کۆمەڵە ساڵێکی دیکەی تەمەنیشی تێپەراند، نیو سەدە تێکۆشان، فیداکاری بێوێنە، ئەزموون، هەروەها بەرزی و نەزمییەکان لە پێوانی ڕێگایەیکی پڕ لە شانازی، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕ لە سەختی و دژواری تێپەری.
مێژووی کۆمەڵە، ڕێگایەکی پڕ لە هەوراز و نشیوە، کۆمەڵە رێگایەکەی تێپەڕاند کە پڕاوپڕ بوو لە کەندەڵان و پێچ و بەرزی و نەزمی، لەو نێوانەشدا کۆمەڵە توانی لە هەر کەوتنێکیش ئەزموون وەربگرێت و بیکاتە چیرۆکی هەستانەوەیەکی مەزن.
کۆمەڵە لە بەستێنی گردبوونەوەکانی کۆڕە سەرەتاییەکان لە زانستاکانی تاران و شارە گەورەکانی تری ئێران کە دوایی بوو بە هەوێنی ڕێکخراوەیەک کە ناوی کۆمەڵەی لێنرا لەدایک بوو.
هەر لە سەرەتاشەوە گرتن و دەستبەسەربوونی ساواک دەستی پێکرد و تەنیا زیرەکی، ژیری و خۆبەخشی دەستبەسەرکراوان بوو کە تۆڕی سەرەکی ئەو ڕێکخراوە تازە دامەزراوەی لە چاوی ئەشکەنجەدەرانی ساواک شاردەوە.
ناودارترین هێما و ڕێبەری کۆمەڵە، فواد مستەفا سوڵتانی، دامەزرێنەر و ڕێبەری یەکێتیی جوتیاران، کەسایەتی خۆشەویستی خەڵکی مەریوان و ناسراو لە ناو ڕووناکبیرانی پێشکەوتنخوازی ئێران و داهێنەر و دەستپێشخەری خەباتی مەدەنی و ڕێکخەری کۆچی مێژوویی شاری مەریوان وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ بەرگری لە شەڕ و کوشتاری خەڵکی بێدفاعی شار لە لایەن شەرخوازانی حکوومەتی تازە بە دەسهەڵات گەیشتوو، تەنیا چەند حەوتوو لە دوای هێڕشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان و لە جەنگەی خۆڕێکخستن و خۆ تەیار کردنی کۆمەڵە بۆ بەرگری و موقاوەمەت لە بەرامبەر ئەو هێرشە لە تێکهەڵچوونێکی کتوپر لە گەڵ هێزە داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی گیانی خۆی لە دەست دەدا.
گیانبەختکردنی کاک فواد لە بارودۆخێکی ئاوهادا بۆ کۆمەڵە و بزووتنەوەی موقاوەمەت لە بەرامبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی کە تازە دەستیپێکردبوو، بەو ڕاسپاردە مێژووییەی کە کۆمەڵە وەئەستۆی گرتبوو، وەک بزوێنەری سەرەکی بەرگری، گورزێکی جەرگبڕ بوو. ڕێبەری ئەو کاتەی کۆمەڵە لەو ئەزموونە سەخت و دژوارە سەرەکەوتوو هاتە دەر و دەتوانین بڵێین ئەوە یەکەمین هەستانەوە بوو کە کۆمەڵە بە خۆیەوە بینی.
مەبەستی ئەم وتارە ئەوە نییە کە بە هەموو مێژوو دورودرێژەکەی کۆمەڵەدا بچێتەوە کە زۆرن و لە تاقەتی ئەم وتارە کورتەدا نیە.
زاڵ بوون بەسەر سەختییەکان و کەڵەکەکردنی کۆگایەکی بەنرخی ئەزموون تەنیا یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی کە دەتوانرێت بە دڵنیاییەوە بکرێتە پێناسەیەک بۆ کۆمەڵە.
پێداچوونەوە و خوێندنەوەی سەرەنوێی ئاڵوگۆڕەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکان، خۆ ڕزگار کردن لە چەقبەستوویی ئیدئۆلۆژیک، خۆنوێکردنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕاگرتن و پاراستنی بەها و ئەرزشە نەگۆڕەکان، ڕاسپاردە مێژووییەکەی کۆمەڵە وەک ڕێبەر و ڕێپشاندەری ڕزگاری نەتەوەیی و مسۆگەرکردنی مافە حاشاهەڵنەگرەکانی نەتەوەی کورد لەو بوارەدا و لە هەمان کاتدا وەک حیزبێکی پێشکەوتنخواز سۆزی بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرگری لە مافی چەوساوەکان لە کۆمەڵگای کوردستان ئەو قوتبنمایە کە لە گشت قۆناغەکاندا و لە هەموو خوێندنەوە و پێداچوونەوەکاندا لە هەمبەر ئاڵوگۆڕەکان، ڕێپێشاندەر و ڕێنوونی بووە و هیچ کات ئەو قوتبنمایە لە دەستی دا نەکەوتووە.
بە لەبەرچاوگرتنی خێرایی ئاڵوگۆڕەکان لە ئاست نێونەتەوەیی زۆرێک لەو دامەزراوە و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیانە کە لە دوای شەری دووهەمی جیهانی دروست بوون خەریکن دەچنە ژێر پرسیار.
ئەو ئاڵوگۆڕانە بە بێگومان هەلومەرجەکان و کەشوهەوای تازەی سیاسەت لە گەڵ خۆی دێنێ. ئەوەی سرنجراکێشە کۆمەڵە بە هۆی ئەو تایبەتمەندییە کە خاڵی هەرە بەهێزییەتی، بێبەزەیانە کەوتووەتە بەر شاڵاوی ڕەخنە و تانە و توانجی رکابەران و نەیارانی.
چەقبەستویی و قسەی کورد یەکە و نابێ بە دوو لە بەرچاوی ئەو کەسانە بە جێگای ئەوە وەک خاڵێکی لاواز چاوی لێبکرێ و بکەونە بیری چارەسەر کردنی، بە داخەوە بووەتە فەزیلەت.
نەدیتنی واقیعی دونیای دەرەوە و بێدەنگبوون لە بەرانبەریان بەپێچەوانەی ئەوە هەوڵدان بۆ گونجاندنی ئەو واقعانە لە گەڵ “باوەرە” نەگۆڕەکان و کلیشەکان بووەتە بنەمای هەموو خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەکانیان.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حیزبی کۆمەڵە ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵک و جەماوەری کوردستانە.
ئێمە باسی هەستانەوەکان و پێداچوونەوەکانمان کرد لە ڕەوتی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵە بۆ بەجێگەیاندنی ڕاسپارە مێژووییەکەی واتە خەبات لە دژی بێمافی کورد وەک نەتەوەیەک و رزگاری لە هەڵاواردن و پێشێلکاری. خەباتی بێوچان لە پێناو عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بردنە سەرەوەی ئاستی وشیاری خەڵکی چەوساوە لەو ڕێگایە و خەبات بۆ مافەکانیان.
جێگای خۆیەتی لێرەدا دان بەوەش دابنێین کە کۆمەڵە لە پێوانی ئەو ڕێگای دوور و درێژەش بێ هەڵە نەبووە، جێگای سرنجە کە بە پێچەوانەی یاسا نەنووسراوەکانی چالاکی حیزبی، کۆمەڵە بە ئاشکرا باسی ئەو هەڵانەی کردووە و نەیشاردووەتەوە. لە بیرمان بێ کە ئەوە داهێنانێکی بێوێنەیە لە نەریتی چالاکی حیزبی دا.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی ئاماژەیەکیش بەوە بکەین کە ڕاستە ساڵێکی دیکەش بە سەر تەمەنی کۆمەڵە تێپەڕی و ئەوە بەو واتایە دێت کە حیزبی کۆمەڵە بە تەمەنێکی زۆرترەوە لە دوایین کۆنگرەی خۆی واتە شانزدەهەمین کۆنگرەکەی دێتەدەر، بەڵام ڕاست بە پێچەوانەوە بەرهەمی ئەم کۆنگرەیە دەرکەوتنی ڕێبەرییەکی گەنجتر وەک زۆر لە کۆنگرەکانی دیکەی تێدا دەستبەر بوو تا بە گۆڕوتینێکی زۆرتر شان بە شانی ڕێبەرانی بە ئەزموونتر بڕۆن بە پێشوازی ئالنگارییەکان و درێژەدان بە ڕێگا پڕشانازییەکەی کۆمەڵە.