بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە بە ناوەکانی پێژمان فاتحی، هەژیر فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و موحسین مەزڵووم لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە دران و پەیوەست بوون بە کاروانی شەهیدانی سەربەرزی کوردستانەوە.
لەسێدارەدانی ئەو چوار تێکۆشەرەی ڕۆژهەڵات شەپۆلێکی بەرینی هاوسۆزی و کاردانەوەی توندی لە ئاستی کوردستان، ئێران، ناوچەکە و جیهانیش بە دژی کۆماری ئیسلامی بەدوای خۆی دا هێنا؛ لە ژنانی زیندانی، شاعیران، هونەرمەندان، سیاسەتوانان، چالاکانی مەدەنی ناوخۆ، مامۆستایان، و نووسەرانەوە بگرە تا وەزارەتی دەرەوەی وڵاتان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤییە نێودەوڵەتییەکان و بە گشتیی سەرجەم چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان بوو بە سەرەتای نافەرمانییەکی مەدەنی گەورە لە ئاستی کوردستان و ئێران.
مانگرتنی پڕشکۆی ١٠ی ڕێبەندان و ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە نوێترین شەهیدانی کۆمەڵە، لە شارەکانی کوردستان
ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاویی، لەسەر بانگەوازی: کۆمەڵە، پارتی ئازادی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و شەش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کە کەمپەینی پشتیوانی لە چوار بەندکراوی سیاسیی کوردیش لەناویان دا دەبیندرا، خەڵکی دەیان شاری کوردستان، وەک: سنە، بۆکان، مهاباد، بانە، سەقز، دیواندەرە، کرماشان، کامیاران، دێولان، مەریوان، ڕوانسەر، قوروە و … لە ناڕەزایەتی بە ئیعدامی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە دوکان و بازاڕەکانیان داخست و نەچوونە سەر کارەکانیان.
بە پێی هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی لە شەوی پێش مانگرتنەکەوە دەیویست بە چاوترسێن کردنی خەڵک و بە تایبەت بازاڕییان و خاوەن پیشەکان، پێش بە مانگرتنەکە بگرێت و تەنانەت لە شارێکی وەک بۆکان، هەژماری بانکی بازاڕیانی داخست، بەڵام لە کۆتایی دا خەڵکی کوردستان بە بەڕێوەبردنی شانۆی پڕشکۆی مانگرتن، شکستیان بە هەوڵی دەزگای سەرکوتی ڕژیم هێنا و وەفاداری خۆیان بۆ ڕۆڵە بە ئەمەکەکانی کوردستان نیشان دایەوە.
هاوکات و لە درێژەی مانگرتنە شکۆدارەکەی کوردستان، سەرەڕای هەول و گوشاری لەڕادەبەدەری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ پێشگرتن لە ڕێوڕەسمی پرسە و هاوخەمی بنەماڵەکان لە مزگەوت و شوێنە گشتییەکان، لە شارەکانی: سنە، بۆکان، مهاباد و کامیاران رێوڕەسمی ڕێزگرتن لە چوار خەباتکارەکەی ڕۆژهەڵات لە ماڵی باوکیان بەڕێوەچوو کە تێیدا هەزاران کەس لەسەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەشدار بوون و دروشمی جۆراوجۆری وەک: شەهید نامرێ، پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین و دایە مەگری بۆ ڕۆڵە شەرتبێ بستێنین تۆڵە وترایەوە.
بەرزڕاگرتنی یادی نوێترین شەهیدانی کوردستان لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە
رۆژی هەینی، ریکەوتی 2ی مانگی فێورییەی 2024ی زایینی، بە بەشداری کۆمەڵێک حیزب و لایەنی سیاسی، ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی کۆمەڵە رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لە گیانبەختکردنی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا کە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانیش تێیدا بەشدار بوون، پەیامی کۆمەڵە و سوپاسنامەی بنەماڵەکان و هەروەها ژیاننامەی گیانبەختکردووان خوێندرایەوە و لە کۆتاییشدا بۆ جارێکی تر پەیمان لەگەڵ رێبازی پیرۆزی گیانبەختکردووان نوێ کرایەوە و بەڵێن و وەفاداری بۆ بنەماڵەی سەربەرزیان دووپات کرایەوە.
بەرزڕاگرتنی یادی نوێترین شەهیدانی کوردستان لە بارەگای پەیوەندیە کوردستانییەکانی کۆمەڵە لە هەولێر
ڕۆژی یەکشەممە،٤ی فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی، کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ دوایین شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان: شەهیدان: پژمان فاتحی، محەمەد فەرامەرزی، موحسین مەزلووم و وەفا ئازەربار بە بەشداری بنەماڵەکانیان لە مقەڕی پەیوەندیە کوردستانیەکانی کۆمەڵە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مافی مرۆڤ، کەسایەتیە سیاسیەکان، ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە و ژمارەیەک لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دوایین شەهیدانی کوردستان بەشدار بوون و هاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی کوردستان دەربڕی.
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشوازی لە ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵە کرا
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامان وهەڵسووڕاوانی تەشکیلاتی نەهێنی کۆمەڵە بە بۆنەی هاتنی ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی نهێنی کۆمەڵە لە دەیان شار و شارۆچکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، چالاکی بەربڵاوی تەبلیغیان بەڕێوەبرد و بە بڵاوکردنەوەی تراکت، نووسینی درووشم، هەڵکردنی ئاڵا لە شەقام و کۆڵانەکانی شار، بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و نوورباران کردنی ئاسمانی شارەکان پێشوازیان لە ڕۆژی کۆمەڵە کرد.
ئەو شارانەی چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغیان تێدا ئەنجام دراوە بریتین لە:
سنە، بۆکان، مهاباد، مەریوان، پیرانشار، دیواندەرە، شنۆ، سەقز، تیکاب، بازەرگان، ورمێ، کرماشان، سەلاسی باوەجانی، ڕوانسەر، ماکۆ، جوانڕۆ، کامیاران، تاران و … .
جێی ئاماژەیە، چالاکی تێکۆشەران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کاتێکدا بەڕێوەچووە کە ڕژیم لە ڕێگای ناوەندە ئەمنیەتییەکان کەشێکی ئەمنیەتی توندی بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ کردبوو.
بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی بۆ سکرتێری گشتیی کۆمەڵە لە کانادا
ڕۆژی یەکشەممە،١١ی فێورییەی 2024ی زایینی، کومیتەی کۆمەڵە لە تۆرێنتۆی کانادا، بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە، سمینارێکی سیاسی بۆ هاورێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە لە شاری تۆرنتۆ بەڕێوەبرد کە تێیدا هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی باسێکی چڕوپڕی لە سەر دۆخی سیاسی ئێستای ئێران و کوردستان بەتایبەتی لە سەرەتای شۆرشی ژینا تا ئەمڕۆ بە زمانی ئینگلیسی و فارسی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
لەم سمینارەدا دەیان کەسایەتی سیاسی ئێرانی و ئەندام پەڕلەمانی کانادا و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان، لەوانە: جێگری سەرۆکی حیزبی کانسێرواتیڤی کانادا خاتوو مەلێسا لەتسمەن، ئەندامی پارلێمانی کانەدا بەرێز عەلی ئێحساسی ، ئەندامی پارڵمانی کانادا و دۆستی گەڵی کورد بەرێز تام کێمیک ، پرۆفێسۆر ئەوالوو کودرۆگۆ ، بەرێزان دکتۆر رەزا موریدی ، دکتۆر فەرەیدوون رەحمانی ، دکتۆر عەتا هوودەشتیان و هەروەها بەرێز چەتۆ وانلی بەرپرسی ماڵی کورد، بەشدار بوون.
لە میانەی سمینارەکەدا، یادی نوێترین شەهیدانی کۆمەڵە و کوردستان، وەفا ئازەربار، هەژیر فەرامەرزی، موحسین مەزلووم و پێژمان فاتحی بەرز ڕاگیرا.
یاد و ناوی نوێترین شەهیدانی کۆمەڵە لە دانمارک بەرز ڕاگیرا
ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی١٠ی فێورییەی ٢٠٢٤ی زایینی، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی چوار شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و کۆمەڵە و لە سەر بانگەوازی کۆمیتەی دانمارکی کۆمەڵە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە بەشداری کۆمەڵێک حیزب و لایەن و کەسایەتی سیاسی و مەدەنی لە شاری ئاغووسی وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو.
شایانی باسە کە لە نیوان رێوڕەسمەکەدا ئاماژە بە نزیکبوونەوە لە ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە کراو و کومیتەی دانمارکی کۆمەڵە رۆژی کۆمەڵەی وەکوو هەوێنێک بۆ یەکگرتوویی و تەبایی نیوان حیزب و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان ناساند.
ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە دوایین شەهیدانی کۆمەڵە لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوەچوو
ڕۆژی شەممە، رێکەوتی 10ی فێوریەی 2024ی زایینی، بۆ ڕێزگرتن لە یادی چوار شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، ڕێوڕەسمێک لە لایەن کەمپەینی پشتیوانی لە چوار بەندکراوی سیاسی کورد و تەشیکلاتی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک ئەندام پارڵمان و نوێنەری حیزبی ئێس پی دی، تێیدا بەشدار بوون.
لەم رێورەسمەدا ماریا مەحمودی هاوسەری شەهید هەژیر فەرامەرزی و بەیان عەزیمی و سەباح فاتێحی هاوسەر و کوڕی شەهید پێژمان فاتێحی بەشدار بوون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی کۆمەڵە، پەیامی سپاسنامەی بنەماڵەکان لە خەڵکی کوردستان، پەیامی نێرگس محەمەدی و چەندین پەیامی دیکەی پەیوەندیدار بە بۆنەکە خوێندرایەوە.
جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چوار تێکۆشەری کۆمەڵە لە ڕۆژی ٩ی ڕێبەندان، بوو بە سەرەتای کۆمەڵێک ڕووداوی گرینگی سیاسی لە کوردستان و یەک لەوان مانگرتنی گشتیی و بەرینی خەڵکی کوردستان کە کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوە بەدوای خۆیدا هێنا. تەنانەت ڕۆژی لەسێدارەدانی ئەو تێکۆشەرانە لەلایەن زیندانییەکانی زیندانی ئێڤین و قزڵحەسار بە ڕۆژی سێشەممەی ڕەش ناسرا کە هەموو حەفتەیەک لەو ڕۆژەدا زیندانیان مان لە خواردن دەگرن و بەم شێوەیە ناڕەزایەتی خۆیان بە سزای سێدارە لە ئێران نیشان دەدەن. خەڵکی کوردستانیش لە ڕێگەی مانگرتنی شکۆمەندی ١٠ی ڕێبەندان، ئەمەکناسی خۆیان بۆ ڕۆڵەکانیان دووپات کردەوە و ئەم هەڵسووکەوتە نامرۆڤانەی ڕژیمیان کردە دەرفەتێکی دیکە بۆ نیشاندانی ڕق و بێزاریان لە کۆماری ئیسلامی و کوردستان جارێکیتر سەلماندی کە ڕژیم توانای کپ کردنی دەنگی شەقام و بێ تواناکردنی خەباتی جەماوەری لە کوردستان نییە.