ئازادی بەنرخترین گەوهەری ناخ و ناوەرۆک و ئەندێشەی مرۆڤە. مرۆڤ بەبێ ئازادی لە بنچینە و ناوەرۆکی سروشتیی خۆی، ( وەک بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و دەستهەڵات)، بەتاڵ دەبێت. « ژان ژاک رۆسۆ» نووسەر و فیلوسوفی فەڕانسی (١٧١٢ – ١٧٧٨)، لە سەدەی ١٨ی زایینی واتە زیاتر لە سێسەد ساڵ لەمەوبەر ئەم قسەیەی کردووە بەڵام حەقیقەت و واتاکەی، مێژووی بەر لە « رۆسۆ» و دوای ئەویش و هەنووکەش دەگرێتەوە. دیرۆکی زەوتکردنی ئازادیی و بەکۆیلە کردنی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ زۆر کۆنە و دەتوانین بڵێین کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی مرۆڤەوە سەریهەڵداوە و بەرەبەرە لە جۆر و قەبارە و شێوازگەلی فرەچەشندا، درێژەی بووە. هەربەم پێیەش، خەون و ئاواتی ئازاد ژیان هاوتەمەنی قۆناغە جیاجیاکانی میژوو، ( کۆمۆنە سەرەتاییەکان، کۆیلەداری، دەرەبەگایەتی، سەرمایەداری و مۆدێرنیسم و پۆست مۆدێرنیسم)ە. هەرکام لەم قۆناغانەش پێناسەی تایبەت بەخۆی هەیە و بە فاکتۆرگەلێکی ڕوون و بەرچاو لەیەکتری جیا دەکرێنەوە. شێوازی ژیان، ئامرازەکانی بەرهەم هێنان، کەلتور و جۆری پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و هەر بەگشتی لە سەرجەم بوارەکاندا جیاوازیی ڕوون دەبینین و ڕەوتی گەشەی مرۆڤی نیاندرتاڵ تا دەگاتە مرۆڤی خاوەن هزری سەردەمی پۆست مۆدێرنیسم، لاپەڕەکانی میژومانی پڕ کردوەتەوە. جگە لەو جیاوازییانەی ئاماژەی پێکرا، کۆمەڵێک چەمک و دیادردە و نەریت هەن کە لە سەرجەم قۆناغەکاندا پرسی هاوبەشن. واتە مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ خۆی هێناون. پرسی دەستهەڵات، خاوەندارییەتی ئامرازەکانی بەرهەم هێنان و پشکی تاکەکان، ئازادی و دەستەمۆ و بەکۆیلەکردن و زۆر دەستەواژەگەلی لەمچەشنە هەن کە هەمووکات مشومڕ و ناتەبایی و تەنانەت شەڕی زۆر گەورەشیان بەدوای خۆیاندا هێناون.
تاوتوێکردنی سەرجەمی ئەم چەمکانە لە تاقەتی ئەم دەرفەتە کورتەی ئێستاماندا نییە و هەرکامەیان بەتەنیا بوار و زانستی قووڵ و دوور و درێژن. لێرەدا تەنیا ئاماژەیەکی کورت بە چەمکی « ئازادی» دەکەین.
ئەگەر ئازادی وەک « رۆسۆ» ش ئاماژەی پێداوە، بەنرخترین گەوهەری مرۆڤ بێت، کەواتە بەنرخترین گەوهەری کۆمەڵگای مرۆڤایەتیشە. ئازادی بەمانای نەبوونی بەربەست و لەمپەرەکانی بەرپێی هزری مرۆڤ بۆ ژیانێکی شیاو و گەشەسەندووە. بەمانای خاوەنی خۆ و بیرو خەیاڵ و دەربڕینی ڕوانگە و ئاوات و ئارەزووەکانە. بەمانای بڕینی پەرژینی بێ بژاردەیی و بوون بە تاکی خاوەن مافی هەڵبژاردنە. تەنیا مرۆڤی ئازاد دەرفەتی ڕۆچوون بە قووڵایی خۆیدا و پێداچوونەوە و بژاردەی نوێ و بەم پێیەش گەشەی هەمەلایەنە و پێشکەوتنی بۆ دەڕەخسێت. مرۆڤ تەنیا لەو کاتانەدا کە ئازادە، هەست بە شکۆ و سەروەریی و ئیرادە و شعور و دەستهەڵاتی خۆی دەکات.
ئازادیی بەتەنیا ئەو مافە نییە کە بۆ بەدەستهێنانی پێویستە لەبەرابنەر خراپە ( زۆرداری و هەلپەرستی و تاکەڕەویی و…) و خراپەکار ( ئەوانەی بەرژەوەندیی خۆیان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندیی گشتییەوە) و… خەباتی بۆ بکەیت، بەڵکە لەگەڵ بەدەستهێنانی، پێویستە لە مەترسییەکانی لەدەستدانی بیپارێزی و بۆ چاکە و چاکەکاریی و قازانجی خۆت و کۆمەڵگا بەکاری بێنی. ئازادیی ئەو واتا بەرز و بەنرخ و سێحراوی و پڕلە شکۆیەیە کە بۆ وەدیهێنانی ئامادەی لەخۆبردوویی و خەبات و قوربانیدانی و لە پێناو پاراستنیشیدا نرخ و باجی پێویستی بۆ دەدەیت.
ئازادی دەستهەلاتێکی ڕەهای بێمەرج و پەرژین ( بۆ تاک و کۆ)، نییە. مرۆڤایەتی لە پرۆسەی گەشەی هزری و زانستی وکۆمەڵایەتی و ئابووریی و تێکنۆلۆژی خۆیدا، سیستەم و نۆرمگەلێکی پێوەندیی و خۆبەڕێوەبەریی دیاریی کردوە. وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە یاسای بنەڕەتیی وڵاتانی دێموکڕات و پێشکەوتوو یان جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین کە جێگای پەسندی زۆرینەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانە ولەسەر بنەما هزری و زانستییەکان دامەزراوە، کە لەوێشدا ئازادی وەک مافێک دیاریکراوە کە خاوەنی پێناسە و سنوورگەلێکە. سنوورەکانی ئازادی هەمووکات جێگای مشتومڕ و کێشەی مرۆڤەکان بووە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە، جیاوازیی بووە. لەو کۆمەڵگایانەی کە ئیدئۆلۆژی بنەماخواز و توندئاژۆ بەسەریاندا زاڵە، ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان سنووردارترن. بە وتەیەک، سنووری ماف و ئازادیی من دەتوانێ تا ئەو شوێنە بڕوات کە سنووری ماف و ئازادیی کەسێکی دیکە دەستپێدەکات. لە دیارییکرانی سنوورەکانی ئازادیدا فاکتۆرگەلی جۆربەجۆر دەوریان هەیە. ئیدئۆلۆژی تاک و کۆ، کەلتوور و داب و نەریت، گەشەی ئابووری و تێکنۆلۆژی، پەروەردە وسیستەمی ئیداریی و دەستهەڵات و ،،، هتد، دەوری کاریگەر و یەکلاکەرەوەیان هەیە. وەک دەڵێن، ئازادی ئەو مافەیە کە لەگەڵت لەدایک دەبێت وبۆ بنیادنانی ژیانێکی شیاو پێویستە بەدرێژایی تەمەن لەگەڵت بێت. لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی پڕن لە چیرۆکی خەبات و ململانێ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی. لەڕاستیدا مرۆڤایەتی لەم پێناوەدا زیاترین قوربانیی داوە.
لەخۆڕا نەیانووتووە کە دابەستە و بەکۆیلەکردن، کوشتنی روحە. خەساندنی ڕوحی هەست بە خۆ و، شعور و شکۆ و گەورەیی و، هەر بە گشتی، هەست بە بوونی خۆ کردنە. کۆمەڵگایەک کە لە دنیای ئازاد دابڕابێت و بیروڕای ئازاد دەرفەتی دەربڕینی نەبێت و ئەندامەکانی بژاردەی جۆربەجۆر و فرەڕەنگیان لەبەرپێ نەبێت و پێناسەیەکی هزری و ئەخلاقیی لە ئازادیی و ئازادژیانی بۆ نەکرابێت، لەڕاستیدا لە ڕوحی گەشە و سەرهەڵدان و شکۆ و بەختەوەریی دادەماڵدەدرێت. گۆڕەپانێکی ئازاد و فرەڕەهەند بۆ تاقیکردنەوە و هەڵە و سەرکەوتن و دەرفەتی گۆڕینی ڕێڕەوەکانی ئێستا و داهاتووی ژیان، لە مەرجە بەراییەکانی گەشەکردنی مرۆڤ و کۆمەڵگان.
وەک تا ئێستا پێناسە کراوە، لە بەستێنی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، تەنیا ئازادیی ڕادەربڕین بێ مەرجە و بەمەبەستی ڕێگرییکردن لە بشێویی و ئالۆزییەکان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی تەبایی و هاوسەنگی گشتیی، یاسا و ڕێسای تایبەت بە دیارییکردنی سنوورەکانی بوار و واتاکانی دیکەی ئازادی، ڕەچاو کراوە. دەوڵەت، سیستەمی داد و پەروەردە و زۆر دامودەزگای دیکەی حکومەتی و مەدەنی، ئەرکی دابینکردن و چاوەدێریی و پارێزگاریی لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکانیان لە ئەستۆیە. تەنانەت زۆر جار و بۆ پاراستنی ئازادیی و ماف و بەرژەوەندییە گشتییەکان، تاکەکان ناچارن کە بەرژەوەندیی و ئازادییە تایبەتیی و تاکەکەسییەکانیان قوربانی بکەن. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە تاکی مرۆڤ لە کۆمەڵگا و ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵەکاندا دەرفەتی بەکردەوە دەرهێنانی سەرجەم خولیا و ئاوات و ویستەکانی خۆی نییە و لە پێناو بڕیارە گشتیی و یاسا و ڕێسا کۆمەڵگاپەسندەکاندا، ناچارە پاشەکشێ لە بەشێکی بەرچاویان بکات. بەکورتی دەتوانین بڵێین کە لەو کۆمەڵگایانەدا مرۆڤەکان پانتایی ئازادییان ناتوانێ یاسا بنەڕەتی و گشتییەکانی کۆمەڵگا پێشێل بکات بەڵام دیسانیش دەرفەتەکانی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و تەنانەت بڕێکی باش لە ڕەهاییەکی تاکەکەسییان بۆ مسۆگەر کراوە بەجۆرێک کە کەمترین لەمپەر و ئاستەنگی گشە و بەرەوپێشچوونی تەبا لەگەڵ کۆمەڵگایان لەسەر ڕێیە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگا ئیدئۆلۆژی لێدراوەکان ( تاک ئایین و دیکتاتۆرییەکان) بەهۆی موتڵەق گەرایی و بنەماخوازیی و داب و نەریتە سواو و بەسەرچووەکانیانەوە، ڕوانین و پێناسەیەکی بەتەواویی جیاوازیان لە ئازادیی مرۆڤ هەیە. لەمجۆرە کۆمەڵگایانەدا دین و دەستهەڵاتی تاقانە و تاکڕەوانە، سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگای، هەرلە بەرزترین ئاستیی حوکمڕانییەوە بگرە تا دەگاتە نزمترین و ساکارترین توێژەکانیەوە تەنیوە و بازنەی بیرکردنەوە و جووڵەی مرۆڤەکان بەرتەسک و سنووردارە. لەواندا سیکۆلاریسم ( ئازادیی هەڵبژاردنی دین و بیروباوەڕ) بێڕەنگ و واتایە. نەک هەر ئازادییە گشتییەکان، بەڵکە تایبەتیترین و سەرەتاییترین مافەکانی تاکیش دەخرێنە چوارچێوەی تەسک و تەنگەبەرەوە. دین و یاسای تاکەکەس یان نەتەوە و چین و توێژی زاڵ و باڵادەست بەمەبەستی پاراستنی خۆی و یاساکانی، سەرجەم ڕەهەند و ئامرازەکانی ژیانی قۆرغ کردووە و بۆ سەرکوت و داپلۆسینی خەڵکی ناتەبا و نەیارەکانی دەستی بەتەواوەتی ئاوەڵایە. بۆ تێگەیشتن لەو دۆخە هەر ئەوەندە بەسە کە ئاوڕێک لە بارودۆخی ژیانی نالەبارەی خەڵکی وڵاتانی ڕوسیە و کۆرەی باکور و ئێران و ئەفغانستان و عەڕەبستان و سۆمالی و …هتد بدەینەوە و بە ئاشکرا دەبینین کە مرۆڤەکانی نیشتەجێی ئەو جوگرافیایە چلۆن و چەندە نابەختەوەر و گیرۆدەن.
حەقیقەتێکی ڕووت و حاشاهەڵنەگرە کاتێک « ژان پۆل سارتر» فیلوسوفی فەڕانسەیی (١٩٠٥ – ١٩٨٠) دەڵێ: « ئێمە مەحکومین بە ئازادیی و ئازادژیان». زۆر ڕاستە. هەر بەوجۆرەی ڕەوڕەوی مێژوو بێپسانەوە تا ئێرەی هێناوین، ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتیش ناتوانێ لە ئاست و قۆناغێکدا نەزۆک و قەتیس بێت. هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئارامیی و ئاسوودەیی و بەختەوەریی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانییەتی وبۆ ئەمەش گۆڕان و بەرەوپێشچوون و خوڵقاندنی دەرفەتی نوێ پێویستە کە هەمووی ئەمانە تەنیا لە توانای مرۆڤی ژیر و بە بیرو هزری خوڵقێنەر دایە. هەروەک لە سەرەوەش باسمان کرد، مرۆڤ تەنیا لە دۆخێکی ئازاد و سەربەستدا کە مافی هەڵبژاردن و دەربڕینی بیروڕا و وەگەڕخستنی ئیرادە و بەکردەوە دەرهێنانی ویست و خولیا و خەونەکانی هەیە، دەتوانێت گەشە بکات. واتە تەنیا مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگای ئازادە کە دەتوانێن بوارەکانی ئەم ئامانجە دابین بکات و وەک « ڕۆسۆ» وتوویەتی: ئازادیی بنچینە و بەنرخترین گەوهەری ناخی مرۆڤە.