تایبەتمەندی ناوەڕۆکی :
فیلمی ” ئەو دیوی دیوار ” چیرۆکی عەلی پیاوێکی کەم بینا دەگێرێتەوە کە نەوید محەمەد زادە ڕۆڵی دەگێرێت و ئەیەوێت لە حەمامی ئاپارتمانەکەی خۆی بکۆژێت، بەڵام دواتر تەقەی دەرگا لێ ئەدرێت و خۆکوژی عەلی دەوەستێنێت و دەرواتە بەر دەرگا دەبینێت، کە نیگابانی بیناکەیە و باس لەوە دەکات گوایە ژنێک هەڵهاتووە و هێزە ئەمنییەتییەکان بە دوایدا دەگەرێن وپێدەچێت لەیەکێک لە ئاپارتمانەکان خۆی حەشار دابێت. دواتر عەلی ئەزانێت کە ژنەکە لەیلا مەوەحێد کە دیانا حەبیبی ڕۆلێ دەگێرێت لە ئاپارتمانەکەی عەلی خۆی حەشارداوە.لەیلا لە خۆپیشاندان و نارەزایەتی کڕێکارانی کارگەیەک کە دواتر توندوتیژی لێ کەوتووەتەوە دەستبەسەر کراوە و منداڵە چوارساڵانەکەی لە شوێنی خۆپیشاندانەکە بە جێ ماوە.عەلی بڕیار ئەدات یارمەتی بدات.دواتر بۆ بەردەنگ ئاشکرا ئەبێت کە عەلی شۆفیری ماشینی هێزە ئەمنیەتییەکانە و لە کاتی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوەکانی نارەزایەتییە کرێکاریەکە،هۆکارێک دەبێت بۆ هەڵهاتنی لەیلا بۆ ئەوەی بگەرێتەوە و منداڵەکەی پەیدا بکات. چیرۆکی ئەوەی کە عەلی لە ئاپارتمانەکەی خۆی لەیلا ئەشارێتەوە و ئەیپارێزێت ویارمەتی دەدات دەرباز بێت، گێرانەوەیەکی زەینی عەلیە لە زیندان کە بە هۆکاری یارمەتیدانی لەیلا بۆ هەڵهاتن لە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر کراوە.
دەرهێنەر زۆر زیرەکانە سنووری نێوان زیندان و ئاپارتمانی عەلی کەمڕەنگ دەکاتەوە و لە ڕوانگەی هێرمۆنۆتیکیەوە بە جۆرێک ئەو بیرۆکەیە دەخاتە زەینی بەردەنگەوە کە کۆماری ئیسلامی هەموو تاکێکی ئێرانی لە ناو ماڵی خۆیدا زیندانی کردووە.
لە ڕاستیدا، ئاپارتمانی عەلی مێتافۆر و نموونە و وێنەیەکە لە هەموو ئاپارتمان و ماڵەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا.
ئەو کاتەی عەلی دەیەوێت خۆی لە حەمامدا بخنکێنێت و خۆکوژی بکات، لە ڕاستیدا لەژێر کاریگەریی ئەزموون و وێنەیەکە لەو ئەشکەنجە و ئازارانەی کە عەلی لە زیندان ڕووبەڕووی دەبێتەوە. پاسەوانی بیناکەش لەڕاستیدا وێنای هەرئەو زیندانەوانە دەکات کە جار جارێک لە دەرگای ژوورە تاکە کەسیەکەی عەلی ئەدات و قسەیەکی لەگەڵ ئەکات. ئەو دکتۆرەی ڕۆژانە سەردانی عەلی دەکات و بۆ کەم بینا بوونی چاوی، دەرمانی پێ ئەدات هەمان دکتۆری زیندانە، کە ڕۆژانە سەردانی ئەکات.بەڕێوەبەری ئەو بینایەش کە ئاپارتمانی عەلی تێیدا ژیان ئەکات، هەمان بەڕێوەبەری زیندانە کە ڕۆژانە لە گەڵ کەسێکی ئیتلاعاتی بۆ لێپرسینەوە سەردانی ژوورە تاکەکەسیەکەی دەکەن بۆ ئەوەی شوێن وجێگای لەیلا و چۆنیەتی هەڵهاتنی لە عەلی بپرسن. ئەو نامانەی کە پاسەوانی ئاپارتمانەکە هەر چەند ڕۆژ جارێک لە ژێر دەرگاوە دەیخاتە ناو ئاپارتمانەکەی عەلی،ئەو نامانەن کە لەیلا بۆ عەلی لە زیندانی ئەنێرێت و عەلی بەردەوام دەبینێت کە نامەکان پێش ئەو کەسێکی تر کردوویەتیەوە. لە دیمەنێکی فیلمەکەدا،ئەو کاتەی عەلی تێدەگات کە لەیلا لە ئاپارتمانەکەی ئەو خۆی حەشار داوە و کاتێک عەلی دەڕواتە حەمام و لەیلا بەپەلە بانگی دەکات کە دەنگی هاواری پیاوێک لە ئاپارتمانی دراوسێی دێت، ئەمەش، هەمان ژوورە تاکە کەسییەکەی تەنیشتی “عەلی”یە، کە زیندانییەکی دیکەی لێ ئەشکەنجە دەدرێت.
دەرهێنەری فیلمەکە زۆر زیرەکانە وبە شێوەیەکی هونەرمەندانە، ئەم ڕووداوانە لە بەستێنی چیرۆکی فیلمەکە پێكەوە گرێ دەدات.
بنەماکانی سیاسەتی سەردەمی مودێرن بە پێی مافی تاکەکانە لە ناو کۆمەڵگا،مرۆڤ لەبەرئەوەی خاوەنی عەقڵ و ئیرادەیە، دەتوانێت بڕیار بدات و لە دیاریکردنی یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا، ڕۆڵی کاریگەری بێت نەک هەربەتەنیا حکوومەتەکان یاسا و ڕێساکان دیاری بکەن.هەروەها سەردەمی ڕۆشنگەری لەسەر بنەمای چەمکی ” دەربازبوون لە سەغارەت ” یان مێرمنداڵی بونیاد نراوە.سەغارەت یان مێرمنداڵ و منداڵ، دەستەواژەیەکی یاساییە، بۆ ئەو تاکانەی ناو کۆمەڵگا بەکار دێت کە هێشتا تەمەنیان پێنەگەیشتووە و ناتوانن لەسەرسەروەت و سامان و هەندێک هەڵسووکەوت و بڕیارەکانیاندا سەربەخۆ بن و دەبێت کەسێک قەییم یان گەورە و دەمڕاستیان بێت و ئاگاداربوون و بەڕێوەبردنیان لەخۆبگرێت. ئەم قەییم یان گەورە و دەمڕاستە بە جێگای ئەوان بڕیا دەدات و بۆی دیاری دەکات چی بە سوودە و چی بە زیانییەتی و بەم جۆرە، ئەو مافە بە خۆی دەدات لەهەموو بوارەکانی ژیانیان، دەستێوەردان بکات. کۆماری ئیسلامی وەکوو حکوومەتێکی سەرەڕۆ، لەهەموو بابەتە ئاساییەکانی ژیانی هەر تاکێک هەر لە جلوبەرگ پۆشینەوە بگرە تا ئەوەی کە تاک دەتوانێت چی لە سینەما ببینێت دەستێوەردان دەکات. کانت بۆ یەکەم جار لە پێناسەکردنی ئەوەی ڕۆشنگەری چییە، باسی ئەوە دەکات کاتێک تاک خۆی لە مێرمنداڵی و هەرزەکاریی دەرباز بکات دەتوانێت بە قۆناغی ڕۆشنگەری بگات، پێویستە پشت بە هزر و ئیرادەی خۆی ببەستێت. کۆماری ئیسلامی پێیوایە خەڵک ئاست و توانایی تێگەیشتنیان نزمە و هەر بۆیە دیاریی دەکات کە چ فیلمگەلێک بەرهەم بێت و دەرهێنەرانی بیرجیاواز سەرکوت دەکات و سینەما سانسۆر دەکات و بۆ ئەم کارەش دەبێت مرۆڤە گەورەکان بەرەو قۆناغی سەغارەت یان مێرمنداڵیی و هەرزەکاریی بگێڕێتەوە. ئەم چەمکەی ئاماژەمان پێیدا لە فیلمی ئەو دیوی دیوار بەئاشكرا نیشان دراوە.هێزە ئەمنییەتییەکان دەرفەت بە خۆیان دەدەن لەسەر بچووکترین بابەتەکان، لێپرسینەوە لە عەلی بکەن، لە سەر ئەو نامانەی کە لەیلا بۆی دەنێریت، لەسەر چۆنییەتی ڕازاندنەوە نێوماڵەکەی و سەرجەم بوارەکانی دیکەشدا دەستوەردان دەکات و هەربۆیە سەروبنی ماڵەکەی عەلی دەپشکنن کە نەکا بوار یان شتێک پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی ئەوان بێت.
عەلی لە فیلمی “ئەو دیوی دیوار” خەڵکی کوردستانە و لەبەر ئەوەی شۆفێری ماشێنی هێزە ئەمنییەتییەکانە، بنەماڵەی پەیوەندیان لەگەڵ پچڕاندووە وحاشایان لێ کردووە. عەلی لە کاتی گواستنەوەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانی کرێکاران بۆ نارەزایەتی دەربرین بە دواکەوتنی مووچەکانیان دەستبەسەرکرابوون، چەند جارێک بە هاوکارەکەی دەڵێت، بهێڵە ئەو ژنە لەبەر منداڵەکەی بروات، بەڵام هاوکارەکەی قەبووڵی ناکات و دۆخەکە وەهای لێ دێت عەلی لەگەڵ هاوکارەکەی لە یەکتر دەنگ بەرز دەکەنەوە و پاش کێشە و مشتومڕێک و لە کۆتاییدا، ماشێنەکەیان لە گەڵ ماشینێکی دیکە، تووشی پێکدادان دێت و لەیلا لەو دەرفەتە سوود وەردەگرێت و هەڵدێت.
لە کۆتایی فیلمەکە بۆ بەردەنگ ڕوون دەبێتەوە هەموو ئەو ڕووداوانە کە لە ڕواڵەتدا لە ئاپارتمانەکەی عەلی ڕوویانداوە، لەڕاستیدا چیرۆکی بیر و خەیاڵ و زەینی “عەلی”ن. هەر ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت عەلی لەبەر ئەوەی کوردە، هەر چەند خۆی ێەکێک لە هێزەئەمنییەتییەکانە، بەڵام هێشتا سیستەم نەیتوانیوە، هەست و عاتیفەی لێ وەربگرێت و لە ڕاستیدا گەیشتووە بەو ئاستە لە وشیاریی و خۆناسین کە یارمەتی لەیلا بدات بۆ دەرباز بوون. ئەم بابەتە دەتوانێت مێتافۆر و ئاماژەیەک بێت بۆ دەرخستنی چۆنی و جیاوازییەکانی تێڕوانینی تاکی کورد لە هەمبەر پرسی ژنان و بە گشتی چالاکانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئاماژەیەکیشە بەو ڕاستییەی کە کورد هەموو کات پشتوپەنایەکی باوەرپێکراو بۆ ژنان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بووە. لە ڕاستیدا عەلی وەکوو کاراکتەرێکی کورد لەگەڵ لەیلا وەکوو ژنێکی کرێکاری ماف خوراو، هاوشان و هاوتەریب شەری مانەوە ئەکەن.
تایبەتمەندی فۆرمی :
مینیماڵیزم یەکێک لە بوار و جۆرەکانی سینەمای مودێرنە و دەتوانین لەم چوارچێوە خوێندنەوە بۆ فیلمی ” ئەو دیوی دیوار ” بکەین. سینەمای مودێرن خوێندنەوە و تەفسیری سونەتەکان و فەرهەنگ و سیاسەت و کۆمەڵگایە لە دەرەوەی سینەما. بە واتایەکی دیکە، دەرهێنەری مودێرن، وەکوو نووسەرێکی ژیر و قەڵەم ڕەنگین، خوێندنەوە وشرۆڤەی خۆی بۆ بوار و ڕووداوە سیاسی وکۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگا بەدەستەوە دەدات.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم سینەمایە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری لە درامی فیلم لە لۆکەیشنی داخراوە دا ڕوو دەدات و کاراکتەری فیلم، لەم لۆکەیشنە داخراوە دۆخێکی دراماتیک ئەزموون دەکات. تایبەتمەند بوونی درام لە لۆکەیشنی داخراو، لە دەرئەنجامی گۆشەگیری تاک لە جیهانی مودێرن دەخوڵقێت و لە دەیەی ١٩٥٠ لە سینەمادا باو بوو.هیچکاک لە فیلمی “تەناف” لە ساڵی ١٩٤٨ نموونەیەکی باش و گونجاوە کە لۆکەیشنی داخراو، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کاراکتەرەکان هەڵسووکەتی تایبەت لە خۆیان نیشان بدەن.
لە فیلمی ” ئەو دیوی دیوار” لۆکەیشنی داخراو لە ئاپارتمان و ژووری تاکەکسی عەلی، کاراکتەرەکان دەخاتە گۆشەگیری و خۆحەشاردان و خۆدزینەوە و هەر ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کاراکتەرەکان بە بۆنەی ئەم لۆکیشنە داخراوە هەڵسووکەوتی تایبەت ئەنجام بدەن.
مینیماڵیزم لە سینەمای مودێرن بە سێ شێوەیە: ١. مینیماڵیزمی مەجازی کە زۆرتر لە فیلمەکانی رۆبێر بێرسۆن دەتوانین ئەم شێوە لە مینیماڵیزم ببینین.٢. مینیماڵیزمی شیکارانە کە زۆرتر لە فیلمەکانی میکل ئانجێل ئانتۆنیۆنی دەتوانین بیبینین.٣.مینیماڵیزمی دەربڕین کە زۆرتر لە فیلمەکانی ئینگمار بێرگمەن دەتوانین بیبینین.
لە فیلمی ” ئەو دیوی دیوار” کۆمپۆزیسیۆنی سادە، گرتەی درێژ و هەندێک جار جووڵەی ئاڵۆز و درێژی کامێرا بەکار هاتووە. لەبەر ئەوەی کۆمپۆزیسیۆنەکان ئەندازەییە (هندسی) هەروەها هەوڵ دراوە لە نێوان پاشخان (باکگراوند) و کاراکتەرەکان و لە نێوان پلۆت و ئەزموونی زەمانی بەردەنگ کەلین درووست بکات.
لە مینیماڵیزمی شیکارانە هەر وەکوو چۆن لە فیلمەکانی ئانتۆنیۆنی دەیبینین، لۆکەیشنەکان، وەکوو باکگراوندێکن بۆ سەرگەردانی کاراکتەرەکان. لە فیلمی ” ئەو دیوی دیوار ” کە سینەماتۆگرافێری کورد، ئەدیب سوبحانی کاری سینەماتۆگرافی فیلمەکەی ئەنجام داوە، لە ڕێگای بەکارهێنانی ڕووناکی پڕکۆنتراست و ئیکسپێرسیۆنیستی هەوڵ دراوە، لۆکەیشن بە جۆرێک گرێ بدرێتەوە بە جۆری تێڕوانین و بیرکردنەوە و تایبەتمەندییەکانی کاراکتەری عەلی.
لە ڕاستیدا، ڕووناکی لەم فیلمەدا زۆرتر لە مینیماڵیزمی دەربرینی بێرگمان نزیکترە، جگە لەوەی ڕووناکی دیالکتیکێکی لە نێوان ڕووناکی و تاریکی خوڵقاندووە، بە جۆرێک گڕێمان دەداتەوە بە کەم بینابوونی کاراکتەری عەلی و ئەو کێشە و گرفتە دەرونیانەی کە کەم بینابوونی درووستی کردووە، لە لایەکی دیکەوە خوێندنەوە و تەفسیری ئەوەمان پێ دەدات، تاریکی و سەرکوت لەگەڵ ڕوناکی و هیوا دەکەونە دیالکتێکەوە.
دێکۆپاژی فیلمی ” ئەو دیوی دیوار” ، لە سەرەتاوە کە عەلی لە ناو ماڵەکەی بە دوای لەیلا دەگەرێت بە جۆرێک ئەنجام دراوە کە کامێرا بەردەوام لەسەر عەلییە و ناو ئاپارتمانەکەمان نیشان نادات، بۆ ئەوەی لە نێوان بەردەنگ و کەم بینا بوونی کاراکتەری سەرەکی بە ئاسانی پەیوەندییەکی کاتارسیزمی بخوڵقێت. فیلمساز یان دەرهێنەر بە مۆنتاژی تێماتیک و کارلێکی دەنگ زۆر دراماتیک، پێکهاتەی “کات”ی (زەمان)فیلمەکە دەشکێنێت. لە چەند دیمەنێکدا و ئەو کاتەی لەیلا بە هۆی نەخۆشی سەرعەوە دۆخی جەستەیی و دەروونی تێکدەچێت زۆر بە باشی پێکهاتەی گێرانەوەی درامەکە لە ئاپراتمانەکەی عەلییەوە دەگوازێتەوە بۆ شوێنی خۆپیشاندانی کڕێکاران و ناو ماشینی هێزە ئەمنییەتییەکان. گێرانەوە بە شێوەیەکە کە جگە لە ئەوەی پێکهاتە کاتییەکەی شکاندووە و بە شێوەیەکی هێڵی بەردەنگ بەر ڕووداوەکانی درام ناکەوێت، بە بەرەو پێشچوونی درام، زانیاری زۆرتر بە بەردەنگ دەدات.