حەشدی شەعبی ئەم دوو ناوەندە بەشەڕ دەدات!
بەرلەوەی شێخ عەبدولکەریمی حائری یەزدی بۆ یەکەم جار بیرۆکەی دروستکردنی “حەوزەی عیلمییەی قوم” بە مێشکدا بێت (۱۳۴۰ هیجری قەمەری _۱۹۲۱ زایینی)، “قوم” بە هۆی ئەوەی تەرمی “فاتمە” کچی ئیمام “موسای کازم”، ئیمامی حەوتەمی شیعەیان و خوشکی ئیمام “عەلی بن موسەئەلڕەزا” ئیمامی هەشتەمی شیعەکان ناسراو بە “حەزرەتی مەعسوومە” لەو شارە نێژرابوو، شارێکی گرنگی ئایینی ئێران ئەژمار دەکرا. بەڵام شێخ عەبدولکەریم پێی وابوو کە مەرجەعییەتی “نەجەف” _ئەو شارەی کە تەرمی ئیمام عەلی ئیمامی یەکەمی شیعەکانی لێ نێژراوە_ لە سەدەی پێنجەم (سەدەی١١ی زایینی) لە سەر دەستی شێخ تووسی (۳۸۵-۴۶۰ هیجری قەمەری) دامەزرابوو، لە چەند سەت ساڵی رابردوو لە ژێر کاریگەری عوسمانییەکان و پاش جەنگی جیهانی یەکەم لە ژێر کاریگەری بریتانیادایە و ئەو سەربەخۆییەی نییە بڕیار لە سەر چارەنووسی شیعەکان بدات.
ئەگەرجی حائری یەزدی خۆی تەلەبە و فەقێی حوجرە و مزگەوتەکانی سامەڕا و نەجەف بوو، بەڵام بە دوای کەم بایەخکردنی مەزهەب لە کۆتاییەکانی قاجارییە و پاشەکشەکانی مەزهەبی شیعە لە سەردەمی ڕەزا شا، پێی وابوو کە پێویستە ناوەندێکی سەربەخۆی پەروەرەکردنی مەلای شیعە لە ئێران دروست بکرێت و هەرواشی کرد.
لەماوەی سەد ساڵی دامەزراندی مەرجەعییەتی قوم لە چەند بواری گرنگدا لەگەڵ مەرجەعییەتی نەجەف لە ململانێ دابووە، بەڵام هەرگیز بوێری ئەوەی نەبووە ڕاستەوخۆ بکەوێتە دژایەتی مەرجەعییەتی نەجەفەوە.
_مەرجەعییەتی نەجەف زۆرتر وەک ناوەندی کلاسیکی ئایینزای شیعە زۆرتر لە بنەما و ڕێسا عەقڵییەکان بۆ هەڵێنجانی فەتوا بە پێی قورئان و سونەت و لۆژیک بۆ پێڕەوانی ئایینزای شیعە کار دەکات، لە بەرامبەردا مەرجەعییەتی قوم زۆرتر مەیلی بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە دەیەوێت ببێت بە دەمڕاستی شیعەکانی جیهان.
_مەرجەعییەت و حەوزەی عیلمییەی نەجەف ڕوانینێکی کلاسیکی تری بە سیاسەت هەیە و بەشداری ڕاستەوخۆ لە دەسەڵات و حوکمڕانی خۆ دەبوێرێ و پرسی ویلایەتی فەقێ بە شێوەیەکی سنووردار و تەنیا بۆ چاودێری و ڕێنوێنی مەعنەوی لێک دەداتەوە، لە کاتێکدا کە لە حەوزەی عیلمییەی قوم پرسی ویلایەتی فەقێ بە جیددی هاتۆتەگۆڕێ و پێی وایە کە نەک تەنیا ئەرکی چاودێری کردن، بەڵکوو حاکم و بەرپرسی ئیداردەدانی کار و باری کۆمەڵگای ئیسلامیشە.
_سەرچاوەی داهاتی مەرجەعییەتی نەجەف زۆتر لە ڕێگەی یارمەتییە باوەکانی ئایینی ئیسلام واتە خومس و زەکاتەوە دابین دەکرێت، بەڵام حەوزەی عیلمییەی قوم جیا لە وەجهە شەرعییەکان بە هۆی گرێدراوی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بودجە و پارە و پوولی زۆر ساڵانەی بۆ دەبڕدرێتەوە.
_لە نەجەف زۆرتری وانەکان پێ لە سەر ئازادئەندێشی زانستی، باس و گفت و گۆی فەقێکان و پەروەردەکردنی هێزی نەرمی ئیجتهاد و فەتواگەرییە و زۆرتر مەیلی بەرەو مێتۆدە کلاسیکییەکانە تا ئاوێتە بوون بە پرسە ڕۆژ و مۆدێرنەکان. لە بەرامبەردا لە قوم دەستی بانکداری ئیسلامی و فیقهی پزیشکی و فیقهی ژینگە و … باس دەکرێت و خۆی لە پرسە ڕۆژ و مۆدێرنەکانەوە هەڵدەقوڵتێنێ.
_لە نەجەف زۆرتر سرنج دەدرێتە سەر کاروباری دینی و پاراستنی داب و نەریتە دینییەکان و ئاراستەیەکی پارێزگاری هەیە بەرامبەر بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە بەرامبەردا لە قوم جیا ڕاگەیاندنی بە پابەندی بنەما دینییەکان خۆشی لە پرس و بابەت ڕۆژەڤ و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڵدەقوڵتێنێ زۆر لە زیانی دینی و ئایین شکاوەتەوە.
_حەوزەی نەجەف بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا وەک ناوەندی نێونەتەوەیی شیعەکان دەناسرێت و پێوەندییەکی بەرینی لەگەڵ شیعەکانی عێراق، لوبنان و هیند و باقی وڵاتانی دیکە هەیە و زۆرتر پێ لە سەر یەکێتی و یەکگرتووی شیعەکان دەکاتەوە، لە بەرامبەردا حەوزەی قوم بە هۆی گرێدراوییەوە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک ناوەندێکی بەرهەم هێنەری ئاژاوە و توندوتیژی و تیرۆر سەیر دەکرێت.
_لە مەکتەبی نەجەفدا باقی ئایین و ئایین زاکانی دیکەی ئیسلامی دۆستانە و ئاشتی خوازانەیە، لە بەرامبەردا ڕوانگەی قوم دا، ئاراستەی ڕەق، تەکفیری و شەڕەنگێزانە بەرامبەر بە ئایین و ئایینزانکانی دیکە دەرس دەوترێتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەریەکەوتنە دژوازانەی نێوان دوو مەرجەعییەتی شیعە لە نەجەف و لە قوم، ئەمڕۆ لە سەر پرسێکی هەستیار و یەکلای کەرەوە بەرامبەر بە یەکتری وەستاونەتەوە.
دەرکەوتنی دژوازی نێوان ئەم دوو ناوەندە بە دوای چاوپێکەوتنەکەی پاپ فرانسس لەگەڵ سیستانی لە میانەی سەفەرە ٣ ڕۆژەکەی بۆ عێراق لەڕۆژانی ٥ و ٨ی مارسی ٢٠٢١، زۆرتر تەشەنەی سەند، بەڵام خاڵی بەریەک کەوتنی قورسی ئەم دوو ناوەندە چۆنییەتی ڕوانین و بڕیاردانیانە لە سەر “داهاتووی حەشدی شەعبی”!.
ساڵی ٢٠١٤ بە دوای سەرهەڵدان و هێرشی داعش بۆ سەر شارەکانی عێراق، ئایەتوڵڵا سیستانی فەتوای جیهادی کەفایی* دەکرد کە بووە هۆی دامەزراندن و دروست بوونی هێزی حەشدی شەعبی تا داکۆکی بکات لە خاک و خەڵکی عێراق دژ بە داعش، بەڵام هەر ئەوکاتیش ڕایگەیاند کە دەبێت ئەم هێزە گوێڕایەڵ و لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی عێراق دا بن و نابێت گرێدراوی هێزێکی دەرەکی بن و داوای کرد کە ئەو هێزانە لە هەرچەشنە سیاسی بوونەوە یان دەستێوەردان لە کاروباری ناوچەکە خۆ ببوێرن و ئێستاش لەوباوەڕەدایە کە ڕاسپاردە و ئەرکی ئەو هێزە کۆتایی هاتووە و ئەم هێزە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و یان بە تەواوی تێکەڵ بە ئەرتەشی عێراق بن.
لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتای دامەزراندنی پاش شۆڕشی ئیسلامی، هەوڵی ئەوە بووە کە مۆدێلی شۆڕشەکەی هەناردەی باقی وڵاتانی ئیسلامی بکات و بۆ ئەو مەبەستە گەلێک گرووپ و ڕێکخراوی چەکداری ئاژاوەگێڕی لە ڕێکخراوەکە دامەزراندوو، ڕێکخستووەتەوە و یان تەیار کردووە کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەودا لە ناوچەکە یاری بکەن.
ئێستا پاش هێرشە تیرۆریستییە جینایەتکارانەکانی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەر کیبودس و خەڵکی سڤیل و مەدەنی ئیسرائیلی کە خامنەیی شان و دەستی ماچ کردن، ئیسرائیل بە پشتگیری ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا دەستی کردووە بە پاکسازی ناوچەکە لە گرووپە نیابەتی و پرۆگسییەکانی کۆماری ئیسلامی. حەماسی شەلەل کردووە، حیزبووڵڵا وێران کردووە، حوسییەکانی هەڵتەکاندووە و بەشار ئەسەد و سوریە (بارئەندازی بەرەی مقاومەت)ی ڕووخاند و ئاوارە کردووە، پێ دەچێت بژاردەی دواتری ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی عێراق بێت.
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەهۆی نفووز و دەستڕۆیشتووی کۆماری ئیسلامی لە عێراق وەک گرووپێکی چەکداری سەر بە کۆماری ئیسلامی هەنگاویان ناوە و بە کردەوە بوونەتە هێزێکی پرۆگسی ئەو ڕژیمە و چەندین جار بە دۆرن و موشەک و هاژەک هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوەچەکە.
سودانەکەی سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران و بۆ لای بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی پەیامێکی ئاشکرای عێراق و ئەمریکا و ئیسرائیلی پێیە کە بریتیین لە؛ ڕاگرتنی چالاکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، کۆنترۆڵی چەکەکانی دەرەوەی ئەرتەشی عێراق، خۆ بواردنی عێراق لە دۆسیەی سوریە و پشتگیری لە دروستکردنی دەوڵەتی نوێ لەو وڵاتە.
ئەم پەیام و داوا و ڕاسپاراردە و هەڕەشانە هەموو پێچەوانەی هەوڵ و بەرژەوەندیی و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامین کە سەدان میلیاد دۆلار و هەزاران سەرباز و پاسداری ئێرانی بۆ کردووەتە قوربانی.
دەوڵەتی عێراق تێدەکۆشێت بە بێ دەنگ کردنی کۆماری ئیسلامی و مەرجەعییەتی قوم، سیستانی و مەرجەعییەتی نەجەف بڕیار و فەتوا لە سەر هەڵوەشاندنەوەی هێزی حەشدی شەعبی بدات. بیرمان نەچێت کە ئێران لە ناوچەکە بە پشت بەستن بە گرووپە پرۆگسییەکانی (حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و حەشدی شەعبی) خۆی کردبووە یاریزانێکی وێرانکەری ناوچەکە کە بتوانێت بەم شێوەیە باج لە وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاواییەکان وەربگرێت، بە تێکشاندنی بەرەی مقاومەتی کۆماری ئیسلامی لە مەرگ و ڕووخانی خۆی نزیک دەبێتەوە و سودانی و عێراقیش لەوە تێدەگەن و نایانهەوێ لەوە زیاتر پڕیشک و ئاگری شەڕەنگێزی کۆماری ئیسلامی وڵاتەکەیان بتەنێتەوە و حیسابی خۆیان لە یەک جوێ دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی نەرمی فەتوایەکی مەرجەعییەتی نەجەف ئەم کارە ئەنجام بدەن. لە کاتێکدا ئەم بڕیارە و فەتوایە مۆکردنی حوکمی مەرگی کۆماری ئیسلامییە (بڕبڕەی پشتی حەوزەی قوم) و ڕەنگە مەرجەعییەتی قوم بە دژی فەتواکەی نەجەف بوەستێتەوە، هەروا کە خامنەیی وتی؛ “پێشنیاری من بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق ئەوەیە دەستبەرداری حەشدی شەعبی مەبن، چونکا بەشار ئەسەدیش وای کرد و تیاچوو!”
ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوو ئەنجامی بەریەک کەوتنی دوو مەرجەعییەتی قوم و نەجەف یەکلای کەرەوەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران دەبێت و ئەم بەر یەک کەوتنە مسۆگەرە!
*جەهادی کەفایی؛ جۆرە جەهادێک کە لە سەر هەموو موسڵمانان فەڕز نییە و ئەگەر ئەوانەی وا دەتوانن بەشدار بوون و ئەنجامیان دا، لە سەر باقی موسڵمانان نابێتە ئەرک و واجب.