کۆمەڵە حیزبێکی کۆماریخوازە،کۆمەڵە نە تەنیا خۆی وەک حیزبێکی کۆماریخواز پێناسە دەکات بەڵکوو هاوکات بەرامبەر بە سیستمی سەرۆکایەتی خۆی بە داژدار ولایەنگری سیستمێکی پارڵمانی دەزانێ، بەواتایەکیتر بە پێی هەڵوێستی کۆمەڵە سەرۆک کۆمار لە لایەن پارڵمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەورو ڕۆڵێکی زۆرتر سێمبۆلیک و تەشریفاتی دەبێ نەک بەرێوەبەری و ئیجرایی. لە راستیدا لەوەها سیستمەێکدا ئەوە سەرۆکوەزیرانە کە بە پاڵپشتی و دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پارڵمان، جا ئەم زۆرینەیە چ لە لایەن حیزبێک و یاخود هاوپەیمانی نێوان چەند حیزب، رێرەوی بەرێوەبردنی وڵاتەکە بە دەستەوە دەگرێ و بە تەواوی ملکەچی پشتیوانی ئەو زۆرینەیە دەبێ کە لە سەرەوە باسمان کرد، واتە بە هەر هۆکارێک و لەهەرکاتێکدا ئەو زۆرینەیە شەرعییەتی یاسایی خۆی لەدەستدا و نەما ئەوە سەرۆک وەزیرانیش لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی تازە یان هاوپەیمانێکی جیاوازی حیزب و گروپەکانی ناو پارڵمان دەگۆڕدرێ و کەسێکی دیکە جڵەوی ئیدارەی وڵات بە دەستەوە دەگرێ. خاڵە بەهێزەکانی وەها سیستەمێک بە تایبەت لە هەلومەرجی ئێران و مێژووکەی زۆر روون و ئاشکرایە، لە سیستەمی پارڵمانی دا ئیرادە و خواستی جەماوەر خێراتر و ڕاستەوخۆتر لە سیاسەت و بەرێوەبەریی دەسەڵاتدا بەرجەستە دەبێ و خۆی دەنوێنێ. هەڵبەت ئەم بابەتە هەم گرینگە و هەم پێویستە لە کاتی خۆی و لە مەجالێکی دیکەدا وردتر شرۆڤە و تاوتوێ بکرێ. بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد کە ناتوانین زۆرینەیەکی پارڵمانی تەنیا بە پشتبەستن بە حیزبەکانی خۆمان دەستەبەر بکەین ئەم پرسە چەند قات گرینگتر و شیاوی پێداچوونەوەیەکی زانستیانە و پسپۆڕانەترە.
هەر بەو جۆرەی لە سەرەوە باسمان کرد تاوتۆیەکی وردتر لەمبارەوە دەهێڵینەوە بۆ مەجالێکی دیکە. ئەوەی لێرەدا شایانی خستنەبەرباس و سەرنجە و سەرەرای هەموو لایەنی ئەو بابەتە کە باسمان کرد،پێداگری لەسەر ئەو خاڵەیە کە بژاردەی کۆماریخوازی ناتوانێ وەک ئاڵترناتیوێکی گونجاو وپراۆپڕ لەحاند دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئایینی کۆماری ئیسلامیدا ئۆپۆزیسیۆنێکی دێمۆکراتیک نوێنەرایەتی و پێناسە بکات.هۆکاری زەق وبەرچاویش لەمبارەوە ئەوەیە کە دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی دەسەڵاتێک لە ژێر ناوی کۆماری هاتە سەرکار، هەرچەند لایەن و ناوەرۆکی کۆمارییەکە سەقەت و ناتەواو بوو بەڵام هەروەک هەمووان دەبینن لە ژێر ناوی کۆماری زیاتر لە ٤٤ ساڵە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و پاوانخواز بەرێوە دەبات.
هەڵەیەکی گەورەیە گەر پێمانوابێ کێشەکە تەنیا ویلایەتی فەقی و لایەنی ئایینییەکەیە. لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا و لە ئاکامی خەبات بە دژی دەسەڵاتە کۆڵۆنیالیستییەکانی وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی و لە شوێنگەلێکیش لە دژی سیستەمە کۆنەپارێزەکان رژیمە کۆمارییەکان دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت. هەرچەند بە گشتی سێکۆلار بوون ( هەرچەند نیوەچڵ و ناتەواو) بەڵام هیچ کامیان حکوومەت و دەسەڵاتێکی دێموکراتیکیان لێنەکەوتەوە. بە پێچەوانە سەرەڕۆتر و دیکتاتۆرتر بوون و لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سەرکوتی هاوڵاتییان و شارۆمەندانیاندا بێوێنە بوون. بەشار ئەسەدی سورییە و سەدام حوسێنی عێڕاق تەنیا نموونەیەکی بچووکن لەو ڕێزبەندییەدا. تەنانەت ئەگەر پێمانخۆش بێ ئەولاتر بڕوین ئەوە زۆربەی هەرە زۆری دیکتاتۆرە تاوانبارەکانی ئامریکای لاتین ڕژیمی کۆماری بوون. جا جگە لەوانەی لە سەرەوە باسمان کرد، ڕژیمە کۆمارییەکان لە هەمبەر داخوازییەکانی نەتەوەی کورد پێشینەیەکی لەوەش ڕەشتریان هەیە.
ئەو ڕاستییەیانەی ئاماژەمان پێدا هیچیان بەو واتایە نایەن کە نیزامی پاشایەتی باشترە. کێشەکە لەوەدایە کە نازناوی کۆماری ناتوانێ ئەو تەوەرە بێت کە ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە دەوری خۆی کۆکاتەوە و ببێتە ئاوێنەی باڵانوێنی خواست و ئارەزۆکانی خەڵکی ئێران. ریزبەندی کۆماری – پاشایەتی لە دۆخی ئێستای ئێراندا دیاردەیەکی پێشوەختەیە. خاڵە سەرەکییەکانی دەسەڵاتێکی دموکراتیک و جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبێ هەوێن و تەوەری سەرەکی کۆکردنەوەی هەموو ئەو هێز و حیزبانە بێت کە ئامانجیان دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە جێگای کۆماری ئیسلامییە. سروشتی و بەڵگەنەویستە کە مەبەست ئەوە نیە هاوپەیمانییەکان دەبێ لە سەر وردەکاری هەموو یاسا و ڕێساکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگایەکی دموکراتیک کۆک بن. لێرە مەبەست خاڵە سەرەکییەکانە، دەسەڵاتی سیاسی دەبێ بە بێ ئەملاولا بەرهەمی ئیرادەی ئازادی جەماوەر بێت، پابەندبوون بە ئازادی بیروڕا، پەیوەست بوون بە حیزب و گرووپە سیاسی، مەدەنی و پیشییەکان بۆ گشت شارۆمەندان بە بێ مەرج و خۆتێهەڵقورتاندنی دەوڵەت لە خاڵە جەوهەری و بنەرەتێیەکان بێت، ڕاستە یاسای بنەرەتی ئەشێ لە مەجلیسێکی دامەزرێنەردا دابرێژرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام جێی خۆیەت لە سەرەتاوە پابەندبوون بە خاڵە پرەنسیپییەکانی وەها یاسایەکی بنەڕەتی لە لایەن پێکهاتەکانی هاوپەیمانیێکی دێموکرات قەبووڵ بکرێ. بۆ ئێمەی کورد زۆر گرینگ و پێویستە کە بتوانین ئەوەندەی بۆمان دەکرێ ئەو پرەنسیپانە بچەسپێنین کە ڕەنگدانەوەی خواست و ویستە مێژووییەکانی کورد بن. سەلماندنی کۆمەڵگای ئێران وەک کۆمەڵگایەکی فرەچەشن کە تێیدا خەڵکانێک بە زمان و کلتوور و جیاوازییەکانی خۆیانەوە دەژین کە دەبێ ڕێزی لێبگیرێ. سەلماندنی وەها پرەنسیپێک بە مانای قەبووڵی لامەرکەزی دێت کە لایەنی کوردی دەبێ بە هەموو تین و توانی خۆی بۆ چەسپاندنی هەوڵی بۆ بدا. کورد وەک خەباتکاری شێلگیری دێموکراسی نابێ بە سێکولاریزمێکی نیواونیو ڕازی بێت. لە سەروتارەکانی پێشوودا باسمان کردوە نابێ ئێران بگەرێتەوە بۆ ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە کە لە سەر دوو کۆڵەکەی زمانی فارسی و ئایینزای شیعە بنیادنراوە و هەموو حکوومەتەکانی هاوچەرخ بە پاشایەتی و ئیسلامی بە سەر خەڵکی ئێران و بە تایبەتی پێکهاتەکانی وەک کورد و بەلووچ دایانسەپاندووە. ئەگەر بە پرۆپاگەندەی حیزبی ناوزەد نەکرێ، باشترین ئۆلگو و نموونەی لە بەردەست مەنشوورێکە کە بەرهەمی هاوپەیمانیەتی جۆرج تاون بە ناوی (منشوری ژینا_ مهسا) بوو. سەرەرای هەر ڕەخنەیەک لە دەوروبەر و پەراوێزی ئەم هاوپەیمانەتییە هەبێ بەڵام بۆ یەکەمین جاربوو کە لایەنەکانی ئێرانی لە گەڵ کورد ددان بە لامەرکەزی لە بەرێوەبەری وڵات، فرەچەشنی زمانی و کولتوری و کۆمەڵێک چەمک و بەڵێنی دموکراتیک دادەنێن.
مەیلێکی ڕاسترەوی تووندئاژۆ هەیە لە ناو هەردوو بەرەی کۆماریخوازی و پاشایەتی هەرچەند لایەنی پاشاییخوازی دیارترە و زۆرتر دەنگ هەڵدەبرێ بەڵام ئەوە زۆر گرینگە کە بزانین ئەو دیاردەیە لە ناو بەرەکەی دیکەش بوونی هەیە. بە بروای من تەنیا ڕێگایەک بۆ بەتاق خستنەوە و تەریک هێشتنەوەی فاشیزمی سەڵتەنەتخواز و ناسیۆنالیستی دەمارگرژی کۆماریخواز کە بە هیچ شتێک بێجگە لە دەسەڵاتێکی بە تەواوی ناوەندگەرا ڕازی نین،دروستکردنی ڕێزبەندی و هاوپەیمانییەکی دێموکراتیک لە نێوان هەموو هێزە ڕەسەنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییە. بە بێگومان بۆ گەیشتن بە وەها ئامانجێک گەلێک بەربەست و ئالنگاری لە سەر ڕێیە. یەکەمیان بەربەرەکانێ لە گەڵ ناسیۆنالیزمی تووندئاژۆی ئێرانی کە بە بێگومان ڕژیمی ئێران بە هەموو تواناوە باوەشێنی دەکا و دەنەی دەدا، یەکگرتنی کورد و هێزی ڕەسەنی دێموکرات و ئازادیخواز مۆتەکەی شەوانی کۆماری ئیسلامیە کە خەوی لێزڕاندووە.
بەربەستی دیکە ساغکردنەوەی کوردە لە دەوری سیاسەتێکی لەوچەشنە. بۆ بڕینی ئەو ڕێگایە پێویستە بەر لە هەموو شتێک ململانێ ورکابەرییە حیزبییەکان بێنە ناو چوارچێوەیەکی نەتەوەیی.
لە ژومارەکانی داهاتووی ئاسۆی ڕۆژهەڵات ئەم پرسە زۆرتر دەکەینەوە و تاوتوێ دەکەین.