پاش دوو ساڵ لە کوژرانی مەزڵوومانەی ژینا (مەهسا) ئەمینی و هاتنە ئارای شۆڕشێکی گەورەی جەماوەری جێی خۆیەتی ئاوڕدانەوەیەک بکرێت لەوەی کە سەرەڕای تایبەتمەندییە بەرجەستە و مانیفیستە مرۆیی و پێشکەوتنخوازانەکانی بۆچی ئەم بزووتنەوەیە دەرەقەتی ڕژیمێکی جینایەتکار و دواکەوتووی وەک کۆماری ئیسلامی نەهات؟!
بە بڕوای من هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی تا ئێستای ئەم شۆڕشە و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە ٤ تایبەتمەندی شۆڕشەکە و دوو بواری باڵادەستی کۆماری ئیسلامی و یەک فاکتی دەرەکی دەگەڕێنەوە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەم؛
دوو بواری باڵادەستی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەو شۆڕشە؛
١. قەوارەی سەرکوتگەرانە و سەربازی کۆماری ئیسلامی؛ لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی خاوەنی یەکێک لە ئاڵۆزترین و ڕێکخراوترین سیستەمەکانی دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینە لە جیهاندا. دامەزراوەگەلی وەک سپای پاسداران، بەسیج، وەزارەتی ئیتلاعات، نیرووی ئینتزامی و حفازەت ئیتلاعاتی سپا و… کۆمەڵێک دەزگای سەرکوتگەری بەهێزن کە بە خێرایی و بە توندوتیژترین شێوە دژی هەر ناڕەزایەتییەک دەجوڵێنەوە. ئەم دامەزراوانە خاوەنی سەرچاوەی ماددی و چەک و چۆڵ و کەرەسەی داپڵۆسین و پشتگیری بێ سنووری دەزگای حاکمییەتن و ئامادەی نواندنی هەر چەشنە توندوتیژییەکن دژی نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی، لە وەها دۆخێکدا ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان سەرەڕای بەرفراوان بوونیان، خاوەنی هێزی وەستانەوە بەرامبەر ئەم هێزە سەرکوتگەرە تەیارە نەبوون و نین.
٢. توانایی کۆماری ئیسلامی لە کۆنترۆڵی ڕاگەیاندنەکان و پرۆسەی گواستنەوەی زانیاری؛ کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە دوای گشتگیربوونەوەی ئێنتێرنێت و سەرهەڵدانی پلاتفۆڕم و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەموو کات ئەم دیاردەی ئەم سەردەمەی بە نەیار و دوژمنی خۆی زانیوە و هەموو هەوڵ و ڕێکارێکیشی گرتووەتە بەر بۆ سنووردارکردنی ئەم بوارە لە ئێران. گەڵاڵەی پارێزگاریکردن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە تا ئێستا لە وەک بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئێران و دام و دەزگاکان کاری پێ دەکرێت نموونەی زەقی ئەو هەوڵانەن. کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی چین و کوریای باکوور خاوەنی یەکێک لە سیستەمە هەرە پێشکەوتووەکانی سانسۆڕ و فیلتێرینگی ئینتێرنێتە بۆ سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی وێنە و هەواڵەکانی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دەربڕینی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ناوخۆ. ئەم تواناییەی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان وایکرد کە ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی چڕو پڕ نەگاتە بەردەنگی جیهانی و تەنانەت نەگاتە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئێران و پێش بگرێت لە تەشەنە سەندنی ئەو ناڕەزایەتییانە و ڕێکخستنی جەماوەری دژی ڕژیمەکەی.
چوار کەم و کوڕی شۆڕشەکە و بەرەی خەڵک؛
. ١. نەبوونی یەکێتی و هاوکاری لە نێوان ئۆپۆزیسیۆندا؛ ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ڕەوت و حیزب و گرووپ و دەستەگەل و بزووتنەوەی جیاواز و دژواز و جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت کە زۆرجاران لەسەر ڕێکارەکانی گۆڕانکاری و فۆڕمی داهاتووی دەسەڵاتی ئێران نەیار و ناتەبان. “نەبوونی یەکێتی و هاوکاری نێوان هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان” یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ناسەرکەوتووبوونی تا ئێستای شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. ئەم نەبوونی هاوکاری و هاواهەنگییە وای کردووە ڕێکخستنی گونجاو و کاریگەر و لە هەمانکاتدا پێشکەش کردنی ئاڵترناتیڤ و بەدیلێک بۆ کۆماری ئیسلامی نەکرێت. لە کاتێكدا تا ئەم ساتە وەختە بەشێکی بەرچاوی لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە، بەڵام وەک ڕابردوو کەلێنی قووڵ لە نێوان هیزە دژبەر و بەرهەڵستکارەکانی دەسەڵاتدایە و وای کردووە نەگەنە بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ گۆڕینی ڕژیم لە تاران. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لە ئیسڵاحتەڵەبی دەوڵەتی و دابڕاو لە دەوڵەتی تێدایە تا دەگاتە سەڵتەنەت تەڵەب و چەپ و کۆمۆنیست و شوناسخواز و ئایینی و …
٢ . نەبوونی ڕێبەرییەکی یەکگرتووی و ئاشکرا؛
یەکێک لە خاڵە لاوازە هەرە کاریگەرەکانی ئەم بزووتنەوەیە “نەبوونی ڕێبەرێکی ڕێکخراو” و چوارچێوە و نەخشەڕێیەک بۆ ڕێنمایی و هاوئاهەنگی ناڕەزایەتییەکانە. بە پێچەوانە شۆڕشە سەرکەوتووەکانی مێژوو کە زۆربەیان خاوەنی ڕێبەرییەکی تاکەکەسی یان خود گرووپی بوون، بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی ئەم ڕێبەرە ناسراوە یان ئەم قەوارە هاوئاهەنگەی بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکان و لە هەمانکاتدا چارەسەر و قەرەبووکەرەوەی کەم و کوڕییەکان نییە. ئەم بێ ڕێبەرییە وای کردووە کە ببێتە هۆی ئاڵۆز و پەراکەندە بوونی داواکاری و تاکتیکەکان و بەربەست بووە بۆ یەکگرتوویی بزووتنەوەکە.
توێژی خۆڵەمێشی و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئایینزایی ڕژیم؛ کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش سەرەڕای هەموو خراپە و جینایەتەکانی پشتگیری و پشتیوانی بەشێکی لەگەڵ کۆمەڵگای ئێرانی لەپشتە. ئەم پشتگیرییە زۆرتر لە نێو بەشە سونەتی و مەزهەبییەکەی (زۆرتر شیعەکانی) کۆمەڵگای ئێرانە کە بە ئیدئۆلۆژی مەزهەبی دەسەڵات و باوەڕە ئیسلامییەکان وەفادارن. نابێ ئەوەشمان بیربچێتەوە کە بەشگەلێک لە کۆمەڵگای ئێران بەهۆی گرێدراوی ئابووری بە دامەزراوە حکومەتییەکانی وەک سپا، خواست و ئیرادەیان بۆ دژایەتی کردنی ڕژیم نییە. ئەم توێژە کە بە توێژی خۆڵەمێشی دەناسرێن و تا ئەو کاتەی بەلای ناڕەزایەتییەکاندا نەشکێنەوە، پارێزەری دەسەڵاتن. هەواڵنێری ڕۆیتێرز لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک لە سەر ڕێ و ڕەسمە حکومەتییەکانی وەک ٢٢ی بەهمەن و ڕێ و ڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی قاسمی سولەیمانی لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بە ١٣ میلیۆن کەس لە ئێران مەزندە دەکات. لە کاتێکدا لە هیچ کام لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕازییان لە تارانی پایتەخت کە حەشیمەتەکەی لە شەودا دەگاتە نزیک ٢٠ میلیۆن کەس نەگەیشتە ١٠ هەزار کەس و ئەمە دەری دەخاتە کە توێژی خۆڵەمێشی هێشتا پارێزەی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکەیین.
٤. بەرتەسک مانەوەی ناوەرۆکی شۆڕشەکە؛ تا ئێستا زۆرترین پێداهەڵدان و بەرجەستەکردنەوەی ڕەهەندە پێشکەوتنخوازانەکانی ناوەرۆکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەگەڵ مرۆڤی ئەم سەردەمە و کاردانەوە جەماوەرییە جیهانییەکان بەڵام دەبێ قبووڵی ئەوە بکەین کە ئەم شۆڕشە خاڵی لاواز و کەم و کوڕیشی هەبوو. ئەم ڕەخنەیە لە سۆنگەی دڵسۆزییەوەیە و هیوادارم بکەوێتە بە سرنجی ڕێبەرانی مەیدانی و ئۆپۆزیسیۆنی جیددی کۆماری ئیسلامی و ئەویش ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە هەر لە بازنەی ژن و داواکارییە ژنانەکان و شوناسخوازی نەتەوە بن دەستەکانی ئێران قەتیس ماوەتەوە. لە کاتێکدا کە لە ئەنجامی سیاسەتە نەزانکارانە و شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی گرانی و ڕۆژ ڕەشی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای ئێرانی هەراسان کردووە، قەتیس مانەوە لە داواکارییە ژنانە و شوناسخوازییەکان نەیهێشت باقی پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ببێتە ڕۆژەڤ و ناوەرۆکی شۆڕشەکە.
بەرجەستەترین پێناسەی ڕاپەڕینی بریتییە لە کاردانەوەی بەرفراوانی لەناکاوی جەماوەری بەرامبەر بە زوڵم و ڕووداوێکی دڵتەزێن و ئێمە ئەمەمان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرامبەر بە مەرگی مەزڵوومانەی ژینا بینی، بەڵام زۆر زوو ئەم ڕاپەڕینە بوو بە بزووتنەوەیەک و چاوەڕوان دەکرا و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە شۆڕشێکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێبەرییەکی ئاشکرای فرەگر (لە خاڵەکانی داهاتوودا وەک یەکێک لە هۆکارەکانی بەرەی گەل شرۆڤە دەکریت.)، تا هەنووکە نەتوانراوە پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان وەک بەشێکی بەرجەستەی ناوەرۆک و مانیفیستی جووڵەکە (ژن، ژیان، ئازادی) بچەسپێت. هەندێک هەوڵی نەزۆک و گوماناوی هاتنە ئاراوە کە پێشوازی لێ نەکرا. بە کورتی بێ توانایی لە پەرەپێدانی داواکارییەکان بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و موتربە کردنی پرسە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ دروشمی شۆڕشەکە، نەیهێشت بزووتنەوەکە ببێتە بزووتنەوەیەکی سەراسەری گشتگیر و هیوادارم ئەم بابەتە لە لایەن ڕێبەرانی مەیدانی و ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنەوە بە هەند وەربگیردرێت.
بەڕای پسپۆرانی بواری شۆڕشەکان و کۆمەڵناسان هەر کات جووڵانەوەیەک ٢.٥٪ ی کۆمەڵگاکە لە خۆبگرێت و ببنە چالاکی بزووتنەوەکە، ئاستی سەرکەوتوو بوونی شۆڕشە بۆ سەروو ٩٠٪ بەرز دەبێتەوە. ئەم لە حاڵێکدایە کە ئەو هۆکارانەی سەرەوە تا ئێستا نەیهێشتووە ئەم ڕێژەیە لە خەڵکانی ئێران بەو شۆڕشە پەیوەست بن و ئامانجە سەرەکییەکە کە بریتییە لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەستەبەر بکەن.
فاکتەری دەرەکی؛
١ . نەبوونی پشتگیری نێونەتەوەیی پێویست؛ گۆڕینی ڕژیمەکان زۆرجاران پێویستی بە جۆرێک لە پشتگیری و گوشاری نێودەوڵەتی هەیە. لە کاتێکدا ئەم سەردەمی جیهانگیرییە وایکردووە هەموو جووڵەکەی سەر ئەم گۆی زەوییە کارتێکەری لە سەر ڕووداوەکانی پاش خۆی هەبێت، سەرەڕای ڕاکێشانی سرنجی زۆری جیهان بەرەولای بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و بەڕیوەچوونی هەندێک خۆپیشاندانی پشتگیریکارانە بۆ خەڵک لە ناوخۆی ئێران، بەڵام گوشاری پێویست لە لایەن دەوڵەتانەوە بۆ پشتیوانی لەم بزووتنەوەیە نەکرا. وڵاتانی ڕۆژئاوایی (کە چاوەڕوان دەکرا بە هۆی هاوتەریب بوونی ناوەرۆکی بزووتنەوەکە لەگەڵ بەها ڕۆژئاواییەکان) کەمترین ئاستی پشتگیرییان نیشاندا بۆ ئەو بزووتنەوەیە و تەنیا بە ڕاگەایەیاندنی نیگەرانییە دیپلۆماتیک و هەندێک گەمارۆی سنووردار بۆ هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی کۆماری ئیسلامی، خۆیان لەو ئەرکە مرۆیی، ئەخلاقی و سیاسییە پەڕاندووەتەوە. دیارە هۆکاری سەرەکی ئەم کەمتەرخەمییە دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٠٢ وە بە دوای ئاشکرا بوونی چالاکییە گوماناوییە ناوکییەکەی و سەپاندنی کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووری جیهانی بە سەریدا و سەرەڕای بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان، توانیویەتی بە ڕێکخستنی ئابوورییەکی ناڕوون و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان لە سەرکار بمێنێتەوە.
چارەسەرکردنی گرفتە سەرەکییەکانی ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای خاڵە بەهێزەکانی چاوەڕوان دەکرێت بە بێ پشتگیری نێودەوڵەتی بەرفراوان ڕژیم لە تاران بگۆڕدرێت، بەڵام بێگومان پشتیوانی نێودەوڵەتی لە بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەری ناڕازی و تێکشکاندنی ئیرادەی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، ئاسۆی گۆڕانکاری قووڵ و گەورە لە ئێراندا گەشتر دەکات.