ژان ژاک ڕۆسۆ، بیرمەندی گەورەی فەرانسەوی لە سەدەی هەژدە لە یەکێک لە بەرهەمەکانی خۆی بە ناوی گرێبەستی کۆمەڵایەتی باسی ئەوە دەکا کە شارۆمەندانی هەر وڵات یان خود هەر کۆمەڵگایەک دەبێ هاوپەیمانییەک لە ناو خۆیان پێکبێنن کە ببێتە بنەمایەک بۆ حوکمرانی لەو کۆمەڵگایە. نووسەر چەمکی هاوپەیمانی یان گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەو بیرمەندە گەورە و شوێندانەرە فەرانسەییە بە قەرز وەردەگرێت تا لەم وتارە کەڵکی لێ وەربگیردرێت، هەرچەند هەلومەرجەکە و ڕۆژگارەکە لەگەڵ سەردەمی ژان ژاک ڕۆسۆ زۆر جیاوازە، بەڵام وێچوونەکانیش کەم نین و ئەو مۆڵەتەمان پێدەدات تا لەو چەمکە کەڵک وەرگرین.
سەرەتاکانی سەدەی بیست لە ئێران بە مەبەستی سنووردارکردنی دەسەڵاتی پاشایەتی و مەرجدارکردنی ئەم سیستەمە، بزووتنەوەی مەشروتییەتی هەڵگیرسا و هەرچەند نەیتوانی سیستەمێکی دیموکراتیک لە شێوەی ئوروپای ئەو کات دامەزرێنێ، بەڵام لانیکەم، بە تایبەت دوای بەدەسەڵات گەیشتنی بنەماڵەی پەهلەوی و سەڵتەنەتی ڕەزاشا، بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگای مۆدێرن و بنیاتنانی دامەزراوە مۆدێرنەکانی پێویست بە وەها سیستەمێک هەنگاوی هەڵگرت.
لەو کاتەوە تا ئێستا دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران لە سەر دوو بنەمای سەرەکی دامەزراوە؛ زمانی فارسی و ئایینی شیعە. ئەوە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بوو کە هەم سیاسەتمەداران و هەم زۆرینەی ڕووناکبیرانی ئەو کات، بە ئاشکرا و هاوکاتیش لە پشت پەردە و بە خشکە، کۆمەڵێک بەڵگە و مێژووشیان بۆ ڕازاندنەوەی خستە بەردەست. دەرخستنی ڕاستی و دروستی ئەم بەڵگانە و ئەو مێژوویەی لە سەر مێژووناسانە و ئێمە لێرە خۆمان بەوە خەریک ناکەین. هەرچی بوو ئەم ڕوانگەیە وایکرد کە لە بوونی نەتەوەکانی دیکە یان بەتەواوی حاشا بکەن یان سیاسەتێکی ئاسیمیلاسیۆن بگرنە پێش بۆ ئەوەی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیی ئێران بسڕنەوە و زمانەکانی دیکە بکەونە بەر هێڕشی نکوڵی و حاشالێکردن و لەکۆتاییشدا تواندنەوەیان. هەر بەو شێوەیەش لەگەڵ ئایین و ئایینزاکانی دیکە جگە لە شیعە هەڵسوکەوت دەکرا. ئەو بارودۆخە لە کۆماری ئیسلامیش بەردەوام بووە و تا ئەو جێگایەی دەگەرێتەوە بۆ لایەنی کولتوری و ئایینی بگرە توندتریش بووە و بە تەواوی سیاسەت نکۆڵی و سەرکوت گرتراوەتەبەر. لە قۆناغەکانی پێشتریشدا دەتوانین بلێین کە سەرەڕای لە ئارادا بوونی ململانێیەکی زۆر توند لە نێوان پاشاییخوازە توندڕەوەکان و دامودەزگای ڕوحانییەتی شیعەی دەسەڵاتدار، واتە کۆماری ئیسلامی، بەڵام هەر دووکیان لە سەر ئەو دوو کۆڵەکەیەی پێشتر باسمان کرد بنیات نراون و هەڵکشاون. هاوکات زمانی هێرش کردنیان بۆ سەر نەتەوەکانی دیکە و بە تایبەتی کورد وێکدەچێ و هەر دوویان بە نەفەسێکی فاشیستی و گشتییەتخوازیی و پاوانخوازییەوە دەدوێن و هەڕەشە دەکەن و بوختان دەخەنە پاڵ بەردەنگە نەیارەکانیان.
زۆر پێویستە کە بزانین کە بارودۆخەکە لە قووڵایی کۆمەڵگا گۆڕدراوە، پرۆژەی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو لە سەر ئەو دوو کۆڵەکەیە، واتە زمانی فارسی و ئایینی شیعە، درزی گەورەی تێکەوتووە و دەتوانین بڵێین ئەگەر نە بە تەواوی هەرەسی هێنابێ و ڕووخابێ، بەڵام قەڵەشتی
گەورەی تێکەوتووە. کورد وەک پێشەنگ و کارتێکەری سەرەکی ئەو ئاڵوگۆڕە لەهەردوو ڕژیمی پاشایەتی و ئیسلامیدا، پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە لە خەبات و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی وەک نەتەوەیەکی بندەست و مافخوراو. جگە لەوەش لە گەورەترین و بەرفراوانترین ئاخێزی دژە ڕژیم، واتە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەورێکی پێشەنگ و هاندەر و لە زۆر قۆناغدا شوێندانەری بوو، بەڵام جگە لەوەش لە دوای بزووتنەوەی سەوز وەک دوایین بزووتنەوەی ناوەندگەرا، لە بزووتنەوەکانی ساڵانی ٩٦ و ٩٨ دەبینین کە پەراوێزخراوەکان دەوری سەرەکی و کاریگەر دەگێڕن. ئەو ڕەوتە لە بزووتنەوەی ژینا بەتەواوی خۆی دەرخست و هەموو کەس دانی بە پێشەنگایەتی نەتەوەکانی دیکە بە تایبەتی کورد و بەلووچ داهێنا و ئەوە لە زۆر دروشمی ناو شەقامەکان دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی بەرچاوبوو.
مەنشووری مەهسا کە تێیدا بە ئاشکرا و بە واژۆی هەموو ئەندامانی هاوپەیمانی جۆرج تاون، یەکەمین بەڵگەیەک بوو کە تێیدا بە ئاشکرا و بە بێ ئەملاوئەولا فرەچەشنی لە ئێران قبووڵ دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێران زمانی جیاواز بوونی هەیە و ئەو زمانانە لەو شوێنانە کە زۆرینە ئاخافتنی پێدەکەن، دەبێ بۆ پەروەردە بە کاربهێندرێ. ئەوە یەکەمین بەڵگەیەک بوو کە لە لایەن پێنج کەسی فارس زمان دانی پێدادەندرێ و واژۆ دەکرێ. کورت ماوەبوونی ئەو هاوپەیمانییە هیچ لە گرینگی ئەو بەڵگە مێژووییە و جێگە و پێگەی لە مێژووی خەباتی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە کەم ناکاتەوە.
بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە ئەوە ڕووداوێکی بە ڕێکەوت و بە بێ بەستین نەبوو و بەڵکوو ڕەوتێکە و بەستێنێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی هەیە کە لەو وتارەدا ئاماژەیەکی کورتیشی پێکرا، تەماشای هەڵوێست و بەرنامەکانی تلەڤیزیۆنە فارس زمانەکان بکەین کە بە بۆنەی ڕۆژی دایک، بەشێکی بەرچاوی بەرنامەکانیان بە بانگهێشتی پسپۆران تەرخان کردبوو لە سەر گرینگی ئەو زمانانە و گرینگی بەکارهێنانیان لە سیستەمی پەروەردە. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە گەشبینییەکی زیادەرەوانانە دروست کەین. هێشتا بۆ کەشوهەوایەکی بە یەکجاری دڵخواز ڕێگایەکی زۆرمان لە پێشە کە دەبێ بیپێوین، بەڵام دەبێ بزانین کە زمان دەور و جێگایەکی زۆر گرینگی هەیە هەم بۆ شۆناسی نەتەوەیی ئێمەی کورد و تەنانەت باقی نەتەوەکانی دیکە و هەمیش دەورێکی سەرەکی گێڕاوە لە سیاسەتی ئینکار و حاشا لێکردن و سەرکوتی بزاڤی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی.
لە لایەکی دیکە بۆ کۆمەڵگایەکی وەک ئێران نەمانی ئایینی شیعە وەک یەکێک لە کۆڵەکە تاقانە و هەرە گرینگەکانی شوناسی ئێرانی بوون ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە بە تەواوی دەباتە ژێر پرسیار.
کورد دەبێ بە پشوودرێژی و ژیرانە و بە سیاسەتێکی دروست و لە هەمان کاتدا یەکگرتووانە برواتە ناو ئەو قۆناغە نوێیەوە. سیاسەتی دروست چیە و هەلسوکەوتی ژیرانە کامانەن؟ ئاسۆی ڕۆژهەڵات بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە بە پێداگری لە سەر گوتاری کۆمەڵە لە ژمارەکانی داهاتودا دەرفەت و وزەی پێویست بۆ شرۆڤەکردنی ئەو بابەتانە تەرخان بکات.