بۆ شرۆڤەی دروستی ڕووداوە سیاسییەکان خوێندنەوەی وردی فاکتەرە سەرەکییەکانی کاریگەر لە گۆڕەپانی ململانێکان پێویستە و بەبێ دەرکی دروستی کاریگەری ئەرێنی و نێەرێنی هەر کام لە فاکتەرەکان پێشبینی داهاتووی ڕووداوە سیاسییەکان کە لە ناوەڕۆکدا لە گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست سەخت و ئەستەمە، دژوارتریش دەبێت.
بابەتی سەرەکی ئەم وتارە دەور و رۆڵی ئێرانە لە نوێترین شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ڕێگەی شرۆڤەی کارەکتەرە سیاسییەکانی کاریگەر لە ناوچەکەدا.
پرسیاری سەرەکی وتار: کۆماری ئیسلامی دەتوانێت خۆی لە گۆڕانکارییەکانی دوای شەڕی غەززە بپارێزێت و چارەنووسی هێژمۆنیکی بە چ ئاقارێکدا تێپەر دەبێت؟
لە نوێترین شەڕی رۆژهەلاتی ناوین کە زیاتر لە چوار مانگی بەسەردا تێپەڕیوە، ئەگەرچی ململانێی فەلەستین و ئیسرایل مێژویەکی زیاتر لە ٧٥ سالەی هەیە و لەو سالانەدا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دوایین ململانێیان زۆر جیاوازترە لە ڕابردو بە جۆرێک کە هیچکام لە دیاردەکان لە بەرەبەیانی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە وەک خۆی نەماوەتەوە.
دوای هێرشی کتوپری و لە ناکاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە یەکێک لە گەورەترین سیستەمە هەوالگیرییەکانی جیهانی تووشی شۆک کرد، جیهان دوبارە سەنگەربەندییەکانی خۆی نوێکردەوە، ئەمریکا و رۆژئاوا هەر لەسەرەتاوە پشتگیریان لە ئیسرائیل کرد و وەک وڵاتێک کە لەگەڵ هێرشێکی تێرۆریستی بەرانبەر بووەتەوە پێناسەیان کرد.
هەر کام لە فاکتەرە سەرەکییەکان لە ڕێگەی دەور و ڕۆڵێک کە دەیگێرن کە دەتوانین تا ڕادەیەک هاوکێشەی هیز بە قازانجی هەر کام لە دو بەرەی شەر واتە ئیسرائیل یان حەماس بگۆڕن، لێرەدا هەوڵ دەدرێت ئەو کاریگەرییانە بخرێتە بەر باس و لێکدانەوەی هەر کام لەو فاکتەرانە لەسەر چارەنووسی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی هێژمۆنی ئەو وڵاتە لە داهاتودا شرۆڤە بکرێت.
١- ئەمریکا:
ئەمریکا وەک بەهێزترین هاوپەیمانی ئیسرائیل هەر لە سەرەتای دەستپێکی شەڕ زۆر زوو پشتگیریی چروپری خۆی بۆ ئیسرائیل راگەیاند، دو کەشتی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی رەوانەی ناوچەکرد تا بەجۆریک پێش بە کرانەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لەگەل ئیسرائیل بگرێت، تا ڕادەیەکیش تا ئێستا سەرکەوتوو بوە.
ئەمریکا جگە لە یارمەتی سەربازیی کە تا ئێستا زیاتر لە ١ ملیار دۆلاری یارمەتی ئیسرائیل کردوە و ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا بە کۆماریخواز و دیمۆکراتیش هاوکات لەگەل هەندێک جیاوازی بیرورا لەسەر بابەتەکە و جۆر و شێوازی یارمەتییەکان، بەڵام لەسەر بەردەوام بوونی پشتیوانییەکانیان هاوبیرن.
ئەمریکا جگە لە یارمەتییە سەربازیی و داراییەکان ڕۆڵێکی گرینگیشی لە دیپلۆماسی بۆ ئیسرائیل گێڕاوە، تا ئێستا چوار جار بریارنامەکانی ئەنجومەنی یاسایشی نێودەوڵەتی یان ڤیتۆ کردەوە یان جۆرێک کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی بریارنامەکان داناوە کە دڵنیا بێت هەرەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل ناخولقێنێت.
لە ئێستاشدا هەولی داوە لە ڕێگەی پیکهێنانی هاوپەیمانەتییەک بتوانێت لەبەرانبەر هەڕەشەی حوسییەکان کاردانەوەی هەبێت و زیاتر لە دەیان جار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حوسییەکان ئەنجام داوە و توانیویەتی بەرەیەکی نیودەوڵەتی لە دژیان بکاتەوە.
ئەمریکا هاوکات لەوە کە بەردەوام پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات، بەلام هەول دەدات کە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش بە قەبووڵکردنی چارەسەری دو دەوڵەتی ڕازی بکات و لەو ڕێگەیەوە توانیویەتی تا رادەیەک دڵی وڵاتانی عەرەبیش ڕاگرێت.
٢-وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی
ولاتانی عەرەبی تا ئێستا سەڕەرای هەندێک هاوسۆزی مەعنەوی بە تایبەت بۆ ڕازیکردنی دەنگی شەقامەکانیان، بەڵام نەیانتوانیوە یان نەیانویستوە یارمەتییەکی جیددی حەماس بدەن، لە ڕاستیدا چاوەڕوانی ئەو یارمەتییەش نەدەکرا چونکە دوژمنایەتیی لەمیژینەیان لەگەڵ حەماس هەیە و زۆرینەیان هەر لە سەرەتای دابەشبوونی فەلەستین بەسەر دو بەرەی فەتح و حەماس لەگەڵ حکوومەتی تا ڕادەیەک سێکۆلاری مەحمود عەباس سەرۆکی فەتح هاوبیرن،جگە هیچ کامیان پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ حەماس نەبوە.
وڵاتی عەرەبستانیش کە پێش دەستپیکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل یەکەم هەنگاوەکانی بۆ بە فەرمی ناسینی ئیسرائیل و کردنەوەی دەروازەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەو ولاتە کردبوو، لە دوایین دیمانەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەشدا دەرکەوت کە تا ئێستا پرسی ئاشتبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر مێز هێشتۆتەوە بە مەرجێک ئیسرائیل چارەسەری دو دەوڵەت قەبووڵ بکات و تەنانەت یارمەتیی مادی بۆ قرەبووکردنەوەی زیانە مادییەکان و دوبارە بونیاتنانەوەی غەززە دەدەن ئەگەر ئەم مەرجە قەبووڵ بکرێت.
هاوکات بە وتەی ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست وڵاتانی ئیمارات و عەرەبستان لە ڕێگەی کۆریدۆرێکی زەمینی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل هەروا بەردەوامە و خۆیان بۆ داهاتووی بەبێ حەماس ئامادە دەکەن.
ولاتانی میسر و تورکییەش هەر بەم ئاقارەدا دەڕۆن، میسر تا ئێستا بە توندی تەنیا دەروازەی سنووری لەگەڵ غەززە بەسەر هاووڵاتیانی فەلەستینی بەستوە و تورکییەش جگە لە هەندێک هاوار و هەڕەشەی ئەردۆغان هەنگاوێکی ئەرێنی و کارای نەگێڕاوە بەپیی ئامارەکان دوای شەڕێ غەززە نەک تەنیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەل ئیسرائیل کەمنەکردۆتەوە بەلام ٣٦٪ زیادیشی کردوە.
٣- ئیسرائیل
ئیسرائیل ئەگەرچی لەگەل گەورەترین هێرش بۆ سەر تەواوییەتی خۆی لە دوای هۆلۆکاستەوە بەرانبەر بوویەوە، زیاترین کوژراوی لە ماوەی ٧٥ ساڵ دوای دروستبوونی داوە و بەشێک لە هەیمەنە و غرووری شکاوە، بەلام توانیویەتی خۆی بدۆزێتەوە، لە ئێستادا زیاتر لە دو لەسەر سێی خاکی غەززەی داگیرکردوە و لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری غەززەی لەگەڵ خاک یەکسان کردوە بەڵکوو توانیویەتی بەشێکی زۆری هێزی سەربازئ حەماس لەناو بەرێت و لە جیبهەی باکووریشدا بەر بە هێرشە ناوبەناوەکانی حیزبوڵا بگرێت، چەندین فەرماندەی سەربازی حیزوبوڵا و بە تایبەت دو لە گەورەترین فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسی لوجستیکی سپای قودس و بەرپرسی هەوالگری ئەو هێزەی لە سورییە لەناوبردوە و جۆرێک مەتمانە بەخۆیی وەرگرتوە تا ڕادەیەک کە لە ڕۆژانی رابردوو گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل باسی لە هێرشی تەواوەتی بۆ سەر حیزبوڵا کرد.
٤-حەماس
حەماس تا ئێستا دۆڕاوی سەرەکی جەنگێکە کە خۆی دەستیپێکرد و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەسی لە غەززە لەو پیناوەدا قوربانی کرد، باکووری غەززە لەناوچووە و ئەگەری هێرش بۆ سەر ڕەفەح لە باشووریش زۆرە، ئەگەرچی حەماس تا ئێستا لە رێگەی بارمتەکانییەوە توانیویەتی تا ڕادەیەک تەمەنی دەسەڵاتی درێژ کاتەوە، بەلام لە ڕاستیدا زەنگی کۆتاییەکەی دەستی پێکردوە، ئەگەرچی ڕەنگە وەک بیرۆکەیەکی سیاسیی بەتەواوی نەسڕدرێتەوە، بەلام هێچ کات دەسەڵاتە سەربازی و سیاسییەکەی ناگەڕێتەوە پێش ٧ی ئۆکتۆبر.
هێژمۆنی ئێران لەناو هاوکێشەکاندا بە چ ئاراستەیەک هەنگاو دەنێت؟
کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە لە ڕیگەی خەرجکردنی پارەی زەبەڵاح بەرەیەکی پیکهێناوە کە وەک بەرەی بەرگری پێناسەی دەکات(بەرگی ئەوەی پێبەخشیوە) بەڵام لە ڕاستیدا بەشوێن پەرەپێدانی هیلالی شیعە و بە جۆرێک نائەمنکردنی ناوچەکەیە لە ڕێگەی ئەو هێزە میلیشیایانەی کە دروستی کردەوە.
ئێران ئەگەرچی دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بۆ ماوەیەک سەرخۆش بوو، بەڵام زۆر زوو خامنەیی حاشای لە هەر جۆرە دەستی ڕاستەوخۆی ئێران لەو شەڕەکەدا کرد و نیگەرانی لەدەستدانی یەکیک لە لقە سەرەکییەکانی بۆ گوشار و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکەدا واتە حەماسە و تا ئێستا نەیتوانیوە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر حەماس نەیتوانیوە بەرەیەکی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکاتەوە لە ڕۆژانی رابردو و دوای کوژرانی سی سەربازی ئەمریکایی لە ئوردۆن و لە ترسی هێرشی زەمینی ئەمتیکا بۆ سەری تەنانەت لە ڕیگەی ناردنی قائانی بەری بە هێرشی هێزە پرۆکسییەکانی لە عێراقیش گرتوە و زیاتر لە سێ حەفتەیە هیچ هیرشێک لە حیراق دژی ئەمریکا ئەنجامنەدراوە و لە راستیدا هەم حەماسی بێ هیوا کردەوە و هەمیش بێ هەڵویستییەکەی کاردانەوەییەکی نەرێنی لەسەر لایەنەکانی تری پەیوەندیدار بەخۆیەوە داناوە.
ئیسرائیل بە دڵی خۆی توانیویەتی لە ئاسمانی سووریە تەراتێن بکات، وڵاتێک کە تا ئێستا ئێران زیاتر لە ٣٦ ملیارد دۆلاری بۆ خەرجکردەوە و بە ئاسانی فەرماندە سەربازییەکانی لەو وڵاتە دەبنە قوربانی، روسییەش نەیویستوە لەو بارەیەوە کاردانەوەیەکی دژ بە ئیسرائیل هەبێت و ئاسمانی سورییە گۆڕەپانێکی ئەمن و ئاسودە بووە بۆ ئیسرائیل.
ئێران جگە لەوەی نەیتوانیوە هیچ وڵامێکی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بداتەوە (جگە لە هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پیگەکانی مووساد) کە ئەوەش لەگەڵ ڕەخنەی لایەنگرانی بەرامبەر بووەتەوە و بێهیوای کردوون بە دواجاریش دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر پاکستان لەگەڵ کاردانەوەی توندی ئەو ولاتە بەرانبەر بوویەوە و لێرەشدا مایەپووچ بوو، چونکە لەلایەک دۆستێکی خۆی کردە دوژمن و لەلایەکی تریش هێچ دەستکەوتێکی تەبلیغیشی دوای کاردانەوەی پاکستان دەستەبەر نەکرد. دو لقی دیکەی هێزەکانی سەر بە ئێرانیش چارەنووسیان دڵخۆشکەر نییە، حیزبوڵا تا ئێستا نەیتوانییوە بەرەیەکی جدی شەڕ بکاتەوە چونکە لوبنان چ لە بواری ئابووری و چ لە بواری سیاسی لەگەڵ قەیرانی قووڵ بەرانبەرە، نرخی هەڵاوسان تا ٦٠٪ چۆتە سەرەوە و تا ئێستا نەیانتوانیوە حکومەتێک بەبەشداری هەموو لایەنەکان پێکبهێنێت و کۆمەڵگەی لوبنانیش بە گشتی دژی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلە و تا ئێستاش نەیتوانیوە خەسارەکانی شەری ٣٣ رۆژەی پێشتر لەگەڵ ئیسرائیل قەرەبوو بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەش تۆپ لە زەوی ئیسرائیلە و دیار نییە بەو جۆرە هەڵسووکەوتەش بتوانێت لە داهاتوودا خۆی لە هێرشی ئیسرائیل بپارێزێت بە واتایەکی تر لە لێوارێک گیری خواردوە کە کەوتنی بە هەر بارێکدا لە قازانجی نییە. حوسییەکانیش لەگەل ئەوەی تا ئێستا توانیویانە ٣٠٪ ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی بخەنە مەترسییەوە، بەڵام پێکهاتنی بەرەیەک لەلایەن ئەمریکاوە بە دژییان داهاتوویەکی دڵخۆشکەریان بۆ دروست ناکات.
کۆتا وتە: بە هەڵسەنگاندنی دەور و ڕۆڵی فاکتەرەکانی بەشدار لە ململانێی حەماس و ئیسرائیل دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی تا ئیستا هێژمۆنییەکەی روو لە لاوازبوونە، ئەگەریش تا ئێستا توانیویەتی خۆی لە ململانێکان بە دوور بگرێت، بەڵام نرخەکەی بە لیواری لەدەستدانی یەکێک لە لقە سەرەکییەکانی واتە حەماس و ئەگەری لەناوچوونی حیزبوڵا داوەتەوە، ماوەتەوە هێزە میلیشیاکانی عێراق کە گۆڕینی ستاتیژی ئەمریکا لەبەرانبەریان لە حەوتووەکانی ڕابردوو بە ئاسانی دەبیندرێت و دوای هەڵبژاردنەکانیش ڕەنگە بە گشتی کۆتایی بە مانگی هەنگوینیان بێت.
کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا هەم لە ناوخۆی وڵات لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووری و سیاسی بەرەوڕووە و هاوکات لەو ڕۆژانەشدا خەریکە وردە وردە هێەژموونییەکەی لەناوچەکەش لەدەست دەدات.