سینەمای مینیماڵیزمی بە شێوەی گشتی بە دوو شێوەیە: مینیماڵیزمی داستانی _ گێڕانەوەیی
زۆربەی ئەم فیلمانە، چالاکی ئاسایی ڕۆژانە و ژیانێکی ئاسایی بە شێوەیەکی درێژ نەمایش ئەکەن و لەوانەیە ئەم چالاکییانە زۆر ئاسایی و سادە بن. بۆ نموونە فیلمی « خەو « ئەندی وارهوڵ کە لەم فیلمەدا خەوتنی شاعیرێک بە ناوی جان جیورتو نەمایش کراوە.
مینیماڵیزمی ناگێڕانەوەیی
لە تایبەتمەندییەکان ئەم سینەما، فڕێمگەلی بەتاڵ، گرتەی درێژ، جووڵەی بێدەنگ، هێڵی چیرۆکی لاواز، کامێرای ئیستا و بێ جووڵە، زیادەرەوی نەکردن لە نواندنە.لە فیلمەکانی ژان ڕێنوار، میزۆگوچی، وڵز، درایر، وارهۆڵ و یانچۆ گرتەیەک لەوانەیە چەند خولەک، بخایەنێت.
تایبەتمەندی سینەمای مینیماڵیزمی
گێڕانەوە: مینیماڵیزم لە ڕێگای سادەکردنەوە هۆکاریکە بۆ ئاڵۆز کردنی زۆرتری چیرۆک. لە سینەمای مینیماڵیزمی دوو جۆر گێڕانەوەیە هەیە. « گێڕانەوەی لانیکەمی « کە یەک ڕووداوە ئەگێڕێتەوە. « داخراوی گێڕانەوەیی « دەرئەنجامێکە کە زنجیرە کردارێکی گێڕانەوەیی،ئەگەیەنێتە خاڵی کۆتایی و هەستێک لە یەکگرتووی،کامڵبوون و کۆتایی ئەخوڵقێنێت، بەڵام هەموو ڕووداوەکان داناخرێن. ئابرامز پێی وایە، گێڕەرەوەی مینیماڵ نە سواری کەشتی ئاسمانی ئەبێت تا لە زەوی دوور بکەوێتەوە و لەسەرەوە بروانێتە خوارەوە، نە ئەرواتە قوڵایی زەوی، بەڵکوو هاوئاستی مرۆڤ ئەوەستێت و لەم گۆشە نیگای هاوئاستەدا، چیرۆک ئەگێڕێتەوە.
کردار: کردار: کردار بریتیە لە زنجیرەیەک ڕووداوی بەستراو کە یەکگرتوویی و ئامانجێک دەردەخەن و بە بڕوای ئەرستۆ سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایییان هەیە. لە فیلمە مینیمالیستیەکاندا کردار لە ناوەڕاستی چیرۆکەوە دەست پێدەکات و بینراو و دراماتیک و سینەماییە نەک بە شێوەی ڕۆمان و شیکارانە. لە هیچ شوێنێک کۆتایی نایەت و کەمترین گۆڕانکاری و دژە لووتکەیە لە چیرۆکدا.
کارەکتەر: کارەکتەرەکانی سینەمای مینیمالیزمی هاوار ناکەن، نایانەوێت جیهان بگۆڕن یان بە بیری درۆ و پووچەل خۆیان سەرقاڵ بکەن.
کات: سینەمای مینیمالیزمی بەزۆری کاتێکی هێڵی و ئێستای هەیە. لە فیلمە مینیماڵیزمیەکان، تەنانەت چیرۆکەکانی ڕابردووش کەشی ئێستا وەردەگرن کە بە کەشی مێژووییش ناودەبرێت. پاراستنی یەکگرتوویی کات یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فیلمە مینیماڵیزمیەکانە.
شوێن: دیمەنی فیلمە مینیمالیزمییەکان زۆر بێدەنگ و سادە و خاڵییە لە ڕێکخستنی توخمە جۆراوجۆرە ڕاستەقینەکانە.
دیالۆگ: دیالۆگ لە فیلمە مینیماڵیزمییەکان زۆر کەمە، هەرچەند هەندێک جار هەوڵ ئەدەن دیالۆگەکان زۆر دووپات بکەنەوە. دووبارەکردنەوە وەک زنجیرەیەک وشەی کەڵەکەبوو بە هەمان تایبەتمەندی و تۆنی بەردەوام دروست دەبێت. دووبارەکردنەوە جگە لەوەی جۆرێک لە یەکگرتوویی بۆ دەقەکە دروست ئەکات، تیشک ئەخاتە سەر ڕۆڵی گێڕەرەوە؛ چونکە لەگەڵ ئەودا، بە پێدانی زانیاری بەردەوام لەسەر هەمان بابەت، وا لە بەردەنگ ئەکات سەرنجی لەسەر بابەتەکە بێت. لە فیلمە مینیمالیزمییەکان دیمەنی بێدەنگ و دیالۆگی دەرەوەی فرێم زۆر بەکارئەهێنرێت. تەنیا لە فیلمانەی کە دیالۆگ هەیە، ئەتوانرێت بێدەنگی بە مەبستی دروستکردنی کاریگەرییەکی دراماتیک بەکاربهێنرێت؛ وەک چۆن لە بوونی ڕەنگدا هەیە کە فیلمی ڕەش و سپی بەهای هونەری هەیە. لە فیلمەکانی جاک تاتی و ژان ماری ستراوبدا دیالۆگ هەیە، بەڵام جەخت لەسەر کاریگەرییە دەنگییەکان ئەکرێتەوە. لە فیلمی «پیاوێکی مەحکوم هەڵهات»، مۆسیقا و کاریگەرییە دەنگییەکان بە هاندانی فەزایەک لە دەرەوەی فرێم و خوڵقاندنی نواندنەوە قەرەبووی کەمی دیالۆگ دەکەنەوە .
پڵۆت : ڕابێرت مەک کی ئەڵێت: مینیماڵیزم بە واتای ئەوەیە، نووسەر بە توخمە کلاسیکەکان دەست پێئەکات، بەڵام لە درێژەدا، کەم ڕەنگی ئەکاتەوە، بە واتایەکی دیکە تایبەتمەندییە دیارەکانی شاپڵۆت بچووک ئەکاتەوە، ئەیرازێنێتەوە و کەمی ئەکاتەوە. ئەم نموونە مینیماڵیزمیانە من بە وردەپڵۆت ناو ئەبەم.
مینماڵیزم هەندێک لە توخمە کلاسیکەکان ئەپارێزێت تا کاتێک بەردەنگ لە سینەما ڕۆیشتە دەرەوە ، دیسان سەرسام بێت بە چیرۆکی فیلم.وردە پڵۆت کۆتایی چیرۆک بە کراوەیی ئەهێڵێتەوە. لەم جۆرە سینەما، وەڵامی زۆربەی پرسیارەکان ئەدرێتەوە،بەڵام یەک دوو پرسیار، بێ وەڵام ئەمێنێتەوە و دۆزینەوە وەڵامەکان لە ئەستۆی بەردەنگە.
جووڵە: ئەو ڕیتمە خاوەی کە لە فیلمە مینیمالیزمییەکاندا هەیە، کاریگەریی ئەو پۆتانسێلەی لەسەرە کە لە دەقی گێڕانەوەکەدا چ لە ئاستی کارەکتەرسازی و چ لە ئاستی کرداردا گرنگی پێدەدرێت. بۆیە لە بواری دیکۆپاژ و میزانسێن، سینەمای مینیمالیزمی ڕیتمێکی خاوی هەیە. لەم فیلمانەدا، بەزۆری جۆرێک لە کەش سازی هەیە؛ کامێرای ئیستاتیک و دیمەنێک وەک وێنە. هیچ شتێکی نائاسایی ڕوونادات. ئاماژەکانی ساتی تەرکیزی دروست دەکەن. مینیمالیزمەکان پێیان وایە «کەم، زۆرە» و هەر بۆیە دەتوانیت بە کەمترین نیشانەی بینراو زۆرترین کاریگەری دروست بکەیت. مینیمالیزم شتە زیادەکان لا دەبات و بەرەو سادەیی ئەڕوات؛بە ئەنقەست خۆی دوور ئەکاتەوە
دەیڤد بۆردێل و کریستن تامسۆن لە کتێبی « مێژووی سینەما « بەم جۆرە پێناسەی سینەمای مینیماڵیزمی ئەکەن: گێرانەوەیەکی سادە، کە بە شێوازێکی هەژارانە و تاقەت پرۆکێن نەمایش ئەکرێت.
مینیماڵیزم بە واتای بەکارهێنانی توخمی کەم پێناسە ئەکرێت.
شاناتاڵ ئاکرمان، نموونەی بەرچاوی ئەم ڕەوتە لە سینەمایە.ئاکرمان نموونەی یەکێک لە کاریگەرترین دەرهێنەرانی ژنی ئەم شێوازە لە سینەمایە. مینیماڵیزمی ئاکرمان، کەمتر لە مینیماڵیزم ئورووپای کاریگەری وەرگرتووە و زۆرتر لە ژێر کاریگەری ئەندی وارهول و سینەمای پێکهاتەیی ئامریکای باکوورە. ئاکرمان لە فیلمی « ژان دیلمان،ژمارەی ٣٣ دەرچەی بازرەگانی،١٠٨٠ برۆکسێل « لە ماوەی ٢٢٥ خولەک، ژیانی ژنێکی ماڵەوە، کە لەماڵەکەی لەش فرۆشی ئەکات، وەسف ئەکات.ئەم فیلمە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مودێرنیزمی فێمینیستی. ژان کاراکتەری ئەم فیلمە لە دوای ئەوەی پیاوێکی سەردانی ئەکات، بە شێوەیەکی نەزانراو،ژیانی ڕۆژانەی گۆڕانی بەسەردا ئەیەت.بەردەوام تووشی هەڵە ئەبێت. لە کۆتاییدا، یەکێک لەو پیاوانەی کە سەردانی ئەکات بە چەقۆ ئەکوژێت و دواتر لە سەر مێزی نان خواردن دائەنیشێت. ئاکرمان ڕووداوەکان و ئەکتەکانی چیرۆکی فیلمەکە، تا ئاستی بێدەنگی و بێ جووڵەیی خاو ئەکاتەوە.بەم جۆرە بەردەنگ ناچار ئەکات سەرنج بدات مەودا بەتاڵەکان و ئەو شوێنانەی لە ماڵەکە کە فیلمە تیجارییەکان گرینگی پێنادەن. ئەتوانین بڵێین فیلمی ژان دیلمان، هەنگاوێکە بۆ دەستەبەرکردنی ئاواتە نئوریالیزمییەکانی چێزارە زاواتینی، بە واتایەکی دیکە نیشاندان و وەسف کردنی هەشت کاتژمێر لەژیانی مرۆڤێک. تەنانەت ئەتوانین بڵێین کە ژان دیلمان درێژەی دیمەنی هەستان لەخەویی خزمەتگوزاری ماڵەکە لە فیلمی ئۆمبێرتودی بێت. شێوەی مینیماڵیزمی ئاکرمان، وەکوو بێرسۆن، میزۆگۆچی و ئۆزۆ و سینەمای ئەزموونی مان وەبیر ئەهێنێتەوە. بەڵام ئاکرمان، مینیماڵیزم بۆ ڕەخنەی سیاسی بەکار ئەهێنێت.کامێرای بێ جووڵە و های ئەنگێڵ و داڕشتن و کۆمپۆزیسیۆن گەلی ئاسۆیی و ستوونی هۆکارێکن بۆ دوورکەوتنەوەی بەردەنگ لە ئەکتەکان و لە هەمانکاتدا لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتیی و جوانیناسییەوە، کارگەلی ڕۆژانەی ماڵەوە بەرجەستە ئەکات و ئەمە تایبەتمەندی فیلمەکەانی ئاکرمانە.
دەیڤید کوک لە کتێبی « مێژووی هەمەلایەنەی سینەمای جیهان « ئاماژەیەک بە سینەمای مینیماڵیزمی ئەدات و ژان ماری ئێشتراوب بە پێشڕەوی سینەمای مینیماڵیزمی ئەزانێت. ئێشترواب هەر چەند لە ژێر کاریگەری داس نۆیە کینۆ بوو بەڵام جوانیناسییەکی سەربەخۆی بوو. سینەمای ئێشطراوب کەمترین،وابەستەیی بە تەکنیکە سونەتییەکان و لەسەر بنەمای فۆرماتی گێرانەوەی بوو.
لە سینەمای مینیماڵیزمی، دەنگی ڕاستەوخۆ، ڕووناکی سرووشتی، چنین و بڕێن و ئەکتەری ئاماتۆر بەکار ئەیەت. پێویستە ئەوەش بڵێین کامێرا لەم سینەما بە شێوەی گێڕانەوەیی نییە. ئێشتراوب لە ڕوانگەی فەلسفیەوە، سینەما وەکوو ماددەیەکی خام پێناسە ئەکات نە وەکوو فۆرماتێکی گێڕانەوەیی، چوون فۆرماتی گێرانەوەیی گێڕەرەوە، بەردەنگ ناچار ئەکات لەگەڵ کاراکتەرەکان و ڕووداوە خەیاڵییەکان،پێوەندییەکی کاتارسیستی بخوڵقێنێت، لە حاڵێكدا سینەما وەکوو ماددەیەکی خام ئەو ئیمکانە بە بەردەنگ ئەدات، ئەزموونێکی نوێ بەدەست بهێنێت نە دەستە دووهەم و قەرزکراو.
لە نێوان بیستنی چیرۆک و بانگهێشت کردن بۆ ئەزموونکردنێک کە ئاڵۆزی زیهنیی – لە بەستێنی شێتی و وەحشی گەری نەمایش ئەکات،جیاوازی زۆر هەیە.
سووزان هیوارد لە کتێبی « چەمکە سەرەکییەکان لە لێکۆڵینەەەی سینەما « ئاماژە بەوە ئەدات، سینەمای مینیماڵیزمی، ڕووداوگەلێکن کە خودی فیلمسازیش لەم ڕووداوانە بەشدارە، کامێرایەکی بێ جووڵە لە سەرەتاوە تا کۆتایی چەندین کاتژمێر لە دەرەوەی بینایەک وەکوو پەیکەرێک وەستاوە.هەر کەم لەم خاڵانە هەر لە کاتی خودی فیلمی تۆمار ئەکرێن.فیلمی « ئێمپایر « لە دەرهێنانی ئەندی وارهوڵ، نموونەیەکی بەرچاوە.ئەندی وارهۆڵ ٨ کاتژمێر، کامێرایەکی لە دەرەوەی بینای « ئێماپر ئێستیت « دانا و فیلمێکی تۆمار کرد.
ڕۆناڵد بێرگان پێناسەیەک لە سینەمای مینیماڵیزمی ئەکات و ئەتوانین بڵێین لە پێناسەکانی دیکە لە ڕوانگەی کاتییەوە، نوێ ترە. بێرگان ئەڵێت: سینەمای مینیمالیزم بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ سینەمای ئاڤانگارد بە جۆرێک، جا فیلمی دیکۆمێنتاری بێت یان چیرۆک، کە تێیدا بابەت و مۆنتاژ و تەکنیک و ئامێرەکان بۆ کەمترین ئاست کەم دەکرێنەوە. لە درێژەدا فیلمسازانێک وەکوو ڕۆبێر بێرسۆن، ژان ماری ئێشتراوب، دینل هووی، تئو ئانجلۆپلۆس، عەبباس کیارۆستەمی، راینێر وێرنر فاسبیندر، بێلاتار، ئاکی کوریسماکی و کارلۆس ڕیگاداس وەکوو فیلمسازنی مینیماڵیزمی ناو لێ ئەبات وپێی وایە، موزیکی کەش ساز، گرتەی درێژ، سادەیی و کەم بوونی تیمی بەرهەمهێنەر و ئیستایی توخمەکانی سینەمای مینیماڵیزمین.
هەروەها سووزان هیوارد هەندێک شێوازی سینەمای، بە پێچەوانەی مینیمالیزمی زانیوە کە لە ڕووی فۆرم و چەمکەوە هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە؛ وەک فیلمی مێژوویی، داستانی، فیلمی ستۆدیۆی هۆلیوود، ، سینەمای فانتازی، وەرزشی (ئەکشن و شەڕ)، فیلمی کارتۆنی، ڕیکلامی، سینەمای وێسترن، فیلمی موزیکاڵ و فیلمی کاڵت.
لە ڕۆانگەی دەیڤید کوک، سینەمای مینیماڵیزمی، ڕووداوی پێش فیلمیک لەسەر پەردە، بەشێوەیەکی فیلمی دووبارە بەرهەم ئەهێنێتەوە. کامێرای بێ جووڵە و ئیستا، کاتی واقیعی، گرتەی درێژ،کەم ڕەنگ کردنەوە ئیدیت، سادەیی و کورتی، خاڵی هاوبەشی فیلمە مینیماڵیزمیەکانن.
.
سەرچاوەکان :
بۆردوێڵ، دەیڤد، تۆمسۆن، کریستن ، مێژووی سینەما (ڕۆبەرت سەفارییان: وەرگێڕ)، تاران: ناش کارزان، چاپی ١٠.
هاوارد، سوزان، چەمکە سەرەکییەکان لە لێکۆڵینەوەکانی سینەمادا (فەتاح محەمەدی: وەرگێڕ)، تاران: کاربەر هەزارە سێیەم، چاپی حەوتەم.
کوک، دەیڤد ، مێژووی هەمەلایەنەی سینەمای جیهانی (دوو بەرگ)، (هووشەنگ ئازادیڤار: وەرگێڕ)، تاران: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی چەشمە، چاپی سێیەم.
کرۆنین، پاوڵ ، لە پۆلدا لەگەڵ کیارۆستەمی (سۆهراب مەهدەوی: وەرگێڕ)، تاران: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی نەزەر