بەشی ٢
کورتەیەک لە بەشی یەکەم؛
لە بەشی یەکەم ئاماژەیەکی سەرەتایی کرا بە چۆنییەتی دەستەبژێرکردنی مەسعوودی پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی لە لایەن عەلی خامنەییەوە باسمان لەوە کرد کە داڕێژەری سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی شەخصی عەلی خامنەیی و بەیتەکەی و سپای پاسدارانە و سەرۆک کۆمار و کۆی دەوڵەت لە خزمەتی ئەم سێ لایەنەدایە بۆ جێ بە جێکردنی پلان و بەرنامەکانیان. هەر وەک لە ناونیشانی بابەتەکەشەوە دەردەکەوێت نووسەر تێدەکۆشێت لە توێی زنجیرە وتارێکدا گرنگترین و پڕئاڵەنگاریترین پرس و بابەتەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا دەست نیشان و وێڕای خستنەڕووی وردەکاری و خاڵی یەکلاییکەرەوە، لێکدانەوەی بۆ بکات.
باس لەوە کرا بە پێی تیئۆری “ئۆرگانیک” فریدریک راتزل کە لەو بڕوایەدا بوو وڵاتان و یەکە سیاسییەکان وەک بوونەوەرەێکی زیندوو، لە دایک دەبن، گەشە دەکەن، گەورە دەبن، لە شەڕ و ململانێکانی بۆ بەقا و مانەوەدا بەشداری دەکەن و ڕەنگە لەناویش بچن و بفەوتێن، کۆماری ئیسلامیش وەک یەکەیەکی سیاسی کە خاک و جوغرافیایی وڵاتی ئێرانیشی بەدەستەوە گرتووە لەو پرۆسەیە بێ بەری نییە و بە پشت بەستن بە وتە نەستەقەی کارل فون کلاوزویتس (Carl von Clausewitz) کە دەڵێ؛ “سیاسەتی دەرەوە درێژەی شەڕە بە کەرەستەی جیاوازترەوە! دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی لە بەرەنگارییە دەرەکییەکاندا ڕوونتر دەکاتەوە.
نووسەر لەوبڕوایەدایە کە کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا لە حەوت بواردا تووشی ئاڵەنگاری و چالێجی گەورەیە ڕوو لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بابەتی “گەمارۆ ئابوورییەکان و تەریک کەوتنەوەی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی” شرۆڤە کرا.
- گەمارۆ ئابوورییەکان و تەریک کەوتنەوەی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی؛
- قووڵبوونەوەی بەریەک کەوتنە ناوچەییەکان؛
- ئاڵۆزی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئۆرووپایی؛
- چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکان و هەوڵ بۆ بووژاندنەوەی “بەرجام” یان هەر ڕێکەوتنێکی دیکە؛
- پێوەندییەکانیان لەگەڵ چین و ڕووسیە؛
- مافەکانی مرۆڤ و پرسە ناوخۆییەکان؛
- قەیرانی ئابووری و ئاڵەنگارییە کۆمەڵایەتییەکان؛
لە بەشی دووهەم تیشک دەخەینە سەر “بابەتی قووڵبوونەوەی بەریەک کەوتنە ناوچەییەکان”!
- قووڵبوونەوەی بەریەک کەوتنە ناوچەییەکان؛
لە دوای هێرشە تیرۆریستییە جینایەتکارانەکانی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بە پشتگیری و پشتیوانی سەربازی و ماڵی و مرۆیی و فیکری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاک و خەڵکی ئیسرائیل، بەریەک کەوتنە ناوچەییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکە کە گەڕانەوەی بۆ ڕۆژی ٦ی ئۆکتۆبر ئەستەمە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار هێزی سەرەکی هەن؛ ئیسرائیل، عەرەبستانی سعوودی، تورکیە و ئێران کە دەخوازن هێژێمۆنی و دەسەڵاتی خۆیان لە ناچەکە بچەسپێنن و وەک زلهێزی ناوچەی ببینرێن و بەرژەوەندییان لە ئاستی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ لە بەرچاو بگیردرێت. دوو لەم وڵاتانە (ئێران، تورکیە) زێدەخوازی و یان خواستی بووژاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی کۆنی خۆیان تێکەڵ بە پرسی ئیدیۆلۆژی ئایین و ئایینزایی کردووە.
ئێران و تورکیە کە هەرکیان پاشماوەی ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانین و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەم دوو وڵاتەش بە نەفەسی ئەو سەردەمە هەڵسووکەوت دەکەن لە کاتێکدا پاش جەنگی جیهانی یەکەم و دووهەم گەلێک گۆڕانکارییان بەخۆیەوە بینیوە، لاواز بوون و گەلێک وڵات و سەرزەمین و ناوچەیان لێ جوێ بووەتەوە و لە بەرامبەردا وڵاتانی سعوودیا و ئیسرائیل لە ئەنجامی جەنگە جیهانییەکانی لە دایک بوون و پێیان لەم قۆناغە ناوە تا هاتووە فرەتر بەهێزبوونەتەوە.
هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لە پاش هاتنە سەرکاری کۆپی و لاساییکردنەوەی ئیمپراتۆرییەتی شیعەی سەفەوی بووە. هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی شیعە و ململانێ و رکابەرایەتی قین لە دڵانە بەرامبەر بە تورکیە، بەرەوڕووبوونەوەی شەڕەنگێزانە لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی و تەحقیر و سووکایەتی کردن بە سونە و ڕێبەرە مەعنەوییەکەی و دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل و ناوزەدکردنی بە گرێیەکی شێرپەنجەیی بۆ ناوچەکە کورتکراوەی ڕفتاری ٤٥ ساڵەی ئەم ڕژیمە توتالیتێر و فاشیستە ئایینزاییەی شیعەیە ڕوو لە خەڵکی غەیرە خۆی.
لەم ساڵانەشدا هەموو وزە و سامانی وڵاتی دەوڵەمەندی کردووەتە تێچووی ئەم شەڕە و ململانێ بێ سوود و ئەنجامانە کە جگە لە ڕۆژڕەشی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و نائارامی و وێرانکردنی ناوچەکە دەسکەوتێکی لێ شێن نەبووە.
ئەمریکا و وڵاتانی ئۆرووپایی لە هەندێک قۆناغدا بە خیچیک بۆ مێژووی فەلاتی ئێران و مێژووی ئەو ناوچەیە پێیان وابووە کە کۆماری ئیسلامی مافی خۆیەتی و پارێزگاری لە نەریت و کولتووری خۆی دەکات و ئەوەی بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی گرنگە ئەوەیە کە تێبکۆشن لەو خەوە کەروێشکییە هەڵیبستێنن کە ئیتر سەردەمی سەفەوی و سەدری ئیسلام نییە و پێویستە وەک ڕژیمێکی ئاسایی هەڵسووکەوت بکات و هەموو هەوڵیشیان لەو پێناوەدا بووە. یاری کردنی بەناوریفۆرمخواز و ئیسلاحتەڵەبانیش بۆ شل و توند کردنەوەی جومگەکانە لەگەڵ کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی دەبێتە هێزێکی مەیدانی و کەس بۆی نەبێت دەستی بۆ بەرێت و یان بابەتێکی بە سەردا بسەپێنێت. کۆماری ئیسلامی بە ئایدای توندئاژۆی شیعیزمی دژە ئەمریکا و دژە ئیسرائیل و دژە سونییەوە هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ دەست پێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی، ئەو فاکتەرەی کە پێی وایە ئیتر دەسەڵاتی ئیمامی زەمان تا هاتنی مەهدی بیمە و گەرەنتی دەکات.
لە پووشپەڕی سالی ١٣٨١ (ئاگۆستی ٢٠٠٢) کە چالاکییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی لەقاودرا، ئەم بابەتە بووەتە گرنگترین پرسی نێوان کۆماری ئیسلامی و دراوسێ ناوچەییەکانی و زلهێزە جیهانییەکان. بە مەبەستی کۆنترۆڵ و چاودێری ئەو چالاکییە گوماناوییە، ڕیکەوتننامە ناوکییەکەی نێوان کۆماری ئیسلامی و گرووپی ٥+١ ناوسراو بە بەرجام (بەرنامەی گشتگری هەوڵی هاوبەش_ برنامه جامع اقدام مشترک) کە لە ١٤ی ژوئیەی ٢٠١٥ (٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤) واژۆکرا، کۆمەڵێک شەرت و مەرج و سنووری کاتی بۆ دەستنیشان کراوە کە ١٠ بۆ ٢٥ ساڵەن. بەو واتایەی کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی پابەندی بڕیاری ڕێکەوتننامەکە بێت لە ماوەیە ١٠ بۆ ٢٥ ساڵە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران وەلا بنرێت، بەڵام بە دوای کشانەوەی یەک لایەنەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ لە ساڵی مانگی مەی ٢٠١٨(گوڵانی ١٣٩٧)دا ئەم ڕێکەوتنە سڕ کرا و دواتر بە تێپەڕبوونی کات جیهان شاهیدی مەرگی بەشێنەیی ئەم ڕێکەوتنە بوو.
کۆماری ئیسلامی بڕیاری دابوو کە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ تەنیا تا ئاستی ٣.٦٧٪ یۆرانیۆم بپیتێنێ و نابێ یۆرانیۆمی کەڵەکەکراوەکەشی لە ٣٠٠ کیلۆ تێپەڕێت، لە کاتێکدا بە پێی دوایین ڕاپۆرتی نهێنی ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی (IAEA) لە نوامبری ساڵی رابردوو کە لایەن هەواڵنێری فەڕانسەوە بینرابوو، باس لەوە دەکات یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆماری ئیسلامی ٢٢ ئەوندەی ڕێکەوتنی بەرجامە و گەیشتووەتە ٥٦٧ بە ئاستی پیتێنراوەکەی ٢٠٪ و لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ١٢٨.٣٪ یۆرانیۆمی ٦٠٪ پیتێنراوی پاشەکەوت کردووە، بەڵام لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ئاژانسدا باس لەوە کراوە کە ئاسەواری یۆرانیۆمی سەرو ٨٧.٣٪ پیتێنراویان لە کە بە پێی ڕای پسپۆڕان ئەمانە دەکاتە لە سەتا ٩٠ ڕێگەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی.
لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی بەڵێنی دابوو کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ڕیژەی سانتریفیوژەکانی ٥٠٦٠ دانە لە جیلی (IR-1) ڕاگرێت و لە بەکارهێنانی سانتریفیوژی جیلە نوێ و پێشکەوتووەکان ببوێرێت، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی رۆیتێرز لە ٢٠ و ٢١ی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) کۆماری ئیسلامی لە ٨ تاڤگەدا و هەر تاڤگە ١٧٤ سانتریفیوژی جۆری (IR-6)ی وەگەڕخستووە.
ئەمانە جیا لە گومان لە چالاک کردنەوەی دامەزراوەکانی فۆردۆ و نۆژەنکردنەوەی رێئاکتۆری ئاوی قورسی ئەراکە، کە دوای بەرجام لە کارخرابوون و هەروەها پێشگرتن لە چاودێری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییە بە سەر چالاکییە گوماناوییەکانی ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی.
ترسی کۆمەڵگای جیهانی لەوە بووە و لەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەم ئایدا و هزر و تێڕوانینە دنیائاخربوونییەی (الاخرالزمان) کە هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لە سەر گۆی زەوی و قڕکردنی یەهوودییەکان دەکات، ناتوانێ و ناکرێ ببێت بە خاوەنی چەکێکی کۆمەڵکوژی وەک چەکی ناوکی. واتە دوائالیزمی توندئاژۆیی ئایینزایی و چەکی کۆمەڵکوژ گەورەترین هەڕەشە و ئامرازی کۆماری ئیسلامی بوون بۆ پێوەندی لەگەڵ جیهانی ئەویتر.
شەڕەنگێزییە ناوچەییەکان؛
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی لە سەرکار بوونی بە هۆی ئیدئۆلۆژیک، ململانێی ناوچەیی و پرسی ئەمنییەوە لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی دراوسێی تووشی بەریەک کەوتن و شەڕ و پێکهەڵپژان بووە؛
- عەرەبستانی سعوودی؛ بە هۆی جیاوازی و ناکۆکی ئیدئۆلۆژی و ململانێ ناوچەییەکان پێوەندییەکی ئاڵۆزی پڕ کێشەی بووە و هەیە. بەریەکەوتن و ناکۆکییەکان لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقەوە دەستی پێکردووە تا دەگاتە شەڕی سوریە، یەمەن و بەحرەین. دیارە ئەم بابەتە بە دوای هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی سعوودیا لە تاران لە ساڵی ٢٠١٦دا قووڵتربووەتەوە.
- عێراق؛ یەکێک لە ئاڵۆزترین پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە هەبووە. بۆ ماوەی ٨ ساڵ (۱۹۸۰-۱۹۸۸) لە شەڕ دابوون و سەدان هەزار کەس لەو شەڕدا کوژران و بە میلیۆن خەڵک بریندار و ئاوارە بوون. پاش ڕووخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئێران پێ دزەی لە عێراق پەرە پێدا و دەوڵەتی ڕەسمی ئەو وڵاتە کردە هاوپەیمانی خۆی، ئەگەرچی هەموو کات هەندێک لایەنی عێراقی دژی کۆماری ئیسلامی و دەستڕۆیشتووی ئەو ڕژیمە بوون لە وڵاتەکەیان.
- ئیماڕاتە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین؛ کۆماری ئیسلامی و ئیماڕات لە سەر سێ دووڕگەکەی (تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبووموسا) ناکۆکی سنووریان هەیە و ناوە ناوە هاتنە ئارای ئەم باسە وای کردووە پێوەندیەکانی ئەم دوو ڕژیمە ڕووی سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینێ. لە لایەکی دیکەوە بەحرەین هەموو کات لە پێ دزەی کۆماری ئیسلامی و پشتگیری و هەڵخراندنی خەڵکی شیعەی ئەو وڵاتە جێی نیگەرانیی بووە.
- یەمەن؛ بەریەک کەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعوودی لە یەمەنیش جێی سرنجە. کۆماری ئیسلامی پشتگیری لە گرووپی ئەنساروڵڵا یان حوسییەکان دەکات، لە کاتێکدا عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی پشتگیری دەوڵەتی ڕەسمی یەمەن دەکەن و ساڵانێکە لەو وڵاتە هەژارە شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە ئارادایە.
- ئەفغانستان؛ پێوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەفغانستان زۆربەی کات تووشی هەوراز و نشێو بووە. ناکۆکی لە سەر ئاوی ڕووباری هیرمەند و پرسی کۆچبەرە ئەفغانەکان لەو پرسانە بووە کە پێوەندی ڕژیمەکانی ئەم دوو لایەنەی ئاڵۆز کردووە. بە دوای گەڕانەوەی تاڵبان بۆ دەسەڵاتی ئەفغانستان پرسی سنووری بە کێشەکانیان زیادی کردووە. ئەمە جیا لەوەیە کە تاڵبان و کۆماری ئیسلامی لە سەر دەستی یەکتر دەنووسنەوە و لە زۆر بواردا مەگەر درۆزن لێکیان جوێ بکاتەوە.
- سوریە؛ ئەگەرچی سوریە هەموو کات هاوپەیمانێکی چارەنووس سازی کۆماری ئیسلامی بووە لە ناوچەکەدا، بەڵام بوونی هێزەکانی سپای پاسداران لە سوریە و ڕۆڵ نواندنیان لە پشتگیری جینایەتکارێکی وەک بەشار ئەسەد، کاردانەوەی ناوخۆی (هێزە نەیارەکانی بەشار ئەسەد) جیهانی (ئەمریکا و ئۆرووپاییەکان) و ناوچەیی (ئیسرائیل و تورکیە) لێ کەوتووەتەوە.
- تورکیە؛ بەر لە ساڵی ٢٠٠٠ کە هەوڵی یەکەمی تورکیا بریتی بوو لە پەیوەست بوونی بە یەکێتی ئۆرووپا پێوەندی کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی تورکیە ئاسایی و هاوکارانە بوو، بەڵام بەدوای بادانەوەی پەیکانی ستراتێژی تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی ئەندێشەی تورکی_عوسمانلی لە لایەن ئاک پارتییەوە و دروست بوونی سێ کوچکەی ئیسلامیزمی ناوچەکە (سعودیا، تورکیە و کۆماری ئیسلامی) پێوەندییەکانی ناوچەکە گۆڕانکاری جیددی بەخۆیەوە بینی و کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە کەوتووەتە ململانێ و بەریەک کەوتنی جیددی لە باشووری قەوقاز و شەڕی ئەرمەنستان و ئازەربایجان. بەریەک کەوتنی بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا وای کردوودە هەر کام لە تورکیە و کۆماری ئیسلامی پشتگیری لایەنە دژبەرەکانی سوریا بکەن و ئەمە پێوەندییەکانی ئەم دوو لایەنەی ناتەبا، ئاڵۆز و ناسەقامگیر کردووە.
- بەریەکەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل؛
بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی و کاریگەی بەریەک کەوتنەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل هەندێک تێر و تەسەلتر دەپەرژینە پرسی پێوەندییە ئاڵۆز و بەریەککەوتنە سەربازی و ستراتێژییەکانی ئەم دوو لایەنە.
پێوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل یەکێک لە ئاڵۆزترین و پڕئاڵنگاریترین بەریەکەوتنە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئیران لە ساڵی ١٣٥٧ وە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە.
بەر لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، پێوەندی ئێران و ئیسرائیل پێوەندییەکی گەرم و گوڕ بوو، بەڵام بە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، ئێران بوو بە یەکێک لە دوژمنانی سەرسەختی ئیسرائیل. تەنیا ٨ ڕۆژ پاش گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران لە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ بە بڕیاری خومەینی و سەرانی ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی “باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە تاران” کرا بە “باڵوێزخانەی فەلسەتین” و بیناکە درایە ڕێکخراوی ئازادی بەخشی فەلەستین (PLO) و دەستەواژەی “ڕژیمی داگیرکەر” بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل بەکار دەبرا. ئەمە گۆڕانێکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و نیشانەیەکی بەهێزی سیاسەتی دەژ ئیسرائیلی بوو بە ناوی پشتیوانی کردن لە بزووتنەوە جەهادییەکانی فەلەستین کە پاش وتارەکەی ڕۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨ی خومەینی ئەو ڕۆژەی وەک “ڕۆژی قودس” ناوزەد کرد و خوازیاری لەناوبردنی ئیسرائیل بوو. دواترەکان لە گەرەمەی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی و عێراق بە نیشانەی پشتگیری و پشتیوانی ڕەوتە فەلەستینییەکان دروشمی ڕێی “قودس لە کەربەلاوە تێدەپەڕێ!” هاتە ئاراوە.
پاش ئەوەی کە سەدام حسێن سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق لە ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ هەتاوی هێرشی کردە سەر ئێران، لە چەندین قۆناغدا ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی هاوکاری و دەستگرۆییان بوو بۆ یەکدی. سەدام حسێن لەوبڕوایەدا بوو کە؛ “خودا سێ شتی زیادەی خەلق کردووە، مێش، جوولەکە و ئێران” و لە پاش هاتنە سەرکاری لە دەیەی ٧٠ی زایینی، سەرەڕای ئەوەی کە مێژووی نیشتەجێ بوونی یەهوودییەکان لە وڵاتی عێراق زۆر کۆن بوون، ئەوانی وەک دوژمنانی ناوخۆیی عێراق و جاسووسی ئیسرائیلی ناساند و بە دوای ئەو سیاسەتە یەهوودییەکانی عێراق بۆ دەربازکردنی گیانیان لە عێراق هەڵاتن و سەدامیش مڵک و ماڵیانی داگیر دەکرد. سەدام دەیویست بە ڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتە سۆزی خەڵکی عەرەبی ناوچەکە و خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی و موسڵمانانی جیهان بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت.
شەڕی ئێران و عێراق و گۆڕانی ئاراستەی سیاسەتی ئیسرائیل
لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق (۱۹۸۰-۱۹۸۸)، پێوەندی ئێران (کۆماری ئیسلامی) لەگەڵ ئیسرائیل ئاڵۆزتر بوویەوە. لە لایەکەوە ئیسرائیل لە گەشەی هێژێمۆنی و دەسەڵات و هەڕەشەی عێراق و ئەگەری سەرکەوتنی بە سەر ئێران دا دەترسا، بە شێوەی سنوودرا کۆمەڵیک یارمەتی سەربازی و لۆجیستیکی کرد بە ئێران، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەم پێوەندی و هاوکارییەی وەک هەوڵێکی تاکتیکی سەیر کرد.
بە پێی بەڵگەکان ئیسرائیل ماوەی ٨ ساڵی شەڕی ئێران و عێراق لە سێ بواردا یارمەتی ئێران (کۆماری ئیسلامی) کرد؛
١_چەک و چۆڵ و کەسەرستەی سەربازی؛ ئیسرائیل چەکی سووک، گوللە تۆپ و موشەکی دژە تانکی “تاو”ی دەنارد بۆ ئێران. بە وتەی هەندێک سەرچاوە، ئیسرائیل هەروەها موشەکی زەمین بە زەمینی بۆ ئێران گواستووەتەوە.
٢_فێرکردن و ڕاوێژی سەربازی؛ ئیسرائیل خولی ڕاهێنانی بۆ هەندێک هێزی ئێرانی کردەوە و تێیدا تەکنیکی شەڕ و ستراتێژی شەڕی پێ دەوتنەوە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە موستەشارە ئیسرائیلییەکان لە ئاستی جیاوازدا یارمەتی ئێرانیان داوە، ئەگەرچی زۆرتر ناڕەسمی و بە کەمترین ڕێژەی شەفافییەتەوە بڵاو کراونەتەوە.
٣_بازرگانی نەوت؛ یەکێک لە ڕەهەندە گرینگەکانی پێوەندی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەو قۆناغەدا، بازرگانی نەوت بوو. ئیسرائیل نەوتی ئێران دەکڕی و وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی دارایی بۆ دابین کردنی تێچووی شەڕ یارمەتی کۆماری ئیسلامی دەدا.
پاش کۆتایی شەڕ (٢٩ی خەرمانانی ١٣٦٧_٢٠ سێپتامبری ١٩٨٨ لە ئەنجامی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش) بە پشت بەستن بە ئیدئۆلۆژی ئیسلامی توندڕەو درێژەی دایەوە بە سیاسەتە دژە یەهوودی و ئیسرائیلییەکانی پێشووی و پشتگیری و پشتیوانی لە گرووپە دژە ئیسرائیلییەکان.
پاش مەرگی خومەینی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، عەلی خامنەیی لە ساڵی ١٣٦٨ هاتە سەرکار. عەلی خامنەیی کە بە ڕای زۆرێک لە چاودێران و لێکۆڵەرانی ناوخۆی و جیهانی کەسایەتییەکی لاوازتری لە خومەینی هەبوو و زۆرتر خۆی بە ڕێبەرێکی “لاوەکی” بوو تا ڕێبەرێکی “سەرەکی” واتە زۆرتر مەلایەکە تا ڕیبەرێکی سیاسی خاوەن ستراتێژی، پێی وابوو بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی دژایەتی کردنی ئیسرائیل دەتوانێ قەرەبووی ئەو بۆشایی و لاسەنگییەی کەسایەتی خۆی دەکاتەوە.
خامنەیی پێی وابوو و پێی وایە کە دژایەتی ئیسرائیل دەبێت هۆی بەهێزکردنی شوناسی کۆماری ئیسلامی، خەڵک لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆ دەکاتەوە و ئەمە دەتوانێ ببێت بە ڕەوای و سامانێکی گەورەی مرۆیی بۆ بڕیار و سیاسەتەکانی، دەبێت هۆی بەهێز بوونی پێکەی “ئێران” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وای کردووە کە لە چاوی هەندێک خەڵک موسڵمان و چەپی دژە ئیمپریالیزمی ئەمریکایی ببێت بە ئەکتەرێکی گرنگ لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی.
خامنەیی (وەک ڕێبەری نوێی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران) زۆر زوو پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان پتەو و یارەمەتییەکانی بۆ ئەو گرووپە چەند قات کردەوە. حیزبوڵڵا کە پاش شەڕێکی ناوخۆی و هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئیسرائیل و پشتیوانی لە فەلەستینییەکان دامەزرا بوو لە ساڵی ١٩٩١ وەک دەستێکی ئوختاپووسی کۆماری ئیسلامی هەموو بوجەکەی بۆ دابین کرا و لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی بەردەوام بوو. پاش ئەوەی کە “فەتح” لە گۆڕایەڵی کۆماری ئیسلامی دەرچوو، حەماس و جەهادی ئیسلامی فەلەستینی دامەزراند. لەم ساڵانەی داوییدا بۆ دژایەتی عەرەبستانی سعوودی پشتگیری لە حوسییەکانی یەمەن کرد و کردنی بە گرووپێکی دەستەچیلەی خۆی. لە پاش ڕووخانی سەدام حسێن لە عێراق کەوتە ڕێکخستن و دامەزراندنی ناڕازییان عەرەبی شیعە و سونەی عێراق کە دژی ئەمریکا بوون و کۆمەڵێک گرووپی جۆراوجۆری دامەزراند، بەڵام بە تایبەتی پاش سەرهەڵدانی داعش بە کەڵک وەرگرتن لە فەتواکەی ئایەتوڵڵا سیستانی هەموو ئەو گرووپانەی لە ژێر ناوی “حەشدولشەعبی” عێراق بە بوجەی عێراق ڕێکخستن و کردنی بە دەستەچیلە و گۆپاڵی خۆی. لە پاش ساڵی ٢٠١١ و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە ئازادیخوازانەکانی خەڵک سوریە لە میانەی “بەهاری عەرەبی” کەوتە ڕێکخستنی گرووپگەلی تیرۆریستی سەر بە خۆی لە بناری بەرزاییەکانی گوڵان و ئیسرائیل و مۆڵگەی سەربازی بۆ دامەزراندن.
تیرۆری نەیارانی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات (قاسملوو، بەختیار، شەرەفکەندی و غوڵام کەشاوەرز و…) زۆرتر ئەرکی ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان بوو. هێرش بۆ سەر دامەزراوە یەهوودی و ئیسرائیلییەکان لە باڵوێزخانەوە و ناوەندی کلتووری و بازرگانییەوە بگرە تا کەنیسە ئەرکی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بوون لە سەر داوا و چاوساغی کۆماری ئیسلامی (هێرش باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئارژانتین ١٩٩٢، هێرش بۆ سەر ناوەندی کلتووری یەهوودییەکان ١٩٩٤ و…)
بۆیە لە ماوەیەکی کەمدا هێز و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان بوون بە گۆپاڵێکی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئیسرائیل. ئەم گرووپانە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە مەبەستی دروست کردنی شانەی نوستوو و پێگەی کۆماری ئیسلامی بۆ هەناردەکردنی شۆڕشەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی بوو، کران بە گرووپی پرۆگسی کە لە بری بەشداری ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەونە جەنگ و شەڕەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم بابەتە هەوڵەکان بۆ چڕکردنەوە چالاکییە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە شێوەی نهێنی بەڕێوە دەبرا وەک هەوڵێک بۆ پڕکردنی دەستی دەسەڵاتێکی ئیسلامی شیعەی کە خوازیاری سڕینەوە ئیسرائیل بوو لە سەر نەخشەی گۆی زەوی پێی نایە قۆناغێکی هەستیارەوە.
ئیسرائیل کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە پێی پلانێک یارمەتی کۆماری ئیسلامی دابوو بۆ ئەوەی دژی دوژمنەکەی تری واتە سەدام شکست نەخوات، لەگەڵ دۆخێکی نوێ لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بەرەوڕوو بوویەوە کە بوون و مەوجوودییەتی ئیسرائیلی دەخستە مەترسییەوە. لەم ڕووەوە پلان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵە تیرۆریستییەکانی گرووپە پرۆگسییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرزکردنەوە ئاستی ئەمنییەتی و جاسووسی لە ناو ئەو گرووپانە لە لایەکی ترەوە هەوڵی دواخستن و پەکخستنی پرۆسەی دەست پێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بووە بە چەکی ناوکی. لەو پێناوەشدا لەماوەی ساڵانی ڕابردوو شاهیدی کوژرانی زۆرێک لە زانا ئەتۆمییەکانی ئێران بوون لە ناوخاکی ئێران و تەقاندنەوە و هێرشی سایبری و لەناوبردنی بەشە هەستیارەکانی پرۆژە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامی بووە. لە ئاستی نێودەوڵەتیش ئیسرائیل بە قەناعەت پێهێنانی ئەمریکا و وڵاتانی ئۆرووپای لە هەوڵی ئەوە دابووە لە ڕێگەی گوشاری دیپۆماتیک و بایکۆت و گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران، پێش بگرن لە دەست پێڕاگەیشتنی ئەم ڕژیمە بە چەکی ناوکی. لە سوریاش ئیسرائیل لە ماوەی ١٠، ١٥ ساڵی ڕابردوو تا ئەو ئاستەی کە گونجابێت بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە پرۆگسییەکانی بۆردۆمان کردووە.
پانۆرامای داهاتووی ئەم بەریەک کەوتنە؛
لە ساڵی ٣٨٠ی زایینییەوە و بە دوای فەرمانی تئۆدۆیۆسیۆسی یەکەم کە دینی مەسیحی بوو بە دینی ڕەسمی ئیمپراتۆری ڕۆم، تا (VE Day) ڕۆژی کۆتایی جەنگی جیهانی دووهەم لە ٨ی مەی ساڵی ١٩٤٥ هەموو هەوڵی مەسیحییەکان و بە تایبەتی ئۆرووپاییەکان قڕکردن و لە ناوبردنی یەهوودییەکان بووە، بەڵام لەو ڕۆژەوە هەموو هەوڵی مەسیحییەکان و لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا و ئۆرووپاییەکان ئەوە بووە کە پارێزگاری لە یەهوودییەکان بکەن. بەتایبەتی بە دوای جینوسایدی یەهوودییەکان لە هۆلۆکاست و لە میانەی جەنگی جیهانی دووەم و بە فەرمانی هیتلەر و نازییەکان.
ئەگەر هۆلۆکاست گەورەترین کارەساتی یەهوودییەکانە، ئەوا بێ گومان هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی رابردوو دووهەم کارەساتی کۆمەڵکوژی یەهوودییەکانە. لەو ڕۆژەدا ٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ چەکداری حەماس و گرووپە جیهادییەکانی فەلەستین هێرشیان کردە سەر کیبودس و هەندێک شاری جنووبی ئیسرائیل و ١٤٠٠ کەسیان کوشت و لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کەسیان بە بارمتەگرت و ڕایانکێشانە ناو خاکی غەزە و هەرێمی دەسەڵاتی حەماسەوە. پشتگیری ئاشکرای خامنەیی لەو هێرشە جینایەتکارانەیە وای لە ئیسرائیل کرد کە ئەگەر مەترسی کۆماری ئیسلامی نەڕەوێنێتەوە، بوون و مەوجوودییەتی کیانی ئیسرائیلی دەکەوێتە مەترسییەوە.
کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش سەرەڕای ڕەخنەیان لە کوژرانی خەڵکی سڤیل و مەدەنی خەڵکی غەزە، بەڵام مافی بەرگرییان بۆ ئیسرائیل بە ڕەسمی ناسیوە و بە تایبەت لە دوو هێرشی ڕاستەوخۆی موشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل فەڕانسە، بریتانیا، ئەمریکا و ئۆردون هاوکار و هاریکاری ئیسرائیل بوون.
بەریەک کەوتنە ڕاستەوخۆکانی کۆماری ئیسلامی بە دوای بۆردومان کردنی بینا دیواربەدیواری باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمەشقی سوریا پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. بە دوای ئەوەدا کۆماری ئیسلامی بە ٣٠٠ موشەکی جۆراوجۆر هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکایی زیاتر لە ٩٠ لە سەتی ئەو موشەکانە نەگەیشتە ئاسمانی ئیسرائیل و پووچەڵ کرانەوە و ئەو لە سەتا ١٠ی کە گەیشتنێش، لە لایەن سیستمی بەرگری گومەزی ئاسنینی ئیسرائیلەوە تەقێنرانەوە. ئیسرائیل لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بەردەوام بوو و ئیسماعیل هەنیەی لە تاران و لە کۆشی عەلی خامنەیی کوشت. دواتر حەسەن نەسڕوڵڵا سەرۆکی حەماسی لە قووڵایی ٩٠ میتری کردە ئامانجی و لەناوی برد، پاش ماوەیەک یەحیا سینوار کە بەرپرسی بەشی سەربازی حەماس بوو، وەک ڕێبەری گشتی حەماس (هەم سیاسی و هەم سەربازی) لە بری هەنیە دیاری کرا کە بە وتەی ئیسرائیل بە بێ بەرنامەی پێشوەختە لە یەکێک لە تونێلەکانی سنووری نێوان میسر و ڕەفەح کوژرا. ئیسرائیل هەروا لە سارد کردنەوەی فەرماندەکانی بەرەی مقاومەت بەردەوامە و لە درێژەی ئامانجی پەکخستنی مەترسی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل شەوی ٢٥ لە سەر ٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ ئەرتەشی ئیسرائیل لە تۆڵەی نزیک بە ٢٠٠ موشەکی بالیستیکی و فەتاح و … ی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتەکەی، بە زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە ٢٠ بنکە و دامەزراوەی سەربازی کۆماری ئیسلامی. ئەگەرچی ئەو ئامانجانەی ئیسرائیلی دەستنیشانی کردوون، شوێن و ناوەندی سەربازی و کۆماری ئیسلامی دەتوانێ حاشای لێ بکات و ڕێژەی زەرەر و زیانەکانی بشارێتەوە، بەڵام لە جۆری خۆی دا هێرشێکی دەگمەن و کەم وێنەیە و نیشانە لە بەهێزی هێزی ئاسمانی ئەرتەشی ئیسرائیلە. هەڕەشە و هۆتاف و دروشم زۆرن، بەڵام پرسیارە ئاڵتوونییەکە ئەمەیە؛ داهاتووی ئەم بەریەک کەوتنانە دەبێت بە چی؟
بەریەک کەوتنی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل نابێتە جەنگێکی ڕاستەقینە، واتە لایەنەکان هێزی پیادە، دابەزێننە خاکی یەکترەوە، بەڵام ئاگرگۆڕینەوە و شەڕە فانتۆم و فڕۆکە لە نێوانیاندا زۆرتر ڕوودەدا. بە بڕوای من سیاسەتی دژایەتی ئیسرائیل کە بووەتە ستراتێژی و بەشێکی جیانەکراوە و بڕبڕەی شوناس و سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی گۆڕانێک بەخۆیەوە نابینێت. بەڵام چیتر خامنەیی ناتوانێ گوتاری “نەشەڕ و نە سازان” درێژە پێ بدات. ئیسرائیل بە پشتن بە توانای سەربازی و بە تایبەتی هێزە ئاسمانییەکەی لە کورت ماوەدا تێدەکۆشێ ژەهر کۆماری ئیسلامی بگرێت و هەموو موشەک و ئەو چەکانەی کە دەتوانن ببن بە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل لە ناو دەبات. هێزە پرۆگسییەکانی تا ڕادەیەکی زۆر بێ هێز و لاواز دەکات. بەڵام تایەکلای نەکردنەوەی سەری مارەکە لە تاران ئەم ئۆختاپووسە هەموو کات دەتوانێ مەترسی جیددی بێت بۆ سەر ئیسرائیل، بۆیە پرۆژەی درێژخایەنی ئیسرائیل ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێت.
ئەم پلانەی ئیسرائیل لە کاتێکدا گۆڕانی بە سەردا دێت کە کۆماری ئیسلامی دەست لە دژایەتی ئیسرائیل و گوتاری سڕینەوەی لە سەر نەخشەی گۆی زەوی بکات و دەستبەرداری پشتگیری گرووپە پرۆگسییەکانی بێت کە لانی کەم لە کورتماوە و تا زیندوو و لە سەرکار مانی خامنەیی ئەستەم دەنوێنێ. بۆیە ئەو سیاسەتەی کە بوو بە شوناسی عەلی خامنەیی، پێ دەچێت سەری خۆی و ڕژیمەکەی پێ لە قوڕ بنێت.
درێژەی هەیە…
سەرچاوەکانی ئەم بەشە؛
- Middle East Research and Information Project
- Carnegie Endowment for International Peace
- Council on Foreign Relations – Iran’s Foreign Policy
- Brookings Institution – Iran’s Regional Role
- Al Jazeera – Iran’s Role in the Region
- Middle East Institute – Iran’s Ideological Warfare
- International Crisis Group – Iran and Israel
- Carnegie Endowment for International Peace – Iran’s Strategy in the Middle East
- BBC News – Iran-Iraq War Overview
- The Guardian – Iran’s Oil Exports
- تاریخ روابط ایران و اسرائیل در زمان جنگ ایران و عراق
- کمکهای نظامی اسرائیل به ایران در دوران جنگ
- · Al Jazeera
- · Foreign Affairs
- · The Guardian