«کۆماری ئیسلامی فەلەستین»
ڕۆژی هەینی ١٠ی مانگی مەی کۆڕبەندی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ١٤٣ دەنگی ئەرێ لە بەرامبەر ٩ دەنگی نا و ٢٥ دەنگی بێ لایەن، دەنگی بە پەیوەست بوونی فەلەستینی وەک ئەندامێکی تەواوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا. لە زومرەی وڵاتانی نەیاری ئەو بڕیارە ئیسرائیل و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون کە چاوەڕوان دەکرێت وەک جارەکانی پێشوو (ئەمریکا) لە کۆڕبەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤێتۆی بکات.
ڕاستی پرسی نێوان عەرەب و ئیسرائیل پرسێکی دێرینە لە سەر خاک. بە پێچەوانە پرووپاگەندەی کۆماری ئیسلامی و هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی و بەشێک لە فەلەستینییەکان خەڵکی یەهوود خەڵکێکی دێرینی ئەو ناوچەیەن و هاوردە نین. مێژووی ئاوارەبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ پاش بەمەسیحی بوونی ئیمپراتۆری ڕۆمی و لە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵ ئاوارەیی و هەوڵی قرکردن و جینۆساید گەڕاونەتەوە سەر زێدی ئابای و ئەژدادییان. بە دەیان ئایەت و حەدیس و ڕەوایەت لە پێوەندییەکانی محەمەد پێغەمبەری موسڵمانان و ئەسحاب و یارانی هەیە لە تەعامل و پێوەندی لەگەڵ هۆزە یەهوودییەکان و ئەمەش دەلالەتە لە بوونی ئەو نەتەوەیە لەو ناوچەیە و حاشا لێکردن و بە هاوردە زانینی یەهوودییەکان لە لایەن بەشێک لە موسڵمانەکان بێ ئاگاییە لە مێژوو و دەقە ئیسلامییەکان. ئینکار و سڕینەوەی هیچ کام لە دوو نەتەوەی عەڕەب و یەهوودی ڕێگەچارەی چارەسەری ئەم کێشە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و دواجار بە بڕوای نووسەر و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی جیهان دروست بوونی دوو دەوڵەت و وڵاتی سەربەخۆ و ژیانی ئاشتەوایی دراوسێیەتی ڕێگەچارەی کۆتاییە، بەڵام لە ئێستادا کە «حەماس» و بەشێکی زۆر لە خەڵکی فەلەستین لە ژێر کاریگەری پروپاگەندای کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی ئیسرائیل و چەواشەکارانی مێژوو، دوژمنایەتی تا سەر ئێسقانی ئیسرائیل و گەلی یەهوودن و هەموو هەوڵیان سڕینەوەی لە سەر نەخشەی گۆی زەوییە. قبووڵی وڵاتی فەلستین بەندە بە قبووڵی دەوڵەت و وڵاتی ئیسرائیلەوە.
لە دۆخی ئێستادا دروست بوونی وڵاتی فەلەستین دروست بوونی کۆماری ئیسلامییەکی دیکە یان خەلافەتی داعشێکی دیکەیە لە ناوچەکە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەچارەی چارسەری ئەم کێشە مێژووییە نییە. کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین پێویستە بە ڕێکەوتنی دوو لایەن لە سەر مێزی گفتوگۆ و بە پابەند بوون بە قبووڵی بەرامبەر بگەنە ئەنجامی دامەزراندنی وڵات و دەوڵەتێکی فەلەستینی کە یاسا و ڕێساکانی دراوسێیەتی بپارێزن کە لە ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنە بە پشتگیری جیهانی ئاشتی و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە.
بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات، پرسی فەلەستین لە دوو سەرەوە پێوەندی هەیە؛ لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی وەک دوژمنی سەرەکی نەتەوەی و مافەکانمان خۆی بە پاڵپشت و هاندەری ئاژاوەگێڕییەکان لە غەزە و خاکی فەلەستین و حەماس و … دەزانێت و نەخوازراو ڕامان دەکێشێت بۆ ناو بازنەی ئەو کێشانە و لە لایەکی دیکەشەوە دەزانین کە دوو پرسی گرنگ لەم ناوچەیە بریتین لە: پرسی کورد و پرسی فەلەستین. بەڕۆژەڤ بوونی پرسی فەلەستین لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی بە دڵنیاییەوە پرسی کورد لە هەموو پارچەکان دەخاتە پەراوێزەوە و دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بکەین.
یۆرۆویژن
شەوی پێنج شەممە ٧ی مانگی مەی لە شاری مالمۆی سوئێد ٦٨مین گەڕی فێستیڤاڵی یورۆویژن بەڕێوە چوو و تێدا «نێمۆ» گۆرانیبێژی سوئیسی بە گۆرانی «کۆد» بوو بە براوەی یەکەمی ئەو فێستیڤاڵە.
خاڵی جێی سرنج و تایبەتی ئەم خولەی فێستیڤاڵی یورۆویژن بەشداری «ئێدێن گوڵان» گۆرانی بێژی ئیسرائیلی بوو. لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە بە دوای کاردانەوەی ئیسرائیل بە هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل، کەمپین و هەڵمەتی جیاجیا و بە پشتگیری گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان و لە سەروو هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی ڕێکخرا کە پێش بگرن بە بەشداری «گوڵان» و لە کێبەرکێیە و دەری بکەن. ڕۆژانی کۆتایی فێستیڤاڵەکە خۆپیشاندانی ٥هەزار کەسی و ١٠ هەزار کەسی لە بەردەم ساڵۆنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام نەیانتوانی بە ئەنجامی دڵخوازی خۆیان بگەن. خاڵی جێی سرنج بۆ من دەنگی خەڵکی ئۆرووپا بوو لەو کێبەرکێیە.
دیارە براوەی ئەم کێبەرکێیە بە دەنگی ناوبژیوانان و خەڵکی ئاسایی هەڵدەبژێردرێت. واتە ناوبژیوانانی پسپۆر و موزیسییەنی هەر وڵاتە ١٢ دەنگی خۆی بە گۆرانیبێژێک جگە لە گۆرانیبێژی وڵاتەکەی خۆی دەدا و کۆی دەنگی ناوبژیوانان لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە خەڵکی ئاسایی کە لە ڕێگەی ئێس ئێم ئێس و ئەپی یۆرۆویژنەوە دەنگیان بە گۆرانی بێژە دڵخوازەکەی خۆیان دەدا.
لێژنەی ناوبژیوانان (پیشەییانە) کەمترین دەنگیان دا بە گۆرانی بێژە ئیسرائیلییەکە، بەڵام لەو کاتەی کە «گوڵان» لە ژمارەکانی خوارەوەی ڕیزبەندییەکە بوو بە دەنگێکی زۆری خەڵکی سەرتاسەری ئۆرووپا ٣٧٦ دەنگی بە دەست هێنا. دەنگی دەنگدەرانی ئۆرووپایی بە پێچەوانەی ناوبژیوانان سیاسی بوو. خاڵی جێی سرنج ئەوە بوو کە سەرەڕای ئەم هەموو هات و هاوار و پروپاگاندای ئیسلامیستو، چەپە هاوپەیمانەکانیان ئاراستەکەی دیار بوو کە خەڵکی ئۆرووپا پشگیر و پاڵپشتی ئیسرائیلن. ئەم بابەتە بۆ بەشدارەکەی وڵاتی ئۆکرانیاش هەر ڕاست بوو و ئەویش زۆرترین دەنگی خەڵکی ئاسایی ئۆرووپای وەدەست هێنا.
خامنەیی و تەیراوا
پاش ترافیکە دیپلۆماسییەکەی یەک مانگی ڕابردوو و سەردانی ئەردۆغان و سوودانی بۆ هەولێر و سەردانی بەڕێز نیچیروان بارزانی بۆ هەولێر و هات و چۆکان بۆ چارەسەری قووت و موچە، دواجار ڕۆژی ٥ی گوڵان سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری وەفدێکی بەرزی کوردستانی سەردانی تاران و گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییان کرد.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئەنجام درا کە لانی کەم لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ١٤٢ جار خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆپ باران و موشەک و درۆن باران کراوە، ئەوە جیا لەو هێرشە ناوە ناوەیەی هێزە پرۆگسییە شیعەکانی کۆماری ئیسلامییە لە عێراق کە فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و …یەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج. ماددەیەکی یاسایی لە پارلمانی عێراق زیاتر لە ١٦ ساڵە کاری بۆ دەکرێت کە بچێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە و ئەویش؛ ئیزن نەدان بە کەڵک وەرگرتن لە خاکی عێراق بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ یە. هەر بە پێی ئەو ماددە یاساییە هێزەکانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران لە عێراق دەکران و ئەم هەوڵە دژی حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش خرابووە گەڕ، بەڵام بەهۆی سیاسەتی دروستی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەڵوێستی کوردانەی بەرپرسانی هەرێم، بیانوویەک نەبوو بۆ جێ بە جێ کردنی ئەم ماددە یاساییە لە سەر ئەم حیزبانە، پاش ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی پاش شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لە سەر زەوی و ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بە جێ بە جێ کردنی ڕێکەوتنەکە، موشەک و درۆن باران کردنی بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ئاسمانەوە دۆخی ئەو حیزبانە و تا ڕادەیەک دۆخی بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش کەوتە ژێر کاریگەری ئەم ڕووداوانەوە.
پاش گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند؛ «من سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانم (کوردستانی عێراق)!» کە زۆر ڕاستە. بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە لەبەرچاوگرتنی باڵانسی هێز لەوەدا نییە کە دژی کۆماری ئیسلامی بوەستێتەوە و قووڵایی ستراتێژی خۆی لە دەرەوەی هەرێمەکەی خۆی دیاری بکات.
تێگەیشتن لەو ڕاستییە بۆ هەر تاکێکی کوردی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی تر چالاکانی سیاسی زۆر پێویستە و لێکدانەوەی سۆزدارانە بۆ سیاسەت و بەرژەوەندی تووشی هەڵە و دەمارگیرییمان دەکات.
دەبێ بزانین کە هەرێمی کوردستان خاوەنی بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی تایبەت بە خۆیەتی و بەرپرسانی ئەو هەرێمە بەرپرسن لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەرێمەکەی خۆیان تەنانەت ئەگەر هاوتەریبیش نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی پارچەیەکی دیکەی کوردستان و ئەوەش هیچ لە پێزانینی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات کەم ناکاتەوە کە ماوەیەکی دوور و درێژ میوانی ئەو هەرێمە بوون و هەن.
بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ بە پشت بەستن بە هێز و پتانسییەلەکانی خۆی وەک ڕابردوو، ئەم قۆناغەی خەباتەکەی (تەنانەت ئەگەر ئەستەمتریش بێت) تێپەڕێنێت. «دۆخ» هەرگیز ڕەوای و یان ناڕەوایی بزووتنەوەیەک دیاری ناکات. پرسی کورد لە کوردی ڕۆژهەڵات پرسێکی ڕەوا و بەرحەقە و هەموو تێکۆشەرانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ چارەسەری ئەو پرسە جێگەی ڕێزن. لەگەڵ دیاری کردنی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانمان، تێبکۆشین دۆستان و دۆستایەتییەکانمان بپارێزین، بەرژەوەندیییەکانیان بناسین.