خەڵک و جەماوەر لە بڕیاردانی سیاسی و مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیانە، هەر بۆیە چەمکی جەماوەر لە دێمۆکراسی،چەمکێکی سەرەکییە.
ئالێن بادیۆ لە وتارێکی دا بە ناوی دەرکەوتنی سینەما وەکوو دێمۆکراسی، پێی وایە کە سینەما، بە نیسبەت هونەرەکانی دیکە،هونەرێکی جەماوەریە.بە واتایەکی دیکە سینەما بە پشت بەستن بە ئەو توانایانەی کە هەیەتی هونەرێکە کە هەموو جەماوەری کۆمەڵگا دەتوانن بە ئاسانی لێی تێبگەن و بکەن.بادیۆ پێی وایە کە هونەرەکانی دیکە ماوەیەکی درێژیان پێویستە بۆ ئەوەی جەماوەر لە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و فێرکاری لێی تێبگەن.هەر بۆیە بادیۆ پێی وایە سینەما هەم جەماوەریە و هەمیش ڕەهەندی فێرکاری گشتی هەیە و تەنها مدیۆمێک نییە بۆ کات بەسەر بردن بەڵكوو سینەما بە واتای ئەندێشە و بیرکردنەوە و جۆرێکە لە هونەری ژیان.
لە ڕوانگەی بادیۆ، هونەر بابەتێکی گرینگ و ئاریستۆکراتیکە و جەماوەریش بابەتێکی دێمۆکراتیکە. سینەما سروشتێکی دێمۆکراسیخۆازانە و جەماوەری هەیە، بەڵام سینەما بە درێژایی مێژووی خۆی لەلایەن دەسەڵات و حاکمییەتە تۆتالیتەرەکان وەکوو مدیۆمێک بۆ پڕوپاگەندە بەکار هاتووە.
سینەما دوای لەدایک بوونی و لەدوایی ماوەیەکی کەم، تێکەڵ بە سیاسەت بوو.لەبەرانبەر سینەمای هۆلیۆود دا و لە یەکێتیی سۆڤییەت لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ١٩١٧ بوو سینەما بوو بە ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندە بۆ کۆمۆنیزم .
لێنین بە دامەزراندنی قوتابخانەگەلی سینەمایی کەسانێکی بۆ کاری فیلمسازی پەروەردە کرد و دواتر ئەم فیلمسازانە نێردرانە ناوچە جیاجیاکانی یەکێتیی سۆڤییەت و کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەریان لەسەر ژیانی خەڵک لە ڕێگای فیلمەوە نیشاندا.
ئەم هەوڵانەی حاکمییەت لە یەکێتیی سۆڤییەت هۆکارێک بوو بۆ لە دایک بوونی گەورەترین مەکتەبی سینەمایی بە ناوی مۆنتاژ کە هەندێک جار بە سینەمای فۆرمالیزمی ناوی لێ دەبرێت. پێویستە ئاماژە بەوە بدەین یەکەمین فیلمی کوردی بە ناوی زارێ لە کوردستانی سوور، لە لایەن هامۆبەک نەزەریان بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی لە ساڵی ١٩٢٦ بەرهەم هات.زارێ کاریگەرییەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لە سەر ژیانی کوردانی ئیزەدی نیشانداوە.هەروەها دۆخی ژیانی کوردەکانی لە سەردەمی حاکمییەتی تێزار نەمایش کردووە.
لێنین لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند کە سینەما بۆ ئێمە هونەرێکی گرینگە و لە ساڵی ١٩٢٠ بزووتنەوەی سینەمایی مۆنتاژ دەستی بە کار کرد.
نازییەکان لە ساڵی ١٩٣٣ دەستیان کرد بە کڕین و دامەزراندنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم و «یەکیەتیی فەرهەنگی ڕایش» یان دامەزراند. ئەم ڕێکخراوە لە ڕاستیدا کاری چاودێری هونەر بوو. هەر بۆیە زۆرێک لە فیلمسازانی ئاڵمانی و جوولەکە لە ئاڵمان ڕۆیشتنە دەرەوە و ڕوویان لە هۆلیۆود کرد. فیلمسازانێک وەکوو فریتزلانگ ، بیلی وایلدێر و مارلێنە دیتریش و… ئەم فیلمسازانە نەیانئەوێست لە بەرانبەر خۆاستی نازییەکان چۆک دابدەن.لە ڕوانگەی یووز گوبڵێز وەزیری تەبلیغاتی هیتلەر، سینەما چەکێکی بەهێز و مەترسیدارە هەر بۆیە داوای لە فیلمسازان کرد فیلمگەلێک بۆ کات بەسەر بردن و داستانی ناسیۆناڵیزمی سۆسیالیزمی بەرهەم بهێنن.فیلمەگەلێک بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ نیشان بدەن کە پڕوپاگەندە بۆ نازی ئەکات و بتوانێت لەسەر هەست و بیری بەردەنگ کاریگەری دابنێت. لە سێپتامبەری ١٩٤٠ یەکییەتیی فەرهەنگی ڕایش توانی فیلمی «جوولەکەی شیرین» لە وێنیز بۆ یەکەم جار نەمایش بکات. فیلمەکە بە دژی جوولەکەکان بوو.دواتر ئەم فیلمەش لە بەرلین نەمایش کراو پێشوازی زۆر باشی لێکرا.ئەتوانین بڵێین ئەم فیلمە ئامادەکاریەک بوو بۆ ژینۆسایدی جوولەکان و هۆلۆکاست.گوبڵێز لە بیروەرییەکانی خۆی ئاماژەی بەوە داوە فیلمی جوولەکەی شیرین، فیلمێکی سەرکەوتوو و کاریگەر بوو، بەو جۆرەی کە دەمانوێست فیلمێک بوو بە دژی جوولەکەکان. گوبڵێز لە نێوان ساڵەکانی ١٩٤٢ و ١٩٤٣ مۆڵەتی بڵاو کردنەوەی بە فیلمی «داگیرکردنی دۆرا» لە دەرهێنانی کارێل ڕیتر نەدا.
بێنتۆ مووسولینی لە ساڵی ١٩٢٢ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا بوو زۆرتر لەنازیەکان گرینگی بە سینەما ئەدا.مووسولینی لە ساڵی ١٩٣٠ هەوڵەکانی بۆ درووست کردنی سینەمایەکی نەتەوەیی و لۆکاڵی دەست پێکرد و بەدوای سینەمایەکەوە بوو کە دوور بێت لە هۆلیۆود.ئاسانکاری زۆری بۆ بەرهەمهێنانی فیلم کرد و شارۆچکەیەکی سینەمایی بە ناوی چینەچیتا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕۆم درووست کرد.ئەم سینەمایە کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوە ئەچوو، لە واقیعی کۆمەڵگای ئیتالیا دابڕابوو و لە هەمان کاتدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو وێنەیەکی باش لە ئیتاڵیا نەمایش بکات.هەروەها بۆ پەروەردەکردنی فیلمسازەکان قوتابخانەیەکی سینەمایی دامەزراند.
ئومبێرتۆ بازێرباروو یەکێک لەوە کەسانە بوو لەم قوتابخانەیە، سینەمای یەکیەتییی سۆڤیەتی فێری خوێندکارانی فیلمسازی ئەکرد. ئومبێرتۆ لە ساڵی ١٩٤٢ بۆ یەکەمین جار چەمکی سینەمای نئوریالیزمی بەکار هێنا.لەم ساڵەدا، گۆڤاری سینەما مانیفێستی نئوریالیزمی بڵاوکردەوە. ئەم مانیفیستە لە واقیعدا، ڕاگەیاندنی شەر بوو بە دژی سینەمای فاشیستی و بزووتنەوەیەکی سینەمای نوێ درووست بوو.
دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ بزووتنەوەیەکی دیکەی سینەمایی لە وڵاتانی ئامریکای لاتین بە ناوی سینەمای سێهەم سەری هەڵدا.فێرناندنۆ سۆلاناس و ئۆکتاوا گتینۆ مانیفیستی سینەمای سێهەمیان بڵاو کردەوە و ئەم سینەمایە لەبەرانبەر سینەمای یەکەم (سینەمای هۆلیۆود) و سینەمای دووهەم (سینەمای هونەری ئورووپا) وەستایەوە.
سینەمای سێهەم،سینەمای یەکەمی پێ سینەمایەکی ئێمپریالیستی بوو و سینەمای ئورووپای پێ سینەمایەکی ناسیاسی و ڕێفۆرمخۆاز بوو.
هەموو ئەم ڕوودانە ئەو هەلەی ڕەخساند کە چی دیکە سینەما تەنها وەکوو سینەما خوێندنەوەی بۆ نەکرێت.دەکرێت بە شێوەی نێوان زانستی خوێندەوە بۆ بکرێت.دەکرێت لە ڕوانگەی فەلسەفی،کۆمەڵناسی،سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی خوێندنەوە بۆ سینەما بکەین.
هانا ئارێنت لە کتێبی ڕەخنە لە توتالیتاریزم (١٩٦٠)،ڕژیمە توتالیتەرەکان بەم شێوە پێناسە دەکات: ڕژیمی توتالیتەر بەو ڕژیمانە دەوترێت کە خۆازیاری چاودێری و دەستێوەردانی تەواون لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و لابردنی هەموو ڕکابەرەکان و دژبەرەکان لەڕێگای تیرۆر و قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی.
لە سیستەمی تۆتالیتاریدا، پڕوپاگەندە و تۆقاندن دوو دیوی یەک دراون ، واتە دروستکردنی ترس و پڕوپاگەندە بۆ ئایدۆلۆژیای ئەو جۆرە حکوومەتانە پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە. هێزی پڕوپاگەندە توانایی خۆی بۆ پاراستنی واقیعییەتی هەبوو و نیشاندانی واقیعێیەتی ساختە بە جەماوەر بەکار ئەهێنێت. سیستەمە تۆتالیتەرەکان بە درووست کردنی ترس و تۆقاندن پەیوەندی نێوان تاکەکان لەناو ئەبن، لە ڕێگای بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیا و لاوازکردنی ئیرادەی تاکەکەسی، سەپاندنی ئایدۆلۆژیای خۆی بەسەر عەقڵی جەماوەریدا دەسەپێنیت. کاتێکیش تاک لە واقیع دوور ئەکەوێتەوە، ڕوو لە ئەفسانە دەکات و ئەمەش مادەی خام و پێویستییە بۆ تۆتالیتاریزم، کە ئایدۆلۆژیای خۆی لەسەر پێکدەهێنێت.هەر وەک ئایینی شیعە کە کۆماری ئیسلامی ئایدۆلۆژیای خۆی لەسەر بنیاتناوە.
حکوومەتە توتالیتەرکان و لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران سیستەمی یەک حیزبیە.
لە بنەڕەتدا یەک حزب بوون بە واتای یەک دەنگی دێت، بۆیە هەموو دەنگێکی تر سەرکوت ئەکرێت، جا ئەم دەنگانە ئەتوانێت فیلم و سینەما یان لە بنەڕەتدا هونەر، یان ئەدەبیات و ڕۆژنامەگەری بێت.
سینەمای ئێران لە دوای شۆرشی ٥٧ ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هات. هۆڵەکانی سینەما و ستۆدیو سینەماییەکان لە سەرتای ساڵی ١٣٥٧ هیچ چالاکییەکیان نەبوو.
«پەرویزی وەرجاوەند» کە لە دوای شۆرشی گەلانی ئێران لە دەوڵەتی کاتی بەرێوەبەری کاروباری فەرهەنگی ئێرانی لە ئەستوو گرتبوو، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە ڕاگەیاندنەکان وتی: گرۆپێک لە ڕوانگەیەکی داخراوەوە دەڕواننە سینەما، و دەیانەوێت کە ئەم چالاکیانە کۆتایی پێ بێت. ئەم گرووپە هەر ئەوانە بوون کە چەندین سینەمایان ئاگر تێ بەرداو و لە ناویان برد.
لە بەرانبەردا، دەستەی پاوانخۆازانی حاکمییەت ڕایانگەیاند: ئێمە پێمان باشە سینەمای ئێرانی دابخرێـت، تا ئەوەی کە فیلمی دەرهێنەرانێک کە دڵیان لەگەڵ شۆرش نییە و فیلم گەلێک کە لە رووی نیەتێکی باش بەرامبەر بە شۆڕش درووست نەکراون ،بڵاو بکرێتەوە. وەلایەتی فەقیە بە ئاشکرا دەستووری سانسۆری فیلم و پاکتاوکردنی پیشەی سینەمای دەرکرد و وتی: چاودێری بەرهەمهێنانی فیلمەکان بکەن. نەهێڵن ئەو کەسانی کە لە گەڵ شۆڕش نیین فیلم درووست بکەن.پاکتاویان کەن و ئەمە کارێکی گرنگ و پێویستە.تەنانەت خومەینی بە ئاشکرا ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ سینەما کێشەمان نییە کێشەمان لەگەڵ فەساد و بێ بەندوباریە.
لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٩ دەزگای «شۆڕشی فەرهەنگی»دەست بە کار بوو. هۆڵەکان داخران.هەموو راگەیاندنە گشتییەکان کەوتنە ژێر چاودێری حکومەت. ولایەتی فەقیە بەرنامەی شۆڕشی فەرهەنگی بە ئاشکرا ڕایگەیاند:ئێمە هەموو چاپەمەنییەکان، رادیو، تەلەفزێون و سینەما لە گەندەڵی پاک دەکەینەوە، هەموو شتێک دەبێت لە خزمەتی ئیسلامدا بێت.»
بە هۆیی ئەوەی کە لە کەشوهەوای ئاڵۆزی دوای شۆرش لە ئێران فیلمێک بەرهەم نەدەهات، وەزارەتی رۆشنبیری کەوتە دووبارە پێداچوونەوە لە سەر هەندێک لە فیلمەکان و بۆ هەندێکیان مۆڵەتی دووبارەی دەرکرد کە دیسان بڵاو بکرێنەوە.
دەستەی پێداچوونەوەی دووبارەی فیلم لە ماوەی سێ ساڵ ٢٢٠٨فیلمی بینیەوە و بۆ ٢٥٢ فیلم مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی دووبارەی دەرکرد.
وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی،کە ئەرکی کونتروڵ کردنی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی لە ئەستوو گرتبوو رایگەیاند، کە هەموو چالاکییە سینەماییەکان، لە بەرهەمهێنان تا بڵاوکردنەوە تەنها بە پێی مۆڵەتی ئەم وەزارەتە دەبێت.
یەکێک لەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە سینەمای ئێران کرا پێناسەکردنی دووبارەی ڕۆڵی ژن بوو لە سینەمای ئێراندا.ڕۆڵی ژنان لە فیلمەکان چی دیکە وەکوو فیلمە فارسییەکانی پێش شۆڕش نەبوو و هەوڵیاندا کە نموونەیەک لە ژنی ئیسلامی و لەخزمەت بنەماڵە و پیاوسالاری لە فیلمەکان نیشان بدەن بۆ ئەوەی هەموو ژنانی ئێران لاسایی ئەم ژنانە بکەنەوە.
بە دەستپێکی شەر لە ڕێگای سینەمایەک بە ناوی بەرگری پیرۆز لەهەوڵی ئەوەدا بوون کە لاوانی ئێرانی بکێشێنە بەرەکانی شەڕ و بەم سینەما پەروپاگاندا بۆ خۆیان بکەن.هەر چەند ئەم سینەمای بەرگرییەی کۆماری ئیسلامی بە فۆرم و ناوەڕۆکی جیاوازتر لەو سەردەمە، هێشتا هەر خەریکی بەرهەم هێنانی فیلمە و لە ساڵانی ڕابردووا، ڕێکخراوە فەرهەنگییەکانی سەر بە سپای پاسداران فیلمگەلێک وەکوو غەریب و چ وەکوو چەمران و سۆران و دارگوێز …. بە دژی کۆمەڵە و خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرهەم هێناوە.
لە قۆناخە جیاوازەکانی حکوومەتی توتالیتەری کۆماری ئیسلامی، سینەما هەندێک تایبەتمەندی جیاوازی بە خۆیەوە بینیووە.بۆ نموونە لەو قۆناخگەلەی کە ڕێفۆرمخۆازەکان دەسەڵاتیان لەدەست بووە لە ڕوانگەی ناوەڕۆکییەوە هەندێک گۆڕانکاری بە سەر سینەمادا هاتووە. لەدوای بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ٢٠٠٩، سیستەمی سینەمای کۆماری ئیسلامی، فیلمسازانێک وەکوو ئەسغەر فەرهادی هاندا، کە فیلمگەلێک بە دژی چینی مامناوەندی کۆمەڵگای ئێران بەرهەم بهێنیت. چونکە لە نارەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز، ئەوەی دەنگی نارازی بوو لەسەر شەقام سەر بە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا بوو.بە جۆرێک ئەم سیاسەتە لە فیلمەکانی فەرهادی بەرجەستە کراوە، کە هەموو کێشە و گرفتەکانی ئەم چینە لە کۆمەڵگا لە ئەستۆی خۆیانە و ئەوە هەڵسوکەوت و هەڵوێستی خۆیانە کە نەتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن و لە کۆتاییدا ببن بە دەنگێکی نارازی لە کۆمەڵگا. بە سەرکەوتنی فەرهادی لە فێستیڤاڵەکان و تەنانەت وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆپ زۆرێک لە فیلمسازانی دیکەی ئێرانی هەم لە ڕوانگەی ناوەڕۆکی و فۆرمیەوە لاسایی فەرهادیان کردەوە بەو هیوای ئەوانیش بتوانن لە فێستیڤاڵەکان سەرکەوتن بە دەست بهێنن.دواتر ئەو ڕەوتە وەها گەشەی کرد و هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ناوی سەندرۆمی ئەسغەر فەرهادی لێ بنێن.فیلمگەلێک کە پاسیڤن و خۆیان دوور ئەگرن لەهەر چەشنە هەڵوێستێکی سیاسیی.دواتر سیستەمی سینەمایی کۆماری ئیسلامی لە ڕیگای فیلمەکانی سەعید ڕووستایی هەوڵیدا ئەو سناریۆی بۆ چینی مامناوەندی کۆمەڵگا دایرشتبوو بۆ چینی هەژاری کۆمەڵگای ئێران جێبەجێ بکات و فیلمگەلێک وەکوو مەتری شەش و نیو بەرهەم بێت.
دەتوانین بە گشتی سینەما لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەم شێوە پۆلێن بەندی بکەین:
١. سینەمایەک کە زۆرتر گرینگی بە فیلمگەلی ئاست نزمی کۆمێدی چ لە بواری ناوڕۆک و چ لە بۆاری فۆرمدا کە ئەم فیلمانە چ بۆ بەرهەمهێنان و چ بۆ بڵاوکردنەوەیان لە سینەماکان هیچ کێشە و گرفتێکیان نییە.تەنانەت سیستەمی سینەمای و وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی کۆماری ئیسلامی فیلمسازەکان هان ئەدات لەم ژانرە فیلم بەرهەم بهێنن.ئەم فیلمانە بەتاڵن ئەنیشە و دوورن لە واقیعیەتەکانی کۆمەڵگای ئێران.
٢.دەستەی دووهەم فیلمگەلێکن وەکوو غەریب و سۆران ودارگوێز … کە لەلایەن ڕێکخراوەگەلی فەرهەنگی سەربە سپای پاسداران وەکوو ناوەندی سینەمایی ئەوج بەرهەم دێن و ساڵانەی سپای پاسداران بوودجەی میلیار دۆلاری بۆ بەرەهەم هێنانی ئەم فیلمانە تەرخان ئەکات و دواتر لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و سینەماکان و تەنانەت فێستیڤاڵەکانی ناوخۆی ئێران وەکوو فێستیڤاڵی فیلمی فەجر گرینگی تایبەتیان پێ ئەدرێت.ئەم فیلمانەیش لە روانگەی هونەرییەوە و ناورۆکیەوە زۆر کەم بایەخن.
٣.دەستەی سێهەم فیمگەلێکن کە ئەتوانم ئیدعای ئەوە بکەم لە ئاستی جیهانیدا، لە باشترین فیلمەکانن و بە شێوەی ژێرزەمینی بەرهەم دێن و بڵاویش ئەکرێنەوە.لەم فیلمانە دەتوانین ئاماژە بە فیلمە « ئەو دیوی دیوار» و فیلمەکانی محمەد ڕەسووڵوف ، شەری جیهانی سێهەم لە دەرهێنانی هوومەنی سەیدی و… بدەین.