١١ ڕەشەممەی ١٤٠٢، ڕۆژی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامیی رژێم و مەجلیسی خیبرەگانی ڕێبەریی بوو. لە لایەک بەڕێوەبەرانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی کە تێگەیشتوون قورساییان نەماوە و لە ناو خەڵکی ئێران دا تەریک کەوتوونەتەوە، پتر لە مانگێک پێشترەوە هەرەوەزێکی گەورەیان دەست پێکرد تا بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازەکانی ترساندن، هەڕەشە، پاڕانەوە و درۆ و دەلەسە و بەڵێنی بێ بنەما، خەڵک بەرنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. لە لایەکی دیکەوە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، کەسایەتییەکان لە چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگا، لە ناو کرێکاران، فەرهەنگیان، بازاریان، خوێندکاران و دیکەی پیشەکان، هاتنە مەیدان و بە ئاشکرا کەوتنەگەڕ بۆ بایکۆتی «هەڵبژاردن». لە ڕاستیدا ئەو ڕۆژە بوو بە تاقیکردنەوەی هێز لە نێوان خەڵک و دەسەڵات و ململانێیەکی ئاشکرا و نەشاراوە.
بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوتەکانی ئەو بەربەرەکانییە سەرنجتان بۆ ئەو خاڵانە ڕادەکێشم:
١- لە بەناو هەڵبژاردنی ئەوساڵ دا هەر ئەوە نەبوو کە خەڵک کەم بەشدار بوون و دەنگیان نەدا و لە هەموو کاتێک زیاتر بێ ڕەونەق بوو، بەڵکوو ڕۆژانی سەرودەمی هەڵبژاردن کرا بە کەمپەینی دژ بە رژیم لە هەموو شوێنێکی کار و ژیان، بوو
بە نوێبوونەوەی هاودەنگییەک کە لە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی دا لە نێو هەموو خەڵکی
ئێران پێکهاتووە، کرا بە ڕۆژی دەربڕینی توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک لە سیاسەتی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ژینا. نەک هەر سەلمێندرا کە سەرکوت نەیتوانیوە خەڵک لە بەربەرەکانێی دژ بە رێژیم سارد بکاتەوە، بە پێچەوانە خەڵک بە وریایی ئەو هەلەیان قۆستەوە و کردیان بە ڕێفراندۆمێک بۆ دەربڕینی نا بۆ کۆماری ئیسلامی و بێ ئیعتیبار کردنی سندووق و پڕۆسەی هەڵبژاردن بە بەرچاوی هەموو کۆمەڵگای جیهانی.
٢- بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستانیش وەبیرهێنەرەوەی بایکۆت و «نا»یەک بوو کە لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ هەتاوی راگەیەندرا، بەو جیاوازییە کە: ئەو جار بە تەنیا نەبوین و ڕێفراندۆمی نا بۆ کۆماری ئیسلامی گشت ئێرانی گرتەوە و هاودەنگیەکی گەورەی هەموو خەڵکی ئێرانی نواند. پەیمان نوێکردنەوە بوو لەگەڵ بنەماکانی شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی و ڕێزگرتن بوو لە هەموو ئەوانەی لەو دەورەدا بە ناحەق خوێنیان ڕژا یان کەم ئەندام کران و یا لە زیندان توند کراون.
٣- لە هەلومەرجێکدا کە ئەو ڕژیمە نەک هەر لە نێو خۆی وڵات، لە دونیای دەرەوەش بۆسۆ و بەدناو بووە، لە حاڵێکدا هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ئاسەواری بزووتنەوەی ژن،ژیان،ئازادی، پێویست بوو بە هەر جۆرێک کە بۆی بکرێ بینوێنێ کە پێگەی جەماوەریی هەر ماوە و بە تایبەت بە دونیای دەرەوە بڵێ خەڵکی لە پشتە. گرینگ ئەوەیە کە ڕێک لەو هەلومەرجە دا بایکۆت و نا گوتنی بەرینی خەڵکی ئێران لە ڕاستیدا گەورەترین خۆ جیاکردنەوەی خەڵک بوو لە کۆماری ئیسلامی لە هەموو مێژووی ڕەش و دیکتاتۆریی ئەو نیزامە دا. ڕێفراندۆمی نا بۆ کۆماری ئیسلامی بە گوێی هەموو دونیا گەیشت و دەنگی دایەوە و مۆری دزێو و ناپەسەندبوونی ئەو دەسەڵاتە نرا بە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە و تین و تەوژمێکی زیاتر بەخشرایە بزووتنەوەی ناڕەزایی و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕژێمە. دەسەڵات شکستێکی گەورەی بەرکەوت، خەڵک لە نیشاندانی سیمای کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوت.
٤- یەکدەنگی و بایکۆتی بەرینی شانۆگەریی هەڵبژاردن لە کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەبوو، بوو بە دەرفەتێکی دیکە بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی نەتەوەیی هەموو ڕەوتی سیاسی، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. بوو بە پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان و بزووتنەوەی مافخواز و ڕەوای کوردستانی ئاخێزگەی ژن،ژیان،ئازادی. دەوری چالاکوانانی ناوەوە، لاوەکان و جیلی نوێ و تواناییان بۆ پێکهێنان و ڕێکخستنی ئاکتی گشتگیری کوردستانی بە ڕوونی خۆی دەرخست. نیشاندرا کوردستان بە ئیعدام و ئەشکەنجە و زیندان نالەرزێ، بەڵکوو قایم و یەکگرتووتر دەبێ. دەرکەوت کە کوردستان قەڵای لە شکان نەهاتو و کارامەی دژ بە کۆماری ئیسلامی و سەنگەری بەهێزی بزووتنەوەی دێمۆکراسیخوازی و پێشکەوتنخوازانەیە.