بەپێی خەمڵاندنی بانکی جیهانی، ساڵانە بە گشتی زیاتر لە ٨٠ ملیار دۆلار بەرتیل لە کاروباری بازرگانی جیهانیدا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت وە هەروەها لە راپۆڕتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی شەفافییەت، ئاماژە بەوە کراوە کە هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە کە لە بازرگانی دەرەکییەکەی بەرتیلی نەدابێت! ئەو بابەتە ئێرانیش دەگرێتەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی شەفافییەت، گەندەڵی ئابووری بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی بۆ بەرژەوەندی کەسی و بانکی نێودەوڵەتی گەندەڵی بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی حکوومی بۆ بەڕژەوەندی تاکەکەسی پێناسە دەکات.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی شەفافیەت لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینیەوە دەستی کرد بە پێوانەکردنی ئاستی گەندەڵی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، کە سەبارەت بە ئێران پڕۆسەیەکی هەڵکشانی لە بواری گەندەڵیدا بڵاو کردۆتەوە.
بوونی ئێران لە پلەی ١٤٩ لە کۆی ١٨٠ وڵات، خۆی دەرخەری بوونی ڕیژەی بەرزی گەندەڵی ئابووریە لەم وڵاتە کە هەروەک دیارە لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیەوە تا ٢٠٢٣ی زایینی بەردەوام لە هەڵکشاندابووە.
زۆربەی بابەت و ڕاپۆرتە ئابووریەکان، قەبارەی حکوومەت بە بابەتی سەرەکی گەندەڵی و سەرهەڵدانی ڕانت لە وڵاتاندا دادەنێن. لە کاتێکدا قەبارە و بچووکی حکومەت تەنیا یەکێکە لەو هۆکارانە کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی، بابەتی گرنگتر پرۆسەی قۆرغکاری سیاسی لە لایەن گرووپ یان حیزبێکەوەیە کە لە دەسەڵات نزیکە. گرنگترین هۆکارەکانی گەشە کردن بۆ هەر وڵاتێک لە ئاستی سیاسی و ئابووریدا، بەرەنگار بوونەوە و زاڵبوون بەسەر دیاردەی گەندەڵیدایە؛
نەبوونی کەش و هەوای سیاسی گونجاو و دەرهاویشتنی هێزە دژبەرەکان و پێشگرتن لە بەشداری ئازادانەی خەڵک لە هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکان، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پاوانخوازی و قۆرغکاری سیاسی و گەندەڵی پێکهاتەیی.
کۆمەڵگای ئێران لە دەیەی ٦٠ بەولاوە، بەسەر سێ ئاستی کولتووریدا دابەش بووە کە بریتین لە نەتەوەیی، ڕۆژاوایی و ئیسلامی. ئەم سێ بوارە کولتوورییە نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر دەرخەری مۆدیرنیتە لە ئێران بن، دوای شۆرشی ئێران، وردە وردە بە دروشمی دژە ئێمپریالیستی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و عێراق و هەڵەی سیاسی بڕێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئیسلامییەکان بە پێشەنگی «حیزبی جمهووری ئیسلامی»، توانیان بیر و باوەڕی سیاسی و کولتووری کۆمەڵگا بگرنە دەست.
سەرهەڵدانی شۆڕشی کولتووری و داخرانی زانکۆ و زانستگاکانیش یەکێک تر بوو لە هەوڵەکانی ڕژیم بۆ دەرهاویشتنی و لادانی لیبراڵەکان و لایەنگرانی وڵاتان و کلتووری ڕۆژاوایی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، بەم شێوازە هێزێکی پاوانخوازی کولتووری لە ئێران سەرهەڵدەدات. ئەم جۆرە یەکدەستکردنە لە ئۆرگان و سازمان و ئیدارەکانیش بە شیوازێکی بەرچاو خۆ دەبینێتەوە کە گرنگترینی ئەو ئیدارانە «سازمانی بەرنامە و بودجە» دەبێت.
لەم دواییانەدا ئەم یەک ڕەهەندییەی گۆڕەپانی کولتووری لە ڕێگەی بەربەستی سیاسی، هەژموونی کولتووری و تێکەڵکردنی سیاسەت و بڕۆکراسی، هەموو جۆرە قۆرغکارییەکی ئابووریی دروست کردووە کە یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی سەرهەڵدانی گەندەڵی ئابووریە. سیاسەتەکانی دابەشکردنی هێز و دەسەڵات کە یەکێک لە گرنگترین پێکهاتە بنەڕەتییەکانی ئابووری لە ئێران، بووەتە هۆی ئەوەیکە هەندێک لە گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان پشکێکی زیاتریان لە برۆکراسییە بە سیاسیکراوەکان دەست کەوێت. پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردن بە هەندێک گرووپی تایبەت کە پەیوەندیان بە دەسەڵاتەوە هەیە دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕانت. لە ڕاستیدا زیادەڕەوی لە هاوردەکردن توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە هەندێک بواردا بە تەواوی لەناو دەبات.
لە ئابورییەکدا کە کەرتێکی حکوومی گەورەی هەبێت کە تێیدا پیشەسازییەکان بەرهەمهێنانی گونجاویان نییە، بە پاڵپشتی حکوومەت قۆرغکارییەک دروست دەبێت کە کەرتی تایبەت ناتوانێت هیچ کێبڕکێیەکی لەگەڵدا بکات. ئەم گرووپە تایبەتانە کە بە دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ حکومەت قۆرغکاری ئابووری دروست دەکەن، بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە لە پێکهێنانی سیاسەتی ئابووریی وڵاتەکە و لەم کاریگەرییە کەڵک وەردەگرن بۆ داخستنی کەشی کێبڕکێی و لە ئەنجامدا ڕانتی زیاتر بەدەستدەهێنن. کاتێک لە بواری ئابووریدا پشت بە بەرهەمهێنان نەبەسترێت و لە لایەکی دیکەشەوە بە سەرهەڵدانی ڕانت لە ناو حکوومەتدا، ناسەقامگیری لە نرخی دراوی لێدەکەوێتەوە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەش چەند نرخی بوونی دراو گەندەڵی زیاتر دەکات.
چەند نرخی بوونی دراو خۆی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی، نرخی ڕاستەقینەی دراو لە بازاری چەند نرخیدا بە ڕوونی دیار نییە، بازاڕی نرخی دراو لە ئێران زیاتر لە بازاڕی ڕەش دەچێت تا بازاڕێکی فەرمی، جیاوازی نێوان نرخی دراو دەبێتە بنەمای سەرهەڵدانی گەندەڵی و بەکارهێنانی ڕانت بۆ هەندێک گروپی سەربە حکوومەت لە بواری هاوردەکردنی کاڵادا. لە لایەکی ترەوە هەر کات حکوومەت بۆ دابین کردنی بوودجە توشی کورت هێنان ببێت ئەوە بە خستنە بازاری دراو ئەو پارەیەی کە پێویستییەتی دابینی دەکات. هەڵکشان و داکشانی بەردەوامی نرخی دراو (کە دەبێتە هۆی ڕوون نەبوونی نرخی ڕاستەقینە) دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و هەڵاوسانی ئابووری. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە تا ئابووری ئێران لە بواری پیشەسازی بەرهەمهێناندا چاکسازی تێدا نەکرێت و قۆرغکاری و ڕانت پێشی پێ نەگیرێت، بە دڵنیایەوە پرسی دراو و کێشە ئابوورییەکانی ئەو بوارە بەردەوام لە زیاد بووندا دەبێت نەک کەمبوونەوەدا.
تەوەرێکی گرنگی دیکە کە لە بواری ئابووریدا لە ئێران دەبێت ئاماژەی پێبکرێت، داهاتی نەوتە. ئەم داهاتانە بە شێوەی ڕانت و نەک باج لە بەرهەمهێنانەوە دەچنە ناو سووڕی ئابووری وڵاتەوە، کە کێشەی زۆری لێ دەکەوێتەوە. کاتێک لە بودجەدا، داهاتی حکوومەت لە بواری سامانە سروشتییەکان لە سەدا ٤٠ یان ٤٢ زیاتر بێت، ئەوە ئەو حکوومەتە بەرەو ڕانت هەنگاو دەنێت. داهاتی ڕژیمی ئێران دوای شۆڕشی گەڵان بەردەوام لەو شێوازە بووە. ڕانت سەرچاوەیەکی دەرەکی هەیە و بە هیچ جۆرێک بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ناگرێتەوە. حکومەتی ڕانتی نەک تەنیا لە بواری بەدەست هێنانی ڕانتدا قۆرغکاری دەکات، بەڵکوو لە بواری خەرجکردنی ڕانتیشدا هەوڵی قۆرغکاری دەدات. لە لایەکی تریشەوە تەنیا دەوڵەتە کە دەتوانێت لە بواری بەرهەمهێناندا سەرمایە گوزاری بکات بە پێچەوانەی ئابووریەکی سەربەخۆ و کارامە. لە حکومەتێکی ڕانتی وەک ئێراندا، سەرمایە بەرهەمی شانس، هەڵکەوت، پەیوەندی بنەماڵەیی و نزیک بوون لە سەرچاوەکانی دەسەڵات لە حکوومەتدایە.
کولتووری سیاسی زاڵ هەوڵدەدات بۆ گرتنەدەستی سەرجەم بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابووری، پرۆسەی لابردنی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە پێبدات و بەم جۆرەش پێکهاتەی سیاسی وڵات بێبەش دەبێت لە هێزێکی شارەزا و تۆکمە، بە بەردەوام بوونی ئەو پڕۆسەیە، لە هەنگاوی یەکەمدا پێش هەموو شتێک سیاسەت و بڕیارەکانی وڵات بە تایبەتی لە کەرتی ئابووری دەخاتە ژێر کاریگەری نەرێنی و لە هەنگاوی دووهەمدا نەبوونی ژینگەی ڕکابەری، ڕانت و قۆرغکاریی، زیاتر و زیاتر پەرە بە هەندێک هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی تایبەت دەدەن، کە لە ئەنجامدا گەندەڵی پێکهاتەیی لێدەکەوێتەوە. بە دڵنیایەوە سیستەمی سیاسیی ئێران لە ژێر کاریگەری کولتووری سیاسی زاڵدا، لە ئاستێکی گونجاو بۆ بەشداری گشتی، ڕەوایی و کارامەییدا نییە. ئامادەبوونی بەرفراوانی هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینی جیاوازی خەڵک لە پرۆسەی بڕیاردان و چالاکییە کۆمەڵایەتیی و ئابووریەکاندا دوو دەرئەنجامی ئەرێنی دەبێت، یەکەم: ئاستی چاودێری گشتی بۆ سیستەمی سیاسی زیاد دەکات و ئەم چاودێرییە تا ڕادەیەکی زۆر میکانیزمە ناشەفاف و گەندەڵەکان کەمدەکاتەوە؛ دووهەم: ئەم ئامادەبوونە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ژینگەی ئابووری وڵات زیاتر بەرەو ڕکابەری بوون دەبات. بە فراوانکردنی کەرتی تایبەتی ڕاستەقینە و بەهێز، سنووردارکردنی کارگە نیمچە تایبەتەکان سەر بە حکومەت و کشانەوە دەوڵەت لە دەستێوەردان لەم بوارەدا، دەکرێت چاوەڕوانی بکرێت کە هەم دەرکەوتەکانی ئابووریی بەرەو باشتر بوون بچن و هەمیش ئاستی گەندەڵی سیاسی و ئابووریش لە وڵاتدا بەرەو کەم بوونەوە بڕوات.
بە سنووردار کردنی ڕۆڵی حکوومەت (حکوومەت وەک ئاسانکاری ئابووری و نەک ئەکتەری سەرەکی) لە بەشی ئابووریدا و پێکهێنانی کەرتێکی تایبەتی ڕاستەقینە و کاریگەر، تەک نرخی بوونی دراو و کۆنترۆڵکردنی بەهای دراوی نیشتمانی، گرنگیدان بە کەرتی هەناردەکردن و سنووردارکردنی زیادەڕۆیی لە هاوردەکردن، چاکسازی لە کولتووری بەکاربەری و زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارگەکانی بەرهەمهێنان، دروستکردنی هاوسەنگی لە خەرجییەکانی حکوومەت و کەمکردنەوەی قەرزکردن لە بانکی ناوەندی، لە هەمووی گرنگتر چاکسازی لە سیاسەتەکانی دابەشکاری هێز و دەسەلات، دەتواندرێت چاکسازی لە بواری ئابووری وڵاتدا بکرێت و کۆمەڵگای سیاسی و ئابووری بەرەو پێش بڕوات، کە ئەمەش پێویستی بە هەوڵی جیدی دەسەڵات هەیە کە لە ئێراندا نە ئەو ویستە هەیە و نە هەوڵیکیش بۆ جێبەجێکردنی، هەر بۆیە ڕۆژبەڕۆژ دەبێت چاوەڕوانی گەندەڵی سیاسی و ئابووری و سەرهەڵدانی ڕانتی زیاتر بین کە ئەنجامەکەی خاڵی بوونی زیاتری سفرەی خەڵکی هەژار و کەم داهات و پڕ بوونی زیاتری گیرفانی بەرپرسانی ناکارامەیە.