژێنەرەوەی ناسیونالیزمی ئێرانی پێناسە دەکرد و سواری کۆڵی مێژووی کۆنی فەلاتی ئێران بوو، لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی هیچ کام لە بۆنە و شوێنەوارە کۆنەکانی کورد نەدەپرینگایەوە. شا و پاڵەوان و سیلسیلە حوکمڕانییەکانی کوردی دەکرد بە ناوی خۆیەوە ئەدەبیات و تەنانەت لە شێواندنی بەشێکی زۆر لە شوێنەوار و بەڵگە مێژووییەکانی خۆشیان کە باسی دەسەڵاتداری و خاوەندارییەتی کوردان بە سەر فەلاتی ئێران دا دەکرد دەستی نەپاراست، بەڵام دواجار شۆڕشێکی ئیسلامی دەسەروشەدەی شێواندن و ڕەگ و ڕیشەی هەڵتەکاند.
دەسەڵاتی نوێ کە بارگاوی بوو بە بیری شوینیزمی فارسی و شیعەی عەرەبی هەموو دام و دەزگاکانی خستەگەڕ بۆ دژایەتی و سڕینەوەی شوناس و ناسنامەی گەلی کورد. بەر لە هەر شتێک پێڕەوی کوردانی ئایین و ئایینزایی جیاواز و جیاجیای کردە عەیبە و هەڵگیرساندنی شەڕ و جیاکاری و دووبەرەکی نانەوە، نکۆڵی و بێ مافی پەیڕەوانی کەمایەتییە ئاییزاییەکانی کردە یاسا، بە پێچەوانەی دەسەڵاتی پێشوو کەوتە خراپە وتنی شا و حوکمڕانانی مێژووی ئێران و پێی دەوتن تاغووتی. هەموو بۆنە و جەژنە نائایینییەکانی بە ئاگرپەرەستی و جەهالەت لێک دایەوە و قەدەغەی کردن و لە بەرامبەردا کەوتە هەوڵی چەسپاندنی کلتوور و ئایینی عەرەبی و ئیسلامی. کوردانی بە نەوەی جن و دێو و درنج ناساند، بە خەڵکانێکی نائەمین و توندئاژۆ و توندوتیژ پێناسە دەکرد، خاکی کوردستان وەک جەرگی زولەیخا لەنێوان ئوستانە جیاجیاکان لەت و پەت کرد و لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ بە فەرمانی ڕێبەرە جینایەتکار و دواکەوتووەکەیان هێرشیان کردە سەر خاک و خەڵکی کوردستان.
دەیەی یەکەم هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی دەیەی جێگیرکردن و چەسپاندنی کۆماری ئیسلامی و نیزامەکەی بوو کە شەڕی لەگەڵ عێراق کردە دەرفەتێکی بۆ سڕینەوە و ئیعدام و کوشتوبڕی زۆرینەی ئەو کەسانەی دژی کۆماری ئیسلامی و ئایدیاکەی بوون. نەورۆز ئەگەر لە ساڵانی پێش شۆڕشی ئێران وەک بۆنەیەکی لووکس و ناوازە لە لایەن دەسەڵات و حکوومەتەوە بەڕێوە دەچوو، لە سەردەمی ڕژیمی تازە دامەزراوە ڕەنگ و بۆنی ئایینی پۆشی و دەسەڵات هەموو هەوڵی دەدا کە سنووردار و بە پێی ڕێ و شوێنی شەرعییەوە بەڕێوە بچێت. هەڵکردنی ئاگر و بەبێ حیجابی زۆرەملی و سەمای ژنان و کچانی قەدەغە کرد. خەڵکی کوردستانیش سنووردار لە کۆڕ و کۆمەڵی خۆیاندا نەورۆزیان دەکردەوە، شەوی نەورۆز لاوانی گوندی ئاگرێکیان لە سەر شاخ و بەرزاییەکان دەکردەوە، ڕۆژی نەورۆز منداڵان دەچوونە بەر ماڵان و داوای نەورۆزانەیان کردووە و ئێوارێی نەورۆز لاوان و مێرمنداڵان هەلاوومەلاوەیان دەکرد. ئەم دۆخە تا کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی بەردەوام بوو، بەڵام سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوی بەرەبەر نەورۆز و بەڕێوەچوونی ئاهەنگە نەورۆزییەکان لە ناو خەڵک و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان پەرەی سەند. بە بڕوای نووسەر نەورۆز و ڕێ وڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ٤ تایبەتمەندی هەیە کە بریتین لە؛
١.سەلماندنی کوردانەبوونی نەورۆز؛ لە ماوە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بە دوای سەرهەڵدانی چەمکی دەوڵەت_نەتەوە لە جیهاندا، گەلی کورد لەم مافە بێ بەشکرا و نەیتوانی خاوەنی کیانی سیاسی سەربەخۆی خۆی بێت کە بتوانێت مۆرکی کوردانە لە کلتوور و داب و نەریتی و سامانە نەتەوەییەکانی خۆی بدات، لە بەرامبەردا گەلە دراوسێکانی کورد بێ ئینسافانە و ڕووهەڵماڵدراوانە کەوتنە دزین و بەناویخۆوە تاپۆ کردنی ناسنامە و شوناس و سامانە نەتەوەییانەی کورد جا لە مێژوو و مۆسیقاوە بگرە تا زمان و وشە و ناو و بۆنە و ئاهەنگ و جوگرافیا. یەکێک لەو بۆنانە “نەورۆز” بووە. ئاهەنگە نەورۆزییەکانی ئەمساڵانەی دوایی بە کردەوە ئەم پیلانەی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ کردووەتەوە و شەپۆلی بەرفراوانی خەڵکانی غەیرە کوردی ناوچە جیاجیاکانی ئێران بۆ کوردستان و بەشداری لە ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکان ئەوندەی دیکە کۆماری ئیسلامی بەو ئاهەنگانە پەست کردووە. بە واتایەکی تر کوردانی ڕۆژهەڵات بە کردەوە بوونەتە خاوەنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی خۆیان.
٣٠ سێپتامبری ساڵی ٢٠٠٩ دوازدە وڵاتی جیهان (ئێران، عێراق، تورکیە، ئەفغانستان، ئازەربایجان، تورکەمەنستان، قرقیزستان، تاجیکستان، پاکستان، هند و ئۆزبەکستان_ بە بێ کوردستان) نەورۆزیان وەک “میراتێکی بێ شوێنەواری مرۆڤ” پێشکەش بە ڕێکخراوی یونسکو کرد کە دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان “نەرۆز”ی وەک ڕۆژێکی جیهانی بەڕەسمی ناسای. کاردانەوەی کۆمار ئیسلامی بەرامبەر بە ئاهەنگە نەورۆزییەکان جا چ بە دەستەوە گرتنی بەڕێوەبردنی هەندێک ڕێ و ڕەسمی لە هەندێک شوێنی دیاریکراو و یان بانگەشە و بانگەواز کردنی بەڕێوەبردنی نەورۆز لە تاران و یان لەمپەرتارشین لە سەر ڕێی گەشتیارە نەورۆزییە غەیرە کوردەکان بۆ کوردستان لە زومرەی ئەو پیلانانەی کۆماری ئیسلامی بووە دژ بە نەورۆزی کوردەواری.
جێی ئاماژەیە کە ئەم ناڕاحەتی و تەنگاو بوونە بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کۆتایی نەهاتووە و ناسیونالیستە توندئاژۆ و دەمارگرژەکانی ئێرانی و ئێران شەهریش ئەم خەمەیان لێ نیشتووە و ئەوانیش کەوتوونەتە خۆ بۆ دەرهێنانی چەکی نەورۆز لە دەستی کورد.
٢.وەستانەوە و ئاڵەنگاری کولتووری داسەپاوی کۆماری ئیسلامی؛ نەورۆزی کوردەواری کە ئاهەنگ و ڕێ و ڕەسمی تایبەتی خۆی هەیە کە بریتین لە سازدانی ئاپۆرەی جەماوەری، کردنەوەی ئاگر بە دەستی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی کوردستان بە تایبەتی دایکانی شەهید، شایی و سەما بە دەوری ئاگری نەورۆزی و ئازادی ژنان و کچان لە پۆشش و سەما و هەڵپەڕکێ هەموو لەگەڵ بنەما ئیدئۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی ناتەبایە. ئاڵەنگاربوونەوەی بنەما ئیدئۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێزی جەماوەر لە چەند کاتژمێری بەڕێوەبردنی ئاهەنگ و ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکان پاشەکشەی ئاشکرای کۆماری ئیسلامییە بە ئیرادە و یەکگرتووەی جەماوەر. بیرمان نەچێت کۆماری ئیسلامی بە درێژایی چل و پێنج ساڵی ڕابردوو هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و چاوترسێن کردن، چەواشەکردنی و تەفسیری پێچەوانە، تەرخانکردنی میلیارەها دۆلار و نانەوەی داو تەماحبەخستنی خەڵکی کردووەتە پیشە تا بتوانێت کولتووری شین و ماتەمگێڕی و قوڕپێوان، بەحەرام ناساندنی سەما و هەڵپەڕکێ، سەپاندنی حیجاب و پۆششی زۆرە ملی، زەم و خراپە وتنی ئاگر و و بەئاگرپەرستی ناساندنی جەژنی نەورۆز و… کە ئاهەنگە نەورۆزییەکان هەموو ڕیسەکانی کردووەتەوە بە خوری.
٣.گشتپرسی و ڕێفراندۆمی جەماوەری؛ بە درێژای ئەم ساڵانەی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و سەپاندنی سیستمێکی دیکتاتۆری و لە هەمانکاتدا سەرکوت و داپڵۆسینی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، دەرفەتی بەڕێوەچوونی گشتپرسی و هەڵبژاردن بۆ خواست و ویستی خەڵکی کوردستان مسۆگەر نەبووە و چاوەڕوانیش ناکرێت تا لە سەرکار مانی ئەم ڕژیمە ئەم دەرفەتە بە شێوەی ڕەسمی بێتە ئاراوە، بەڵام ئاهەنگ و ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکان بە لەبەرچاوگرتنی دوو تایبەتمەندی یەکەم، مەیدانی نواندنی ئیرادەی خەڵک بووە دژی نیزام و سیستمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان. خەڵکی کوردستان، نەک نەورۆز وەک جەژنێکی کلتووری و سرووشتی، بەڵکوو وەک بۆنەیەکی سیاسی ڕۆژێک بۆ نیشاندانی ئیرادەی خۆیان سەیر دەکەن و کرداری نزیک بە ٢٥ ساڵی ڕابردووی ئەم گەلە لە نەورۆز و بۆنە نەورۆزییەکان ئەمە ئاشکرا دەکات. لە ساڵانی دەیەی ٨٠ و ٩٠ لە ژێر ڕۆشنایی و ڕێنمایی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هاوکاری جەماوەر و کۆمەڵگای مەدەنی نەورۆزەکان، ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گشتپرسی بووە لە نێوان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و پێداگری لە ناسێنە و خواستی نەتەوەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات. بە درێژای ئەم نزیک بە چارەگە سەدەیە براوەی یەکەمی ئەو ڕێ و ڕەسم و گشتپرسییە خەڵک و ویستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بووە، بەڵام لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا بە دوای سڕ بوونی ناوەندی هاوکاری (کارنەواڵ و گشتپرسی نەورۆز) ئەم ململانێیە جیا لە پاراستنی جەوهەری وەستانەوەی خۆی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و ئیدیۆلۆژی ئەو ڕژیمە، تاڕادەیەک بووەتە مەیدانی زۆرانبازی دوو وێژمانی کۆمەڵە و دێمۆکرات. ئەم دوو حیزبەی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەرەڕای خاڵی هاوبەشی زۆریان وەک دوو ڕکابەری دێرین کە هەر کامیان نوێنەرایەتی وێژمانێکی تایبەتی دەکەن، بانگەشەی بەرزکردنەوە و دەرخستنی هێما و سیمبولی تایبەتی خۆیان لەوە ڕێ و ڕەسمانەدا دەکەن.
٤.کاتالیزۆری نەتەوەسازی کوردی؛ تایبەتمەندییەکی دیکەی نەورۆزی کوردەواری گێڕانی ڕۆڵێکی خێرایی بەخشە بە پرۆسەی “نەتەوەسازی کوردی”! لە دێر زەمانەوە و بە تایبەتی تر لە ٦٠، ٧٠ ساڵی ڕابردوو بە پیلان و بە بەرنامە هەوڵی پەراکەندە و پەرتەوازەیی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەت لە ناوەند دراوە. یەکەم جارەکان بە دابەشکردنی ناوچە کوردستانییەکان بە سەر ئۆستانی جیاجیا و شکاندنی قورسایی هێزی کورد لە یەک ئۆستاندا گورزی کاریگەر لە پەیکەری جوگرافیایی و سیاسی کورد کەوت. ئەمە جیا لە دابەشکردنی کورد بە سەر ئۆستانەکانی کوهکیلوویە و بویرئەحەمەد، ئیلام، کرماشان، هەمەدان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، بڕدانی خاکی کوردستانی بۆ قەوم و ئیتنیکی دیکەی ئێرانی بە دواوە بووە. لە هەڵمەتی دووهەمدا جیاکاری و جیاوازیکردنی کوردەکان بووە لە سەر بنەمای پێڕەوی کردن لە دوو ئایینی شیعە و سونە و باقی ئایین و ئایینزاکانی دیکە. گەڕانەوە شکۆی کورد بوون وەک سەوڵی قایمی وەستانەوە بەرامبەر بە ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی لە پاش ڕاپەڕێنی گەورەی “ژن،ژیان،ئازادی” پاڵنەرێکی بەهێز بووە بۆ پرۆسەی نەتەوەسازی کوردی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. دیارە ئەم پرۆسەیە سەرەتا بە پێشگرتن لە ئاسمیلاسیۆن و توانەوەی کورد لە زمان و کلتووری ئیرانی فارسیلیزە دەستی پێکرد و هەوڵ بۆ لەباوەشگرتنی بزووتنەوەی کوردی بووە بۆ ناوچە هەر باکوور و هەر باشووری کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە، کە لە سەردەمی بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی ئەزگەڵەی کرماشان و سەرپێڵی زەهاو ڕیتمێکی خێراتری بەخۆیەوە بینی، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەم ئاهەنگ و ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییانە خێراییەکی کەم وێنەی بەخشیوەتە هەڵەسووهێنانەوە و بوژانەوەی هەستی کوردانە و موتربەکردنی و یەکێتی زۆرتری نێوان هەموو کوردی ڕۆژهەڵات.