هاوکات لەگەڵ پێشڕەوییەکانی ئۆکراین لە خاکی ڕووسییەدا و هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ بەهێزترکردنی ئەو بەرەیە، ڕووسیەش ئەوپەڕی زەختی خۆی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و ئەرمەنستان هێناوە تا ناچاریان بکات کریدووری زانگێزوور بۆ دەربازبوون لە بنەبەستی گەمارۆکانی یەکێتی ئۆرووپا بە هاوکاری ئازەربایجان بکەنەوە. ئەم کریدوورە پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی ئێران دەمرێنێت. دەنگۆی کردنەوەی ئەم داڵانە بە دوای سەردانەکەی ڤێلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ ئازەربایجان بەهێزتر بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی بلومبێرگی فارسی وتەبێژی دەرەوەی ڕووسیە وتوویەتی؛ کریدووری زانگێزور ڕێگایەکە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی سیونیکی ئەرمەنێستانەوە ئازەربایجان و نەخجەوان پێکەوە ببەستنەوە و بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی گفتوگۆکان بۆ ئاشتی سێ لایەنە لەگەڵ ئەرمەنستان و کردنەوەی زانگێزور دەدرێتە بەر باس.
گۆیا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسییە وتوویەتی کە ئێمە لە نیگەرانییەکانی ئێران دەربارەی کریدووری زانگێزوور تێدەگەین کە دەبێت بە ئاشکرا لەگەڵ تاران لەوبارەیەوە قسە بکرێت. بەڵام هەڵوێستی مۆسکۆ لەمبارەیەوە یەکلایی بووەتەوە و ئێمە دەبێت لەگەڵ ئەم ڕاستییە ڕا بێین کە ڕێگەچارە دەبێت بۆ ئەرمەنستان، ئازەربایجان و دراوسێکانیان قبووڵکراو بێت.
داڵانی زانگێزوور (Zangezur Corridor) ناوچەیەکی ستراتیژیک و جێی مشت و مڕی قەوقازی باشوورییە کە لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و نەخجەوان (کۆمارێکی خودموختاری ئازەربایجان کە لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان هاوسنوور نییە). ئەم کریدوورە لە ناوچەی زانگێزوور لە ئۆستانی سیونیکی ئەرمەنستانەوە تێدەپەڕێ و لەم ڕووەوە بە ناوی کریدووری زانگێزوورەوە دەناسرێت. بە لەبەرچاوگرتنی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ستراتیکی داڵانی زانگێزوور دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە ئاڵوگۆڕە ژێئۆپۆلۆتیکەکانی ناوچەی باشووری قەوقاز بگێڕێت.
_گرنگی جوگرافیایی و ستراتیژیکی کریدووری زانگێزوور
١. پێوەکەوە گرێدانی ئازەربایجان بە نەخجەوان و تورکییەوە؛ ئەم داڵانە وا دەکات کە ئازەربایجان لەڕێگەی وشکاییەوە بە بێ ئەوەی ناچار بن بچنە خاکی ئێرانەوە، پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تورکیەی هەبێت. ئەم کریدوورە دەستپێڕاگەیشتنی تورکیە بە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست ئاسانتر دەکاتەوە.
٢. وەلانانی ئێران؛ بەر لە ئێستا ڕێگەی سەرەکی کە ئازەربایجان و نەخجەوانی پێکەوە گرێ دەدایەوە، لە ڕێگەی ئێرانەوە بوو. بەڵام کردنەوەی ئەم کریدوورە پێویستی بە خاکی ئێران ناهێڵێت و دەتوانێت کاریگەری ئاربووری و ژێئۆپۆلۆتیکی نەرێنی بخاتە سەر ئێران، چونکا ئەم ڕێگایە بۆ ئێران ڕێگایەکی گرنگی بازرگانی و پێوەندی نێودەوڵەتییە.
٣. کاریگەری لە سەر ئەرمەنستان؛ ئەرمەنستان وەک وڵاتێکی دەورەدراو بە وشکایی، بۆ پێوەندی و گواستنەوە و بازرگانی نێودەوڵەتی پێویستی بە کریدوور و ڕێگابازرگانییەکان هەیە. کریدووری زانگێزوور دەتوانێ گوشارەکان بۆ سەر ئەرمەنستان لە لایەن ئازەربایجانەوە زیاتر بکات و ئەمەش لێکەوتەی ئاڵۆزتری بۆ پێوەندییەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان و شەڕەکانیان لە سەر قەرەباغ دەبێت.
ڕۆڵی داڵانی زانگێزوور لە ژێئۆپۆلۆتیکی ئێران
- کەمبوونەوەی داهات و گرنگی ترانزیتی ئێران؛ یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە کردنەوە ئەم داڵانە، ڕۆڵ و پێگەی ترانزیتی ئێران لە ناوچەکە دادەبەزێنێت. ئێران بە درێژایی مێژوو ڕێگەیەکی گرنگی گواستنەوە کاڵا و شمەک بووە لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکووری جیهان. بەو پێیەی کە کریدووری زانگێزوور دەتوانێت ئازەربایجان بە نەخجەوان و لەوێشەوە بە تورکیەوە گرێ بداتەوە، پێویستی بە بەکارهێنانی ڕێگا و خاکی ئێران نامێنێت و ئەمەش لێکەوتەی ئابووری و سیاسی دەبێت بۆ کۆماری ئیسلامی.
- بەرزبوونەوەی پێگەی تورکیە و ئازەربایجان و لە باشووری قەوقاز؛ تورکیە و ئازەربایجان پێوەندییەکی گەرم و گوڕو و نزیکیان لەگەڵ یەکدی هەیە و دەستپێڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی ئەم دوو وڵاتە ئەنجامەکەی دەکاتە بەهێزتر بوونی پێگەی تورکیە و ئازەربایجان لە ناوچەی باشووری قەوقاز. ئەمە دەبێت مایەی نیگەرانی کۆماری ئیسلامی، چوونکا تاران هەموو کات بە دوای سەپاندنی هەیمەنەی خۆی بووە لەم ناوچە ستراتیژیکەدا.
- دانانی کاریگەری لە سەر مش و مڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان؛ کردنەوەی ئەم داڵانە دەتوانێت هاوکێشە ژێئۆپۆلۆتیکیەکان لە باشووری قەوقاز لە بەرژەوەندی ئازەربایجان و تورکیە بگۆڕێت و ئەمەش دەبێت مایەی لاوازبوونی پێگەی ئێران و دەشتوانێ کاریگەی درێژخایەن لە سەر پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و باڵانسی هێز لە قەوقاز دابنێت.
- لاوازی ئەرمەنستان وەک هاوپەیمانی هەمیشەیی کۆمار ئیسلامی؛ ئەرمەنستان یەکێک لە وڵاتانی ناوچەی باشووری قەوقازە کە پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیە. کردنەوەی ئەم داڵانەی زانگێزوور لاوازبوونی ئەرمەنستانی لێ دەکەوێتەوە و هەر ئەوەش دەبێتە مایەی زیانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.