بەشی یەکەم
پێشەکی
پاش هێنان و بردنێکی زۆر سەرەنجام مەسعوودی پزشکیان وەک سەرکۆماری ڕژیم لە لایەن عەلی خامنەییەوە دیاریکرا. هەروا کە پزشکیانیش لە مەجلیسی ئیسلامی بۆ داکۆکی لە وەزیرە پێشنیارکراوەکانی خۆی بە ڕاشکاوی وتی «پێشووتر لەگەڵ عەلی خامنەیی هەموویانیان تاوتوێ کردوو و جا لیستەکەمان داوە بە مەجلیس»، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە ٧ی خەرمانانیش خامنەیی وتی؛ «پێشووتر لەگەڵ سەرۆک کۆمار هاوئاهەنگ بوون بۆ دیاریکردنی وەزیرەکان». ئەمە جیا لەو ڕەوتەباوەی پاش هاتنەسەرکاری خامنەییە کە وەزیری دەرەوە دەبێ لە لایەن «ڕێبەر»ەوە دەستنیشان بکرێت و بەڕێوەبەری سیاسەت و ڕوانگەی خامنەیی بێت، کەواتە هەڵەمان نەکردووە ئەگەر سیاسەت و ڕوانگەی خامنەیی بە سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامی بزانین. لەم زنجیرە وتارەدا هەوڵ دەدرێت گرنگترین ئاڵەنگارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا تاوتوێ بکەین.
سەرەڕای داروینیستی و تا ڕادەیەک ڕەگەزپەرستانە بوونی تیئۆری «ئۆرگانیک»، فریدریک راتزل لەو بڕوایەدا بوو کە وڵاتان و یەکە سیاسییەکان وەک بوونەوەرەێکی زیندوو لە دایک دەبن، گەشە دەکەن، گەورە دەبن، لە شەڕ و ململانێی بەقا و مانەوەدا بەشداری دەکەن و ڕەنگە لەناویش بچن و بفەوتێن. کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی سیاسی لە ئێران ژینگە و جوگرافیایەکی دیاریکراوی هەیە، بە دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی هاتووەتە سەرکار، ساڵانێک بۆ چەسپاندنی خۆی لە ناوخۆی ئێران جەنگاوە و جینایەتی کردووە و ئەمڕۆکە لە شەڕ و پەلەقاژەی مانەوەدایە، چونکا مەرگ و فەوتانی بینیوە. ئەو وتە نەستەقەی کارل فون کلاوزویتس (Carl von Clausewitz) کە دەڵێ؛ «سیاسەتی دەرەوە درێژەی شەڕە بە کەرەستەی دیکەوە!» تا ڕادەیەک وێنایەکی گشتی بەڵام لێڵمان لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ دەنەخشێنێت.
کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا لەگەڵ جیهانی دەرەوە لەگەڵ ئەم ئاڵەنگارییانە بەرەڕووە کە بریتین لە؛
١.گەمارۆ ئابوورییەکان و تەریک کەوتنەوەی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی؛
٢.چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکان و هەوڵ بۆ بووژاندنەوەی «بەرجام» یان هەر ڕێکەوتنێکی دیکە؛
٣.قووڵبوونەوەی بەریەک کەوتنە ناوچەییەکان؛
٤.ئاڵۆزی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئۆرووپایی؛
٥.پێوەندییەکانیان لەگەڵ چین و ڕووسیە؛
٦.مافەکانی مرۆڤ و پرسە ناوخۆییەکان؛
٧.قەیرانی ئابووری و ئاڵەنگارییە کۆمەڵایەتییەکان؛
ئاڵەنگارییە جیهانییەکانی دەوڵەتی چواردەیەمی لە ئێستادا
گەمارۆ ئابوورییەکان و تەریک کەوتنەوەی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی؛
لە ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ (٤ی نوامبر ١٩٧٩) کە خوێندکارە توندڕەوەکانی پێڕەوی خومەینی بە سەر دیواری باڵوێزخانەی ئەمریکادا هەڵگەڕان و ٥٢ باڵوێز و کارمەندیان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتەگرت، گۆڕانێکی گەورە و جیددی لە ڕوانگە و پێوەندی وڵاتانی جیهان بەرامبەر بە ڕژیمە نوێکەی خومەینی لە تاران هاتەئاراوە. ئەم بارمتەگیرییە و وتاربێژییەکەی خومەینی لە دوایین هەینی مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٥٨ و هەڕەشەی سڕینەوەی نەخشەی ئیسرائیل لە سەر گۆی زەوی و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی شیعەی ئێرانی بۆ هەموو جیهان جیا لە دەرخەری ناوەرۆکی شەڕەنگێزی و نائاسایی بوونی ئەم ڕژیمەی درخست، سیاسەتی تا ئێستای ئەم ڕژیمە بووە لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەلگای جیهانی.
تا ئێستا دوژمنایەتی ئەمریکا، سڕینەوەی ئیسرائیل لە سەر نەخشەی جیهان، هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی شیعە، سێ کوچکەی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بوون کە تەنانەت مەرگی خومەینیش کاریگەری نەبوو لە سەری، بگرە توندوتیژتریشی کردەوە. واتە لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە ئەم ڕژیمە نەیویستووە وەک ڕژیمێکی ئاسایی لە کۆمەڵگای جیهانی وەربگیردرێت و هەر بۆیەش پرۆگرامە گوماناوییە ناوکییەکەشی لێ قبووڵ نەکراوە و بووەتە چەقی جەمسەرێکی بەریەک کەوتنی لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی.
دۆخی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و بە تایبەتی ڕۆژاوا (ئەمریکا و ئۆرووپا) بە پێی بڕیارنامە و گەمارۆکان؛
گەمارۆ تاکلایەنەکانی ئەمریکا
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٩وە و پاش هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەکەی لە تاران، تا ئەمڕۆ زیاتر لە ١٥٠٠ گەمارۆی جۆراوجۆری دژی ئێران ڕەچاوکردووە و ئەم گەمارۆیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە هۆی پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم، چالاکییە ناوکییەکان، مافی مرۆڤ و چالاکییە مووشەکییەکان قورستر و بەرفراوانتر بووەنەتەوە. لەوانە یاسای گەمارۆی ئێران (ISA) ١٩٩٦ کە گەمارۆ دەخاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی لە بەشی وزەی ئێران سەرمایەگوزاری دەکەن، یاسای دارایی و بانکی (2010-2013) دابڕانی ئێران لە سیستمی بانکی نێونەتەوەیی و گەمارۆی قورسی سیستمی بانکی و دارایی دژ بە ئێرانییەکان، یاسای خەبات دژی دوژمنانی ئەمریکا لە ڕێگەی گەمارۆوە ٢٠١٧ (CAATSA) ئەم یاسایەش گەمارۆی قورس دەخاتە سەر بەشی نەوت و گازی کۆماری ئیسلامی و لە ساڵی ٢٠١٨ بە دوای هاتنەدەرێی ئەمریکا لە ڕیکەوتننامەی بەرجام بە پێی یاسای فرمانی بەڕێوەبەرایەتی وێڕای زیندوو کردنەوەی هەندێک لەو گەمارۆیانەی کە بە دوای بەرجام دژی کۆماری ئیسلامی سڕکرابوون، کۆمەڵیک گەمارۆی نوێی قورسی دیکەی دژی کۆماری ئیسلامی ڕەچاوکردووە.
بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛
بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ بڕیارنامەی ١٦٩٦ (٢٠٠٦) دژی چالاکییەکان پەیوەست بە پیتاندنی یۆرانیۆمە، بڕیارنامەی ١٧٣٧ (٢٠٠٦) بڕیارنامە بۆ قەدەغەبوونی فرۆشی کەل و پەلی تێکنۆلۆژی هەستیاری ناوکی و موشەکی بە ئێران و دەست بە سەرداگرتنی دارایی و سامانی هەندێک کەسایەتی ئێران و دامەزراوە ئێرانییەکان لە سەرتاسەری جیهان. بڕیارنامەی ١٧٤٧ (٢٠٠٧) بڕیارنامە بۆ قەدەغە بوونی چەک و چۆڵ و گەمارۆی ئابووری و بازرگانی دژی هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی. بڕیارنامەی ١٨٠٣ (٢٠٠٨) ئەم بڕیارنامەیە بڕیار لە سەر گەمارۆی زۆرتر و لەوانە ڕەچاوکردنی چاودێری و پشکنینی بار لە ئێران و بۆ ئێرانەوە دادت. بڕیارنامەی ١٨٣٥ (٢٠٠٨) ئەم بڕیارنامەیە وێڕای پشتگیری لە جێ بە جێ کردنی هەموو بڕیارنامەکانی پێشوو دژی ئێران، داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە بەرامبەر بە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان وڵام دەرەوە بێت. بڕیارنامەی ١٩٢٩ (٢٠١٠) ئەم بڕیارنامەیە گەمارۆی بەرفراوانتر دژی ئێران دەچەسپێنێ، لەوانە گەمارۆی ماڵی و بانکی، گەمارۆی چەک و چۆڵ و گەمارۆ دژی کۆمپانیای کەشتیوانی و فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی کە بواری بۆ گەمارۆی نەوتی ئێران لە لایەن ئۆرووپا و ئەمریکاوە خۆش کرد. بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی دەستڕۆیشتووانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی (IAEA) کە سەرەتا ساڵی ٢٠٠٣ لە توێی بڕیارنامەیەک داوایان لە کۆماری ئیسلامیکرد کە چالاکییە گوماناوییە هەستیارە ناوکییەکانی هەڵپەسێرێت و لەگەڵ ئاژانس هاوکاری ڕاستگۆیانەی هەبێت و دواتریش لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٠، ٦ بڕیارنامەی دژی کۆماری ئیسلامی پەسند و خستووەیەتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.
گەمارۆکانی یەکێتی ئۆرووپا
یەکێتی ئۆرووپاش بەهۆی نیگەرانییەکانی لە چالاکییە ناوکییە گوماناوی و ڕۆڵە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەمارۆی بەرفراوانی دژی ئێران ڕەچاوکردووە. ئەم گەمارۆیان نەوت، دارایی، بازرگانی و هاتووچۆ و سنووردارکردنی ڤیزا بۆ بەرپرسان و دامەزراوە ئێرانییەکان دەبێت. هەفتەی ڕابردووش ناوەندێکی ئیسلامی لە ئاڵمان بە تاوانی ڕێکخستن بۆ کاری توندوتیژی لە هامبوورگی ئەو وڵاتە داخرا.
گەمارۆ ناوچەییەکان؛
گەمارۆکانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو(GCC)، وڵاتانی ئەندام لەو شۆرایە بە هۆی نیگەرانیان لە چالاکییە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، کۆمەڵێک گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران. جیا لەوانەش کۆمەڵیک ڕێکخراوی نێونەتەوەیی و ناوچەی لەوانە UN ، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی (OIC) و… گەمارۆی تایبەت بە خۆیان (ئەمنییەتی، سیاسی و مەزهەبی) دژی کۆماری ئیسلامی ڕەچاوکردووە.
ڕۆژانەی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی
پشتگیری تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و ناوچەیی (تاک و گرووپە پرۆکسییە ئیسلامییە توندڕەوەکان) بە هەموو توانایەوە، گرژی پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و بەریەک کەوتنیان لە سەر پرسی سوریا و بەشار ئەسەد، دەست تێوەردان و ئاژاوەنانەوە لە عێراق و هۆکاربوون بۆ نائارامی و ناسەقامگیری لەو وڵاتە، شەڕی ئاو و پەنابەری ئەفغان لەگەڵ دەوڵەتی تاڵیبان، پشتگیری لە حوسییەکانی یەمەن و تێکدانی ئاسایشی بابولمەندەب، هێرشی درۆن و بەسیج بۆ سەر ئارامکۆ و باڵوێزخانەی سعودیا (عەرەبستانی سعوودی وەک مەکۆی ئیسلام) و وڵاتانی کەنداو و گومان خستن لە سەر مافی خاوەندارەتی ئێران لە سێ دووڕگەی تونبی گەورە و بچووک و ئەبووموسلم، هەناردەکردنی ئیسلامی سیاسی شیعە بۆ هەموو وڵاتانی ئیسلامییەوە، ناکۆکی و ناتەبایی لەگەڵ ئازەربایجان، هەناردەکردنی تیمی تیرۆر یان بە خزمەتگرتنی گرووپ و مافیا تاوانکارەکان لە وڵاتانی ئۆرووپا (سوئێد، ئاڵمان، بۆلگاریستان، لەهێستان، ئاڵبانی، فەڕانسە، ئیسپانیا، بریتانیا و…) بۆ ئاژاوەگێڕی لەو وڵاتانە و کوشتنی نەیارانی سیاسی کۆماری ئیسلامی، ددان جیڕکردنەوە لە پاکستان، هەناردەکردنی درۆن و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆ هێرش بۆ سەر ئۆکراین، هەوڵ بۆ دەست تێوەردان و هێرشە سایبری و ئەلێکترۆنییەکان، دروشمی مەرگ بۆ شەیتانی گەورە و بچووک و ئینگلیس و ناوە ناوەش بۆ ئالی سعود شابەیتی دروشمی کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانە و…
ئەمە لە کاتێکدایە کە هاتنی دەوڵەتی نوێ لە کۆماری ئیسلامی شایی و لۆغانی زەریف، وەهمی چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە و وەلانانی ئاراستەی بەربەرەکانێ و گرتنەبەری ڕێی هەڵکردنی دەبەخشییەوە، پزشکیان وتی سیاسەتی دەرەوە سیاسەتی تا ئێستا و بۆچوونی خامنەیی دەبێت.
کامیان؛ کیسینجێر یان ئارێنت!؟
هێنری کیسینجێر سیاسەتمەدار و ئەندازیاری سیاسەتی دەرەوەی نیوەی سەدەی بیستەمی ئەمریکا لەو باوەڕەدا بوو کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان بریتییە لە سازگارکردنی ئارمانە ئیدئۆلۆژیکەکانیان لەگەڵ دنیای دەرەوە. کیسێنجر ساڵی ١٩٩٤ لە کتێبە بە ناوبانگەکەی (دپیلۆماسی) باس لە واقیعگەرایی و باڵانس کردنی نێوان ئارمان و ئامانجی ئیدئۆلۆژیکە لەگەڵ دنیای دەرەوە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و باڵانسی هێز دەکات و پێی وایە کە سەرەنجام وڵاتان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و باڵانسی هێز دەکەونە پێوەندی و دان و ستان لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەردا هانا ئارێنت فەیلسووف و بیرمەندی ئاڵمانی و پسپۆری شۆڕشە ئیدئۆلۆژیکییەکان دەربارەی سازگاربوونی ئەو دەسەڵات ئیدئۆلۆژیکانەی کە بە شۆڕشی جەماوەری هاتوونەتە سەرکار ڕەش بین و بەگومانە و پێی وایە کە ئەو ڕژیمانە نەک تەنیا خوازیاری ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆیانن بە شێوە کلاسیکییەکەی، بەڵکوو لە هەوڵ چەسپاندنی نەزمێکی نوێی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر بنەمای ئیدئۆلۆژیی تایبەتی خۆیانن کە هەرجۆر سازگارکردنێکی خۆیان لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە مانای لاوازی ئیدئۆلۆژییەکەیان و فەوتانی خۆیان لێک دەدەنەوە.
ئاکار و ڕەفتاری چل و پێنج ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی تەواو بە پێچەوانەی ئەو سازگارکردنی ئارمانی ئیدئۆلۆژییەکە بووە لەگەڵ دنیای دەرەوە. لە قۆناغێکدا ڕەوتێک بە ناوی ئیسڵاحتەڵەبی دەوڵەتی بە سەرۆکایەتی محەمەدی خاتەمی کە زۆرینەیان ئەو کەسانە بوون کە بە دیواری باڵوێزخانەی ئەمریکادا هەڵگەڕان و ئەو شەرمەزارییەیان خولقاند خوازیاری ئاسایی کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەتی ئەمریکا بوون. بەر لە سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتە هاشمی ڕەفسەنجانی کە پێی وابوو بەدوای ڕووخانی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٩١ و پاشهاتەکانی ئەو ڕووداوە گرنگە، پێویستە کۆماری ئیسلامی پێوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی ڕۆژئاوا ئاسایی بکاتەوە. لەوکاتەوە خامنەیی و باڵەکەی لە دەسەڵات (بناژۆخواز) پێچەوانەی ئەو ڕەوتە وەستاونەتەوە و تا هاتووە ئێرانیان لە کۆمەڵگای جیهانی پەراوێزتر خستووە و سەرەڕای هەموو هەوراز و نشێوەکان باڵەکەی خامنەیی کۆنترۆڵی ئێران کردووە و ئیسڵاحتەڵەبانی لە دەسەڵات وەدەرناوە. خۆهەڵواسێنی ئەمجاری ئیسڵاحتەڵەبان بە پزشکیانەوە، دەست تێکەڵکردنەوەیە لەگەڵ بناژۆخوازان دژی خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێران.
مۆرەکانی خامنەیی لە پۆستی سەرۆک کۆماری هەر لە ئەحمەدی نژاد و ڕەئیسی و پزشکیانەوە بە حەسەنی ڕووحانیشەوە ناچاربوون سیاسەتەکانی خامنەیی و بەیتەکەی و سپای پاسداران ڕەچاو و جێ بە جێ بکەن بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی کیسینجێر کە سەرەنجام ڕژیمە ئیدئۆلۆژیکەکان لە پێناو بەرژەوەندی و پاراستنی دەسەڵاتەکەیان ناچار بە هاوتەریب و سازگارکردنی ئارمانە ئیدئۆلۆژییەکانیان لەگەڵ دنیای دەرەوە و هەڵسووکەوتە جیهانییەکان دەبن، کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی ئەم هاوتەریبی و سازگارییە بە پاشەکشێ لەبەرامبەری ڕۆژاوادا دەزانن و پێیان وایە یەک هەنگاو پاشەکشە یەکسانە بە دوا هەنگاو و لەناوچوونیان. لە بەرامبەردا زۆرتر ڕاستی بۆچوونەکەی ئارێنت دەردەکەوێ کە نەک تەنیا وەک حکوومەتە دیکتاتۆرە کلاسیکییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو کەرەستەکان و یەک لەوان پێوەندییەکی گەرم و گوڕ لەگەڵ دنیای دەرەوە دەسەڵاتەکەی خۆیانی پێ دەپارێزن، بەڵکوو جیا لە ناسازگارییان، خوازیاری جێ خستنی شێواز و سیستمێکی نوێن بە پێی پێوەرەی ئیدئۆلۆژییەکەی خۆیانن. چونکا هەرچەشنە سازگاری و هاوتەریبییەک بە لاواز بوونی ئیدئۆلۆژییەکەی خۆیان دەزانن.
خامنەیی من دیپلۆمات نیم!
ئەمریکا؛ چاوەڕوانی گۆڕانکاری ناکەین!
عێراقچی؛ ئەرکی من پێشگرتنە لە بەریەک کەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا!
پزشکیان؛ ئەرکی دەوڵەتەکەی من جێ بە جێ کردنی بڕیارەکانی خامنەییە!
ئەم چوار لێدوانە بە گشتی دەرخەری دۆخی کۆماری ئیسلامین ڕوو بە دنیای دەرەوە و دەرهێنانی کۆماری ئیسلامی لەم تەریک کەوتووییە جیهانییە، بە بێ گۆڕانکاری گەورە و جیددی لە ڕوانینی بۆ جیهانی دەرەوە و دەستبەردارنەبوونی لە پیلانە شەڕەنگێزییەکانی، زەحمەتە و سنەیی وتەنی ئاوهەسەوکردنە.
درێژەی هەیە