هاوسەرگیری پێشوەختە یان هاوسەرگیری منداڵان (کودک همسری) ئاماژەیە بۆ ئەو هاوسەرگیرییەی کە هەردوو هاوسەر یان یەکێکیان منداڵ بێت. بەپێی ڕێککەوتننامەی جیهانی مافەکانی منداڵان، منداڵ بە کەسێک دەوترێت کە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بێت. هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەتوانێت منداڵ لە مافەکانی بێبەش بکات، بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو یاسای توندیان هەیە سەبارەت بە پێشگرتن بە هاوسەرگیری منداڵان. بە پێی ئەوەیکە ڕێژەی کچانی ژێر تەمەنی یاسایی کە هاوسەر گیری دەکەن لە کوڕان زۆر زیاترە هەر بۆیە هاوسەرگیری منداڵان زۆرتر بۆ هاوسەرگیری کچانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بەکاردەبردرێت. کاریگەرییە کارەساتبارەکانی وەک وازهێنان لە خوێندن، بەرکەوتنی توندوتیژی خێزانی، مردن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دووگیانی و منداڵبوون، تەنیا چەند کاریگەری دەروونییە کە کچ بە هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمدا تووشی دەبێت. لە یەکەم هەنگاودا کچانی ژێر تەمەنی یاسایی دوا بەدوای هاوسەرگیری سێ مافی سەرەکی هەڵبژاردن، پەروەردە و ڕاهێنان و بێهداشت و سڵامەتیان لێ زەوت دەکرێت کە ئەم هۆکارانە لە ژیانی دوا ڕۆژیان ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەیە.
هاوسەرگیری پێشوەختە دیاردەیەکی جیهانیە و تەنیا تایبەت بە وڵاتێک نیە، بەڵام زۆربەی وڵاتانی جیهان هەوڵیان داوە لە ڕێگای یاسا و ڕێساکان پێش بەو دیاردەیە بگرن. ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی لە یاسای شارومەندی ئێراندا، تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان ١٨ ساڵ و بە کوڕان ٢٠ ساڵ دیاری کرا، کە دوای شۆڕشی گەلان لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە بڕیاری ڕوحوڵڵا خومەینی ئەو یاسایە هەڵپەسێردرا و دواتریش لە هەموارکردنەوەی یاساکە لە ماددەی ١٠٤١ی یاسای مەدەنیدا تەمەنی باڵغبوون بۆ کوڕان ١٥ ساڵ و بۆ کچان ٩ ساڵ دیاریکرا. هەروەها ئەم یاسایە ڕێگە دەدات کە کچان لە تەمەنی ١٣ ساڵی و کوڕان لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری بکەن. جێی ئاماژەیە هەر بە پێی ئەو یاسایە هاوسەرگیری لە تەمەنێکی ژێر ١٣ ساڵ بۆکچان پەیوەستە بە مۆڵەتی دایک و باوک ئەگەر لە بەرژەوەندی منداڵەکەدا بێت کە ئەو بابەتە خۆی کێشەیە کە مەبەست لە بەرژەوەندی چییە و کێ ئەو بەرژەوەندیە دیاری دەکات کە ئەوەش لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ دادگایەک کە خۆی بڕیاری هاوسەرگیریەکەی داوە.
لە ئێران ئاستەنگی زۆرهەیە بۆ پێشگرتن بە هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان. ئەگەرچی زۆربەی پاساوەکان لە لایەن دەسهەڵاتەوە باس لە کەمبوونەوەی منداڵبوون و زیادبوونی ڕێژەی پیری لە کۆمەڵگای ئێران دەکەن، بەڵام دەتوانین بڵێین کە لە ڕاستیدا ئەوە تەنیا پاساوە بۆ ئەو دیاردە قێزەونە کە دەتوانین بە دەستدرێژی سێکسی و ڕەگەزی بۆسەر کچان لەسەر بڕیاری بنەماڵەوە و حکومەت دابندرێت. هەژاری و ئابووری لاواز و دواکەوتوویی کۆمەڵگا لە بواری کلتووری وهەروەها بوونی تێڕوانینی ئایینی هاوبەش لە وڵاتدا، زیاتر پەرە بەو دیاردەیە دەدات و گۆڕینی ئەو یاسایانە قورستر دەکات. ئامارە فەرمییەکانی سەرژمێری ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینیدا دەریدەخات کە ٥.٥%ی ژنانی ئێران پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە هەروەها ١٧%ی ژنان لە ئێران پێش تەمەنی ١٨ ساڵی ژیانی هاوبوشیان پێکهێناوە.
لە هاوسەرگیری پێشوەختەدا، منداڵ بەبێ ئامادەکاری پێشوەختە دەچێتە تەمەنی گەورەیی و ئەم چوونە ناوەوەی لەناکاو بۆ جیهانی گەورەکان، دەبێتە هۆی ترسێکی بەردەوام لە بواری دەروونیدا. کەسێک کە پێویستە منداڵ بێت و ئەزموونی منداڵی بکات لەناکاو دەبێتە ژنی ماڵەوە و هەزاران ئەرکی قورسی بەسەردا دەسەپێت کە لە هیچکۆی مێشکیدا بوونی نیە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە واتای ڕاستەقینەی ژن نازانێت و بێتوانایە لە بەڕێوەبردنی ژیانی هاوبەش. ئەم دۆخە لەگەڵ هاتنی منداڵێک بۆ ژیانیان ئاڵۆزتر دەبێت و لەگەڵ پێکهێنانی خێزانێکی شکاودا بەرەو وێرانبوون هەنگاو دەنێت، لە لایەلیتریشەوە منداڵ لەو بنەماڵەیەدا ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە و لە ڕووی پەروەردەییەوە تووشی کەموکوڕی زۆر دەبنەوە کە بە هۆی پەروەردەی نادروستەوە، ناتوانێت بۆ دوا ڕۆژی کۆمەڵگا و خۆشی کەسێکی بەسوود بێت و ئەوانیش تا ڕادەیەکی زۆر دەبنە قوربانی ئەو تاوانەی کۆمەڵگا.
یەکێک لە هۆکارەکانی هاوسەرگیری منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ داب و نەریتی ئەو کۆمەڵگایەی کە منداڵ تێیدا ژیان بەسەر دەبات، بۆ نموونە لە هەندێک کۆمەڵگا بنەماڵەکان لەسەر ڕێچکەی باب و باپیرانیان هەر لەتەمەنی منداڵییەوە منداڵەکانیان بۆ هاوسەرگیری ئامادە دەکە، تەنانەت بە دیتنی یەکەم خوێنی سوڕی مانگانە لە کچاندا وەک ژنێکی کامل لێیدەڕوانن و لە هەنگاوی دواتردا ئامادەی دەکەن تا وەک ژنی ماڵەوە و دایک، بۆ منداڵەکانی ڕۆڵی خۆی ببینێت.
یەکێک لە دیارترین شێوازی هاوسەرگیری منداڵان کە زۆربەی کات بە فەرمی تۆمار ناکرێت، هاوسەرگیری کچانی ژێر ١٨ ساڵە لەگەڵ پیاوانی بەتەمەن، کە بە هۆی یاسایی نەبوونی ئەو بابەتە، تۆمار ناکرێت و منداڵی ئەو جۆرە هاوسەرگیریەش بە دڵنیاییەوە ناسنامەی نابێت و ناتوانێت مافەکانی منداڵێکی ئاسایی وەک مافی خوێندن و پەروەردە و تندرووستی هەبێت و بەم جۆرە هەر لەسەرەتای ژیانەوە داهاتوویەکی تاریک و تاڵ چاوەڕوانی دەکات. بە دڵنیاییەوە منداڵێک کە تا دۆینە لە کۆڵان و لەگەڵ هاوڕێکانی خەریکی گەمەی منداڵی بوون ناتوانێت ئەرکی قورسی هاوسەرێکی بەتەمەن و بنەماڵەکەی جێبەجێ بکات و لە نێوان دوو بەرداشی منداڵی و گەورەبووندا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەشکێتەوە. بە پێی ئامارە فەرمیەکان لە ئێران زیاتر لە ١٦٠٠٠ کچی ژێر ١٨ ساڵ هەیە کە لە مێردەکانیان جیا بوونەوە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە نە منداڵی کردووە نە دەشزانێت دایکایەتی چۆنە و هیچ ئەزموونێکی ژیانیشی نیە بۆ بەخێو کردنی خۆی و منداڵەکانی لە داهاتوودا. هەر بۆیە ئەگەڕ دایک دوای جیابوونەوە لە مێردەکەی، توانای چاودێری و بەخێوکردنی منداڵه کەی نەبێت، دیاردەیەکی دیکه به ناوی منداڵفرۆشی دێتە ئاراوە. پەرەسەندنی منداڵانی سەر شەقام لەگەڵ پرسەکانی تری وەک ڕاکردن لە ماڵەوە و خەوتن لەسەر شەقام، یەکێکە لە زیانەکانی تری ئەم دیاردەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕوودانی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی و لە کۆتاییشدا خۆکوشتن.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە زستانی ساڵی ١٤٠٠ تا کۆتایی وەرزی پاییزی ساڵی ١٤٠١، لانیکەم ٢٧ هەزار و ٤٤٨ کچی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ لە ئێران هاوسەرگیریان کردووە. به پێی ئه م ڕاپۆرته ، له ساڵانی ١٣٩٩ و ١٤٠٠ له ئێراندا ٣١ هه زار و ٦٤٦ و ٣٢ هه زار و ٦٥٥ کچی خوار ته مه ن ١٥ ساڵ هاوسه ڕگیریان کردووه .کە، زۆربەی ئەو ژنانەی لە تەمەنێکی کەمدا دەبنە دایک؛ بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی تۆماری مەدەنی لە مانگی گوڵانی ساڵی ی١٤٠١، لانی کەم ٦٩ هەزار و ١٠٣ کۆرپە لە دایکانی تەمەنی ١٠ بۆ ١٩ ساڵ لەدایک بوون کە هەزار و ٤٧٤ کۆرپە لە دایکیان تەمەنی ١٠ بۆ ١٤ ساڵ بووە.
بەڵام ئاماری ڕاستەقینەی هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران بە گوێرەی زانیاریەکان باس لەوەدەکات کە “ساڵانە ٢٠٠ هەزار کچ لە نێوان تەمەنی ١٥ بۆ ١٩ ساڵدا هاوسەرگیری دەکەن”. پەرسەندنی هاوسەرگیری منداڵان و کاریگەریە نەرێنیکانی لەسەر کۆمەڵگا و بنەماڵەکان وای کردووە کە ڕێکخراوە مەدەنیەکان و چالاکوانانی بواری ژنان و منداڵان زیاتر لە جاران گرنگی بەو بابەتە بدەن و بەدواداچوون و ڕوونکردنەوەی زیاتر بکەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نەتەنیا دەسەڵاتدارانی ئێران کارێکیان بۆ ئەو بابەتە نەکردووە بەڵکوو هەوڵی بێدەنگ کردن و شاردنەوەی ئەو بابەتە دەدەن. بە گوێرەی ڕاپۆەتی ڕۆژنامەی ئێعتماد (اعتماد) کە لە ١٨ی خەرمانان بڵاو بۆتەوە باس لەوەدەکرێت کە بەرپرسانی ڕێکخراوی تۆماری مەدەنی ڕایانگەیاندووە: “پێمان گوتراوە ئامار بڵاو نەکەینەوە، چونکە هەندێک ڕۆژنامە ئاماریان بڵاوکردەوە و پرسی هاوسەرگیری منداڵان بۆتە جێی بایەخ و سەرنجی کۆمەڵگا و ڕەخنەگرانی مەدەنی”.
ئەوە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەر بەوە نەوەستاون و ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، سابر جەباری، سەرۆکی مەڵبەندی دانیشتوانی گەنجانی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، سنووردارکردنی دووگیانی خوار تەمەنی 18 ساڵ هەڵوەشاوەتەوە و ئەو جۆرە سنووردارکردنەشی بۆ “قسەی درۆ و ناڕاست لە بواری هاوسەرگیری و منداڵبوون و دووگیانی” گەڕاندەوە. هاوکات عەلیرەزا ڕەئیسی بریکاری وەزیری تەندروستی دووپاتیکردەوە کە سنووری تەمەن بۆ دووگیانی لابراوە و ڕایگەیاند، تەمەنی ١٥ بۆ ٤٩ ساڵ بە گونجاو دادەنرێت بۆ دووگیانی.
دەتوانێت ئەو کردەوانە لە ئاڕاستەی وتەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا بێت کە ڕاستەوخۆ فەرمانی بە وەزیری تەندروستی کردووە کە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی وەک “چاودێریکردنی تۆڕی تەندروستی” ئاستەنگەکانی بەردەم زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان جێبەجێ بکات. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە پاییزی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی عەلی خامنەیی لە وتارێکدا ، دابین کردنی دەرمانی ڕێگری لە دووگیانی و پێدانی زانیاری لەو بوارەدا لە ناوەندە تەندروستییەکاندا قەدەغە کرد. ئەگەرچی بە هاتنەسەر کاری دەوڵەتی پزشکیان و درووشمەکانی سەبارەت بە پشتگیری ژنان، چاوەڕوان دەکرا بە کاتیش بێت تا ڕادەیەک لەو بوارەدا گۆڕانکاری ئەرێنی بێتە ئاڕاوە، بەڵام لە کۆبوونەوەی کابینەی پزشکیان لەگەڵ عەلی خامنەیی سەبارەت بە بواری تەندرووستی خامنەیی ڕایگەیاند:” دەمەوێت زەفەرقاندی (وزیری تەندرووستی) خۆی ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ پرسی گەنجی کۆمەڵگا بکات و ئاستەنگەکانی لاببات، هەروەها بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، لەوانەش چاودێریکردنی تۆڕی تەندروستی، ڕێگری لە بەربەستەکانی بەردەم زیاد بوونی دانیشتوانی ئێران بگرێت. چونکە وڵات پێویستی بە دانیشتووانێکی گەنجە”.
یاسای “جوانی جمعیت” بە پێچەوانەی ئیمتیازی تایبەت بۆ هاوسەرگیری و منداڵبوون، دابینکردنی دەرمان و کەلوپەلی ڕێگری لە دووگیانی سنووردار و قەدەغە کردووە، جگە لەم حاڵەتانە، ئەنجامدانی نەشتەرگەری پەیوەست بە خۆپاراستن لە دووگیانی و هاندانی بەکارهێنانیان لە تۆڕی تەندروستی و چارەسەرکردندا قەدەغە کراوە.
لە سەرەتای مانگی خەرمانان ئەمساڵدا ڕۆژنامەی ئێعتماد لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە “دووگیانی زۆرەملێ” لە گوندە دوور و بێبەشەکاندا باس لەوەدەکات کە پشکنینی دایکانی دووگیان لە هەموو بنکە تەندروستییەکان قەدەغە کراوە، هەموو پزیشکان و ماماکان ئاگادار کراونەوە کە خۆبپارێزن لە پێشنیارکردن و هاندانی ژنان بۆ پشکنینی دووگیانی، ئەنجامدانی پشکنینی دایکانی دووگیان بەپێی خواستی دایک و باوک یان دەستنیشانکردنی پزیشکی ئافرەتان ئەویش بە مەرجی پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی قەناعەت پێکەر کە بە پێویستی بزانێت، مەرجدار و سنووردار کراوەتەوە و هەروەها بیمە و پشتگیری حکومەت بۆ پشکنینی دایکانی دووگیان لابراوە. ئەوە لە کاتێکدایە لێکەوتەکانی یاساکە لەسەر گەنجانی بە هۆی پێشگرتن لە پشکنین بۆ سڵامەتی کۆرپەکە لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بۆتە هۆی لە دایک بوونی نزیکەی ١٨٠ هەزار کۆرپەی کەم ئەندام و هەروەها تێکچوونی کرۆمۆزۆم لە نێوان منداڵانی لە دایکبوودا.
هاوسەرگیری لە تەمەنی گەنجیدا پێچەوانەی ڕێبازی سروشتی گەشەکردنە؛ چونکە ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە کچان لاواز دەکەن و دەسەڵاتی بڕیاردانی ئازاد و سەربەخۆیی دەروونیان لەناو دەبات. گومانی تێدا نییە کە بارودۆخی ناسەقامگیری ئابووری و ژیان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی هاوسەرگیریی منداڵان لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بە کۆمەڵگای ئێمەشەوە. بەداخەوە لە بارودۆخی خراپی ئابووری ئەو خێزانانەی کە بەدەست ئەم قەیرانەوە دەناڵێنن، هەندێک جار پێیان وایە هاوسەرگیریی یەکێک لە منداڵەکانیان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و لەسەر بنەمای ئەمەش پێشوازی لە هاوسەرگیری منداڵەکانیان دەکەن، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی کاربەدەستانە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان بە مەبەستی کەمکردنەوەی هاوسەرگیری منداڵان. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا تێبینی ئەوە کراوە کە هاوسەرگیری کچ ڕێگایەکە بۆ دانەوەی قەرزێک یان چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان بنەماڵەکان کە بێ گومان پێشێلکردنی مافی منداڵانە و نادادپەروەرییەکی ڕەهایە بەرامبەر بەو منداڵانەی کە دەبنە قوربانی هاوسەرگیری منداڵان . بەداخەوە داب و نەریتی قەومی و خێڵەکی یان داب و نەریتی هەڵەی شوێنی نیشتەجێبوون یان ئالوودەبوونی دایک و باوک بە ماددە هۆشبەرەکان هۆکاری هاوسەرگیری منداڵانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بە ئاگادارکردنەوەی دروست و زانستیانەی خەڵک لە دەرئەنجامەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، دەتوانین زیانە جۆراوجۆرەکان کەم بکەینەوە؛ چونکە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت داوای تەندروستی بکات کاتێک خێزانەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەهۆی زیانی کۆمەڵایەتییەوە تووشی قەیران دەبن. هەر بۆیە کۆمەڵگا و حکومەت ئەرکی سەرشانێتی کە بە بەهێزکردن و پاڵنانی کچان بە زانیاری و لێهاتوویی، دابینکردنی پاڵپشتی ئابووری بۆ تاکەکان و خێزانەکان، دابینکردنی زانیاری پێویست بۆ کۆمەڵگا و دایکان و باوکان و هۆشیارکردنەوەیان، زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی سەردەمیانەی کچان و هاندانی یاسا و سیاسەتی پشتیوانی لە کچان پێش بەو دیاردەیە بگیرێت تا بتواندرێت کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووترمان هەبێت.