زمانی دایکی یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی شوناسی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییە. زمانی دایکی هۆکارێکە بۆ ئەوەی تاک لە کۆمەڵگا، لەگەڵ نەریتەکان، بەهاکان و مێژووی فەرهەنگی خۆی پەیوەندی درووست بکات.
لێکۆڵینەوەکان دەریخستووە، زمانی دایکی لەسەر توانای مەعریفەتی مرۆڤ بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و درووستکردنی بیری ڕەخنەگرانە و داهێنان کاریگەری هەیە.
مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی لە پەروەردە و ژیانی کۆمەڵایەتیدا یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی هەر مرۆڤێک. پەروەردە و خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان بە زمانی دایکی دەتوانێت ئاستی خوێندن باشتر بکات و ڕێگری لە وازهێنان لە خوێندن بکات، ئەمەش یەکێک لە ڕێگاکانی پێشکەوتن و ڕۆشنگەری لە ناو کۆمەڵگایە و هۆکارێکە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دواکەوتوو نەبێت.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە شارەزابوون لە زمانی دایکی، هۆکارێکە بۆ ئەوەی توانای مرۆڤ بۆ فێربوونی زمانەکانی دیکە بەرز بێتەوە.
ئەگەر کەسێک شارەزایی لە زمانی دایکی خۆی نەبێت، ئەوا ڕەنگە بە زەحمەت فێری زمانی دووەم یان سێیەمیش بێت، ئەمەش خاڵێکی گرینگە بۆ ئەوەی تاک نەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی بگرێت.
لە ڕوانگەی سیاسییەوە، زمانی دایکی تنها لە ئامرازێکدا بۆ پەیوەندییگرتن قەتیس نابێت، بەڵکوو توخمێکی شوناس و کولتوور و تەنانەت سیاسیشە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارە گەورەکانی حکومەت و سیاسەتی پەروەردەیی و مافی کەمینەکان و تەنانەت گرژییە نەتەوەییەکان هەبێت.
لە ڕوانگەی هانا ئارێنت یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حکومەتە توتالیترەکان، یەکسانسازیە. حکومەتە توتالیرەکان هەوڵ ئەدەن لە ڕێگەی یەک حیزب و یەک ئیدئۆلۆژی و یەک زمانی فەرمی هەژموونی خۆیان بچەسپەنێن.
لە ئێرانیش چ لە سەردەمی حکومەتی پاشایەتی و دواتریش لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی هەوڵدراوە بە ناساندنی زمانی فارسی وەکوو، زمانی فەرمی وڵات، زمانەکانی دیکەی نەتەوەکانی دیکەی، لەبەرچاو نەگیرێت.
هەندێک لە حکومەتەکان لە ڕێگەی بەفەرمی ناساندن و دیاریکردنی زمانێک وەکوو زمانی فەرمی دەسەڵات هەوڵ دەدات یەکگرتوویی نەتەوەیی درەست بکات، بۆ نموونە لە وڵاتی ئێرانی ژێر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی زمانێکی فارسی زمانی ڕەسمییە و پێویستە هەموو هاووڵاتیان لە بواری پەروەردە و کارگێڕی و میدیادا بەکاری بهێنن، و ئەمە بووە بە هۆی سەرکوتکردنی زمانە کەمینە نەتەوەیەکان، لە وڵاتی ئێران.
هەندێک لەنەتەوەکان و گروپە زمانەوانییەکان بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەی خۆیان بەرەنگاری سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنی زمانەوانی(یەکسانسازی زمانی) دەبنەوە. نموونەی ئەم بەرەنگاریانە لە وڵاتانی وەک ئیسپانیا (باسک و کەتەلۆنی)، تورکیا (کوردی) و ئێران (زمانە غەیرە فارسییەکانی وەک کوردی، تورکی، عەرەبی، بەلوچی) دەبینرێت.
سڕێنەوەی زمانی دایکی، لە حکومەتە توتالیتەرەکان وەکوو کۆماری ئیسلامی هەوڵێکی سەرەکی دەسەڵاتە بۆ ئاسمیلە کردنی کەلتووری و نەتەوەیی کورد و کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە لە قەوارەی سیاسی وڵاتی ئێران، ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم کەمینە نەتەوەیانە، هەست بە نابەرابەری و چەوساندنەوە بکەن و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ هەڵگیرساندنی نارەزایەتی و چڕبوونی هەوڵەکانی چالاکانی فەرهەنگی بۆ پەرەسەندنی زمانی کوردی و زۆر جاریش ئەم چالاکانە ڕووبەرووی سزای قورس ئەبنەوە.
کاتێک منداڵان بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە دەکرێن، توانای ئەوەیان هەیە باشتر بیر لە بابەتگەلێکی جیاواز بکەنەوە و پرسیاری زیاتر بکەن و بیرۆکەی داهێنەرانەتر بخەنە ڕوو.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە وانەوتنەوە بە زمانی دایک توانای بیرەوەری و ئیستدلال بەهێز دەکات، چونکە فێرخواز پێویست ناکات لە یەک کاتدا دوو زمان پرۆسێس بکات.
ئەو منداڵانەی بە زمانی دایکی خۆیان فێردەکرێن، دەتوانن بە ئاسانی لە کێشە ئاڵۆزەکانی بیرکاری و زانست تێبگەن، چونکە تەنها سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانە بەبێ بەربەستی زمان.
بەپێچەوانەی باوەڕی باو، فێربوون و خوێندن بە زمانی دایکی، نەک هەر بەربەستێک نییە لەبەردەم فێربوونی زمانەکانی دیکە، بەڵکوو بناغەیەکی بەهێزە بۆ فێربوونی زمانی دووەم و سێیەمیش دابین ئەکات.
سنووردارکردنی مامۆستایانی زمانی دایکی: لە زۆر بواردا مامۆستای ڕاهێنراو نییە کە بتوانێت بە زمانی دایکی وانە بڵێتەوە.
دژایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی: لە وڵاتی ئێرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایکی کەمینەکان دەکات، چونکە بە مەترسی بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی دەزانن.
نەبوونی سەرچاوەی پەروەردەیی پێویست: لە هەندێک وڵاتدا کتێبی دەرسی و سەرچاوەی زانستی بە زمانی کەمینەکان بەرهەم ناهێنرێت، ئەمەش بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم جێبەجێکردنی پەروەردە بە زمانی دایکی.
گرفتەکانی فێربوونی زمانی ڕەسمی وڵات: ئەگەر زمانی دایک لە پەروەردەدا بەکار بهێنرێت، بەڵام خوێندکار بەباشی زمانی ڕەسمی وڵات فێرنەبێت، لەوانەیە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە لە کۆمەڵگادا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە مۆدێلی دوو زمانە (پەروەردە بە زمانی دایک + زمانی رەسمی) باشترین چارەسەرە.
بە گشتی خوێندن و فێربوونی زمانی دایکی ئەتوانێت ئەم سوودانەی ببێت:
باشترکردنی ئاستی فێربوون و تێگەیشتن لە چەمکەکان
بەرزکردنەوەی گەشەی مەعریفی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی
زیادکردنی تواناکان لە فێربوونی زمانەکانی تر
پاراستنی شوناسی کولتووری و کۆمەڵایەتی
کەمکردنەوەی ڕێژەی وازهێنان و زیادکردنی یەکسانی خوێندن
لە درێژەدا سەرنجتان بۆ هەندێک گریمانە دەربارەی گرینگی زمانی دایکی ڕائەکێشم:
یەکێک لە گریمانەکانی زمانی دایکی بە ناوی گریمانەی قۆناغی قەیران لە لایەن ئێریک لێنێبێرگ دارێژراوە:
ئەم تیوریە باس لەوە دەکات کە فێربوونی زمان (بەتایبەت زمانی دایک) دەبێت لە چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراودا (بەزۆری لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا) ئەنجام بدرێت. ئەگەر منداڵێک لەم ماوەیەدا بەر زمان دایکی نەکەوێت، توانای فێربوونی زمان زۆر کەم دەبێتەوە.
تیۆری کارلێکی کۆمەڵایەتی
تیۆریستەکان: جیرۆم برونەر، لیڤ ڤیگۆتسکی
ئەم تیۆرە پێی وایە فێربوونی زمان لە ڕێگەی کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە لە قاڵب ئەدرێت. منداڵان لە ژینگەی کۆمەڵایەتی خۆیان و لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک و کەسانی دیکەی دەوروبەریان زمان فێر دەبن.
گریمانەی وابەستەیی زمانەوانی یان گریمانەی ساپیر-ڤۆرف
تیۆریستەکان: ئێدوارد ساپیر و بنیامین لی ڤۆرف
ئەم تیۆرە باس لەوە دەکات کە زمانی دایکیمان کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و تێگەیشتنمان لە جیهاندا هەیە. بە واتایەکی تر لەوانەیە ئەو کەسانەی کە بە زمانی جیاواز قسە دەکەن، جیهان بە شێوەیەکی جیاواز ببینن.
تیۆری گواستنەوەی زمان
تیۆریستەکان: ڕۆبەرت لادۆ
ئەم تیۆرە باس لەوە دەکات کە تایبەتمەندییەکانی زمانی دایکی دەتوانن کاریگەری ئەرێنی (گواستنەوەی ئەرێنی) یان نەرێنی (گواستنەوەی نەرێنی)یان هەبێت لەسەر فێربوونی زمانی دووەم. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لێکچوونی زمانەوانی لە نێوان زمانی دایکی و زمانی دووەمدا دەتوانێت ئاسانکاری بۆ فێربوون بکات، لە کاتێکدا جیاوازی زمانەوانی ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵە.
تیۆری ڕێزمانی گشتگیر (UG).
تیۆریست: نوام چۆمسکی
ئەم تیۆرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو زمانەکانی جیهان پێکهاتەیەکی بنەڕەتی هاوبەشیان هەیە کە لە مێشکی مرۆڤدا هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە منداڵان پێویست ناکات لە سفرەوە یاساکانی زمان فێربن، بەڵکو مێشکیان بە شێوەیەکی سروشتی ئامادەیە بۆ فێربوونی زمان.
تیۆرییەکانی دوو زمانی
تیۆریستەکان: جیم کامینز، کۆڵین بەیکەر
ئەم تیۆرە باس لەوە دەکات کە فێربوونی زمانی دووەم مەرج نییە زیان بە زمانی دایکی بگەیەنێت، بەڵکو زیاتر دەتوانێت توانای مەعریفی و ئەکادیمی مرۆڤ بەرز بکاتەوە. بەپێی ئەم تیۆرییە، ئەو خوێندکارانەی کە بە زمانی زگماکی خۆیان دەست بە خوێندن دەکەن، لە فێربوونی زمانەکانی دیکەدا سەرکەوتووتر دەبن.
تیۆری دوو پرۆسێسی
تیۆریست: ئالان بادێلی
ئەم تیۆرە پێی وایە مێشکی مرۆڤ لە سیستەمی مەعریفی جیاوازدا زمانی ڕەسەن و دووەم پرۆسێس دەکات. فێربوونی زمانی دایکی پشت بە بیرەوەری ناڕاستەوخۆ دەبەستێت، لەکاتێکدا فێربوونی زمانی دووەم زیاتر پشت بە بیرەوەری ڕوون دەبەستێت.
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران، کۆمەڵە یەکێک لەو حیزبانەیە کە بەو هۆکارانەی سەرەوە گرینگی بە پاراستن و پەرەسەندی پەروەردە بە زمانی دایکی داوە.
یەکێک لە پرسە سیاسییە گرنگەکانی زۆرێک لە وڵاتان لەوانە وڵاتی ئێران، مافی خوێندنە بە زمانی دایکی. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕێگە نادات کەمەینە نەتەوەییەکان بە زمانی دایکی خۆیان پرۆسەی خوێندن بەڕێوە بچێت.ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕازیبوون و کێشەی سیاسی لە نێوان کەمینە نەتەوەییەکان و دەسەڵاتی ناوەندی. هەر بەم بۆنەوە کۆمەڵێک هەم لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران، ئەو کاتەی کە هەندێک لە شارەکانی کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوون،یەکێک لەو کارانەی کردبووی، ئامادەکردنی کتێبی دەرسی بە زمانی کوردی بۆ قوتابخانە سەرەتاییەکان بوو.هەروەها لە بەرەیەکی دیکەی خەباتی کۆمەڵە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەکەمین فێرگەی سیاسی _ نیزامی پێشمەرگایەتی لە ساڵی ١٩٧٩ زاینیی لە ئالانی سەردەشت، لە فێرگە گرینگی زۆری بە پەروەردە بە زمانی دایکی و فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی داوە. کە ئەم ڕەوتە تا ئێستایش بەردەوامە و ناوەندی پەروەردە و فێرکاری کۆمەڵە، هەر لە قۆناخەکانی سەرەتایی فێرگە، ئەو کەسانەی خوازیاری پێشمەرگەیاتی کۆمەڵەن، بەر لەهەوموو شتێک، وانەی زمانی کوردییان پێ ئەوترێتەوە. هەروەها کۆمەڵە لەهەموو هاوپەیمانییەکان لە ئاستی سەرانسەری ئێران جگە یەکێک لەو خاڵانەی بۆ دانوستان، ئەیخاتە سەری مێزی گفتگۆ، بابەتی پەروەردە بە زمانی کوردی و زمانی دایکی. بۆ نموونە لە هاوپەیمانی مەهسا، لە دوو بەندی ئەم مەنشوورە بە ڕوونی و بە ئاشکرای بابەتی پەروەردەی بە زمانی دایکی هێناوەتە بەر باس و پەسەند کردن و لایەنەکانی دیکەی ئەم هاوپەیمانییە دانیان بەم مافەی کورد و کەمینە نەتەوەیەکانی دیکەی ئێران داناوە. لە بەندی دووی مەنشووری مەهسا ئاماژە، بە پاراستنی یەکڕیزی ئێران بەلەبەرچاوگرتنی جۆراوجۆری زمانی، نەتەوەیی و ئایینی و فەرهەنگی دراوە. هەروەها لە بەندی ٦ی ئەم مەنشوورە ئاماژە بە پێگەی زمانی دایکی دراوە. لەم بەندەی مەنشووری مەهسا لایەنەکانی ئەرکدار کردووە بە قبووڵکردنی فرەچەشنی لە کۆمەڵگای ئێران و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی مێژوویی و هەنووکەیی. قبوڵکردنی پێگەی زمانی دایکی بە پشتبەستن بە یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
جگە لەم خاڵانەی سەرەوە، گرووپی هونەری بانگەوازی کۆمەڵە هەوڵیداوە لە ڕێگای هونەر و ئەدەبیات و بەرهەمهێنانی سروودی شۆڕشگێڕانە و شانۆ و هەروەها چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارگەلی سیاسیی و ئەدەبی، وەکوو ئاسۆی ڕۆژهەڵات، پێشرەو وگۆڤاری هزری و ئەدەبی سپی تر، هەروەها ڕاگەیاندنە بیستراو و بینراوەکان هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی، لە ئاستی کوردستانی ڕۆژهەڵات، چڕتر بکاتەوە.