کۆماری ئیسلامی بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دوو قەیرانی ڕەوایی و ناکارامەیی، سیمایەکی جیاوازتر لە ڕابردوو لانیکەم لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی بێنێتە کایەوە، بەڵام دوای دیاریکردنی عەباس عێراقچی و پاشان ئاشکرابوونی مانیفێستی دەوڵەتی چاردەیەم بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەرکەوت کە قەرار نییە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ڕووبدات، ئەگەرچی بە گویرەی شارەزایانی دۆخی ئێران پارەسەنگی هێز لە ناوچەکەدا و ئەو ململانێیانەی لە ئێستادا بەرۆکی بە کۆماری ئیسلامی گرتوە توانای هەر جۆرە دەستپێشخەرییەکی لە کۆماری ئیسلامی گرتووە.
پزشکیان لە کاتێکدا لە دوو خوڵی ڕابردووی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و تەنانەت لە دوایین هەلبژاردنەکانی مەجلسی ئێران لێهاتوویەکەی لەلایەن شووڕای نیگەهبانەوە ڕەتکرابووەوە، بەڵام بە شێوازێکی لەناکاو بووە کارتی ئاسی خامنەیی و یاری هەڵبژاردنەکان بە جۆرێک ئامادەکرا کە بتوانێت بەبێی ڕکابەرێکی جدی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکات و لە کۆتاییشدا سەرکەوتوو بێت.
ئەگەرچی لە دوو گەڕی هەڵبژاردنەکاندا و بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە گۆمان لە ڕاستییەکەی هەیە، بەڵام هەر بەپێی ئەم ئامارانە زیاتر لە 60٪ی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو لە هەلبژاردنەکاندا بەشداریان نەکرد و پزشکیان توانی تەنها بە بەدەستهێنانی کەمتر لە 30٪ دەنگەکان ببێت بە نۆیەم سەرۆک کۆماری ئێران.
ئێرانی ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لەگەڵ دەیان قەیرانی کوشەندە بەرانبەرە گرنگترینیان قەیرانی ئابوورییە کە خۆی لە بێی بایەخی دراو، رادەی بەرچاوی هەڵاوسان، بێکاری و نزمبوونەوەی ئاستی ژیان بەپێی هەموو نۆڕمە جیهانییەکان دەبینێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئێران کە وەزیرەکەشی دانی پێداناوە لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠٪ دانیشتوانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان دەکەن، ئەگەرچی بەپێی ئاماری ناوەندیی ستراتژیکی مەجلسی ئێران ئەو ڕێژەیە ٦٠٪ەو و هاوکات ڕێژەی هەڵاوسان ٥٠٪ و بەپێ ماڵپەری فۆرێکس مارکێت دراوی ئێران نزمترین دراوی جیهانە.
هاوکات محەمەد رەزا عارف جێگری یەکەمی پزشکیان لە دیمانەیەکدا دەڵێت حکوومەت زیاتر لە هەزار، هەزار ملیار تمەن کورتهێنانی بودجەی هەیە.
پزشکیان بە خوێندنەوەی بارودۆخی ئابووری و بەپێی ئەوەی چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە سیاسییەکان و گۆڕانکاری لە شێواز و ئاوڕدانەوە لە پرسە سیاسییەکان چارەسەر ناکرێت، هەوڵی دا لە بانگەشەکانیدا سیمایەکی نوێی لە چۆنییەتی هەڵسووکەت لەگەل پرسە سیاسییەکان بەتایبەت چۆنییەتی کارلێکی لەگەل وڵاتانی جیهان پێشکەش بکات.
بۆ نموونە باسی لەوەکرد لە ئێستادا پەیوەندە سیاسییەکانی ئێران سنووردارکراوە بە تەنها چەند وڵاتێک وەک چین و ئەو وڵاتەشی تۆمەتبار کرد بەوەی کالای بێ کوالێتی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و هتد و ئەو وڵاتانەش نەک تەنها هاوپەیمانی ستراتژیکی ئێران نین، بەڵکوو وەک کارتێکی فشار لە مێزی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ڕکابەریان بەکاری دەهێنن و هەر کاتیش مەیلیان بێ بریار لە دژی تاران دەدەن وەک ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو روسیا ئەنجامیدا.
پزشکیان لە ڕێگەی دیاریکردنی جەواد زەریفی وەک ڕاوێژکاری سیاسیی و دواتر وەک جێگر بۆ دیاریکردنی ستراتژی دەوڵەت باسی لە ڕێکەوتنی بەرجام و تەنانەت هەوڵی لایەنە توندرەوەکانی ڕژیم بۆ دروستکردنی بەربەست بۆ سازان لەگەل ڕۆژئاوا کرد.
زەریف لە بەشێک لە بانگەشەکانی پزشکیاندا جەختی لەوەکردەوە تەنها چەند کەسێک نەیانهێشت ڕیکەوتنی بەرجام زیندووبکرێتەوە و باسی لەوەشکرد مەجلسی ئێران بە پەسەندکردنی یاسای «ئیقدامی راهبوردی» تەگەرەیەکی گەورەی لەبەردەم بووژاندنەوەی ڕێکەوتنەکە دروست کرد.
پزشکیان دواتر و دوای هەڵبژێردرانی وەک سەرۆک کۆمار، عەباس عێراقچی وەک وەزیر بە مەجلس ناساند، بەڵام عێراقچی لە قسەکانیدا بۆ بەناو ئەندامانی مەجلیس ئاوێکی ساردی بەسەر هەرجۆر دڵخۆشییەک بۆ هەر چەشنە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دا کرد و وەزیری دەرەوەی نوێی ئێران تەنها چەند ڕۆژیک دوای دەستبەکاربونی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، باسی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتکەی کرد لە ناوچەکە و جیهان لەگەڵ داهاتوی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ولاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا.
عێراقچی سەبارەت بە داهاتوی پەیوەندییەکانی تاران و واشنگتۆن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەدوای چارەسەرکردنی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکادا نین، بەڵکوو بە دوای کۆنترۆڵکردنی گرژییەکاندان.
هەروەها جەختیشی کردەوە لەوەی بەرگری و پشتیوانییان لە بەرەی مقاومت بووەتە هۆی ئەوەی هیچ کات نەتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بکەنەوە و جەختی لە بەردەوامی پشتیوانییەکانیان لە لوبنان، فەڵەستین، حەماس و یەمەن کردەوە.
عێراقچی دواتر ستراتژییەکانی چوار ساڵی داهاتووی دەزگای دیپلۆماسی ئێرانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کاری لەپێشینەیان لە سیاسەتی دەرەکی، پەیوەندییانە لەگەڵ چین و روسییەیە وەک دوو وڵات کە لە کاتی گەمارۆکان یارمەتی ئیرانیان داوە، دواتر وڵاتانی ناوچەکە و لە قۆناغی سێیەم وڵاتانی ئەمریکای باکوری و هێندوستان دێت.
سەبارەت بە وڵاتانی ئورووپاییش، عێراقچی باسی لەوە کرد ئێستا ئەو وڵاتانە لە ئەولەوییەتی دیپلۆماسی ئێراندا نیین و جەختیشی کردەوە لەوەی، مەرجی وڵاتەکەی بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئوروپایی، گۆڕینی سیاسەتەکانیان و هەڵسوکەوتیانە لەگەڵ کۆماری ئسلامیی ئێران.
لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لە ڕێگەی پزشکیان سیمایەکی نوێی پێشکەش بکات کە نەک تەنیا سیاسەتەکانی لە ناوەڕۆکدا بۆ ناگۆڕدرێت و هاوکات بەنیازیشنییە گۆڕانکارییەک لەو سیاسەتانەدا بدات، چەندین بەربەستی جدی لەسەر هەر جۆر سازانێکی ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامیدایە کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت و ئەوەش بەو مانایەیە کە تەنها دروستکردنی گەمەیەکی هەڵبژاردن و دانانی کەسێکی خۆشناوتر چارەی دەردی کۆماری ئیسلامی ناکات کە لێرەدا ئاماژە بە گرینگترینەکانیان دەکرێت:
پرسی ئەتۆمی:
لە کاتێکدا پزشکیان لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسی خۆی جەختی کردەوە لە نیازی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە بەرجام کە بۆخۆشیان دان بۆ ئەوە دادەنیین بووژاندنەوەی دانوستانەکان، ئەستەمە و پێویستە کار لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ بکەن.
بە وتەی چاودێرانی سیاسی، ئەو ڕێککەوتنی بەرجامی ساڵی ٢٠١٥ مردوە و زیندوو ناکرێتەوە، بە تایبەت دوای جەنگی غەزە، لەکاتێکدا بەردەوامی یارمەتییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕوسییە و پێشکەوتنەکانی ئێران لە بواری پیتاندنی ئۆرانیۆم، چی دیکە ئەو جۆرە لە ڕێکەوتن لە قازانج و بەرژەوەندیی وڵاتانی ئوورووپایی و ئەمریکادا نییە.
کۆماری ئیسلامی تا ئێستا مۆڵەتی بە پشکەنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەداوە و هاوکات وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی سەبارەت بە پرسیارەکان دەربارەی دوو وێستگەی گومانلێکراوی ئەتۆمی نەداوەتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوو چەندین وڵاتی ئورووپایی هۆشداریان دا بە ئێران کە چیدیکە ناتوانن لەبەرامبەر ئێران بێدەنگ بن و ئەگەری گەڕاندنەوەی کەیسی ئەتۆمی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و تەنانەت بەکارهینانی میکانیزمی ماشە لە ئارادایە.
پرسی یارمەتییەکانی ئێران بۆ ڕوسییە:
یارمەتییەکانی ئێران لە ڕووسییە تا دێت زیاتر دەبێتە جێگەی نیگەرانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا و لە دوای ئەوەی ئاشکرایان بوو کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا جگە لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان مووشەکی باڵستیکیش هەناردەی رووسییە دەکات ئەوەش نەک تەنها لە گۆشە نیگای بەشداری ئێران لە شەڕێک لە نێوان دوو وڵات بەڵکوو وەک مەترسییەک بۆ سەر ئورووپا بە گشتی دێتە ئەژمار.
هەر بەو بۆنەیەشەوە چەندین سزای نوێی لەلایەن ئورووپا و ئەمریکا بۆ سەر ئێران سەپێندرا لەوانەش سزا بۆ سەر کۆمپانیای نیشتمانی فڕۆکەوانی ئیران و چەندین دامەزراوەی سەر بە سپای پاسدران.
پرسی شەڕی غەزە:
بە گوێرەی زۆرینەی چاودێرانی سیاسی دەستپێکردنی شەڕی غەزە لە حەوتی ئۆکتۆبر وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دێتە ئەژمار، شەڕێک کە تا دێت زیاتر پەرە دەستێنێت و کۆماری ئیسلامی وەک بەرەیەکی ئەو شەڕە کە لە گۆشە نیگای ئیسرائیلەوە وەک سەری ماری ئاڵۆزییەکان پێناسە دەکرێت و ڕۆڵی سەرەکی لە هەڵگیرسان و بەردەوام بوونی ئەو شەڕەدا هەیە و هەر جۆرە ڕوانینێک بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەستراوەتەوە بە داهاتووی ئەو شەڕەوە کە نەک تەنها ئاسۆیەک بۆ چارەسەری یەکەی لەبەردەست نییە بەڵکوو تا دێت زیاتر پەرە دەستێنێت.