ساڵێک لەمەوبەر و لە جەرگەی شۆڕشی ژن، ژیان ،ئازادی مەنشووری مەهسا یان جۆرج تاون بڵاو بوویەوە کە لە لایەن کۆمەڵیکی شەش کەسی لە کەسایەتییە سیاسی، حقووقی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و چالاکانی مافی مرۆڤ واژۆ کرابوو کە بریتی بوون لە؛ بەڕێزان عەبدوڵڵا موهتەدی(سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ)، شیرین عیبادی (براوەی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی)، حامید ئیسماعیلیون (کەسایەتی دادخواز کە ژن و منداڵەکەی لە هێرشی مووشەکی سپای پاسداران بۆ فڕۆکە ئۆکرانییەکە گیانیان لە دەست دا)، مەسیحی عەلینژاد (چالاکی ناسراوی میدیایی دژ بە حیجابی زۆرە ملێ)، نازەنینی بونیادی (هونەرمەند و چالاکی سیاسی) و ڕەزا پەهلەوی (چالاکی سیاسی و کوڕی شای پێشووی ئێران).
بڵاوبوونەوەی دەقی مەنشوورەکە دەنگدانەوەی گەورەی لە ئاستی سەراسەریدا بەدوای خۆیدا هێنا(تەنانەت هەوڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندی نێوان عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی خستە ژێر کاریگەرییەوە)، چ بە دروستبوونی تروسکایی هیوایەک بۆ یەکگرتووبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و چ بە دژایەتیکردنی لە لایەن جەمسەرە پاوانخوازەکانەوە. بەپێی زانیارییەکان مەنشوورەکە لە لایەن چالاکانی ناوخۆیی لە ئێران ئامادە کرا بوو و بەشدار بوانی کۆڕی جۆرج تاون تێبینییەکانی خۆیانیان لێ کەم و پێ زیاد کردبوو، بەڵام دواجار بە واژۆ و ئیمزای ئەو کەسانە ناسراوە .
ئەوندەی کە بۆ پان ئیرانیستە ناسیۆنالیستەکان دەگەرێتەوە، ڕەخنەیان لە ڕەزا پەهلەوی دەگرت کە بۆچی لەگەڵ کەسایەتی وەک عەبدوڵڵای موهتەدی «مەنشووری تەجزییە و پارچەپارچە بوونی ئێران»ی واژۆ کردووە و تەنانەت زۆر زوو بەشێکی بەرچاو لە سەڵتەنەت خوازەکان بابەتی «تێپەڕین لە کوڕی شا»یان هێنا گۆڕێ! لە لایەکی دیکەوە جیا لە پشتگیری بەرفراوانی چالاکانی نەتەوەیی باقی نەتەوەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام هەندێک لە کوردەکان زۆرترین دژایەتییان بەرامبەر بە مەنشوورەکە نواند و پێیان وابوو کە بۆچی کەسایەتییەکی بەرجەستەی وەک کاک عەبدوڵڵا موهتەدی لەگەڵ کۆمەڵێک سێلێبریتی و یەکێکی وەک کوڕی شا دانیشتووە و مەنشوورێکی وای واژۆ کردووە کە بە پێچەوانەی داخوازی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە!؟
بەڵام ئەم مەنشوورە چی تێدایە کە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان پێێان مەنشووری خیانەت بە ئێرانە و کوردەکانیش پێیان وایە مافیان خوراوە؟!
بە بڕوای نووسەر بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەسناد و بەڵگەنامە و یاسا و دەستوورەکانی پێشووی ئێران، پێشکەوتووترین دەق و بەڵگەنامەیەکە کە مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و لە سەروو هەموویانەوە گەلی کوردی تێدایە. کەس ناتوانێ ئیدیعای ئەوە بکا کەس و لایەنێک لە ماڵی خۆی یان دووان دووان و سێیان سێیان ناتوانن مەنشوور و میساقی لەوە چاکتر بۆ خۆیان بنووسنەوە، بەڵێ دەینووسنەوە و ڕەنگە چاکتریشی بنووسنەوە، بەڵام ئەوەی ببێت بە سەرەتای کاری هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆنێکی ناکۆک، پەرتەوازە و ناتەبا یان بتوانێ ڕەنگدانەوەی خواست و مافی هەمووان بێت، ناکات. پێداگری لەسەر لانی زۆری داخوازییەکان هەرگیز ناتوانێ هاوپەیمانی لێ بکەوێتەوە. هاوپەیمانەتییەک کە بەستێن خۆش بکات بۆ دروست بوونی ئاڵترناتیڤێک. یەکێک لەو هۆکارانەی کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە سەرکار هێشتووەتەوە، نەبوونی ئاڵترناتیڤ بووە و کۆماری ئیسلامی لەماوەی چل و پێنج ساڵی ڕابردوو هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە بەربەست لەبەرامبەر هەر جۆرە ئاڵترناتیڤێکی جێگرەوەی سیستمەکەی دروست بکات. هەوڵی کۆڕی جۆرج تاون و واژۆکارانی مەنشووری مەهسا هەنگاونان بوو بەرەوە دروست کردنی ئاڵترناتیڤێکی جیددی، بەهێز و بەرفراوان لە بەرامبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.
بەدەر لە خاڵە گشتییەکانی بۆ ڕەچاوکردنی بستێن و مەرج و پێشمەرجەکانی دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک و سنووردارکردنی ئایین و لە هەمانکاتدا ڕێز لێنان لێی لە چوارچێوە عەقیدە و بیروباوەڕی تاکەکەسی و هەروەها پێوەر و ڕێکەوتنە جیهانییەکان دەربارەی مافی مرۆڤ کە بەشێکی زۆری ڕۆژ ڕەشی و بێ مافییەکانی خەڵکی ئێران و خەڵکی کوردستان لە نەبوون و ژێرپێنانی بەها و مافە مرۆییەکانە ،چەند خاڵێکی مەنشوورەکە دەخەمە ڕوو کە زۆرێک لە داخوازی و ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر دەکات؛
بەر لە هەر شتێک ئەو مەنشوورە کە بنەمایەکە بۆ نووسینەوەی ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی ئێران سێ سیمبولی ناوەندگەرایی ئێرانی لە سەر ئەساسی یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵای پێشوەختەی هەڵوەشاندووەتەوە کە بەشی زۆری ڕەخنەی ناسیۆنالیستە شۆڤینییەکان بەم بیانووە دەژیین و هێرشی دەکەنە سەر کە لە خۆیدا لە سەتا پەنجای مافی کەمایەتییە نەتەوەیی (ئینتنیکی) و زمانی و کولتوورییەکان دەستەبەر دەکات. بیریشمان نەچێت کە ئەم دەقە لە لایەن ڕەزا پەهلەوی سیمبولی ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە واژۆ و قبووڵ کراوە. لە ماوەی سەد و بیست ساڵی ڕابردوودا و بەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن لە ئێران کە لە سەر بنەمای نەوتەوەی فارس و حاشا کردن و تواندنەوە و ئاسێمیلاسیونی هەموو نەتەوە غەیری فارسەکان بووە. دان پێدانان بەوەی کە ئێران وڵاتێکی تاک نەتەوە و تاک زمان نییە، بەمانای قبووڵی ناسێنە و شوناسە نەتەوەییەکانی باقی خەڵکانی نافارسە و ئەمە گەورەترین پێشڕەوییە لە دەستەبەرکردنی مافی خەڵکە نافارسەکان.
هەنگاوی داهاتووی ئەم مەنشوورە کە تا ڕادەیەکی زۆر لە خاڵوبەندەکانی ورد کراوەتەوە، بریتییە لە داڕشتنەوە و پێناسەی ناسێنە و شوناسی نوێی ئێرانی.
ئێرانی بوون لە سەردەمی پاشایاتی بریتی بووە لە فارس بوون(وحدانیت ملی) و لە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی شوناسی ئیسلامی و لە ئیسلامیش ئایینزای شیعە و لە ئایینزای شیعە، شیعەی دوانزە ئیمامی پێ زیاد کراوە کە بازنەی ئێرانی بوونی لە بازنەی کەمینەیەک دا بچووک کردووەتەوە، لە کاتێکدا کە زۆرینەی خەڵکانی ئێران نافارس و ناشیعە و ناموسڵمانن، کەواتە دووبارە پێناسە کردنەوەی ناسێنەی ئێرانی پێشمەرجی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و یەکسانانەی خەڵکانی ئێرانییە کە لەو دەقەدا تا ڕادەیەکی زۆر چەسپاوە.
بە پێچەوانەی تەعبیر و لێکدانەوە ڕووکەشییەکە بە ئامادە بوونی ڕەزا پەهلەوی لە کۆڕی واژۆکارانی مەنشوورەکە، بڕیار لە سەر جۆری سیستمی سیاسی داهاتووی ئێران نەدراوە و ئەوە سپاردراوەتە ئەنجامی ڕاپرسی لە خەڵکی ئێران کە لە کەشێکی ئازاد و دێمۆکراتیک و فەراهەمکردنی بەستێن و مەرج و پێشمەرجەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێمۆکراتیک بە چاودێری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و لە کۆتاییش پابەندی هەموو لایەک بە بڕیاری خەڵک. هێرشی پێشوەختە لەم بارەیە کاڵفامانە و نەزانکارانەیە، ڕەنگیشە لە ئیرەییەوە بێت، کێیە نەزانێت لە ئێستادا گەورەترین بەربەست لە سەر ڕێی دێمۆکراتیزە بوونی ئێران و کۆتایی هێنان بەو ئیستبدادە، ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە و لە هەمان کاتدا زەرەرمەندترین گەل لە ئێراندا لە درێژە کێشانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی لە چاو باقی خەڵکانی دیکەی ئێران، ئەوە کوردە، کەواتە هەوڵی کورد بۆ دروست کردنی هاوپەیمانی و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو شتێک گرینگترە. هاوپەیمانییەتی لایەنە ناکۆک و ناتەباکان لە سەر هەندێک خاڵی هاوبەشی جێی پابەندی هەمووان جیا لە باری سیاسییەوە لە باری باوەڕمەندی بە دێمۆکراسی کارێکی پێویست و دروستە. لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و جێگربوونی دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک، چالاکانی بوارە جیاجیاکان و لەوان چالاکانی نەتەوەییش دەتوانن لە ژێر سێبەری نیزامێکی دێمۆکراتدا بۆ ماف و داخوازییەکانیان بە بێ ترس لە گرتن و ئەشکەنجە و ئیعدام و بێ بەشی و دوورخستنەوە بۆ باوەڕ و داواکارییەکانیان تێبکۆشن. هەروا کە لە سیستمە دێمۆکراتیکەکانی جیهان چالاکانی ژنان، ژینگە، کرێکاری، نەتەوەیی، کولتووری، سیاسی و … نەچوونەتە ماڵی خۆیان و بەڵکوو لە تێکۆشان بەردەوامن.
لە بەندی دووی حوکمڕانی دێمۆکراتیک باس لە پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتی ئێران کراوە، بەڵێ ئەمە ڕاستییەکە و بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کوردەکانی ئێران هەرگیر خوازیاری جیایی لە ئێران نەبوون، بۆ ئاگاداری خوێنەر تەنیا کۆمەڵەی ژ.ک لە دوایین کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی ١٩٤٤ باس لەوە دەکات کە کوردستان یەک وڵاتە و دەبێ یەک بخرێتەوە! جگە لەو دەقە هیچ بەڵگەیەکی سەلماو بۆ سیاسەت و بەرنامە و خواستی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبەکانی بۆ جیا کردنەوەی کوردستان لە ئێران دا نەبووە، کەواتە هیچ کام لە حیزبە سەرەکییەکانی کوردستان کە نوێنەرایەتی بەشی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن سیاسەت و بەرنامەیەکیان بۆ جیایی لە ئێران نەبووە و بە ئاوڕدانەوە لە دەق و بەڵگەنامەکانیان دەردەکەوێت کە ئەو حیزبانە یان خوازیاری خودموختاری بۆ کوردستان و دێمۆکراسی بۆ ئێران بوون و یان لە ئێستادا ئەم بەرنامەیە گۆڕاوە بۆ فێدرالیزم و بە شێوەی فیدڕالی ئیدارە کردنی ئێران و هیچ بەرنامەیەک نییە بۆ جیایی لە ئێران و بەڵکوو خوازیاری مانەوە لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندایە، بۆیە گونجاندنی وەها بەند و خاڵێک لەو مەنشوورەدا هیچ پێچەوانەی داواکاری و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات نییە و بگرە دووپاتکردنەوەی سیاسەت و بەرنامەی بزووتنەوەکەیەتی، ئەگەرچی پێم وانییە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاڵۆزی ئەم سەردەمە پەنابردن بۆ ڕابردووی ١٤٠٠ ساڵە یان ٢٥٠٠ ساڵە دەردێکمان دەوا دەکات، بەڵام وەک وەبیرهێنانەوە کورد نەوەی مادەکانن کە یەکەم ئاوەدان کەرەوە، خاوەن و بەڕێوەبەری فەلاتی ئێران بوون و تەنانەت لە باری خاوەندارییەتییەوە ئێمە لە هەموو کەس حەقمان بە سەر ئێرانەوە هەیە.
لە خاڵی سێیی مەنشوورەکە لە بەشی حوکمڕانی دێمۆکراتیک باس لە نامەرکەزی بوون (تمرکززدایی) دەسەڵات و دانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری دارایی، ئیداری و دارشتنی سیاسەت بە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی ئۆستان و شار و ناوچەکان دەکات. ئەمە وەک نەقڵەکەی بەهرامشایە وتی؛ «خودش رو بیار اسمش رو نیار!» ئەوە ڕێک فیدڕاڵیزمەیە کە حیزبەکان لە بەرنامە و سیاسەتی خۆیاندا گونجاندوویانە. بۆیە ژیرانەترین و واقیعبینانەترین بەرنامە و سیاسەتە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئامانجی بزووتنەوەی کوردستان بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئیرادەی بەڕێوەبردنی خاکی کوردستان بە دەستی کوردەکان، ئەمە ڕێک ئەو ئامانجە یە کە ئەگەر هەمووی نا، بەڵام لە سەتا نەوەدی بەدی دێنێت. جیا لەوە نەک تەنیا لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دایە، بەڵکوو لە بەرژەوەندی خواست و داواکاری باقی نەتەوە بن دەستەکانی ئێرانیشدایە .
لە خاڵی شەشەم لە بەشی مافی مرۆڤ و کەرامەتی ئینسانی باس لە قبووڵی جۆراوجۆری و فرەچەشنی کۆمەڵگای ئێران دەکات و نەک هەر قبووڵی دەکات هەوڵ دەدات بۆ سڕینەوەی زوڵم و چەوساوەییە مێژووی و ئێستاییەکان دەرحەق بەو خەڵکانە، ئەوەش لە ڕێگەی قبووڵی ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فر ڕەنگ و فرەچەشنە(باقی کەمایەتییە ئایینی، ئایینزایی، جینسی و جینسییەتی و …) بەشی هەرەزۆری ڕێگای دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە داهاتوودا دەکرێت، بەڵام ئەم بەندە تەنیا بەوە کۆتایی نایات و بەرپرسایەتی دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی داهاتووی ئێران کە دەبێت ئەم خەڵکانەی کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووبە شێوازێکی سیستماتیک زوڵمیان لێ کراوە و بێ بەشکراون، دەبێ قەرەبوو بکرێنەوە، زیاتر لە یەک سەدەیە کە کورد لە شایستە نەتەوەیی و مافەکانی خۆی بە شێوەی سیستماتیک بێ بەش دەکرێت و ئێمە وەک کورد دەتوانین داوای قەرەبووکردنەوە ئەو زوڵم و بێ بەشکارییانە بکەین کە هەم لە قازانجی جیلی ئێستادایە و هاوکات دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ جیلەکانی داهاتوو.
هەر لەو خاڵەدا باس لە قبووڵی زمانی دایک کراوە بە پێی یاسا و بڕیاری کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان، زمان لە ئیستادا بۆ مرۆڤ جیا لەوەی کەرەستەیەکی پێوەندییە، بووەتە توخمی سەرەکی شوناسی مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. کۆمەلگای نێونەتەوەیی گرینگی و پێویستی زمانی دایکی قبووڵ کردووە و وەک مافێکی بنەڕەتی مرۆڤی بە فەرمی ناسیوە و ڕاشکاوانە دەوڵەتەکانی ڕاسپاردووە کە بەو مافە پابەند بن و لە پێشلکردنی هۆشداری داونێ. لەوانە؛ جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، ماددەی ٢٧ی میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ماددەی ٣٠ی کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵ، خاڵی ٣ و ٤ی ماددەی ٤ جاڕنامەی مافی خەڵکانی سەر بە نەتەوە و ئایین و زمانەکان.
بیرمان نەچێت یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناسی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی و لە ئەگەری چەسپاندنی دەسەڵاتی ناوچەیی و یەک لەوانە سیستمی پەروەردە، پێگەیاندنی جیل و نەوەکانی داهاتوومان بە زمانی کوردی یەکێک لە داواکارییە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەکەمان دەستەبەر دەبێت. دۆزینەوە دەرفەتێک بۆ پەروەردە بە زمانی کورد هەوڵی بێ کۆتایی هەموو چالاکانی نەتەوەیی و کولتووری کوردە و ئەم خاڵە ئەم داواکارییە نەتەوەییەمان دەچەسپێنێ.
وتەی کۆتایی؛
نەیارانی غەیرە کوردی پاوانخواز دەزانن کە ئەم مەنشوورە دەسەڵاتی ناوەندی بچووک دەکاتەوە و دابەشی دەکات بە سەر پێکهاتە جیاجیاکانی خەڵکی ئێران و ئەمەش لەگەڵ ڕۆحی پاوانخوازی ئەوان ناتەبایە، کوردە نەیارەکانیش یان خراپ لێی تێگەیشتوون یان پێیان خۆشبووە خراپی لێ حاڵی بن! ئەم مەنشوورە بەڵگەی لانی کەمی مافەکانی خەڵکی کوردستانی لە سەر دەستی لایەنە ناسیۆنالیست و پاوانخوازانی ئێران چەسپاندووە و سنوورێکی هەڵبەستووە، دابەزین لەوە لە ئێستا و لە داهاتوودا تاوانێکی گەورەیە لە ماف و شایستە نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەمان.